شیکار

ئایا تورکیا دەخرێتە ناو ئەو داوەی بۆیان داناوە یان دەربازی دەبێ!؟

نووسینی: هادی شارباژێڕی

ئەگەر ووردبینەوە لە سیاسەتی ئەم چەند ساڵەی رابردوی ئەمریکا بەرامبەر نەیارانی بۆمان دەردەکەوێ کە ئەوەی دەیەوێ بەرامبەر تورکیا بیکات چییە؟، ئەمریکا وەک زلھێزێک خۆی بە خاوەنی زەوی دەزانێ پێی وایە دەبێ ھەموو وڵاتانی جیھان ملکەچ بن بۆ سیاسەت و بەرنامەی ئەو، لەکاتێکدا براوەی جەنگی جیھانی دووەم بەتەنیا ئەمریکا نیەو چەند وڵاتێکی تری زلھێزە، بەڵام سیاسەتی ئەمریکا لە ئێستادا وەک ئیمبراتۆرێک خۆی دەنوێنێ، کاتێک ویستی سۆڤیەت و ئەڵمانیا لاواز بکات بە یەکێتی سۆڤیەت ئەڵمانیای لاوازکرد تا خستی، پاشان یەکێتی سۆڤیەتی لاواز کردو خستی، سەدام حسێن کاتێک دژایەتی ئیسرائیلی کردو ویستی لە ژێر ئیرادەی ئەمریکا دەربچێت ئەوە بوو جەنگی ھەشت ساڵەی لەگەڵ ئێران پێکرد کە دوو ھەدەفی ھەبوو ھەم عێراق لاواز بکات ھەم ئێران و پاشان فرۆشتنی چەک بە ھەردوو وڵات، پاشان لەرێی سیناتۆرەکانیەوە ھانی سەدام حسێنیدا کە کوێت داگیربکات بەڵام کە داگیری کرد ئەمریکا خۆی و دەیان وڵاتی تر لە عێراقیان داو پاشان گەمارۆی ئابوریان خستە سەر عێراق دەیان ساڵ ھەتا بەتەواوی لاوازی کردو لە ساڵی ٢٠٠٣ کەوتنی رژێمی سەدام حسێنی راگەیاند، بۆ ئێرانیش دەرگای بۆ کردەوە کە ھەژمونی خۆی لە وڵاتانی سوریاو عێراق و یەمەن و لوبنان بەردەوام بکات و بەمەش ئێران ئابوریەکی زۆری سەرف دەکرد بۆ بەھێز کردنی پێگەی خۆی لەو وڵاتانە، ئەتوانین بڵێین ئەمریکا توانی ئێران بدۆشێ و ئێستاش بەم گەمارۆیە خستویەتیە سەر ئێران تەواو لاوازی دەکات لە چەند ساڵی داھاتودا ئەگەری خستنی ئێران دەبێ.

پاشان وەک چاودێرانی سیاسی نێودەوڵەتی ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەمریکا ترسی بەھێز بونی ئابوریە زەبەلاحەکەی چینی ھەیە کە لە داھاتودا ھەموو بازارەکانی جیھان کۆنترۆڵ بکات بۆیە ئێستا ئەمریکا پلانی لاواز کردنی چینی ھەیە، لەھەمان کاتدا ئەمریکا دژایەتی کۆنی لەگەڵ کۆریای باکوردا ھەیە، یەکێتی ئەوروپاش لەم دوایانە لەو کوێخایەتیەی ئەمریکا زۆر بێتاقەتن و بەڵام ناتوانن ھیچ بکە  بەرامبەری، روسیاش وەک دژایەتی کۆن و لە ئێستاشدا خۆی بە مونافیسی ئەمریکا دەزانێ بۆیە بەردەوام لە کێبەرکێدان لەگەڵ یەکدا.

ئەوەی من دەمەوێ لێرە بیڵێم ئەوەیە کە تورکیا لەم چەند ساڵەی رابردوو توانی لەژێر دەسەڵاتی ئەردۆغاندا ئابوری تورکیا بگەیەنێتە لوتکەو تورکیا ببێتە وڵاتە بەھێزەکانی ئابوری.

بۆیە ئەو ترسەی ئەمریکا لە چین و ئێران و ئەوروپاو روسیاو کۆریای ھەیە ھەمان ترسیشی بۆ تورکیا ھەیە بۆیە پێم وایە دەیەوێ تورکیا بەم گەمارۆ ئابوریەی خستۆتیە سەری ھەتا بەر بەم گەشە ئابوریەی تورکیا بگرێ ، تورکیا دەبێ زۆر وریا بێ ئەگیان وردە وردە ئەمریکا بە پلان دەیھێنێتە ناو کۆمەڵێ کێشەو ئاڵۆزیەوە کە ئەو ھێزە ئابوریەی ھەیەتی لەگەشە دەوەستێ، پاشان پشتگیری چین بۆ تورکیا بە ھێنانی کۆمەڵێ ملیاردەر کە پرۆژەی ئابوری لە تورکیا دابنێن ئەمە لەبەر خاتری تورکیا نیە بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە چین دەیەوێ تورکیا زیاتر ھانبدات بۆ ململانێی ئەمریکا ھەتا خۆی وەک چین لەو پلانەی ئەمریکا بۆی داناوە سەلامەت بێ یان ھیچ نەبێ دوابکەوێ.

بەھەمان شێوەش روسیاش پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ تورکیا دا لەسەر ئەو بنچینەیە دارشتوە ھەتا تورکیا ببێتە ئەو ھۆکارەی کە ململانێی ئەمریکا بکات و ئەمانیش لە دورەوە سەیری دیمەنەکان بکەن .

لەکۆتایدا ھیوادارم تورکیا نەبێتە ئەو مەقاشە کە ئەمریکاو وڵاتە زلھێزەکانی تریش بەکاری بھێنن بۆ مەصڵەحەتی خۆیان و پاشان کە کەوتە داوەکەوە ئەوکات بە دڵنیایەوە تورکیا بەرەو لاواز بون دەچێت و دەکەوێت وەک ھەموو ئەو وڵاتانەی تر کە دژایەتی ئەمریکایان دەکرد

، بۆیە دەبێ ئەردۆغان و حیزبەکەی زۆر بە ھەستیاری ئەو ململانێەیە بکەن.

949 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
22/08/2018
           
© Copyright 2018 All Rights Reserved.