رێپۆرتاژ

زیندانە لاکۆڵانەکانی پارتی و یەکێتی هێشتا پڕە لە ئیسلامیانی ستەم لێکراو

زیندانە لاکۆڵانەکانی پارتی و یەکێتی هێشتا پڕە لە ئیسلامیانی ستەم لێکراو

 

 

 

ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی‌ سه‌ر به‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ ئاماده ‌نین چاره‌نووسی‌ بێسه‌روشوێنكراوه‌ ئیسلامیه‌كان ئاشكرا بكه‌ن، لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كانیش ده‌یانه‌وێت له‌ رێگه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ بوروژێنن.

 

ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی‌ سه‌ر به‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ دوای رووخانی‌ رژێمی‌ به‌عس ژماره‌یه‌ك كادیری‌ بزووتنه‌وه‌ و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیان ده‌ستگیر كردووه‌، كه‌ تا ئێستا چاره‌نووسی‌ ئه‌و كادیرانه‌ به‌ نادیاری‌ هێڵدراوه‌ته‌وه‌ و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان ناچـنــه‌ ژێــر باری‌ ئـه‌وه‌ی‌ ئه‌و بێسه‌روشوێنكراوانانه‌ لای‌ ئه‌وان بن.

 

جگه‌ له‌ كادیرانی‌ كۆمه‌ڵ و بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌، دوای‌ ساڵی‌ ٢٠٠٣ ژماره‌یه‌ك به‌رپرس و چه‌كداری‌ ئه‌نسارولئیسلامیش له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكیه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركراون و راده‌ستی‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كراون، كه‌ چاره‌نوسی‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و به‌رپرس و چه‌كدارانه‌ی‌ ئه‌نساریش نادیاره‌.

 

به‌پێی‌ زانیاریه‌كانی‌‌ دووربین، ئه‌و كادیرانه‌ی‌ كۆمه‌ڵ و بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ كه‌ دوای‌ ساڵی‌ ٢٠٠٧ ده‌ستگیركراون له ‌ژیاندا ماون و له‌ ئێستادا له‌ زیندانیه‌ نهێنیه‌كانی‌ سه‌ر به‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن.

 

عه‌باس سالار برای‌ ئه‌حمه‌د سالار یه‌كێك له‌ كادیره‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیـسـلامی‌ كه‌ تا ئێستا چاره‌نووسی‌ نادیاره‌، وتی‌"براكه‌م كه‌ ساڵی‌ ٢٠٠٧ له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی‌ یه‌كێتیه‌وه‌ ده‌ستگیركرا له‌ ژیاندایه‌ و ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له ‌یه‌كێك له‌ گرتووخانه‌كانی‌ سلێمانی‌ بینراوه‌ پێش نوێژی‌ بۆ زیندانیه‌كانی‌ تر كردووه‌".

 

به ‌پێی‌ زانیاریـه‌كانی‌ گـۆڤـاری‌ دووربـیـن، پێشتر زۆربه‌ی‌ بێسه‌روشوێنكراوه‌ ئیسلامیه‌كان له‌ زیندانی‌ كانی‌ گۆمه‌ی‌ سنوری‌ سلێمانی‌ ده‌ست به‌سه‌ر بوون، بەڵام ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكه‌ له‌و گرتووخانه‌یه‌ نه‌ماون و گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ گرتووخانه‌ی‌ نهێنی‌ تر.

 

دڵشاد گه‌رمیانی‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی، پێشتر ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كردبوو به ‌فه‌رمی‌ داوای‌ ئازاد كردنی‌ كادیره‌ بێسه‌روشوێنكراوه‌كانیان له‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ كردووه‌، بەڵام مه‌لا به‌ختیار ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ هیچ بێسه‌روشوێنكراوێك لای‌ ئه‌وان بوونی‌ هه‌بێت.

 

شایه‌نی‌ باسه‌ دڵشاد گه‌رمیانی‌،باسی له‌وه‌كرد وه‌كو كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ زانیاریان له‌باره‌ی‌ ئه‌و گرتووخانه‌ نهێنیانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ كادیره‌ رفێنراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵیان تێدا زیندانی‌ كراوه‌، وتی‌"به‌ مه‌لا به‌ختیارمان وت ده‌زانین كادیره‌كانمان له‌ چی‌ گرتووخانه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ ده‌ست به‌سه‌رن".

 

زۆربه‌ی‌ ئه‌و كادیر و چه‌كدارانه‌ی‌ ئه‌نسارولئیسلام كه‌ له ‌دوای‌ رووخانی‌ رژێمی‌ به‌عس بێسه‌روشوێنكراون، ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ یه‌وه‌ ده‌ستگیركراون، ئه‌گینا به‌شێك له‌وانه‌ی‌ پارتی‌ ده‌ستگیری‌ كردوون له ‌ئێستادا له‌گرتووخانه‌ی‌ محه‌ته‌ی‌ هه‌ولێر ده‌ست به‌سه‌رن.

 

مه‌لا ئه‌یوب و ئاسۆ هه‌ولێر ئه‌ندامانی‌ شورای‌ ئه‌نسارولئیسلام دوای‌ رووخانی‌ به‌عس له ‌لایه‌ن ئه‌مریكیه‌كانه‌وه‌ راده‌ستی‌ ئاسایشی‌ پارتی‌ كران، كه‌ ماوه‌ی‌ یازده‌ ساڵه‌ له ‌زیندانن بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ دادگایی‌ بكرێن.

 

له ‌به‌رانبه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و كادیر و چه‌كدارانه‌ی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ و بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ و ئه‌نسارولئیسلام كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی‌ یه‌كێتیه‌وه‌ ده‌ستگیركراون هیچ له‌باره‌ی‌ چاره‌نووسیانه‌وه‌ نازانرێن و تا ئێستاش بێسه‌روشوێنن.

 

مه‌لا قودس حه‌سه‌ن ئه‌ندامی‌ شورای‌ ئه‌نسارولئیسلام، یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ دوای‌ رووخانی‌ رژێمی‌ به‌عس له‌ گرتووخانه‌ی‌ معه‌سكه‌ر سه‌لام له ‌لایه‌ن رۆژنامه‌ی‌ حه‌یاتی‌ له‌نده‌نیه‌وه‌ چاوپێكه‌وتنی‌ له‌گه‌ڵ كراوه‌ و خاچی‌ سوری‌ نێوده‌وڵه‌تیش نامه‌یان گه‌یاندووه‌ته‌ كه‌س و كاره‌كه‌ی‌،كه‌چی‌ ئێستا به‌رپرسانی‌ ئه‌منی‌ سلێمانی‌ نكۆڵی‌ له‌وه‌ ده‌كه‌ن مه‌لا قودس لای‌ ئه‌وان بێت.

 

حوكمدراوێكی‌ نێو گرتووخانه‌ی‌ معه‌سكه‌ر سه‌لام كه‌ داوایكرد ناوی‌ بڵاو نه‌كرێته‌وه‌، ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد ساڵی‌ ٢٠٠٩ كاتێك كه‌ ده‌ستگیركراوه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی‌ یه‌كێتیه‌وه‌ به‌ چاو به‌ستراوی‌ براوه‌ته‌ گرتووخانه‌یه‌ك كه‌ زۆربه‌ی‌ زیندانیه‌كانی‌ ناوی‌ ئیسلامی‌ بوون.

 

حوكمداوه‌كه‌ی‌ معه‌سكه‌ر سه‌لام كه ‌به ‌تۆمه‌تی‌ كوشتنی‌ كه‌سایه‌تیه‌كی‌ دیار پانزه‌ ساڵ حوكم دراوه‌، ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ ڕوو كه‌ زیندانیه‌ ئیسلامیه‌كان له ‌نێو زیندانی‌ تاكه‌ كه‌سیدا بوون بەڵام به ‌ده‌نگی‌ به‌رز قسه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كتر كردووه‌ و باسی‌ ئاینی‌ ئیسلام و دینداریان بۆ یه‌كتری‌ كردووه‌، وتیشی‌"هیچ كام له‌ زیندانیه‌كان ناوی‌ یه‌كتریان نه‌ده‌زانی‌،به‌ڵكو هه‌موویان نازناویان هه‌بووه‌".

 

له‌ كاتێكدا زانیاریه‌ دزه‌ پێكراوه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن بێسه‌روشوێنكراوه‌ ئیسلامیه‌كان له‌ ژیان دا ماون، بەڵام به‌رپرسه‌ ئه‌منییه‌كان ناچنه‌ ژێر باری‌ ئاشكرا كردنی‌ چاره‌نووسیانه‌وه‌ و نكۆڵی‌ له ‌ده‌ستگیركردنیان ده‌كه‌ن.

 

شوان قەڵادزه‌یی‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان، رایگه‌یاند"ده‌سەڵات پێشتر ویستوویه‌تی‌ له‌ رێگه‌ی‌ پێدانی‌ پاره‌و سوڵحه‌وه‌ كێشه‌ی‌ بێسه‌رو شوێنكراوه‌كان ئاشكرا بكات، بەڵام ئێمه‌ ئه‌وه‌مان ره‌تكرده‌وه‌".

 

قەڵادزه‌یی‌، به ‌پێویستی‌ زانی‌ چاره‌نووسی‌ بێسه‌روشوێنكراوه‌كان بۆ كه‌س و كاریان ئاشكرا بكرێت، وتی‌"ئه‌گه‌ر له ‌ژیاندا ماون ئازاد بكرێن، ئه‌گه‌ر نه‌شماون رووفاته‌كانیانمان ده‌وێت".

 

سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌،جه‌ختیشی كرده‌وه‌"ئه‌و دۆسیه‌یه‌ له‌ ڕێگه‌ی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌وروژێنن".

 

دڵشاد ئەنوەر

تێبینی: ئەم راپۆرتە لە گۆڤاری ژمارە هەشتی ساڵی ٢٠١٤ بڵاو کراوەتەوە.

 

265 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
02/01/2018
           
© Copyright 2018 All Rights Reserved.