فیکر

سروشت و مەرجەکانی دەوڵەتی ڕاستەقینە لە ئیسلامدا

 

نوسینی: دکتۆر حاکم المطیری

وەرگێڕانی: خزمەتگوزاری دووربین

خوای گەورە مژدەی دەسەڵات و دەوڵەتی داوە بە موسوڵمانان و فەرمویەتی: (وَعَدَ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا مِنكُمْ وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ لَيَسْتَخْلِفَنَّهُم فِي الْأَرْضِ كَمَا اسْتَخْلَفَ الَّذِينَ مِن قَبْلِهِمْ وَلَيُمَكِّنَنَّ لَهُمْ دِينَهُمُ الَّذِي ارْتَضَى لَهُمْ وَلَيُبَدِّلَنَّهُم مِّن بَعْدِ خَوْفِهِمْ أَمْنًا). ئەو جێنشینیەش لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی خاوەن سیستەمدا دەبێت:

یەکەم: بنەماکانی دەوڵەت بە پێی چەمکەکانی سەردەم کە بریتین لە (گەل و خاک و دەسەڵات) هەر هەمان بنەمان کە لە فیقهی ئیسلامیدا هەن و ناویان بە (ووڵات و ئەحکام و کۆمەڵ و پێشەوایەتی) هاتوە.

دوەم: زانایان جەختیان لەسەر بونی هێز کردۆتەوە کە پێویستە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ئوممەت و دابینکردنی ئاسایش بۆ ئەو کەسانەی ئەو ئاسایشەیان دەوێ و پابەند دەبن بە هەمو ئەحکامەکانیەوە.

سەرخەسی لە کتێبی "السیر الکبیر"دا دەڵێ (کاتێک کۆمەڵی موسوڵمانان خاوەن هێز بون و، پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم کاروباری دەبردن بەڕێوە و ئاسایشیان دابینکرابو ئەو راستیەیان دەبەخشی. هەر هەمان شێوەیە کاتێک ئەمیر ئاسایش دابین دەکات لەو جێیەی لێی ئەمیرە، ئەمیر وەک ئەمیرێک سەیر ناکرێت ئەگەر هێزی نەبێت. فەرمودەکانی پێغەمبەریش صلی اللە علیە وسلم زمانحاڵی ئاسایشن. ئەو ئاسایشەش لە وتەی خەڵکی سادەوە دروست نابێت و، وتەی ئەوان لەبری فەرمودەکانی پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم ناکەوێ و، ئەو ئاسایشە دابین ناکەن کە پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم هەواڵی داوە).

سێیەم: یەکێک لە مەرجەکانی ولایەتی شەرعی ئەوەیە کە بتوانێت پارێزگاری لە خەڵکەکە بکات (إنَّمَا الْإِمَامُ جُنَّةٌ يُقَاتَلُ مِنْ وَرَائِهِ)، ئیمام قەڵغانێکە و لە پشتیەوە شەڕ دەکرێت. وشەی (جُنَّةٌ) بەمانای بەرگری و پاراستن دێت و، ئەگەر ئیمام نەیتوانی دابینی بکات مافی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی نامێنێت.

چوارەم: مەرجێکی تری دەوڵەت ئەوەیە کە لە ناوخۆدا خاوەنی دەسەڵاتێکی وەها بێت کە لە پابەند بون بە یاسا و ڕێساکانەوە هێزێکی تر ململانێی لە گەڵدا نەکات و، لەسەر ئاستی دەرەوەش سەروەری بە دابینکردنی ئاسایش دروست بکات.

پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم دوای پەیمانی حودەیبیە دەستی کرد بە نامە ناردن بۆ پاشاکانی سەر زەوی، چونکە دوای ئەو پەیمانە سەروەری ناوخۆی شاری مەدینە و، ئاسایشی دەرەوەی لە ڕێی داننانی دەسەڵاتدارانی مەککە بەو پەیمانەدا، بەدەست هێنا.

پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم وەک پراکتیزەکردنی سیاسەتێکی واقیعی نامەی بۆ پاشاکانی سەر زەوی بە پێی داب و نەریت و نازناوەکانی خۆیان نارد. بۆ نمونە:

 قەیسەری گەورەی ڕۆم

 کیسرای گەورەی فارس

مقۆقس گەورەی قیبتیەکان.

پێنجەم: بەفەرمی ناساندنی دەوڵەت لە لایەن  ووڵاتانی دەوروپشتەوە گرنگترین مەرجی سیاسییە و، ئەو دان پێدانانە هۆکارێکە بۆ دروستبون و ئاشکرابونی ئەو دەوڵەتە. لەبەر ئەوەیە کە پەیمانی حودەیبیە بە (فەتح)ێکی ڕون و ئاشکرا هەژمار دەکرێت.

دەوڵەت تەنها پارچە خاکێک نییە کە کۆمەڵێک مرۆڤ بە هێزی چەک دەستی بەسەردا بگرن و ئەمیرێکی بۆ دابنێن. ئەگەر ئەوە بنەما بێت ئەوا چەتەی ووڵاتە پڕ ئاژاوەکان دەیانتوانی دەوڵەتی خۆیان لە ناو دەوڵەتی ووڵاتەکانیاندا دروست بکەن.

پانتایی خاکی دەوڵەت و ژمارەی دانیشتوانی ئیعتیبارێکیان نییە ئەگەر بنەماکانی تەواو دابین نەکرابێت، وەکو: سەروەری ڕاستەقینەی دەسەڵات بەسەر خاک و هاوڵاتیانیدا.

بەیعەت دان بە سەرکردەیەک یان بە هێزە چەکدارەکەی کە دەسەڵاتیان بەسەر پارچە خاکێکدا هەیە نابێتە بنەمای دەوڵەت، مەگەر لە ووڵاتێکی پڕ ئاژاوەدا شتی وەها ببێت.

زۆر نەتەوە هەن لە سەدان ساڵەوە لە ناوچەکانی خۆیاندا بونیان هەیە و خاوەنی ئیمام و سەرکردەن و بەیعەتیان پێدراوە یان هەڵبژێردراون و پارەیان پێ دەدرێت، لە کاتێکدا دەوڵەتەکەیان بەدەست خەڵکانی ترەوەیە.

گەلی (بەهەرە) ملکەچی ئیمامەکانیانن و بەیعەتیان دەدەنێ و ئەوانیش لەناویاندا حوکم دەکەن و دەسەڵاتیان هەیە و، باج و خەراجیان دەدرێتێ و، سیستەمی بەڕێوەبردنی خۆشیان هەیە، بەڵام دەوڵەت نین.

تایەفەی (حوسی یەمەن) لە ڕێی هێزەوە ناوچەیەکی فراوانی باکوری یەمەنیان لە ژێر دەستدایە و، لە ساڵانێکی زوەوە دەسەڵاتی خۆیان هەیە و کاروباری خۆیان دەبەن بەڕێوە، بەڵام لە ڕاستیدا بە دەوڵەت هەژمار ناکرێن.

کوردستانی عێراقیش بە دەوڵەت هەژمار ناکرێت چونکە حکومەتی ناوەند هەیە کە لە بن ڕکێفیدان و هەمو دانیشتوانی عێراق هاوڵاتی ئەون، لە کاتێکدا عێراق سەروەری دەرەکی خۆی لە دەست داوە، بەڵام لە لایەن دورونزیکەوە دانی پێدانراوە و، دەوڵەتە.

خەلافەت سیستەمی بەڕێوەبردنی سیاسییانەی ئیسلامی دوای ئەو نبوەتە بوە کە لەناو موسوڵمانادا دیار بوە. خەلافەت لە دوای ئەبوبەکری صدیقەوە ناسراوە و بەردەوام بوە تا کەوتنی ئەو خەلافەتە لە جەنگی یەکەمی جیهانيدا.

خەلافەت وەک سەرۆکایەتی گشتی بەسەر ئوممەتەوە بنەمایەکی بناغەییە و، خەلیفە و ئەو مەرجانەش کە دەبێ تیایدا بن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی پێبدرێت، بنەمایەکی فەرعیە لە بنەما بناغەییەکە.

ناتوانرێت پاشا و شازادەکەی دیاری بکرێن پێش بونی پادشایەتیەکە خۆی. بەو جۆرەش ناتوانرێت باس لە خەلیفەی ئیمامی گشتی خەڵک بکرێت و پێش بونی خەلافەت بەیعەتی بدرێتێ.

پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم مژدەی گەڕانەوەی خەلافەتی دوای دەسەڵاتی خۆسەپێنەر داوە (ثُمَّ تَكُونُ خِلاَفَةٌ عَلَى مِنْهَاجِ النُّبُوَّةِ)، لە دواییدا ئەو خەلافەتە دروست دەبێت کە لەسەر مەنهەجی پێغەمبەر و، ڕێوڕەسمی خەلیفەکانی ئەو دەبێت و بە شورا دەبێت.

هەروەک لە بوخاریدا هاتوە عومەری کوڕی خەتاب مەرجەکانی خەلافەتی دیاری کردوە بۆ گرتنە دەستی کاری موسوڵمانان) مَنْ بَايَعَ رَجُلًا عَنْ غَيْرِ مَشُورَةٍ مِنْ الْمُسْلِمِينَ فَلَا يُبَايَعُ هُوَ وَلَا الَّذِي بَايَعَهُ  تغرّةً أن يُقتلا)هەر کەسێک بێ ڕاوێژکردنی موسوڵمانان بەیعەتی دا بە کەسێکی تر، بەیعەت دان و بەیعەت وەرگرتنەکە دروست نییە و هەڵخەڵەتاندنە و دەبێ بکوژرێن.

ئەو پرسیارانەی دەکرێن سەبارەت بە دەوڵەت لە ئیسلامدا و مەرجەکانی چین:

پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم دەوڵەتێکی لە مەدینە دروست کرد کە بنەمای دەوڵەتی تێدابو: خاکی مەدینە و، دانیشتوانەکەی و، دەسەڵاتی سیاسی و، سەرچاوەی یاسا دانان.

پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم دەوڵەتی لەسەر ئەم بناغانە دامەزراند:

یەکەم: بڕوا هێنانی ئازادانە بە ئیسلام، ئەویش لە بەیعەتی یەکەمدا.

دوەم: گوێڕایەڵی بێ زۆرەملی لە بەیعەتی دوەمدا.

سێیەم: برایەتی.

چوارەم: کارکردن بە شورا.

پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم بەڵێننامەی مەدینەی نوسی و پەیوەندیەکانی لە گەڵ غەیری موسوڵماندا تێدا دیاری کرد کە جولەکە و ئەوانەشی دەگرتەوە کە هاوپەیمانیان بون و، ئەو بەڵێننامەیەی بە مەرجەعیەت و دەسەڵاتی سیاسییەوە گرێدا.

پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم لەسەر گوێڕایەڵی خۆی و موسوڵمان بون جەنگی لە گەڵ کەس نەکردوە، چونکە گوێڕایەڵی پێغەمبەری خوا بە پێدانی بەیعەت دەبێت کە بریتیە لە گرێبەستێکی ئارەزومەندانەی دور لە زۆرەملی و، چونە دینەکەشیەوە بە بڕواهێنانێکی دور لە زۆرەملیە.

لە دورگەی عەرەب دەوڵەت بونی نەبو و، لە شاری مەدینەش دەسەڵات و سیستەم و داد بونیان نەبو تا پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم چۆتە ئەوێ. دوای ئەوە شارەکانی تری عەرەب و خێڵەکانیان ئارەزومەندانە چونەتە بن ڕکێفی ئەو دەوڵەتەوە و دور لە زۆرەملی بەیعەتیان داوەتێ.

هەمو شار و هەرێمەکانی عەرەب ئارەزومەندانە چونەتە سێبەری ئەو دەوڵەتەوە و بەیعەتیان داوە چونکە ئەو ماف و دادپەروەرییەی بەڵێنیان پێدرابو بە ئاشتی هاتبونەدی جگە لە مەککە و خەیبەر کە فەتح کران.

 پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم هیچ کاتێک جەنگی لە گەڵ کەس نەکردوە مەگەر شەڕی پێفرشرابێت و هێرشی کرابێتە سەر، وەک جولەکەکانی مەدینە و خەڵکی مەککە کردیان بەرامبەری. ئیبن قەییم لە کتێبی (هداية الحيارى)دا دەڵێ: (هەرکەسێک لە سیرەی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم وردبێتەوە بۆی دەردەکەوێت کە زۆری لە کەس نەکردوە بۆ موسوڵمان بون و، جەنگی لە گەڵ ئەو کەسانەدا کردوە کە جەنگیان بەرامبەر کردوە. هەرکەسێکیش (هودنەی) لە گەڵ کردوە، جەنگی لە گەڵ نەکردوە تا ئەو کەسە هودنەکەی شکاندوە. پەیمانی خۆی نەشکاندوە و، خوای گەورە فەرمانی پێکردوە کە پابەند بێت بە پەیماننامەکانەوە مادام بەرامبەرەکەی پابەند بوە پێیانەوە. خوای گەورە فەرمویەتی: فَمَا اسْتَقَامُوا لَكُمْ فَاسْتَقِيمُوا لَهُمْ. تا ئەوان پابەند بن بە پەیماننامەکانەوە ئێوەش پابەند بن پێیانەوە. کاتێک کە کۆچی کرد بۆ مەدینە لە گەڵ جولەکەکانی ئەو شارە ڕێکەوت، بەڵام کە پەیمانەکەیان شکاند و دەستیان کرد بە شەڕکردن لە گەڵیدا، ئەویش شەڕی لە گەڵ کردن و، هەندێکیانی هێشتەوە و هەندێکیشیانی دورخستەوە و، لە گەڵ هەندێکی تریان شەڕی کرد. بە هەمان شێوە لە گەڵ قوڕەیش بۆ ماوەی (10) ساڵ ڕێکەتننامەی هەبو لە گەڵیاندا و، هیچ کاتێک دەستپێشخەری شەڕ نەبوە لە گەڵیاندا، بەڵام کاتێک ئەوان پەیمانەکەیان شکاند ئەویش چوە سەریان. پێشتریش هەر ئەوان شەڕیان لە گەڵ کردوە، وەک شەڕی خەندەق و بەدر کە ئەوان هاتبون بۆ جەنگ لە گەڵیدا. ئەگەر بگەڕانایەتەوە بۆ مەککە، جەنگی لە گەڵ نەدەکردن.

خێڵەکانی عەرەب ئارەزومەندانە موسوڵمان بون و بەیعەتی لێوەرگرتون بۆ ئەوەی جەخت لەسەر جۆری پەیوەندی دەوڵەتی نوێ بکاتەوە کە بە ڕێکەوتن دەبێ نەک بە زۆرەملی.

مەبەست لێرەدا ئەوەیە کە پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم هەرگیز کەسی بە زۆر نەهێناوەتە سەر دینەکەی، بەڵکو خەڵک ئارەزومەنەدانە موسوڵمان بون. کاتێک کە بانگەوازەکەی پێغەمبەری خوایان، صلی اللە علیە وسلم ، بۆ ڕون بوەوە زۆرینەی خەڵکی سەر زەوی ئەو کاتە موسوڵمان بون. بێ شەڕ عومان و یەمەن و بەحرەین و یەمامە و نەجد چونە ژێر ڕکێفی دەوڵەتەکەی پیغەمبەرەوە صلی اللە علیە وسلم، ئەوانەشیان کە ئارەزومەندانە موسوڵمان نەبون، وەک دیانەکانی نەجران و دومە، بە پەیماننامە چونە سەر دینەکەی.

وەک لە کتێبی (هداية الحيارى)دا هاتوە زۆربەی خەڵکی یەمەن جولەکە بون. پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم کاتێک مەعازی نارد بۆ یەمەن فەرموی: تۆ دەچیت بۆ لای خەڵکێک کە ئەهلی کیتابن. یەکەم هەنگاوێک کە دەینێی بانگیان بکە بۆ شەهادەت هێنان (لا الە الا اللە). دوای ئەوە پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم، فەرمودەکەی تەواو کرد. خەڵکی یەمەن ئارەزومەندانە موسوڵمان بون. جولەکەکانی مەدینەش، ئەوانەیان کە موسوڵمان بون، ئارەزومەندانە بو و لە ترسی شمشێر نەبو. ئەوانەی لە جولەکەکانی مەدینە موسوڵمان بون زۆربون، ئەوانە بۆ بەرژەوەندی دنیا و لەترسا موسوڵمان نەبون، ئەوانە لە کاتێکدا موسوڵمان بون کە موسوڵمانان خۆیان زۆر بون. ئەوانە دژایەتی خزم و خێڵەکانی خۆیان قبوڵ کرد و موسوڵمان بون. تیایاندا بو دژایەتی دایک و باوک و بنەماڵەکەی و خێڵەکەی خۆشی کرد و موسوڵمان بو. ئەوانە بە حەزی خۆیان موسوڵمان بون نەک لەبەر سەرۆکایەتی و ماڵی دنیا. بە پێچەوانە هەندێکیان وازیان لە سەرۆکایەتی و بەرپرسیارێتی خۆیان هێنا و، لە پێناوی ئیسلامدا ئارامیان لەبەر ئازار و ئەشکەنجەدا گرت و لە دینەکە پەشیمان نەبونەوە.

پێش ئەوەی پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم وەفات بکات دەوڵەتەکەی هەمو دورگەی عەرەبی گرتەوە و، کاربەدەستەکانی خۆی بۆ هەمو ناوچەکان نارد و لە لایەنی سیاسییەوە وەک لایەنە دینیەکە ڕێکی خستن.

ئەمە سروشتی دەوڵەتە لە ئیسلامدا و، پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم لەسەر بناغەی (لا إِکْراهَ فِی الدِّینِ) دروستی کرد و، دەرەنجامەکەشی بەڕێوەبردنی بو لەسەر سیستەمی شورا.

پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم ئەوەبو کە خوای گەورە بە (رَحْمَةً لِلْعَالَمِينَ) باسی کردوە و، کەسێکی زۆردار نەبوە (لَسْتَ عَلَيْهِمْ بِمُصَيْطِرٍ) و، جەبەروتی نەبوە (وَمَا أَنْتَ عَلَيْهِمْ بِجَبَّارٍ). هەرکەسێکیش پێچەوانەی ئەو هیدایەتە بوایە کە هێنابوی خۆی ستەمی لە خۆی کردوە (وَلاَ تَطْغَوْا).

خەلافەت سەرۆکایەتی گشتیە بە کردەوە و گوزارش لەم کۆڵکانەی خوارەوە دەکات:

یەکپارچەیی خاکی ئیسلام، یەکپارچەیی ئوممەت، شەریعەت سەرچاوەیە و، دەسەڵات یەکپارچەیە.

دەوڵەتی ئیسلام بە بونی ئەبوبەکر نەبوە دەوڵەتی خەلافەت، بەڵکو دەوڵەت هەبو و ئەبوبەکر وەک خەلیفەی موسوڵمانان دەستنیشان کرا کە بوە جێنشینی پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت و ئوممەت کە پێشتر هەبون و سەقامگیر بون.

خەلیفایەتی ئیستیحقاقێک بو لەسەر بەڵێنی خوای گەورە بو (وَعَدَ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا مِنكُمْ وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ لَيَسْتَخْلِفَنَّهُم فِي الْأَرْضِ). موسوڵمانان هەمو جێنشینن و خەلیفەش بریکارییانە.

خەلافەت بە کۆدەنگی سەلەف و ئیمامەکانی ئەهلی سوننە سەرۆکایەتی گشتی ئوممەتە یان زۆربەی ئوممەتە بە کردەوە و، کاروبار و سیاسەتیان بە پێی بنەماکانی ئیسلام بەڕێوە دەبات.

لە فەرمودەی سەحیحدا هاتوە (إلْزَمُ جَمَاعَةَ الْمُسْلِمِينَ وَإِمَامَهُمْ)، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر پەیوەست بونی ئوممەت و دەوڵەتی خەلافەت وەک سیستەمێکی سیاسی کە گوزارش لە یەکگرتویی خۆیان و یەکپارچەیی خاکەکەیان دەکات.

لە سەردەمی خەلیفەکانی دوای پێغەمبەری خوادا صلی اللە علیە وسلم و لەسەردەمی ئەمەوییەکان و سەرەتای عەباسییەکاندا خەلافەت ناوەندی بو و، لە قۆناغی دوەمی عەباسییەکاندا لە بەغداد و قاهیرە بوە لامەرکەزی.

لە سیستەمی لامەرکەزیدا هەرێمەکان خاوەنی ئەمیری خۆیان بون و، شەرعیەتیان لە دانی بەیعەت بە خەلیفەوە وەردەگرت و، لە ناوچەکانی خۆیاندا دەسەڵاتیان هەبو و، سەرۆکایەتی ئوممەت لە دەست خەلیفەدا بو.

هێزی سەلاحەددینی ئەیوبی لە ڕۆژهەڵات و هێزی یوسف تاشقین لە مەراکێش لە بەیعەت بە خەلیفەوە سەرچاوەی گرتبو و، شەرعیەتی سیاسیان هەبو.

لەسەردەمی عوسمانیەکانیشدا و لە سێبەری سوڵتان سەلیمی یەکەمدا دوای دانی بەیعەت بەو سوڵتانە، دەسەڵاتی دەوڵەت بوەوە بە مەرکەزی و، ئیتر دەوڵەت باڵی کێشایەوە بەسەر هەرێمەکاندا.

3798 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2017-12-29
زۆرترین خوێندراو
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.