دووربین: دادگای بۆڵزانۆی ئیتالیایی دوای دوو رۆژ(8 و9/10/2018) لە مداوەلاتی یاسایی، بڕیارییدا کە دانیشتنەکانی دادگاییکردنی مامۆستا کرێکارو تۆمەتبارکراوەکانی تر دوابخرێت بۆ 10/12/2018 چونکە هەبوونی مامۆستا بە رای داوەر زەرووریی بوو.. تۆمەتبارکردنەکە لەساڵی 2014ەوەیەو تا ئیستا سێجار دواخراوە..
تۆمەتەکەی ئەمجارە کە چلویەکەمین تۆمەتە لە ماوەی ئەم شازدە ساڵەی دواییدا دەخرێتەپاڵ مامۆستا، چەند بڕگەیەکە. لەوانە: مامۆستا کرێکار ساڵی 2013 لە زیندانی کۆنگسفینگەری نەرویجەوە، خەڵکی ناردووە بۆ ئیتالیا بۆ دروستکردنی سێڵی تیرۆریستیی، تا بچنە سوریاو دوای راهێنانی سەربازیی بێنەوە هەوڵی رفاندنی دیپلۆماسی ئەوروپایی بدەن بەو ئومێدەی مامۆستا بە گۆڕینەوە لە زیندان دەرکەن!
بڕگەیەکی تری تۆمەتەکان دەڵێ: کرێکار رێکخراوێکی تیرۆریستی بە ناوی رەوتی شاخ یان دیدی نوێ دروست کردووەو نەخشەی وای هەبووە کە بە توندوتیژیی و چەکداریی سیستمی عەلەمانیەتی کوردستان بڕوخێنێت و سیستمی خیلافەتی ئیسلامیی تێدا دابمەزرێنێت!
هەروەها چەندین تۆمەتی تری لەوان بێ بنەماتر.. ئەوە جێی سەرسوڕمانە کە ئەم تۆمەتانە بە موخابەراتی هەردوو وڵاتی نەرویج و ئیتالیا رێکخراوەو وەزیری دادی نەرویجی بۆ رێکخستنی ئەم مەلەفە گەورەیە (کە 26 هەزار لاپەرەیە) چەندین جار چۆتە ئیتالیاو لەوێ لەگەڵ کەسانی بەرپرسی ئەو وڵاتەدا چۆنیەتی داڕشتنی تۆمەتەکەیان رێکخستووە.
سەرەتا کە تۆمەتەکەیان راگەیاند مامۆستا لە زینداندا بوو، وا گەورەیان کرد کە 26 کەسی تێوەگلاو لە شەش وڵاتی ئەوروپایی دایان بەسەر ماڵی کوردە موسوڵمانەکانی دۆستی مامۆستادا . دواتر هەم تۆمەتەکانیان کەم کردەوە، هەم کەسە ناوبراوەکانیان ئازاد کرد بێ ئەوەی بدرێنە دادگا.. چوار کەس لە بەریتانیا تۆمەتبارکرابوون، حکومەتی بەریتانیا وتی لای ئێمە ئەو تۆمەتانە ساغ نەبوونەتەوە بۆیە ناتوانین تۆمەتبارکراوان بنێرین بۆ ئیتالیا، حکومەتی بەریتانیا دوای تەحقیقات لەگەڵیاندا ئازادی کردن. لە نەرویجیش هەروەها.. مامۆستا و دوو کەسی تر تۆمەتبار کرابوون، دوو کەسەکەی تر جنسیەی نەرویجیان هەیە، بۆیە بە پێی یاسای نەرویج حکومەتی نەرویج بۆی نییە ئەوان بداتە دادگای ئیتالیا.. ئاوا ساڵ بۆ ساڵ تۆمەت و تۆمەتبارەکانیان کەم کردەوە، تا مایەوە سەری مامۆستا کرێکار کە دیارە هەر ئەو داواکراوەکەیەو داوەکە هەر بۆ ئەو نراوەتەوە، بەڵام ئەو ناوانەی تریان خستە لای ناوی مامۆستا تا بڵێن کێشەکە گەورەیەو پەیوەستە بە ئەمنیەتی ئەوروپاوە.. کە واش نەبوو..
حکومەتی نەرویجی لە ماوەی ئەم 16 سالەدا مامۆستا کریکاری بۆ 62 جار بردە دادگاو بە نزیکەی 40 تۆمەتی جیاواز تۆمەتباری کرد، هەموو جارێکیش دادگا دەیسەلماند کە ئەو تۆمەتانە راست نین و بەڵگەکانیان لاوازن. ئەمجارە بە ئومیدی ئەوەی بتوانن لە نەرویج دەریبکەن، حزبی راسترەوە توندڕەوەکانی نەرویج دەستی لەگەڵ ئیتالیا تێکەڵکردوە، بەڵام وا پێناچێت لە رووی یاساییەوە بتوانن لە دادگا هیچ بسەلمێنن.. بۆیە پارێزەرەکەی مامۆستا کرێکار (برینیار مێلینگ) دەڵێ: هەر لەسەرەتاوە دیاربوو کە پلانێکی سیاسەتمەدارەکانەو دەیانەوێت فێڵکارییەکەی خۆیان بخەنە قاڵبی یاساوەو ناشتوانن..
شایانی وەبیرهێنانەوەیە کە حکومەتی نەرویجی پێش ئەم هەوڵدانە لەگەڵ ئیتالیا، هەوڵیتریدا لەگەڵ حکومەتەکانی ئەلمانیاو بولگاریاو فینلەنداو بەریتانیاو کێشەی تری جۆراوجۆری دروستکرد لەگەڵیاندا بەڵام لە هەموویاندا لووتی شکاو بە سەری شۆڕەوە دەهاتەوە سەری دێڕ..
ئەم هەوڵە نەزۆکە لە کاتێکدایە کە پێشتر موخابەراتی 10 دە دەوڵەت تەحقیقاتیان لەگەڵ مامۆستادا کردووە. لەوانە راستەوخۆ موخابەراتی ئەمریکایی (دووجار)، موخابەراتی ئەڵمانی (پێنج جار)، موخابەراتی ئیتالیایی (سێ جار)، موخابەراتی هۆڵەندیی و سویسریی و نەرویجی ، بە لاوەکیش موخابەراتی سویدیی و ئیسپانیایی و فینلەندیی و هیتر، کە هیچیان نەگەیشتوونەتە ئەوەی کە تۆمەتێک لەسەر مامۆستا ساغ بکەنەوە کە کارێکی تیرۆری ئەنجامدابێت، یان لایەنگریی بووبێت. بەڵام بە هەمووان هەر هەوڵی وەستاندنی چالاکییەکانیان داوەو تا ئێستا تێیدا سەرکەوتوو نەبوون و مامۆستاش هەر وەکو بیرمەندان و موجاهیدانی گەورەی ئیسلام لە بانگەوازە خواییەکەی بەردەوامە والحمدللە..