شیکار

16ی ئۆكتۆبه‌ر له‌دیدی كورده‌وه‌ چیه‌؟!

ئەو روداوو کارەساتانەی لەژیانی ئادەمیزاددا روودەدەن، زۆر کات ئەوانەی لەناو واقیعەکەدان ھەموو لایەنەکانی بەتەواوی نابینن و ھەستیپێناکەن، یان خوێندنەوەیەکی بابەتییان بۆی نییە، کارەساتی (١٦/١٠/٢٠١٧ز)یش کە بەڕووداوی (١٦)ی ئۆکتۆبەر ناسراوە، کۆمەڵێک لێکەوتەی لەدوای خۆی بەجێھێشت، کاتێک باسیدەکرێ، بەپێی جوگرافیاو نزیک و دووریی لەڕووداوەکەوە جیاوازیی لەدیدی خەڵکەکەدا درووستکردووەو لەناو خودی تاکی کوردیشدا دونیایەک خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێ.
ئەگەر چەند نموونەیەک لەناوچەکانی تری کوردستان و جیاواز لەجوگرافیای روداوەکە بهێنینەوە، ئەوا کۆمەڵێک بۆچوونی جیاواز لەناو خەڵکی کوردستاندا بەدیدەکەین:-
١- بەشێوەیەکی گشتی؛ ھەندێک لەخەڵکی هەموو ناوچەکانی کوردستان، ئیدانەی ئەم رووداوە دەکەن و پێیانوایە: ئەمە دوورە لەھەموو قییەم و ئەخلاقێکی  سیاسیی تەندروست، بۆ ئەوانەی لەناوخۆی کورددا پێیھەڵسان، ھەروەها بۆ ئەوانەیش کە دەستدرێژییەکەیان ئەنجامدا. هەروەها بۆچوونیان وایە: ھەردوو لایەنی دەسەڵاتدار ھەڵساون بەئەنجامدانی خیانەتی زۆر گەورە دژی کوردو کوردستان، بەوەی یەکێتی کەرکوکی فرۆشت و پارتییش پێشتر ناوچەکانی تری کوردستانی بەشەنگالیشەوە فرۆشت.
٢- یەکێتییەکان پێیانوایە: (١٦)ی ئۆکتۆبەر دەرئەنجامی ریفراندۆمەو ئەوەیش ھۆکاربووە کە دوژمن ھێرشبکات، ھێزەکانیش نابەرانبەربوون، ئێمەیش –واتە: یەکێتییەکان- نەمانتوانی بەرھەڵستیی ھێرشەکە بکەین.
٣- بەشێک لەیەکێتییەکان پێیانوایە: بەپیلانێکی داڕێژراوی پێشوەخت، کۆمەڵێک لەسەرکردایەتی و باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی، کەرکوک و ناوچەکانی تریان فرۆشتووە.
٤- پارتییەکان پێیانوایە: رووداوی (١٦)ی ئۆکتۆبەر خیانەتەو پەیوەندی بەڕیفراندۆمەوە نەبوو، بەڵکو ئەوە بەشێکی یەکێتی بوو، بۆ بەدەستهێنانی کۆمەڵێک ئیمتیازات، خاکی کوردستانی بەئێران فرۆشت. بۆ لەدەستدانی ناوچەکانی تری کوردستان بەشەنگالیشەوە، پارتییەکان دەڵێن: لەدوای بەجێھێشتنی بەرەکانی جەنگ لەلایەن چەکدارەکانی یەکێتییەوە، نەتوانرا رێگریی لەھێرشی هێزەکانی دوژمن بکرێ، بۆیە بەناچاری لەو ناوچانە کشاینەوە.
٥- کۆمەڵێک لەڕۆشنبیرانی بێلایەن و دڵسۆزانی کورد، پێیانوایە: روودانی کارەساتی (١٦)ی ئۆکتۆبەر، لەگەردنی ھەردوو حزبی پارتی و یەکێتیدایە، پێویستە ئەوانیش بەبێ جیاوازی بەرپرسیارێتییەکەی لەئەستۆبگرن. 
٦- بەشێک لەھاووڵاتیانی ئەو ناوچانەی بوونە قوربانیی ئەم رووداوە دەڵێن: ژیانمان لەژێر سایەی ئەم ھێزانەی دوژمندا باشترە، لەوەی لەژێر سایەی دزو مافیاو جەردەکانی دەسەڵاتدارانی کورددا بژین.
ئەمانەی باسمانکردن؛ وتەو بیروبۆچوونی دانیشتووانی کوردستانە، سەبارەت بەکارەساتی (١٦)ی ئۆکتۆبەر بەیەکێتی و پارتییشەوە.
ئێستایش کاتی ئەوەیە بزانین، رووداوی (١٦)ی ئۆکتۆبەر چیمان پێدەڵێت:-
١- کوردستان وەک خاک، کوردیش وەک نەتەوە لەلای وڵاتانی دراوسێ و پاشان وڵاتە زلھێزەکان، تەنھا وەک داردەستێک بۆ مەبەستی سیاسی و بازرگانیی خۆیان بەکاردەھێنرێن، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ھەستکردن بەکۆیلەیەتی و لاوازیی کەسایەتیی دەسەڵاتدارانی ئێستای کوردستان، نەک کەسایەتیی خودی کورد. چونکە ئەوە ئەم دەسەڵاتەیە نوێنەرایەتیی کورد دەکات و گوێ بەھیچ قییەمێک نادات، هەروەها ئامادەیە ھەموو شتێک تەنھا بۆ مانەوەی دەسەڵاتە کارتۆنییەکەی -کە وەک بووکەڵە وایە بەدەستی وڵاتانی ترەوە-
 و دەستکەوتنی پارەو سامانی زیاتر، پێشکەشبکات 
٢- ئەم رووداوە پێماندەڵێت: دەسەڵاتەکەی پارتی و یەکێتی ئەوەی لایان گرنگنەبێت ئەمنییەتی کوردستانە، ئەوەی گوێیپێنەدەن خاک و سنووری کوردستانە، چونکە ئەگەر ئەمانە لەلایان گرنگبووایە، ھەرگیز ئاوا بەم خەمساردییە دانەدەنیشتن، لەدوای لەدەستدانی (٥١%)ی خاکی کوردستان، ئەوەتا لەپێناوی بەدەستهێنانی پۆست و پلەکانی بەغداد، پەلاماری یەکتری دەدەن و خەریکە یەکتری بخۆن.
٣- پێماندەڵێت: پارتی و یەکێتی ھەرگیز ناتوانن لەپێناوی کوردستان و خەڵکەکەی، واز لەدزی و تاڵانکردنی پارەو سامانی کوردستان بھێنن، ھەمیشە بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان، پێش بەرژەوەندیی گشتیی خەڵک دەخەن، ئەوەتا بەبەرچاوی ھەموو جیھانەوە خەڵک و خاکی کوردستانیان کرد بەقوربانیی بەدەستهێنانی کورسی و پارەی زیاتر بۆ خۆیان.
٤- ئەم رووداوە بۆ جاری ھەزارەیەم بۆی سەلماندین: پەیوەندیی یەکێتی و پارتی لەوپەڕی ئاڵۆزی و ناتەباییدایە، ھەرگیز ئامادەنین لەپێناو میللەت و خەڵکە مافخوراوەکەدا، یەک تۆز لەو بەرژەوەندییە تایبەتییەی خۆیان بێنە خوارەوە.
٥- پێماندەڵێت: ویستی سیاسیی ئەم دوو حزبە، لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندا نییەو وەک کۆیلە بەدەستی وڵاتانی هەرێمییەوەن، هەروەها ئەمریکاو ئەوروپییەکانیش وەک داشی دامە دەیانجوڵێنن.
٦- ئەم رووداوە پێیوتین: کوردستان دەیان ساڵ گەڕێنرایەوە دواوە، دەیان ساڵ میللەتی کوردیان بەراورد بەمیللەتانی تر دواخست، ئەو نیمچە سەربەخۆییەیش کە هەبوو ئەمان لەدەستیاندا، لەدوای ئەوەی بەدەیان ھەزار کوردیان، لەجەنگەکانی نێوان خۆیان و لەدژی بەعسیشدا بەکوشتدا، کەچی ئەمڕۆ دەبینین لەپێناوی بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیاندا ھەموویان کردە پووش.
٧- ئەم رووداوە پێماندەڵێت: ژیان لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا ھیچ ئەمانێکی نییە، چونکە گومانی ئەوە دەکرێ، لەبچووکترین گۆڕانکاریدا ئەم وڵاتە توشی جەنگێکی سەخت و وێرانکاری بکرێتەوە، بگرە لەوانەیە جارێکی تر بەنرخێکی زۆر ھەرزانتر بیفرۆشنەوە.
٨- ئەم رووداوە پێماندەڵێت: لەژێر سایەی حوکمی ئەم دەسەڵاتەدا، دەبێت ھەموو کاتێک خەڵکی کوردستان چاوەڕێی ئەوەبن، کە ئاوارەیی و برسێتی و سەرگەردانی روویانتێبکات.
٩- ئەم رووداوە پێیوتین: دەسەڵاتی کوردایەتییەوانان هیچ قییەمێکی: سیاسی، ئەخلاقی، نیشتیمانی، دینییان نییە. بەدڵنیاییەوە ئەوەی لای ئەوان ھیچ بایەخ و ئەرزشێکی نەبێت دینی میللەتەکەیە، ئەمانە وڵاتیان کردووە بەجێگەی تەراتێنی دەزگا جاسوسییەکانی دەوڵەتانی تر، لەم وڵاتەدا کە زۆرینەی دانیشتووانی موسوڵمانن، ھاتوون ئەو خەڵکەیان سەرکوتکردووە، نەدەھێڵن بەئازادی دینەکەیان پیادەبکەن، نەدەھێڵن بانگخواز و زانایان دینەکە وەک 
خۆی بۆ خەڵکەکە روونبکەنەوە، ئەمە جگە لەوەی ئەو ھەموو راگەیاندن و رێکخراوانەیان -کە دژی دین و کەلتووری رەسەنی کوردن- خستۆتەگەڕ بەمەبەستی بێدینکردنی خەڵکەکە، لەھەموویشی سەیرتر بایەخپێدان و هێنانەوەی دینی زەردەشتییە بۆ کوردستان، لەکاتێکدا ئەو دینە لەوڵاتی خۆیدا کە ئێرانە، نە لێیدەپرسن و نە باسیشیدەکەن، بەهۆی ئەوەی کوردستان لەسایەی ئەم دەسەڵاتەدا زۆر بێخاوەنە، ئەوانیش -لەپێناوی پارەو پۆست و زیاتر مانەوەیاندا- ئامادەن دین و ژینی خەڵکەکە بۆ شتێکی زۆر کەم و بێنرخ ھەڕاجبکەن.
١٠- ئەم رووداوە زیاتر کوردی بەرەو نائومێدی بردو وای کرد لاوەکانمان بەلێشاو بەرەو وڵاتانی رۆژئاوا کۆچبکەن، چونکە ھەست بەوە دەکەن ئینتیمای دینی، پاشان نیشتیمانی لەلای دەسەڵاتدارەکانی ئەم وڵاتە، بەهیچ شێوەیەک نەماوە، ئیتر  کە مەحرومبن لەھەموو شتێکی سەرەتایی ژیان، بێبەشبن لە: دامەزراندن، بوونی کار، بوونی شوێنێک، کە بتوانن ھاوسەرگیریی تێدابکەن و تێیدا بحەوێنەوە، ئایا ئەم لاوانە چ دڵێکیان بەم وڵاتە خۆش بێت، چۆن تێیدا دەمێننەوە، لەکاتێکدا ئەم دەسەڵاتە عەقڵی بەوە ناشکێت کە لاوان گەورەترین سەرمایەی میللەتانن، لەبەرئەوە وا بێخەم و بێباکن لەکۆچی گەنجان. 
لەکۆتاییدا داواکارم لەھەموو کوردێکی خاوەن ویژدانی زیندوو، ئەم رووداوە بکەنە وانەیەک بۆ ئەوەی چیتر متمانە بەم دەسەڵاتدارانەی هەرێمی کوردستان نەکەن، پێویستە چیتر بەقسەی باقوبریقیان ھەڵنەخەڵەتێن، نەبنە کۆیلەو پشتیوانی کەسانێک، کە میللەت و خاکیان لەلا وەک پوشوپەڵاش وایە.

نووسینی: شوان سلێمانی

685 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
16/10/2019
           
© Copyright 2019 All Rights Reserved.