رێپۆرتاژ

خالید ره‌نجده‌ر؛ شێوه‌ی دادگاییه‌كه‌ باسده‌كات

ڕۆژی دووەمی دادگاییکردنی مامۆستا کارێکار

٢٠١٩/١٠/٢٩

ئەمڕۆ دووەم ڕۆژی دادگاییکردنی مامۆستا کرێکار و کۆتا ڕۆژ بوو سەبارەت بەوەی ئایا مەرجەکانی ڕادەستدانی بە ئیتالیا هاتووەتەدی؟

پرۆسەکە بە ئیفادەی "براین کارڵسن"ی سکرتێری پێشووی وەزیری دادی نەرویج وەک شاهید لە قەزییەکەدا دەستی پێکرد، کە بەم جۆرە بوو:

مێلینگ، پارێزەرەکەی مامۆستا کرێکار: لە ساڵی ٢٠١٤ کۆبوونەوەیەک بووە. لە کوێ بوو و، ئایا تۆ بەشداربوویت تیادا؟

کارڵسن: بەڵێ کۆبوونەوەکە لە ئیتالیا بوو، ئێمە لە گەڵ وەزیری دادی ئیتالیا دانیشتین و، باسی ڕادەستدانی كرێكارمان کرد بە ئیتالیا و، چۆنیەتی هاورکارییکردن لەو بارەیەوە. پێش چوونەکەمان لەسەر داوای دادوەری گشتی نەرویج وەزیری دادی نەرویج و فەرمانبەرێکی وەزارەتەکەی بڕیاردا کە شاندێک بچێت بۆ ئیتالیا.

مێلینگ: حیزبی "ئێف ئاڕ پێ" لە هەموو هەڵبژاردنێکدا بەڵێن دەدات کە کرێکار لە نەرویج دەربکات. ئێوە لە ئیتالیا باسی ئەو هەوڵەی ئەو حیزبەتان کردووە؟

کارڵسن: نەخێر، ئەوەی باسکراوە هاوکاریی نێوان نەرویج و ئیتالیا بووە بۆ ڕادەستدانی کرێکار بە ئیتالیا.

مێلینگ: پۆستێک لە نەرویجەوە نێردراوە بۆ ئیتالیا. وەزیری داد ناردوویەتی یان سیاسییەکانی نەرویج؟

کارڵسن: وەزیری داد ناردوویەتی.

مێلینگ: بۆچی لە چاوپێکەوتنی کەناڵی (ئین ئاڕ کۆ)ی نەرویجی ڕێگەت نەدا سەیری دەفتەری تێبینیەکانت بکرێت؟ باسی سەفەرەکەتی تێدابوو؟

قازی بۆ مێلینگ: بۆچی ئەو پرسیارانە دەکەیت؟

مێلینگ: لەبەر ئەوەی کارڵسن سەر بە حیزبێکە داوای دەکردنی کرێکار دەکات. دەمەوێ بزانم پۆستی حکومی تێدا بەکارهاتووە یان نا؟

پارێزەری پۆلیس: ڕاستە دەڵێن وەزارەتی دادی نەرویج پارەی داوە بە ئیتالیا کە ئەو کەیسە بۆ كرێكار دروست بکات؟

کارڵسن: نەخێر.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

شاهیدی دووەم: "گاییەر ئۆڤستەدال"ی ئەفسەری هەواڵگری نەرویج:

مێلینگ: تۆ کەی چوویتە ناو کەیسی کرێکارەوە؟

گاییەر: کرێکار چاوپێکەوتنی لە گەڵ کەنالێکی تەلەفیزیۆنی دەرەکی کردبوو و، لەوێدا هەڕشەی کوشتنی لە خاتوو ئەرنا سۆلبێگێرگی وەزیری ئەو کاتە و سەرۆک وەزیرانی ئێستا کردبوو، خاتوو سیڤ یانسن، لە حیزبی ئێف ئاڕ پێ سکاڵای لەسەر کرێکار تۆمارکردبوو.

هەروەها جارێکی تر لە پاڵتۆک و یوتۆب هەڕەشەی لە سێ کوردی دانیشتووی نەرویج کردبوو کە قورئانیان سووتاندبوو.

مێلینگ: ئەو وەرەقەی لە ماڵی کرێکار گیرابوو و نەخشەی ڕەوتی شاخ بوو. تۆ چیت هەیە لەسەر ئەوە؟

گاییەر: ئەوە توێژەرەوە "برینیار لییە" کاتی خۆی قسەی لەسەر کردووە و، لە چوارچێوەی کاری مندا نەبووە.

مێلینگ: فەرمانگەکەتان، فەمانگەی هەواڵگری ڕۆڵی چی بوو لە گوێگرتن لە قسەکانی کرێکار لە زیندانی کۆنگسڤینگر لە ساڵی ٢٠١٢؟

گاییەر: ڕۆڵی ئێمە کارکردن بووە بۆ ئیتالیا.

مێلینگ: ئیتالییەکانتان لە گەڵ بووە کە گوێتان دەگرت؟

گاییەر: نەخێر.

مێلینگ: بۆچی ئێوە لەسەر ئەو قسانەی نیوان کرێکار و خێزانەکەی کە سەردانیان کردووە كرێكارتان تۆمەتبار نەکردووە لە کاتێکدا ئێوە خۆتان گوێتان لێگرتووە؟

گاییەر: ئەو تۆمارە دەنگیانە ئێستا لە بەشی سڕینەوەن لە دەزگای هەواڵگیری.

مێلینگ: لە ئیتالیا موتەرجیمەکان لێکدانەوەیان بۆ قسەکانی کرێکار کردووە کە ئێوە تۆمارتان کردووە، یان کەسانی تر؟

گاییەر: نزانم.

مێلینگ: تۆ چوویت بۆ ئیتالیا. قسەی چیت لەسەر کرێکار کردووە؟

گاییەر: من باسی ئەوەم بۆ کردوون کە ئێمە هاوکاریی سویسرییەکان و ئەڵمانییەکانمان کردووە سەربارەت بە دۆسییەی کرێکار. باسی مەترسی کرێکارم کردووە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی نەرویج. من لە خۆمەوە هیچم زیاد و کەم نەکردووە.

مێلینگ: لە ماڵی کرێکار چیتان بردووە؟

گاییەر: وەرەقەیەک نەخشە ڕێکخراوێک و کۆمپیتەرەکەیمان بردووە.

قازی: لەو وەرەقەدا باسی ڕەوتی شاخ کراو؟

گاییەر: لای ئێمە ڕەوت باس نەکراوە. ئەوە ئیتالیاییەکان باسیان کردووە.

مێلینگ: ئایا فەرمانگەی هەواڵگری ئێوە چ سودێکتان لەو قەزییە بینیووە؟

گاییەر: ئەگەر قازی ڕێگەم بدات قسەی لەسەر دەکەم.

قازی: نەخێر ڕێگە نادەم.

ـــــــــــــــــــــــــــ

شاهیدی سێیەم: ماکوان کەریم

مێلینگ: ماکوان تۆ لە ئیتالیا حوکم دراوی. شکاتت کردووەتەوە؟

ماکوان: من لە ئیتالیاوە هیچم بەدەست نەگەیشتووە تاکو شکاتی لەسەر بکەمەوە. من لە ئیش بوو کە خێزانەکەم تەلەفۆنی بۆ کردم و وتی: لە ڕۆژنامەکان خوێندوومەتەوە کە تۆ لە ئیتالیا (٩) ساڵ حوکم دراوی.

مێلینگ: تۆ کوردیت و ڕەگەزنامەی نەرویجیت هەیە. کاری ڕۆژانامەنووسیت کردووە؟ ئایا چاوپێکەوتنت لە گەڵ کرێکار کردووە؟

ماکوان: من دوو ساڵ کارم کردووە و، لە هەر گۆڤارێک مامۆستا قسەی کردبێت، گۆڤارەکە فرۆشتنی زۆر بووە. منیش چاوپێکەوتنم لە گەڵ کردووە و بڵاویشم کردووەتەوە.

مێلینگ: ماکوان تۆ لەبری كرێكار هیچ ئەرکێکت ڕاپەڕاندووە؟

ماکوان: نەخێر، ئەگەر من بیشمویستایە مامۆستا قبوڵی نەدەکرد.

مێلینگ: ئایا کرێکار لە زیندانەوە تۆی ناوردووە بۆ ئیتالیا بۆ ئەوەی پەیامی بۆ بگەیەنێت؟

ماکوان: نەخێر.

مێلینگ: ڕەوتی شاخ چییە؟ تۆ لە پاڵتۆک بەشدار بوویت؟

ماکوان: ڕەوتی شاخ یەعنی (شاهیدانی خواناسی). ڕەوت فیکرییە. پێش ئەوەی ناوی بنرێت ڕەوتی شاخ، لە مامۆستایان پرسی کە بۆچی هەر دەبێ ناوی ڕەوتی کرێکار بێت؟ ئەویش وتی: لەبەر ئەوەی قسەکان هی منن، بەڵام وتی کەواتە با ناوی بنێین ڕەوتی شاخ.

مێلینگ: ڕەوتی شاخ سەربازیی بوو؟

ماکوان: نەخێر

مێلینگ: تۆ سەردانی کرێکارت لە سجن کردووە؟

ماکوان: بەڵێ دوو جار وەک ڕۆژنامەنووس و، یەک جاریش وەک هاوڕێ

مێلینگ: لە گفتوگۆکانتاندا کرێکار هیچ باسی داعشی کردووە؟

ماکوان: نەخێر، ئەوان فەتوای کوشتینیشیان دەکردبوو لەبەر بۆچوونەکانی.

مێلێنگ: دادگاییکردنت لە ئیتالیا. کەس پێیوتی خۆت ئامادە بکەیت وبچیت بۆ ئیتالیا و ئامادەی دادگا ببیت؟

ماکوان: نەخێر

مێلینگ: کەس پێیووتی قسە لە دژی كرێكار بکەیت لە دادگا.

ماکوان: نەخێر.

لێرەدا ئیفادەی شاهیدەکان تەواو بوو

دوای نیوەڕۆ مامۆستا خۆی قسەی کردووە، بەڵام من لەوێ نەبوو. دادگا گوتوویەتی لە ڕۆژی هەینی ئەم هەفتەیە یان ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو دەرەنجامی دادگاییەکە دەردەچێت.

خالد ڕەنجدەر

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ری بۆچوون

3989 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-10-29
زۆرترین خوێندراو
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.