فیکر و سیاسەت

گەورەم؛ لەسەفین بەرزتری و لەسورێن خۆڕاگرتری"

گەورەم؛ لە سەفین بەرزترى و لە سورێن خۆڕاگرترى''
نووسینى: شوان سلێمانى
گەورەم؛ دەزانم کۆڵى خەمى تۆ زۆر قورسە، مەگەر بەس خۆت کێشى کۆڵەکەت بزانى!
بەڵام داخى گرانم هێشتا میللەتە نوستووەکەت، ئەو خەمەى تۆیان هەست پێنەکردووە.
لەو کاتانەى کە دەدوێى لە لەرینەوەى دەنگە ژێکانتا، هەزاران دڵۆپە بارانى خەم و ئازار بەدى دەکرێت، ئەدى بۆ هاو زمانەکانت گوێیان لێی نییە؟
دەزانى بۆ گەورەم؟ چونکە ئەوان وەک تۆ دەرونیان نەبردۆتە بەرزایەکانى پاکى و جوانى.
بۆیە دەبینى لەم سەردەمى مادیەتدا، کەسانێکى کەم نەبێ ئەو سۆزو خەمت بەدى ناکەن.
تۆ بۆ گریانى منداڵێکى ئەنفال، یان خەمى بێوەژنێکى بێ ماڵ و حاڵ، لەدوورى هەزاران کیلۆمەترەوە دەخرۆشێیت، دەکەویتە چنگە خشکێ بۆ دابینکردنى پێداویستیان و کەم کردنەوەى ئازاریان.
بەڵام ئەفسوس ئەوانەى خۆیان کردۆتە دەمڕاستى میللەت بە نیوەى تۆ خەمیان هەڵنەگرتووە، کەچى بونەتە دڵسۆزى نیشتیمان...
تۆ بۆ گەنجێکى خێر لەخۆنەدیوى ئەم مەملەکەتە، هاوخەم بووى،دەتەوێت هەموو ئازارى ئەم خەڵکە بگریتە ئەستۆ، چونکە تۆ خۆت بە خاوەنیان دەزانى.
لەو کاتەى کورد گەورە کارەساتى ''کۆڕەوەکەى'' بەسەردا هات، تۆ هۆنراوەت بۆ ژانى میللەتەکەت دەپچڕى و دەت وت:
''تاکوو کەى ژانى گەلى چەوساوەم
کۆڵى ئاوارەو کۆچى نەبڕاوەم
ساڵە هاى ساڵە لەم دیو بۆ ئەودیو
سەر لێ شێواوى ناو ئەم گێژاوەم''
پاشان زۆر مەردانە چویتە ناو کەمپى ئاوەرەکان و ئەوەى لە توانات بوو هاوکارى هەژاران و منداڵە بێنازەکانت کرد، کە بە هەزار مەینەتى پارەت کۆدەکردەوە لە ئەوروپاو دات بەم میللەتە لێقەوماوە بە بێ جیاوازى.
تۆ زۆر بڵندى؛ نازانم لوتکەى رەوشتى تۆ لەکوێیە؟ بەرزایەکانى زاگرۆس یان لوتکە چیاى پیرەمەگروون!
تۆ لە مێژووى کوردا کەوتیتە زەمانێک کە خەڵکەکەى نرخى زێڕیان لانیە!!
ئەگەر قەدەرى تۆ لە سەدان ساڵ پێشتربوایە، ئەوا تۆ وەک شێخ مەحموود لە ئامێزى میللەتدا دەبووى، بەڵام دەزانم کە خواى گەورە تۆى لەم زەمانەدا هێنا بۆ ئێمە، هەتا لەناو ئەم جەنگەڵستانى ماددە پەرستیدا هۆشیارمان بکەیتەوە.
چونکە تۆ لوتکەى زانستى، هۆشیارى ناو زانایانى، سیاسیەکى خاوەن رەوشت و بەویژدانى، تۆ سومبولى پیاوەتى و جوامێرى.
زۆرت پێشەکەش کرد، ئەگەر کورد بیەوێت بەسیەتى...
خۆزگە دەمتوانى پێت بڵێم ئیتر بەسە؛ لەمەودوا پشوبدە، بەڵام دەزانم داواکەم لێ قبوڵ ناکەیت، چونکە دەڵێی هێشتا ئەم میللەتە ماویەتى بێدارببنەوە.
لە خۆم دەپرسم ئەبێ ئەگەر نازناوت ''کرێکار'' نەبوایە دەبوو چى بوایە؟
ئایە ''هەژار دۆست'' دەبووى، یان ''پێشمەرگەى کۆڵنەدەر'' دەبووى، یان ''مامە خەمە'' دەبووى، نا دەزانم کە ''کرێکار''ە کە پڕبە پێستى خۆتە، چونکە تۆ کرێکارى دینى خواى، تۆ کۆڵبەرى هاودیدانتى، تۆ بناغە دانەرى دیوارەکانى ئوممەتى، تۆ پێکەوە بەستەرى ئەندامانى ئوممەتى، تۆ ئەندازیارى هەستانەوەى هەستى مردووى تاکەکانى...

705 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
31/10/2019
           
© Copyright 2019 All Rights Reserved.