شیکار

ئایا پەیامی مامۆستا کرێکار دەوەستێ، یان بەردەوامە؟!

 

 

 

 

 

 

 

ئامەد کامەران

زۆرکات کارێزمایی سەرکردەکان وا لە شوێنکەوتووانی دەکات کە تەقدیسی بکەن و لە ئاستی بەشەری بیبەنە سەرێ، تا ئەوەی کە لای کەسانێك ئەمە بۆ پێغەمبەری خواش(صلی اللە علیە وسلم) کراوە، بەڵام بەزۆری خودی سەرکردە و مەلا و زاناکان و  هەموو پێغەمبەران خۆیان ئەوەیان نەویستووە و بانگەوازیان بۆ ئەوەش نەکردووە، بەڵام کاری هەرە سەرەکی ئەو کارێزمایانە ئەوەیە کە تا خۆیان لە ژیاندان زیاتر لە خۆیان پەیامێکیان هەبێت کە بە خەڵکی دووروو نزیکی خۆیانی بگەیەنن.

پێغەمبەری نازدار ئاوا ئەو یاوەرە بەڕێزانەی خۆی پێگەیاند، بۆیەش ئەبو بەکر لە کاتی وەفاتی پێغەمبەری نازداردا صلی اللە علیە وسلم جاڕی ئەوەی دا کە ئەوەی پێغەمبەری خوای پەرستووە ئەوا ئەو مرد! بەڵام ئەوەی خوای گەورە دەپەرستێت ئەوە ئەو ماوە و نامرێت.

مامۆستا کرێکار(خوای گەورە ئازادی کات) لە ژیانیدا زۆر بە جدی و ڕاشکاوانە و گرنگییەکی زۆرەوە لەم باسە دواوە و کاری لەسەر کردووە، هەمیشە دەیفەرموو ”ئێوە لە شەخسێك کۆمەبنەوە بە ناوی کرێکار، ئێوە لە مەنهەجێك کۆ ببنەوە“. مەنهەجێك کە بە تاڵە سپییەکانی ڕیشی نەخشاندوویەتی و دەفەرمووێت ❞بۆ واقیعی نوێی دوای هاتنی ئیحتیلال داڕێژراوە❝ چ ئەقڵێکی گەورە و چ هەستێکی بەرزی بەرپسیارێتی مەلایەك! چ نموونەیەکی نامۆ و پرشنێگی ڕووناكیی زەمانی تاریکی دەسەڵات و زەبرو زەنگی کوفر و ئەمریکاش بە تایبەت.
ئەوەی ئێمە ویستوومانە جیاواز لە خۆشویستنی کەسێك بە ناوی مامۆستا کرێکار و پەیوەندییەکی نێوان دڵەکانی مرۆڤ، ئەو پاشخانە دەوڵەمەندەیە کە لە ئەزموونی زۆری جۆراوجۆری تەمەنێکی زیاد لە ٤۰ ساڵەدایە، ئەوەی ئێمەی لە دەوری ئەو پیاوە زانایە کۆکردۆتەوە زانستە زۆرەکەیەتی لە بوارەکانی شەرع و واقیع و مێژووی کۆمەڵگەکان و فەلسەفەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایە، ئێمە لە مامۆستاکەمان  تەوجیهاتە سیاسییەکان و لێکدانەوە تایبەتەکانیمان دەوێت، ئێمە لەم پیاوە جوامێرە غیرەتێکمان دەوێت لە زەمانی چەوساوەیی و چاوپێشۆڕکردنی بەزۆردا کە وەکو بەنوئیسرائیل ئوممەتی موسوڵمانی ئێستاشی داوەشاندووە. زۆرن ئەوانەی ئێمە لەم مامۆستا پیرە ماندونەناسەمانەوە فێری بووین و دەبین.

کوا مرۆڤی ژیر ئەم کوپەڵە زێڕە لە دەستی خۆی دەدات و دەکەوێتە کۆکردنەوەی تەنەکە و ئاسن؟! نامانەوێت بڵێین کە مامۆستا کرێکار تاکە کەسە لەم مەیدانەدا، حاشا. خەڵکانێکی تر زۆرن و ئێمەش بە هی خۆمانیان دەزانین، ئێمە لەوانین و ئەوان لە ئێمەن.
ئێمە کە شینی نەمان و زیندانی و ئازاری مامۆستا دەکەین هەر بۆ ئەوە نییە موسوڵمانێکی مەزڵومە و پێمان ناخۆشە، بەڵکو زیاترە لەوە.. ئێمە جارێ پێویستمان بەو هەیە بۆ پێگەیاندن و تێگەیاندنمان، بۆ تەوجهکردن و دەستگرتنمان، پێویستمان بە وانە و کتێبی زیاترە، پێویستمان بە نازی باوکایەتی ئەو هەیە، ئێمە ئامۆژگارییەکانی مامۆستاکەمان دەوێت.

مامۆستا ئێمەی وا تێگەیاندووە کە ئەبێت بۆ ئیسلام بژین و بمرین، بەڵام جارێ زووە کە ئێمە لەم تەم و مژەیا تەنیا کات و  وانەکانی تری چۆنییەتی و هۆکاری ژیان و مردنمان لەبەر خوا فێرنەکات! لە زەمانێك کە دەنگێکی وا زووڵاڵ و سەربەست نابینینەوە کە ئیسلامەکەمان بۆ بەیانکاتەوە و ببێتەوە بە "پەرژینی کۆسپەکانی سەر ڕێی پەروەردەبوونمان".
مامۆستا پێی فەرمووین کە دەبێت ئوممەتەکەمان بنیاتبنێینەوە، بەڵام جارێ ئەومان دەوێت کە فێرمان کات چۆن ئەوە بکەین، دەمانەوێت زیاترمان فێرکات کە دەبێت چۆن تاکێك بین کە بتوانین ئەم ئوممەتە بنیاتبنێینەوە، تا شیاوی بوون بە ئەندامی ئەم ئوممەتە بین.
جا بزانن کە مامۆستا کرێکار(خوای گەورە ئازادی کات) دەستی لە چەن مەشروعی گەورەدا هەبوو بەڵام ئێستا لێی دابڕاوە و ئێمە لەسەر ئێمەیە تەواویان بکەین بە پشتیوانی خوای گەورە!!
۱ــ زانکۆی ئازادی دیراساتی ئیسلامی(زادی): لە سەرەتادا بە ناوی پەیمانگای ئینوتەیمییە و ماوەردییەوە بوو، نزکەی ۳۰ کتێبی تێدا دەخوێندرا، بەڵام لەم سێ چوار ساڵەی دواییدا  کردی بە چەن بەشێکەوە:
(۱ـ‌ سەرەتایی دیراساتی ئیسلامی(سەدا) کە بۆ تەمەنی ۱۰ ساڵ بەرەو سەرەوەیە و وانەی سەرەتایی لە زانستە شەرعییەکان لەخۆگرتووە لە ۲ پۆلدا، کە بەداخەوە بەهۆی دەستگیرکردنییەوە تەواو نەبووە و هێشتا نەکراوەتەوە بەڵام سوپاس بۆ خوا کاری لەسەر دەکرێت.
۲ــ ناوەندیی دیراساتی ئیسلامی(ندا) کە ساڵێکی تەواو دەبێت کە کراوەتەوە و بۆ تەمەنی ۱٥ ساڵ و سەرووتر دانراوە کە لە ۳ پۆلدا و هەر پۆلەی ۱۰ـ۱۲ بواری زانستی شەرعی دەخوێندرێت تێیدا، کە تەنها پۆلی یەکەم و نیوەی پۆلی دووەم تەواو بوو بوو کە دەستگیرکرا بەڵام سوپاس بۆ خوا کاری لەسەر دەکرێت.
۳ـ ئامادەیی ئامەدی ئیسلامی کە بۆ ئەو کەسانەیە ناوەندی تەواو دەکەن یان پاشخانێکی زانستی شەرعیان هەیە و لە ۳ پۆلدا نزیکەی ۱٥ بواری جیاوازی زانستە شەرعییەکاندا دەخوێندرێت لە ۲۰ کتێبدا، کە بۆ سێ پۆلەکە دەبێتە ٦۰ کتێب! کە دوای تەواو بوونی پۆلی یەکەم و نیوەی پۆلی دووەم دەستگیرکرا بەداخەوە! بەڵام الحمداللە هێشتا مامۆستایانێکی تر کار لەسەر تەواو کردنی دەکەن چونکە مەنهەجەکەی دانراوە.
٤ـ پەیمانگانی ئیبنو تەیمییە کە بۆ ئەوانەیە ئامادەیی ئامەد تەواو دەکەن یان فەقێیەتییان خوێندووە یان دەرچووی ناوەندە ئیسلامییەکانن، بەڵام هێشتا کاری لەسەر نەکرابوو کە مامۆستا کرێکار دەستگیر کرایەوە!
٥ـ قۆناغی تایبەتمەندێتی کە بۆ ئەوانەیە پەیمانگای ئیبنوتەیمییە تەواو دەکەن و لەو قۆناغە بواری تایبەتی کاری خۆیان لە یەکێك لە بوارەکانی(عەقیدە، فەرموودەوانی، زمانەوانی، بانگەواز، ...هتد) دیاری دەکەن، بەڵام بەداخەوە کاری لەسەر نەکرابوو کە مامۆستا کرێکار دەستگیرکرایەوە!

ــ دورستکردنی ئەهلی حەلل و عەقد: کە تێیدا زانایانێکی شەرع لە نێو کورددا شورایەکی فەتوایان دەبێت و خۆیان دەبنەوە بە مەڕجەعییەتی فەتوا بۆ نێوخۆمان، تەنانەت مامۆستا دەیفەرموو ”کە ئەوان فەتوایاندا هەموومان بە منیشەوە پێوەی پابەند دەبین“، ئەرك و گرنگی بوونی ئەهلی حەلل و عەقد زۆرە کە ئێرە جێی باسکردنی نییە، بەڵام لە سەرووی هەموویەوە بەدەمەوە هاتنێکی لاوزایشی هەبوو!
ــ بەرنامەکانی کەناڵی شاهیدان: کە پێکهاتبوون لە وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژانەی خەڵکی و وانەگەلی زانستەکانی شەرع و تەفسیر و شیکاری سیاسی.

بەم سێ لایەنە "هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەی" ئاراستە دەکردەوە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ئیسلامەتی، لایەنی زانستی شەرعی لە ڕێگەی(زانکۆی زادی) یەوە، تا مەلاکانی خۆمان پێ بگەن و جێی مەلای بەکرێگیراوو کاسەلێسی سەر سفرەی حەرامی دەسەڵات بگرنەوە، تا جارێکی تریش زانستی شەرعی ببوژێتەوە. لایەنی ئاراستەی شەرعی بە دورستکردنی ئەهلی حەلل و عەقد تا لە بری ڕاگەیاندن و تەوجیهاتی قەومی و دەرەکی داگیرکەر، ئاراستە شەرعییەکان و زانایان کۆمەڵگە هەڵسووڕێنن، تا دووبارە داوەری بگەڕێنرێتەوە بۆ لای شەرع و، دادگا ناشەرعییەکان حاشایان لێ بکرێت. لایەنی ئیعلامی لە کەناڵی شاهیدان کە تێیدا بە تەنها مامۆستا خۆی کاری لەسەر ئاراستەکردنی موسوڵمانانی کرد لە ئاستەکانی عەوام و عالمەوە دەکرد.
ئەوانەی مامۆستا دەیکردن زۆری تر بوون، لەوانە کاری ڕاگەیاندن و شیکاری کە خۆی لە(پێگەی دووربین) دەبینییەوە، یارمەتی دانی هەژاران و ماڵە شەهیدەکانی ئەهلی ئیسلامی خۆمان کە کەس ناوێرێت دەستێك بێنێت بەسەر منداڵە هەتیوەکانیاندا!! کاری ئەدەبیات کە خۆی لە(ئاهی خەم) دەبینییەوە بە ماڵپەڕ و پەیجەکانییەوە، زۆر شتی تریش.

بۆیە ئەوەی ئێمە شینی بۆ دەکەین زۆر لەوە گەورەترە کە تەنیا لەدەستدانی کەسێك بێت، ئەوەی مامۆستا خۆی هەستی پێدەکرد و وایدەزانی پێیدەکرێت زیاتر بوو لەوەی ئێمە هەستی پێدەکەین، ئەوەی ئێمەش هەستی پێدەکەین و دەیزانین زیاترە لە کەسێك کە لەدوورەوە لێی دەڕوانێت، بەڵام دووبارە بەداخەوە کە ئێستا لە مەیدانەکەدا نییە و غائیبی ئەویش گورزێکی گەورەیە بەر ئێمە(موسوڵمانانی کورد) دەکەوێت، لەگەڵ هەموو ئەمانەش ئەرکی ئێمە جیاوازە لە ئەرکی مامۆستا، هەرکەسەش ئەرکی بەندایەتی خۆی جێبەجێ دەکات و بە بوونی مامۆستا و بە نەبوونی ئەو ئەرکە لەسەر کەس ناکەوێت. مامۆستا کرێکار زەمینەیەکی لەباری سازاندووە بۆ درێژەدان بەو کاروانی شاهیدانی خواویستی، کاك ئازاد گەرمیانی بە پوختی لە سێ بەشدا ئەم زەمینەیەی ناساندووە لە ژێر ناوی(زەمینە و زەمەنی کاری مامۆستا کرێکار) کە لە کۆتاییدا بە لینک دایدەنێین، ئەوەی بە جوانی تێدا ڕوونکراوەتەوە کە مامۆستا کرێکار بە درێژایی تەمەنی کاری لەسەر بەرزکردنەوەی ناوی خۆی نەکردووە، بەڵکو کاری لەسەر سازاندنی زەمینەیەکی فیکری عەقائیدی کردووە کە بتوانرێت کاری لەسەر بکرێت و گۆڕانکاری -لە تاك و کۆ دا- بهێنێتە دی. ئاشکراشە کە هەرکەس ئەرکی خۆی لەسەرشانە و کەسیش لەسەر ئەرکی کەسی تر پاداشت و سزا نادرێت، بۆیە مامۆستا وەکو تاکێکی ئەم ئوممەتە ئەرکی موسوڵمانانەی خۆی بەجێدێنێت لە ژیانیداو، ئێمەش ئەرکی خۆمان بەجێدێنین، خوای گەورەش وەلمانا بێت و دەستی پێمانەوە بێت، تا دەبینە ئەو تاکانەی کە کۆمەڵکارییەکی سەرکەوتوو دروست دەکەین و دینەکەی خۆیمان پێ سەردەخات، آمین.

زەمینە و زەمەنی کاری مامۆستا کرێکار

بەشی یەکەم

بەشی دووەم

بەشی سێیەم

371 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
14/11/2019
           
© Copyright 2019 All Rights Reserved.