بۆ زانا هەمەوەندى...
بۆ زانا هەمەوەندى...
نووسینى: شوان سلێمانى
براى شیرینم؛ دەزانم ئێستا لە کونجى زیندانا سەربەرزى.
دەزانم شەوان بەدەم پەرستنەوە دەبەیتەسەر، تۆ لە شەواندا بەرەو دونیاى مەلەکوتى دەچڕێى، شەوانە تۆ غەریب نیت، دەزانى بۆ برام؟ چونکە وەک مەحوى دەربارەى کەسانى وەک تۆ دەفەرموێ:
''هەر لە تاریکى شەوایە رێ درێ ئەهلى نیاز
رازى دڵ ئیفشا بکەن، خەڵوەت گەهى خاسانە شەو''
تۆ شەوان لە ئامێزى قورئانداى، دەزانم شەوان زۆر سەرقاڵى، تاوێ لە خزمەت قورئان و تاوێ لە میحرابى نوێژداى.
براکەم؛ دەزانى بۆچى تۆ زینداى دەکرێى؟
چونکە تۆ دەتەوێ خۆت و هاودینەکانت ئازاد بژین.
دەتەوێ مافى هاو زمانەکانت، مافى هاو ئاینەکانت، مافى هاونیشتیمانیەکانت، لە دێوەزمەى رۆژئاوایەکان و رۆژهەڵاتیەکان وەربگریتەوە.
تۆ هەردەبێ بەندکرێیت، چونکە ناکرێ مرۆڤە ژیاندۆستەکان لەئازادیدا بژین، دەزانى بۆ براکەم؟ چونکە ئێوە خەڵکى لە خەوى غەفڵەت رادەپەڕێنن، شەوانى سورى ئەوانیش تاڵ دەکەن.
وەفا کە تۆ دەبینێ هەستدەکات هێشتا ناوى بە جوانى و قەشەنگى ماوەتەوە، مامۆستاکەت شانازیت پێوەدەکات لەبەرامبەر وەفاداریتا...
تۆ بەچەندین شێوە سەلماندت بۆ مامۆستاکەت کە هاوبیرى لەگەڵى، بە جەستە کە خۆت خستە بەر تیرى دوژمن، بە زمان کە خۆت فیداى رێبازەکەی کرد، بە ئیرادەش کە زیندانت هەڵبژارد.
|