کۆمەڵکاری

زەرورەتی بوونی مامۆستا کرێکار...












زەروورەتی بوونی مامۆستا کرێکار
بەشی: دووەم
پڕۆژەی نوێی ئیسلامی و پلانی نەهێشتنی مامۆستا کرێکار
ئامەد کامەران

وەکو لە بەشی پێشوودا بە کورتی لەسەر زەروورەتی بوون و ڕۆڵی مامۆستا کرێکار دواین، پاشان بە چەن پرسیارێک ئاماژەمان بە چەن خاڵێکی لاوازی ڕەوشی پڕۆژەی ئیسلامی و لایەنە ئیسلامییەکانی باشووری کوردستان کرد، بڕیارمان وابوو لەسەر پڕۆژەی نوێی ئیسلامی لە باشووری کوردستان و پاشان پلانی نەهێشتنی مامۆستا کرێکار بدوێین.
پڕۆژەیەک لە ژێر پێناسەی: ❞ئیسلام دینی ئوممەتێکە، بە بزاوتێکی شیاو جاهیلییەت دەگۆڕێت، تا خواپەرستی و دادپەروەری لە دارولئسلامێکدا بچەسپێت❝. م.کرێکار

ئیسلام: پڕۆگرامی خوای گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی، هەموو پێغەمبەران خەڵکی خۆیان بۆ ئیسلام بانگکردووە، بناغەی بانگەوازی هەموویان تەوحید بووە، کۆتای پەیامیش، قورئانە کە بۆ ئوممەتی موحەممەد(صلی اللە علیە وسلم) هاتۆتە خوارەوە.

دینی ئوممەتێکە: ئەم ئوممەتە ئەرکی ئیستخلافیان لەسەرە کە پێویستەکات ئەدای بکەن، ئیستیخلاف واتە بریکارێتی، بریکاری خوای گەورە لەسەر زەوی. ئەداکردنیشی بەوە دەبێت کە خوای گەورە بناسین، پاشان بیناسێنین، هەروەها خێروبێری سەر زەوی و ژێر زەوی دەربهێنین و بە دادگەریی شەرعی دابەشیکەینەوە بەسەر خەڵکی سەر زەویدا.

بە بزاوتێکی شیاو: بزاوتێک دینەکەی خوایان وەرگرتبێت تا بتوانن بیگەیەنن! سەیر ئەوەیە خەڵکێک ئیسلامی وەکو ئەوەی کە هەیە ناوێت، ئیسلامی دەوێت بەو مەرجە قەڵبانەی کە خۆی بۆی دادەنێت. جا ئاواش دەیەوێت ببێتە بانگخوازی ئیسلام! دەیەویت ببێتە شاهید بەسەر خەڵکییەوە، بەڵام کام بەشەی ئیسلامی بەدڵ نەبێت، دەیداتە بەر تانە و نەقدی لاری ئەقڵی خواری، چما دەکرێت ئینسان ببێتە شاهید لەسەر خەڵکی بە ئیسلام، کە ئەو ئیسلامەکەی وەرنەگرتبێت، یان نەیخستبێتە بەرچاوی خەڵکی وەکو کە هەیە؟! ئیسلام شەڕ و جیهادی تێدایە وەکو کە ئاشتی تێدایە، باسی حوکمڕانی تێدایە وەکو کە باسی پەرستن و دەستنوێژ و نوێژی تێدایە، باسی سیاسەت و دەوڵەتداری تێدایە وەکو کە باسی خێزان و هاوسێیەتی تێدایە، سوننەت سەرچاوەی تەشریعە وەکو کە قورئان سەرچاوەی تەشریعە. جا کەسێک ئیسلامی بەو شێوەیەی کە هەیە ناوێت، با خۆی موسڵمان بێت، دواتر بێت پێناسەی ئیسلام بۆ خەڵکی بکاتەوە. وەگەرنا وەکو هاوشێوەکانی، دڕکی سەرڕێی بانگەوازن و بە هاتنی بەهاری ڕەنجی بانگەوازی خواویستی، بیانویان بۆ بوون نامێنێت. بانگەوازی ئیسلام، تەنها بە بزاوتی شیاو هەڵدەگیرێت، بزاوتێک بەشی خۆیان لە بانگەوازی ئیسلام نەوێت. کەسانێکی خواویستانە ببزوێن، نە بۆ پۆست و نە بۆ پارە ئاوڕنەدەنەوە. کەسانێکی دەوێت ئەقڵیان بە دونیا و جموجوڵی دوڵەتان و دۆست و دوژمن و کایەی سیاسی بشکێت، چاوکراوە و زیت و وریابن. کەسانێک کە پەیامی ئیسلام هەڵگرن و بیگەیەنن، نەک پەیامی پێڕو کومەڵ و شێخ فڵان و کاک فیسار.

جاهیلیەت دەگۆڕێت: جاهیلییەت هەموو پڕۆگرام و دەستوور و عورف و دینێکە غەیری ئیسلام. جاهیلییەتێک کە ناناسرێت چۆن دەگۆڕدرێت؟! جاهیلییەتێک بە درێژایی زیاتر لە ۲٥ ساڵ نەتوانراوە لە ئیسلام جیابکرێتەوە، بانگخوازانی ئیسلام لەکوێن؟ کەسانێک دەیانەوێت ئیسلام بێننە پێشەوە و بڵێن هۆ گەلۆ.. دینی خوامان بۆ هێناون وەریگرن. کەچی خۆیان جاهیلییەت ناناسن. ئیمامی عومەر لە خەمی لاوازبوونی ئیسلامدا دەفەرمووێت: موسوڵمانان کاتێک شکست دێنن، کە نەوەیەک دێنە پێشەوە جاهیلیەت ناناسن. خەڵکێک موفتییە، نوسەرە، ئەندامی پەرلەمانە، وتاربێژە، بانگخوازە، بەڵام ماویەتی جاهیلیەت وەکو خۆی بناسێت. جا مەگەر شتێک کە نەناسێت دەکرێت بگۆڕدرێت؟! ناسینی جاهیلیەت لەسەر بزاوتە شیاوەکە ئەرکە، تا بتوانن بیناسێنن و لەڕوویدا ڕاوەستن بە دەست و بەدەم و بەدڵ.

تا خواپەرستی و دادپەروەری: خواپەرستی بەو شێوەی کە لە قورئان و سوننەتدا هاتووە، بێکەم و زیاد و گۆڕین. دادپەروەری ئەوەیە کە خوای گەورە ناردویەتی بۆ مرۆڤایەتی، شەریعەتەکەیەتی. داد لە هەر پڕۆگرامێکی دیکەدا هەبێت لە ئیسلامدا هەیە، ئەمما ئەو کەمی و نادادیانەی لە پڕۆگرامەکانی جاهیلیەتدا هەیە، لە ئیسلامدا نییە و دادی لەجێدا دانراوە، بۆیە مومکین نییە، هەر دەبێت ئەم شەریعەتە بێتە پێشەوە، سەروەری شەرع لە جێی سەروەری یاسا(یاسا جاهیلیەکانی سەردەم) بچەسپێت.

لە دارولئیسلامێکدا: (دار) سنووری جوگرافییە و عیلاقەی بەسەر(انسان ـ مرۆڤ) کە لەسەری دەژی نییە. موسوڵمان بوونی کەسێک بە شایەتمان دەبێت. بوونی شوێنێک بە دارولئیسلام بە سەروەری شەریعەتی ئیسلام دەبێت.
بچەسپێت: چەسپاندنی شەرع بۆ ئەوە نییە خەڵکی بخرێتە ژێر ڕکێفی ئێمەوە و وەکو دەسەڵاتەکانی جاهیلیەت و کۆن و نوێ، خەڵکی تێدا بکرێت بە کۆیلە، هەرگیز. ئێمە ئیسلام دەچەسپێنین چونکە دەستورێکی حوکمڕانی خواییە و نە بە دەستی ئێمە و نە بە دەستی هیچ مرۆڤێکی تر دانەڕێژراوە، ئەم ڕەحمەتە دەچەسپێنین تا لە ژێر سایەیدا مافی بێقۆچ لە قۆچدار بسەندرێتەوە، بەڵام موسوڵمان بوون بەسەر کەسدا واجب ناکەین، کێ ویستی با موسوڵما
ن بێت، کێش ویستی با کافر بێت.
سەبارەت بە نەهێشتنی مامۆستا کرێکار، ئەم باسە لەوە گرنگترە بەم سادەییە باس بکرێت، چونکە مامۆستا کرێکار وەکو نەجمەدینی کوڕی فەرەج مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە و دەزگیرنەکراوە، وەکو بانگخوازێکی کاریگەری سەحوەی ئیسلامی دەزگیرکراوە.

ڕۆڵی مامۆستا کرێکار لەناو چواردیوار و لە پشتی کۆمپیوتەرێکەوە، هەموو لایەنە نەیارەکانی وەڕسکردبوو، پێیان قوتنەدرا ئەوەی ئەوان بە پارەی زۆر و ئەفرادی زۆر دەیکەن، مامۆستا کرێکار بە وتارێک دەیکرد! کاریگەری مامۆستا کرێکار لە ساحەی کوردستان بەسەر موسوڵمان و ناموسوڵمانییەوە، لەوە گەورەتر بوو بشتگوی بخرێت. وڵاتان و پارتی و یەکێتیش دەزگا هەوڵگرییەکانیان کاری ڕۆژانە لەسەر ئەم جۆرە کەسانە دەکەن، هەرگیز ئامادە نین بهێڵن دوژمنێکی بێ پەڕوباڵی ئاوا، بە تەنیا دەنگێکی تۆمارکراو لە(بەرژەوەندی و پڕۆژەکانی) ئەوان بدات. بە تایبەت کە بینیان هاتنەپێشەوەی ئەم جارەی دوای ئازادبوونی لە زیندان جیاوازتربوو، کردنەوەی زانکۆی زادی بۆ خوێندنی زانستی شەرعی بەبێ سانسۆری ئەوان، پاشان دەرکردنی گۆڤار و دانانی سەنتەری ڕاپرسی ئۆنلاین، هەروەها پشتگیری ئەو مامۆستا و کەسایەتییانەی کە ئەوان دەیانویست بیانشکێنن، لەگەڵ هەوڵی یەکخستنەوەی هەموویان لەژێر پڕۆژەی ئەهلی حەلل و عەقددا، لەگەڵ هەڵماڵینی بەردەوامی سڕگەلێکی ئەوان کە هیچ کەس دەمی لێنەدەدا، بۆ ئەوان سەدمەیەک بوو کە چاوەڕوانی نەبوون. کە بینیان لە فەیسبوک لە ماوەیە زۆر کەمدا پەیجەکەی گەشتە سەرووی ۱٥۰٫۰۰۰ لایک، خێرا سووتاندیان و دوای زیاتر لە ۷ جار دانانەوەی پەیج فەیسبوک ڕێگەی نەدا و دەیسوتاندەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەی کۆمەڵێک وتاری تێدا بڵاودەبوویەوە کە ئەوان هیچ بەدڵیان نەبوو، ئەوکاتە جەلال تاڵەبانی مرد، یەکێتی بە هەزار دروشمی بەتاڵ بەشان و شەوکەتیاندا هەڵەدا، مامۆستا کرێکار وتارێکی پێشکەشکرد و سڕی تاڵی هەموو مێژووی خوێناوی و جاشایەتی یەکێتی و سەرکردەکەیانی هەماڵی، کە بە دانپێدانانی فەیسبوک خۆی، سەرووی ۱ ملیۆن و چەندین هەزار بینەری تێپەڕاند لە چەن ڕۆژی سەرەتایدا. کە لە ۱٦ ئۆکتۆبەر لە مەسڵەحەتی ئێران و خەتە هیلالیەکەی شیعە نیوەی باشووری کوردستانیان فرۆشت، ئەوەی مامۆستا کرێکار بەوانی کرد ئەوەبوو کە هەرگیز چاوەڕێیان نەدەکرد. بۆیە ڕاستەوخۆ دوای ئەو وتارەی ۱٦ی ئۆکۆبەربوو کە پەیجەکەشیان سووتاند. لەولاشەوە ڕیفراندۆمی بە ڕیفریودان ناوبرد و بە چەند وتارێک بەرەی نەخێری بەڕووی ڕیفراندۆمدا بەهێزتر کرد. بە دڵنیاییەوە یەکێتی باش دەیزانی کە لە بوونی مامۆستادا کۆنگرە بەستن باجی خۆی هەیە، بۆیە دوای دەستگیرکدنی مامۆستا بەزوویی کۆنگرەیان بەست. بینیشمان کە کەسانی وەکو عەتا سەراوی تۆماری دەنگی مامۆستای بۆ پێش کۆنگرە هەڵگرتبوو، تا خۆی بە قاچی مامۆستادا هەواسێت و بڵێت ئەها من چەن موهیمم کە دووژمنی وا گەورەم هەیە، کاری خۆشی کرد و دەنگی هێنا لە کۆنگرە. پاشان بەردەوام لەسەر مەشروعی ئێرانیزم و پڕۆژەی شیعەگەری دەدوا، تا وای لێهات گەنج و پیر هەموو درک بەوە بکەن کە شیعە چەن کاری کردووە و چۆن لە ڕێگەی کێوە کاردەکات، بەردەوام لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاشی دەدا، بە تایبەت کە لەڕووی ئەمریکادا پشتی ئێران و تورکیای بەرنەدەدا. بوونی پڕۆژەی فیکری ڕەوتی شاخیش لەم کاتەدا و بەو پێگە بەهێزەی مامۆستا کرێکارەوە، کارێکی وای کردبوو کە ئەمریکاش ئەمەی پێ قبوڵنەکرێت، ئەمریکا و ئەوروپا باش دەیانزانی مامۆستا کرێکار مەلایەکی نەزان نییە فەتوا لە بەرژەوەندی پڕۆژەکانی ئەوان بدات، بە تایبەت کە بە ئاشکرا فەرمووی: ئێران و ئەمریکار هەرگیز شەرناکەن، ئەگەریش کردیان ئێمە لە بەرەی ئێران دەبین. ئەم معادەلە گەورەیە بۆ ئەمریکا قبوڵکراو نییە. بە ئاشکراش دەبینین کە دۆسیەی مامۆستا کرێکار دۆسیەیەکی سیاسییە و لە دەستی دادگادا نەماوە. بۆیە بوونی مەرجەعییەتێکی گەورەی(کوردی سوننی) وەکو مامۆستا کرێکار کە ناچێتە ژێر باری پڕۆژەی هیچ کەسێکەوە، نە لە بەرژەوەندی ئەمریکایە کە م.کرێکار لەبەری ئێران بێت بەڕوویدا، نە لە بەرژەوەندی ئێرانە کە م.کرێکار سەرلەبەری پڕۆژەی ئێرانیزمەکەیانی ئاشکراکردووە و کار لەسەر قەڵاچۆکردنیان دەکات و لە بەرەی ئەهلی سوننەیە بەڕوویاندا، نە لەبەری تورکیایە کە م.کرێکار ئامادە نییە فەتوای داگیرکاری تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوا بدات بە ناوەی کافرێتی پەکەکەوە. ئەم مانەوە بە موستەقیلییە، باجێکی بەردەوام و زۆر قورسی بە مامۆستا داوە، بەڵام سەربەستی خۆی نەداوەتە دەستی کەس. لەم کاتەدا ئەوەی ئەتوانێت سوود لە مامۆستا کرێکار وەرگرێت بە پلەی یەکەم موسوڵمانانی کورد بە تایبەتی و کوردی باشوورن، بە پلەی دووەم ئەهلی سوننەتن بەڕووی شیعەدا. بەڵام لە لاوازی و بێهێزی ئەم دولایەنەوە و کافرێتی سەرانی کورد کە دژایەتی مامۆستا کرێکار دەکەن، تا ئێستا ئەوە نەکراوە. بە نسبەت خەڵکەکەشەوە، یان ناوێرن، یان هێشتا هەر ماویانە درک بە زوروورەتی بوونی مامۆستا کرێکار بکەن!
کەواتە ئەگەر مامۆستا کرێکار بهاتایەتە دەرەوە چی پێدەکرا؟ سەرووی هەموویەوە، نەوەیەکی خوێندەواری بەغیرەتی واقیعبینی پەروەردە دەکرد _وەکو کە تا ئێستا کردوویەتی_، بەڵام ئێستا جیاواز لە وتارەکان، لە ڕێگەی زانکۆی زادییەوە هەنگاوێکی گەورەتری ناوەتە پێش. بە پەروەردە بوونی ئەم نەوە سەرڕاستە عەقائیدییە، کە شارەزای عەقیدەن وەکو کە شارەزای فقهن، شارەزای واقیعن وەکو کە شارەزای مێژوون، شارەزای فەرموودەن وەکو کە شارەزای قورئانن، شارەزای بانگەوازن وەکو کە شارەزای دەقە شەرعییەکانن، شارەزای سیاسەتن وەکو کە شارەزای تەزکییەن، کۆمەڵگە ئاراستەیەکی تر وەردەگرێت، کە دەتوانرێت بینای داهاتوویەکی ڕۆشن لەسەر ئەم کۆمەڵە پێگەشتووە بکات. لە هەمان ئاستیشدا، زانایان و بانگخوازای سەربەخۆی یەکدەخست لەژێر پڕۆژەی ئەهلی حەلل و عەقددا، لەوە بەدوا مەجەعی فەتوا لە دەستی پارتی و یەکێتی ئەهێنرایە دەرەوە، خەڵکیش دەگەڕانەوە سەر بۆچوونی ئەو مامۆستا بەڕێزانە. بەمجۆرە گرێی نێوان دڵپڕی خەڵک و کەمی و ناڕوونی هەڵوێستی مامۆستایان دەکرایەوە. ئەوەش سەرەتایە بۆ دروستکردنەوەی کیانێکی گەورە، وەکو کە سەرەتابوو بۆ ڕووخانی کیانێکی گەورە کە خەلافەتی ئیسلامی بوو. بینیمان کە لە کاتی دەستگیرکردنی مامۆستا کرێکاردا کۆمەڵێکی زۆر لە مامۆستایانی کورد و هەندێک عەرەب و تورک، هەڵوێستی ناڕەزاییان دەربڕی، ئەمەش بێزراوترین و مەترسیدارترین کارە، کە ئەمریکا و ئێران و نەیارەکانی تر ڕێگە بە چەکەرە و گەشەکردنی نادەن، ئەمە تروسکایی هیوای یەکگرتنە لە ژێر جەتری مامۆستایەکی گەورەدا، کە هەموویان براگەورەیی و باڵی بەزەیی ئەویان قبوڵ بێت، وەکو کە لە زەمانی دروستبوونی بزوتنەوەی ئیسلامیدا هەموو لەژێر باڵی مامۆستا مەلا عوسماندا کۆبوونەوە، لە کاتێکدا پێش دروستکردنی ئەو هێزە نوێیە، چەندین هێزی تر لە ساحەکە هەبوون، بەڵام ئامادە نەبوون مامۆستا مەلا عوسمان هەبێت و ئەوان ڕابەرایەتی هێزی تر بکەن. دووبارە بەداخەوە بۆ ئەو هەڵە کوشندەیەی ئەو بزوتنەوە گەورە و پەرژینە بەهێزەی لەتکرد. پاشان هەموو پلانە ستراتیژییەکانی دووژمنانی ناوخۆ و دەرەوەی ئاشکرا دەکرد، وەکو کە پێشتر زۆرترین قسەی لەسەر پڕۆژەکانی ئێران و ئەمریکا فەرمووە، تا خەڵکی لە خەیاڵ پڵاوی و خەڵەفاوی، نەناسینی دۆست و دووژمن، دەهێنرانە دەرەوە، ئەوکات کۆمەڵگەش لە ئاستی خەڵکە عەوامەکەوە ئاراستەیەکی دروستی وەردەگرت.

بەڵام ئەگەر(خوا نەخواستە) ئازاد نەکردا چی لەم پڕۆژانە دێت؟ ئێمە ئەوپەڕی گەشبینین بە قەدەری خوای گەورە، یەقینی تەواومان هەیە کە ئەگەر مامۆستا کرێکار ئەرکێکی مابێت لە ژیانیدا کە بۆ جێبەجێ کردنی پێویستبێت ئازاد بێت، خوای گەورە ئازادی دەکات. ئەگەریش ئەرکی ئەو لە زیندان بێت ئەوە دەچێتە زیندان، وەکو کە لە قەدەریدا نوسراوە. بەڵام وەکو خۆی هەمیشە لە باپیرە سەڵاحەدینی ئەییوبییەوە دەگێڕێتەوە و دەفەرمووێت: وەکو کە باپیرە سەڵاحەدین ئەفەرمووێت ” زۆرجار نزیکی مردن بووینەتەوە، بەڵام خوای گەورە ویستوویەتی بمێنین، ناشزانین بۆ چ ئەرکێک هێشتووینەتییەوە“ ئێمەش نازانین خوای گەورە چ ئەرکێکی بۆ داناوین کە ئەدای بکەین، بێگومان تا ئەداشی ناکەین نامرین. بۆیە مانەوە و پارێزراوی مامۆستا کرێکار لە نێو بەرداشی هەواڵگری ۱۰ وڵات و هەوڵی کوشتنی لە لایەن یەکێتی و ئەو هەموو شەڕ و جیهاد و دەستگیرکردنەی لە لایەن وڵاتانەوە، ئەوەی لێئەخوێنرێتەوە کە هێشتا ئەرکێکی گەورەی ماوە پێی هەستێت، خواش شارەزایە بە هەموو شتێک. بەردەوامی و وەستانی پڕۆژەکانیشی زیاتر قسە هەڵدەگرێت، خوا ویستی لەسەربێت لە کاتی تردا لەسەری ئەدوێین.
2714 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2020-01-15
زۆرترین خوێندراو
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.