بیروڕا

مامۆستا کرێکار دڵێکی گەورەو روییەکی گەش لە ماڵێکی تەسك و بچوکدا

مامۆستا کرێکار دڵێکی گەورەو روییەکی گەش لە ماڵێکی تەسك و بچوکدا

باوکی بەڵێن

ھەرکەس بۆ تەنھا جارێك سەردانی مامۆستا کرێکاری کردبێت و چوبێتە خزمەتی و ماڵەکەی، گەورەی و خۆبەکەمزانی جەنابی مامۆستای بە ئاشکرا دیوە.
تامی بینینی سەرکردەو بانگخوازێکی گەورەی چەشتووە. دەست بەجێ ئەوەت بۆ دەرکەوتووە کە ئەو کەسێکە بە ھیچ جۆرێك بە دوای حەزو ئارەزوو خۆشییەکانی ژیانەوە نییە. ھەم و خەمی تەنھا ئەداکردنی ئەرك و بانگەوازی ئیسلامەتییەکەی بووە.
لەگەڵ ئەوەی ھەموو سیفەتێکی بەرپرسیاری و ئەمیرایەتی تێدا درەوشاوەتەوە ، بەڵام مامەڵەو ھەڵسوکەوتی زۆر بێفیزانە بووە لەگەڵ منداڵێکدا تا بگات بەگەورەیەك. خۆی لەکەس بە باشترو گەورەتر نەزانیوەو ھەمیشە رێزی بەرامبەری گرتووەو خۆی خزمەتی میوانی کردووە.
   من وەك گەنجێك زۆر حەزم دەکرد بە خزمەتی بگەم و لە نزیکەوە بیبینم و بیناسم. سوپاس بۆ خوا کە ئەو شەرەفەی پێبەخشیم و بەھۆی برایەکی بەڕێزەوە چومە خزمەتی. لەگەڵ ئەو خۆشحاڵییەی ھەمبوو کە لە نزیکەوە گوێم بۆ ئامۆژگاری و قسەی خۆش و بەسەرھاتەکان دەگرت، دوھێندەش بێتاقەت و مات بووم کەسەیری حاڵ و ماڵیم دەکرد. لەلایەك دەمبینی پیاوێکی وا گەورەی زانا بە ئیسلامەتی و دینداری و بە جورئەت و بە غیرەت باڵبەستەو بەھەموو جۆرێك ستەمی لێدەکرێت. لەلایەكی ترەوە گوزەرانی ژیان و مەنزڵی نیشتەجێبوونی لە ئاستی ئەو بارودۆخە نییە کە جەنابیانی تێدایە. حکومەتی نەرویج ھەموو مافە ئینسانییەکانی زەوتکردبوو، رێگەی سەفەریشی لێگرتبوو، لەھەمانکاتدا بە پۆلیس و موخابەرات و سیاسیان و راگەیاندنەکانیشیانەوە خەرمانەیەکی ناھەموار و پڕ مەترسییان بەدەوریدا دروستکردبوو تا نەتوانێت وەك مرۆڤێکی ئاسای ھاتوچۆی دەرو بازاڕو گەڕانی پارك بکات!.
   کاتێك بەرنامەی سەفەرەکەم داناو بلیتم بڕی گەشتەکەم تەنھا بۆ پێنج رۆژ بوو، دوو رۆژی بۆ ھاتن و چون و سێ رۆژیش مانەوە لە ماڵی مامۆستا. نیگەران بووم لەوەی ئەو کاتە کەمە بۆ ئەوەی میوانی کەسایەتییەکی وەك مامۆستا بم و حەزم دەکرد زیاتر لە خزمەتیدا بمێنمەوە. بەڵام کاتێك لە ماڵیان بووم لەگەڵ ئەو خۆشییەی ھەمبوو بە بینینی مامۆستا و خانەوادە بەڕێزەکەی پەشیمان بووم لەوەی کە پێنج رۆژ ئەو ماڵە بەڕێزەم بەو دۆخەی ھەیانبوو خستە ئەرك کێشانەوە. چەند دڵێکی گەورەو رووی گەش لە ماڵێکی تەسك وبچوکدا دەژیان. ئەو جێگەیەی دەیبینن جێگە نوستنی جەنابی مامۆستا بوو کە لەنێوان سەلاجەو و مەغسەلەی قاپشتندا رایدەخست و دەنوست.
ئەو جێگەیە منی زۆر ئازاردا و بێتاقەتی کردم. نەمتوانی ھەستی خۆم دەرنەبڕم و داخی ئەو دۆخە نەڕێژم. بەڵام مامۆستا دڵخۆشی دامەوەو فەرمووی من میوانیش نەبێت زۆر شەوان ھەر لەوێدا دەنوم بۆ ئەوەی منداڵەکان و دایکی سەید ئازار نەدەم، چونکە من تا درەنگ دەنوسم و دەخوێنمەوە لەبەردەم ئەو گڵۆپە بچوکەدا. مامۆستا زۆر خۆشحاڵ و گەشبین و ئاسودە بوو، نەم دی ناشوکری بکات و ئاھێکی نارەحەتی دەربڕێت. دەیفەرموو رەزامەندی خوا گرنگترە لە ھەرچی لە دنیادا ھەیە. 
ئەوە دۆخ و ژیانی ئەو زانا پایەبەرزو بەڕێزە بوو، کەچی بەداخەوە نەرویج ئەو ژیانەی پێڕەوا نابینن و بەردەوام نارەحەتی و ئازارو مەینەتی و مەترسی لەسەر زیاد دەکەن و دەیخەنە بەردەم دادگا و پێویستی بە پارێزەر دەکەن و بارگرانی لەسەر خانەوادە بەڕێزەکەی زیاد دەکەن.
تێبینی: ئەو کاتەی میوانی مامۆستای بەڕێز بوو ئیزنم لێوەرگرت کە وێنەیەکی جێگەکەی بۆ خۆم بگرم. بەڵام ئێستە بە کاتێکی گونجاوی دەزانم بڵاوی بکەمەوە لەگەڵ ئەم بابەتەدا. بۆ ئەوەی موسڵمانان بزانن مامۆستای عەزیز چەند خواویستانە ژیانی دەگوزەراندو ئامادە نەبوو دینەکەی بکات بە قوربانی دنیای. ھەوڵ و کۆششی شەو ڕۆژی تەنھا بۆ خزمەتی ئیسلام و موسڵمانان بوو. ھەروەھا نەرویجییەکانیش بزانن و بیریان بێت کە پێشڕەوی مافی مرۆڤ و ڕێزگری کەسانی پەنا بردوو بۆ ووڵاتەکەیان نین.

4724 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2020-02-22
زۆرترین خوێندراو
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.