موخابهراتی نهرویج لهتاریكی شهودا مامۆستا كرێكاری رادهستی ئیتاڵیا كرد
موخابەراتی نەرویج لەتاریكیی شەودا مامۆستا كرێكاری رادەستی ئیتالیا كرد!
تایبەت بەپێگەی دووربین
ئەمڕۆ (2020/3/26) موخابەراتی نەرویج مامۆستا كرێكاری تەسلیم بەئیتالیا كرد، ئێستا مامۆستا كرێكار لەڕۆمای پایتەختی ئیتالیا لەزینداندایە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ وەزیری دادی نەرویج "مۆنیکا مالاند" لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: مامۆستا کرێکاریان رەوانەی ئیتالیا کردووەو ئێستا لەئیتالیایە.
پرۆسەی ناردنەكە لەدرەنگانی شەو بووەو تەنانەت پارێزەرەكەیشی ئاگادارنەكراوەتەوه،. رۆژنامەکانی نەرویج نوسیوویانە: "نەیانهێشتووە خواحافیزی لەخێزانەکەیشی بکات".
رۆژنامەنووسان لەوەزیری دادیان پرسیوە: ئایا چوونی ئێمەی رۆژنامەنووس بۆ ئیتالیا لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا سەلامەتە؟ وەزیر وتویەتی: بۆ کرێکار سەلامەتە!!
ئەمە لەكاتێكدایە كە نەرویج بەفەرمی هاوڵاتیانی خۆی ئاگاداركردۆتەوە کە بەهیچ شێوەیەك سەفەری ئیتالیا نەكەن، بۆئەوەی توشنەبن بەڤایرۆسی كۆرۆنا.
جێی ئاماژەپێدانە؛ لەئێستادا ژمارەی تووشبووان بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەئیتالیا گەیشتۆتە (69000) شەستونۆ هەزار كەس و ژمارەی مردووان بەو هۆكارە گەیشتۆتە (7503) حەوت هەزارو پێنجسەدو سێ كەس!
دواتر "مێلینگ"ی پارێزەری مامۆستا کرێکار؛ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا قسەی لەسەر رادەستکردنی مامۆستا كردو وتی: "شەرمەزارییە بۆ هەمووتان، ئەمڕۆ رۆژێکی پڕ شەرمەزارییە بۆ هەمووتان، بۆ موخابەراتی نەرویج، بۆ دادگا، بۆ دادوەری گشتی، بۆ هەموو ئەوانەی کە دەیاتوانی ناردنی پیاوێکی بێتاوان بۆ ئیتالیا بووەستێنن و نەیانوەستاند". هەروەها وتیشی: "خۆم دەچم بۆ ئیتالیاو لەگەڵ پارێزەرەکەی ئەوێی مامۆستا كرێكار دەچمە بەردەمی دادگای بۆلزانۆی ئیتالیا".
دوابەدوای دەركردنی مامۆستا كرێكار لەنەرویج و تێوەگلاندنی بەم دۆسییەیەوە، میدیاكانی حیزبی (FRP) وتيان: "كرێكارمان لەكۆڵی نەرویج كردەوەو جارێكی تر ناگەڕێتەوە". هەروەها ئەو حیزبە بەفەرمی ئاهەنگی كێك خواردنیان بەبۆنەی ناردنی مامۆستا كرێكارەوە سازكرد، پێشتر سكرتێری دەوڵەتی نەرویج كە لەهەمان حیزب بوو، لەنامەیەكی نهێنیدا نوسیبووی: "ئاهەنگی دەركردنی كرێكار، لەڕۆما دەگێڕین!".
هەرچەندە ئەوە بۆ دادگا ئاشكرابوو كە ئەم دۆسییەیەی بۆ مامۆستاكرێكار دروستكراوە، دۆسییەیەكی سیاسی و ساختەیەو دوورە لەڕاستییەوە، بەڵام بێباكانە موخابەراتی نەرویج بەڕەزامەندیی دادگا، مامۆستا كرێكاری بەدزییەوەو بەشەو، گەیاندە ئیتالیا.
رۆژنامەیەكی ئیتالی ئەوەی بڵاوكردۆتەوە: "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، مامۆستا كرێكار لەفڕۆكەخانەی (فیمیتیشینیۆ)وە گوێزراوەتەوە بۆ زیندانی (رێبیبیا)". ئەمەیش یەكێكە لەگەورەترین زیندانەكانی رۆماو زۆترین كێشەی هەیە، ماوەیەك بەر لەئێستا زیندانییەكانی، بەهۆكاری خراپیی مامەڵەکردن لەدژیان و رێگەنەدان بەسەردانیکردنی كەسوكاریان؛ مانگرتنیان ئەنجامداو لایەكی زیندانەكەیان سوتاند، بەم هۆیەوە (11) كەس لەناو زیندانەكەدا مردن، لەهەمان كاتدا (30) زیندانیکراوی تریش هەڵهاتن، لەبەرئەوە لەئێستادا پاسەوانەكانی زیندانەکە، زۆر بەتوندوتیژی مامەڵەی سەختتر لەگەڵ زیندانییەكاندا دەكەن.
لەهەمان ئەو ناوچەیەی کە مامۆستا كرێكار زیندانیكراوە، لەم چەند رۆژەی دواییدا، (95) كەس بەهۆكاری توشبوونیان بەڤایرۆسی كۆرۆنا مردوون!
ئەوەی شیاوی باسە؛ لەهەمان ئەو رۆژەی، دادگای بۆلزانۆی ئیتالیا بڕیاری (12) ساڵ زیندانیکردنی بۆ مامۆستا کرێکار دەرکرد، کە دەکاتە (٢٠١٩/٧/١٥)، موخابەراتی نەرویج هەڵیکوتایە سەر ماڵی مامۆستا کرێکارو دەستگیریکرد، پاشان بۆ ماوەی (٨) مانگ مامۆستا كرێكار لەزیندانێکی نەرویجدا دەستبەسەرکرابوو، لەو ماوەیەیشدا خێزان و خانەوادەی نەیانتوانیوە بەكوردی قسەی لەگەڵ بكەن.
بەبیانووی ئەوەی مامۆستا کرێکار؛ دامەزرێنەرو ئەمیری (رەوتی شاخ)ە ئەو سزایەی بەسەردا سەپێنراوە، لەکاتێکدا رەوتی شاخ لەهیچ وڵاتێکدا تۆمارنەکراوەو چالاکیی لەواقیعدا نەبووە، هەروەك مامۆستا كرێكار خۆی رایگەیاندووە: "رەوتی شاخ تەنها منم و منیش رەوتم، ئەم رەوتەیشم وەكو زەمینەیەكی فیكری دامەزراندووە".
مامۆستا کرێکار لەڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک؛ پەنابەرێکی سیاسیی کورد لەساڵی (1991) لەنەرویج وەرگیراوەو ئەمانی دراوەتێ، بەڵام حکومەتی نەرویج بۆ ماوەی (17) ساڵ، هەموو مافێكی لەمامۆستا كرێكار سەندەوەو ئەمڕۆیش لەپرۆسەیەکی سیاسیدا لەوڵاتەكەی دەریكردو رادەستی گۆمی خوێنی كرد.
|