دیدار

مامۆستا خالید ره‌نجده‌ر بۆ پێگه‌ی دووربین ده‌دوێت

خالد ڕەنجدەر: "هەموو جیهان دەزانن، کە مامۆستا کرێکار فڕێنراوە بۆ ئیتالیا، جا هەرکەس و لایەنێکیش هەوڵبدات بۆ ئازادکردنی، ئێمە سوپاسیاندەکەین"

سەبارەت بەبارودۆخی موسوڵمانانی رۆژئاوا بەگشتی و دۆسییەی مامۆستا کرێکار بەتایبەتی، بەپێویستمان زانی، دیدارێک لەگەڵ مامۆستا خالید رەنجدەر؛ نوسەرو چاودێری سیاسی سازبکەین، بەڕێزیان لێرەدا وەڵامی پرسیارەکانی پێگەی دووربین دەداتەوە.
ئا: پێگەی دووربین
دووربین: بارودۆخی موسوڵمانانی رۆژئاوا لەم قۆناغەدا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ بەبۆچوونی بەڕێزتان؛ هەڵوێستی دەوڵەتانی رۆژئاوا بەراورد بەساڵانی رابردوو، بەرانبەر بەموسوڵمانان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووەو بەرەو خراپتر رۆیشتووە؟ یان قۆناغەکە وا دەخوازێت، ئەوان بەو شێوەیە دژایەتیی ئیسلام و موسوڵمانان بکەن؟
خالد ڕەنجدەر: ئەگەر بارودۆخی موسوڵمانانی ڕۆژئاوای ئێستا، بەساڵانی پێش یانزەی سێپتەمبەر بەراوردبکەین: لەو سەردەمەدا هەستت بەبوونی خۆت دەکرد، مزگەوتەکان چالاکبوون و دەرس و دەوریان تێدابوو، بانگەوازخوازانی ناوخۆو دەرەوە ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو. بەڵام ئێستا بەداخەوە کۆڕو کۆمەڵی موسوڵمان لەکەمیداوە، هەستی برایەتی کەمتربووەتەوە، ترسێک لەناو موسوڵماناندا هەیە، لەوەیشدا ناحەقیان نییە، چونکە فشارەکان لەسەریان قورسن و بیانووپێگرتنیان زۆرە. بەخۆداشکانەوەی موسوڵمانان کارێکی وەهای کردووە، بازاڕی (گوگڵ) گەرمتر بووە لەکۆڕو سیمیناری زانایان. ئەم دەوڵەتانە ڕێکخراوە خێرخوازییە ئیسلامییەکانیان بەناوی تیرۆرەوە لەقاڵبداون، یان بەتەواوی کەمیانکردوونەتەوە. گوشاری ئەم دەوڵەتانە زۆرن و بووەتە هۆکاری توڕەیی گەنجە موسوڵمانەکان و کاردانەوەی بێ پلان. من ترسی ئەوەم هەیە سەرچاوەکانی زانستی شەرع و  بانگەواز  لەوڵاتانی ڕۆژئاوا وشکببن، گەنجی تازە پێگەیشتوو، وێڵوسەرگەردانی بێ مامۆستایی ببن. قۆناغی ئێستا، بیرمەندیی لەکارکردن دەخوازێت. کۆکردنەوەی چمکەکانی ڕابوونی ئیسلامی دەخوازێت. دووبارە غیرەت و بوێریی هاوشانی بیرمەندیی دەخوازێت. گۆڕینی شێوازی ئاراستەکردنی پەیامی ئیسلام دەخوازێت، کە ناوەرۆکی بانگەوازو پەیامەکە وەک خۆی بمێنێتەوەو وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەماحەتی ئیسلام تێبگەیەنرێن.
دووربین: مامۆستا کرێکار چۆن هات بۆ وڵاتی نەرویج؟ ئایا لەسەرەتادا پێشبینیی ئەوە نەدەکرا، کە بەم شێوازانەی دوایی دژایەتیبکرێ و کێشەی بۆ دروستبکرێ؟
خالد ڕەنجدەر: مامۆستا کرێکار لەساڵی (1982ز)ەوە دەربەدەری کوردستان بووە. لەسەرەتادا ڕوویکردە ئێران، دوای ماوەیەک چووە پاکستان و دواییتر لەڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک پەنابەری سیاسی لەنەرویج وەرگیرا. تاکو دوای یانزەی سێپتەمبەر، پێشبینی ئەوە نەدەکرا، کە بەم شێوازەی ئەمڕۆ مامەڵەی لەگەڵبکرێ. جەنگی نێوان عێراق و ئێران (1980–1988ز)، هەروەها جەنگی کوەیتی ساڵی (1991ز)و دەرکەوتنی ڕێکخراوی قاعیدە، هاوکێشەی سیاسیی جیهانیان گۆڕی، بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاتنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ ناوچەکە. کوردستانی ئێمەش بووە بەشێک لەو گۆڕانکارییانەو بەحیزبە نەتەوایەتی و ئیسلامییەکانەوە هەوڵی ئیدارەدانی کوردستانیان دا. بەڵام وردەوردە هەوڵدەدرا شوێنپێی ئیسلامییەکان لەقبکەن، یان لەقاڵبیانبدەن. مامۆستا کرێکاریش وەک سیاسەتمەدارەکانی ڕاست و چەپ ڕۆڵی هەبوو. هەروەها ڕۆژئاوایش لەلەقاڵبدانی ئیسلامییەکاندا ڕۆڵی هەبوو، لەبەرئەوە ئاساییبوو، کە مامۆستا کرێکاریش بخرێتە ناو بازنەی دەزگاکانی هەواڵگرییەوە، کەیس لەسەر کەیسی بۆ دروستبکەن، بەو هیوایەی دەنگی کپبکەن.
دووربین: لەدوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، نەرویج بەتەواوی دەستیکرد بەدژایەتیی مامۆستا کرێکار، لەکاتێکدا مامۆستا چەندین جار ئەوەی راگەیاندبوو: "کە ئەو وڵاتی نەرویج بەمەیدانی کاری خۆی نازانێت، هەروەها نایشییەوێت زمانەکەیشیان فێرببێت"، ئەمە چۆن لێکدەدەیتەوە؟
خالد ڕەنجدەر: ڕاستە نەرویج مەیدانی چالاکیی مامۆستا کرێکار نەبوو، بەڵام لێدوان و چاوپێکەوتن و کارە سیاسی و بانگەوازەکەی لەنەرویجەوە بوو، ئەمەیش هیچ مەترسییەکی لەسەر ئاسایشی نیشتیمانیی نەرویج نەبوو. نەرویج لەناو حیزبەکانیدا ململانێی هەبوو، دەزگای هەواڵگری نەک پاشا، ڕاگری سیاسەتی نەرویجە، چالاکییەکانی مامۆستا کرێکار هەم ئەوان و هەم هاوپەیمانەکانی ئەوانی وەک؛ ئەمریکا نیگەرانکردبوو، بەتایبەتی بیروهزرەکەی. گومانی تێدانەبوو، کە هاوپەیمانەکانیان و هەندێک لایەنی هەرێمیش لەدوورو نزیک فشاریان لەسەر نەرویج دروستدەکرد، یان دەتوانم بڵێم: نەرویج سودی لێدەبینین. ئەوان لەشکرێکی زۆربوون و مامۆستایش بەتەنیابوو. شوێنێکی تریش نەبوو مامۆستا بگرێتە خۆی، یان بوارێکی ئازادیی بۆ بکاتەوە با کەمیشبووایە. دەتوانم ئەوە بڵێم: کە نەرویج مەیدانی مامۆستا نەبوو، بەڵام لەکاتێکدا کە ئەو لەنەرویج بوو، کوردستانی خۆمان ببووە مەیدانی شەڕی ناوخۆ.
دووربین: لەساڵانی رابردوودا لەوڵاتی نەرویج، چەند کەسێک دەستیانکرد بەدژایەتیی ئیسلام و موسوڵمانان، لەبەرانبەردا موسوڵمانانیش کاردانەوەیان لەدژی ئەو کەسانە هەبوو، کەچی دەوڵەتی نەرویج ئەو کارەی ئەوانی بەدەربڕینی ئازادیی بیروڕا لێکدایەوە، بەڵام لەبەرانبەر ئەوەدا مامۆستا کرێکاری رووبەڕووی دادگا کردەوە، کاتێک دژ بەڕەفتاری ئەوان وەستایەوە، ئایا ئەمە لای بەڕێزتان چی دەگەیەنێت؟
خالد ڕەنجدەر: دەبێت ئێمە ئەو ڕاستییە بزانین، کە نەرویج وڵاتێکە حەز بەئیسلام ناکات، هەر موسوڵمانێکیش چالاکبێت دژایەتییدەکات و ناهێڵێت دەنگوڕەنگی هەبێت. موسوڵمان دەتوانێت مزگەوتی هەبێت، وەک مەغریبییەکان دەڵێن: "نوێژی خۆی بکات و کەشە(سبط)کەی لەپێبکات و بڕواتەوە ماڵی خۆی". سەبارەت بەو کەسانەی قورئانیان سووتاندو بەئازادیی ڕادەبڕین بۆیان لەقەڵەمدرا، تەنها لەدژی مامۆستا کرێکار بوو، ئەگەرنا ئێستا ئەوانە وەک ڕێویی گەڕ لەماڵەکانی خۆیاندا کەوتوون و کەس ئاوڕیان لێناداتەوەو نەرویجیش سوپاسینەکردن. پێش ئەوانیش (تەسلیمە نەسرین)ی سریلانکی پەنایدرا، بەڵام ڕێزیلێنەگیراو سەری خۆیی هەڵگرت و چوو بۆ هیندستان. لەهەشتاکاندا خەڵکی دەیانگوت: "سعودیە گۆڕستانی دەعوەیە"، هەرکەسێک پەنای بۆ دەبرد دەکەوتە چاڵێکی قوڵەوەو دەنگی نەدەما، نەرویجیش لەگۆڕستان خراپترە. بەڕای من، گوێپێنەدانی نەرویج بەو سێ کوردە، لەدوای دادگاییکردن و زیندانیکردنی مامۆستا کرێکارەوە، بۆ دوو ساڵ و دە مانگ، نیشانەی ئەوەیە: تا جاشێتی و جاسوسی بۆ ئەم وڵاتانە بکرێ، کەسەکە بێڕێزتردەبێت.
دووربین: لەدوای ئەوەی مامۆستا کرێکار چەندین جار رووبەڕووی دادگا کرایەوەو مافەکانی پێشێلکرا، ئایا هیچ هەوڵێک نەدرا، بۆئەوەی مامۆستا ئەوێ بەجێبهێڵێت و مافی پەنابەرێتی لەوڵاتێکی تر وەربگرێت، لەکاتێکدا ئەوە ئاشکرابوو، کە نەرویج پیلانی ئەوەی هەیە، مامۆستا کرێکار لەوڵاتەکەی دەربکات؟
خالد ڕەنجدەر: مامۆستا کرێکار خۆی لەڕێگای هەندێک برادەرو خەڵکی چالاکەوە، هەوڵیدا لەتورکیا، یان قەتەر شوێنیببێتەوە، بەڵام وەک من بزانم هەوڵەکانیان بەرهەمینەبوو. هەر دوای تەسلیمکردنەوەی مامۆستا لەهۆڵەنداوە بەنەرویج، لەپایزی ساڵی (2002ز)داو لەدوای زنجیرەیەک لێکۆڵینەوەی پۆلیس لەگەڵیدا، داوایەکی پێشکە بەهۆڵەندا کرد بۆ پێدانی مافی پەنابەرێتی، بەڵام ئەویش بەرهەمینەبوو.
 دووربین: لەمێژووی (2020/3/26ز)ەوە تا ئێستا کە نزیکەی دوو هەفتە دەبێت، هیچ هەواڵێکی راست و متمانەپێکراو دەربارەی مامۆستا کرێکار نییە، کە ئایا لەئیتالیا زیندانیکراوە، یان رادەستی ئوردن، یان ئەمریکا، یان کوردستان کراوەتەوە، لەم کاتەدا ئێوە چۆن دەتوانن ئەوە یەکلاییبکەنەوە؟ 
خالد ڕەنجدەر: ئێمە بڕوا بەبرینیار مێلینگی پارێزەرە نەرویجییەکەی مامۆستا کرێکار دەکەین و دەزانین پەیوەندیکردووە بەپارێزەرە ئیتالییەکەیەوە. پارێزەرە ئیتالییەکەی گوتویەتی: کە داوای فەرمیی پێشکەشکردووە بەئیدارەی زیندانی (ڕێبیبیا)، بۆئەوەی ڕێگەیبدەن بەتەلەفۆن قسە لەگەڵ مامۆستادا بکات" . ئەوانیش گوتویانە: کە کاتی دەوێ، تا وەڵامیدەدەنەوە. هەروەها خەڵک لەئیتالیا کەرەنتینەکراون و پارێزەرەکەش ناتوانێت لەخۆیەوە سەردانیبکات. ئێمە لەسیستمی زیندانی ئیتالیا نازانین، هەستی ئەوەمان هەیە، کە مامۆستا لەئیتالیایە.
 دوربین: لەڕووی یاساییەوە، بەمەبەستی ئازادکردنی مامۆستا کرێکار، هەوڵەکان بەکوێ گەیشتوون؟ 
خالد ڕەنجدەر: مامۆستا کرێکار بەزیندانیکردنی (12) ساڵ لەئیتالیا سزادراوە. مانای وایە حوکمەکەی لەسەرە، بەڵام ئێستا پارێزەرەکەی نەرویج و پارێزەرەکەی ئیتالیای هەوڵدەدەن داوا لەدادگای تێهەڵچوونەوەی ئیتالیا بکەن، کە سەری بەڵگەکان بکاتەوە، چونکە وەرگێڕانە کوردییەکەی بۆ ئیتالی هەڵەی زۆری تێدایە.
ئیتر ئازادکردنی دەکەوێتە سەر دەرەنجامی سەیرکردنەوەی دادگای تێهەڵچوونەوە.
دووربین: لەدوای رادەستکردنی مامۆستا کرێکار بەئیتالیا؛ ئێوە وەک بنەماڵەکەی، تا ئێستا چ هەوڵێکتانداوە بەمەبەستی ئازادکردنی، بۆ هێنانەدیی ئەو مەبەستە دەتانەوێت بەچ شێوازێک کاربکەن؟ ئایا پەیوەندیکردن بەپارتە سیاسییەکانی کوردستانەوە -بەئیسلامی و عەلمانییەوە- بەشێوازێکی دروست نازانن، بۆئەوەی ئەوان بەمەبەستی ئازادکردنی مامۆستا کرێکار، داواکارییەک ئاراستەی دەوڵەتی ئیتالیا بکەن؟ هەروەک بەڕێزتان ئاماژەتان بەجۆرێک لەو هەوڵانەتان کردووە، لەڕابردوودا.
خالد ڕەنجدەر: ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بەحیزبەکانی کوردستانەوە -بەئیسلامی و نەتەوەییەکانەوە- نەکردووەو بەنیازیشنین پەیوەندییان پێوەبکەین. هەموو جیهان دەزانن، کە مامۆستا کرێکار فڕێنراوە بۆ ئیتالیا، جا هەرکەس و لایەنێکیش هەوڵبدات بۆ ئازادکردنی، ئێمە سوپاسیاندەکەین. بەگشتی خەڵکێکی هاوسۆزو هاوخەممان هەیەو زۆر سوپاسی هەڵوێستیان دەکەین.

____________

مامۆستا خالد رەنجدەر؛ ناوی تەواوی: خالد فەرەج ئەحمەدەو ناسراوە بەخالد ڕەنجدەر، برا گەورەی مامۆستا کرێکارە، لەساڵی (1953ز)دا لەشاری سلێمانی لەدایکبووە، پاشان (پەیمانگەی کشتوکاڵی ئەبوغرێب)ی لەبەغداد لەساڵی (1975ز)دا تەواوکردووە، هەروەك خۆی دەڵێت: "هاوسەرێک و دوو کوڕو کچێکی هەیەو، هەموویان پێکەوە لەشاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج دەژین و هەڵگری ڕەگەزنامەی نەرویجین". لەڕیزەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی لەکوردستان/ عێراق تا ساڵی (2000ز) کاریکردووە، ئەمیش وەک هەندێک لەئەندام و کادیرەکانی ئەو حزبە، لەدوای هەڵوەشاندنەوەی بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی وازیهێناوە، ئێستا لەڕیزی هیچ حزب و ڕێکخراوێکدا کارناکات، هەروەها لەساڵی (2001ز)دا ناوەندی (ئەزموون)ی بۆ توێژینەوەی سیاسی، دامەزراندووەو هەر خۆیشی بەرپرسی بووە.

721 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
09/04/2020
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
           
© Copyright 2020 All Rights Reserved.