پەروەردە

دید لێڵیی و رێ وێڵیی زەمانی گەندەڵیی


کاتێك ستەمکاریی دەبێتە سیماو دیاردەو رەفتاری رۆژانەی دەسەڵاتداران، کاتێك دیدو نەریتی کۆمەڵگە دەشێوێت و حەق لەناویاندا پشێلدەبێت، کاتێك بەهاو نرخی پارسەنگێتیی نامێنێت و هەمووشتێك لارو چەوت و لاسەنگ دەبێت، کاتێك دڵ و هزرو ویژدانی چاك و پاك دەکەوێتە ژێر قەهرو تین و فشاری ستەم، کە گەندەڵیی دەبێتە سیماو سیفات و رواڵەت و جەوهەری کۆمەڵگەکەو سروشتی تاکەکانیش لاڕێبوون دەبێت، ئیتر پێوەرەکان رەسەنێنێتیان نامێنێت و پیاوماقوڵان بزردەن و خەڵکانی هەلپەرست دەکەونە سەرمۆنجی کۆمەڵگەکە.. لەم بارودۆخەدا کە هەموو شتەکانی لاڕێکەوتوون، لاسەنگ و چەوت و ناڕەوان، خەڵکەکە ستەمکاریی زەق دەبینین و غیرەتیان نابزوێت، دەستدرێژیی ئاشکرا دەبینن و وویستی وەستاندنیان نامێنێت، چ جای شۆڕشکردن دژیی و راپەڕینی دەستەجەمعیی بۆ گۆڕینی، کە دەبینن دەسەڵاتداری فشەڵ لاوازەکان هەڵدەلووشێ، ئەمان تووڕەبوونێکی کاریگەریان لا دروستنابێت! لەوەش دژوارترو ناڕەواتر ئەوەیە کە دەبینن وا تاکە کەسێك سەبری لێبڕاوەو بەتەنها دژی ستەمکارییەك راوەستاوەو دەیەوێت رێی لێ بگرێت، دەیەوێت ستەمێك لەسەرخۆی لادات، سروشتپیسەکان، گەندەڵ و زەلیلەکان، غیرەتپواوەکان، دژی رادەپەڕن و دەڵێن: (إِن تُرِيدُ إِلَّا أَن تَكُونَ جَبَّارًا فِي الْأَرْضِ وَمَا تُرِيدُ أَن تَكُونَ مِنَ الْمُصْلِحِينَ) القصص/١٩ واتە: وا دیارە ناتەوێت پیاوچاك دەرچێت! هەر دەتەوێت شەقاوەی سەرزەمین بیت !! ناتەوێت لەڕیزی چاکسازاندا بیت!!! (زەلیلێتییەکەی خۆیان بە پیاوچاکیی و ئەقڵپێشکان و سیاسەتمەداریی و چاکسازیی دەزانن!) .. دەڵێن: ناتەوێت پیاوچاك دەرچیت.. دەتەوێت ملهوڕو پیل قەویی و شەقاوە دەرچیت!! بۆچی وا دەڵین؟ چونکە خۆیان لە هەموو جۆرە دەستدرێژییەك راهاتوون، دڵ و دەروون و وویست و رەفتاریان لەگەڵ ستەمکارییەکەدایەو بەئاڕاستەی ئەو دەڕۆن، نەك پێچەوانەی.. سەدانجار ئەوان ئەم دەستدرێژیی و ستەمکارییەیان دیوەو بەرامبەری رانەوەستاون، هەر زەلیلکراون و غیرەتیان نەجووڵاوە، بۆیە ئیتر پێوەرەکانیان گۆڕاوە.. خۆ زەلیلکردنەکە بەحەق دەزانن و هەڵگەڕانەوە لە ستەمکاران بە هەڵەشەیی و حەزی خۆدەرخستن و بازوونیشاندان دەزانن!! ئەوان لەگەڵ راهاتنی ستەمەکەدا گەیشتوونەتە ئەو حاڵەتە کە بەلایانەوە وایە بێدەنگبوون حیکمەتە، هەقە، موداراتی ژیرانەیە!! ئەسڵەو رەسەنێتی رەفتارە! سەرەنجامی ئەو کەشە زەلیلییەو عەبدێتییە بۆ طاغووت وایان لێهاتووە خۆمتکردن و خۆکڕکردن بەئەدەب و رەفتاری پیاوماقوڵێتی دەزانن!! ئەمانە وایان لێهاتووە کە مەزڵومێك دەبینن بەرگریی لە خۆی دەکات و بۆ مافی خۆی هاواردەکات، کە دەبینین وا مەزڵومێك غیرەت گرتوێتی و خۆی لە کۆت و زنجیریی زەلیلیی و کۆیلەیی و ژێر دەستەیی راپسکاندووەو دەیەوێت ئەو پەرژینە خەیاڵپڵاوە (ترسێنەرە)ی دەوری طاغووت ببڕێت، ئەمان دەکەونە هاتوو هاوار: هەی نەکەی.. ئەمان دەحەپەسێن، دەتاسێن، واقیان ووڕدەمێنێت و بەسەرسوڕمانەوە دەستەجەمعیی دەڵێن: ئەوە چی دەکەیت؟ خۆت لێ زیادە؟ مەرگی خۆتت دەوێت؟ ئەقڵت بەشت ناشکێت؟!! ئینجا یاساو رێساو نەریتی گەندەڵییەکە دەکەنە سروشتی ئاسایی و پێی دەڵێن: دەتەوێت خۆت ئازاکەیت؟ دەتەوێت خەڵك بکوژیت؟ یان خەڵك بەکوشتدەدەیت؟! هەموو لەرزۆکیی و لاوازیی و غیرەتپواویی خۆیان بەو دەردەبڕن، هەموو گلەیی و بۆڵەو خوتەیەک کە لە ناخیاندا هەیە، هەموو رەخنەو بەرهەڵستیەکی شاراوە کە لە دڵیاندا تۆپەڵبووە، دەگرنە ئەم کەسە ئازایەی وا بە تەنها دژی ستەمەکە راوەستاوە! بە مەزڵومەکە دەڵێن: خەتای تۆیە! تۆ دەتەوێت ئاژاوەبنێیتەوە!! وەك بەرگریی لێناکەن، وەك وەلیدا نابن، وەك هاوکارییناکەن و پشتیناگرن، عوزرێکی بۆ ناهێننەوەو بڵێن: ناهەقی نییە، ناڵێن: ئاخر لە توانایدا نەما سەبر لەسەر ئەو هەموو تین و تەوژم و فشارو زوڵمە بگرێت.. وا ناڵێن.. چونکە غیرەتیان پواوە، دەروونیان بەزیووەو وورەیان بەرداوە، ئەوەندە دەستدرێژییان قبوڵکردووە لێی خۆشەبوون، وەکو دەروونی نامۆو پەڕیدە ستەمکارییەکەیان پێ ئاسایی بووەو هەندێکیان هۆگرییبوون! لەشیان بۆی دەخورێت! چونکە ئەوەندە لە گەندەڵییەکەدا چەقبەستووانە ماونەتەوە، سروشتی جوامێرێتیی و دلێریی و بەغیرەتییان پێ نەماوەو هەرچی سیفەتی جوانیی و پیاوەتیی و خێرخوازیی هەیە لەدەستیان داوەو لەجێی ئەوە گەنیویی و بۆگەنکردن و سەگێتیی بۆتە سیماو مۆرک و جەوهەریان.. دەرهێنانی ئەم خەڵکە لەم زەلکاوە، لەم زۆنگاوە، لەم قوڕو لیتاوە زۆر زەحمەتە، قەناعەتپێکردنیان بە گۆڕان و راپەڕین و شۆڕشکردن، شتێکی ئەستەمە!

سەیید قوتب رحمەاللە لە رێبازی بانگەواز. بەرگی سێیەم/ل: 197_198

______________________________________________
مامۆستا کریکاریش لە پەڕاوێزییدا نوسیوێتی: (لەهەزاران کەسدا کەمێك لا دەکەن بەلاتەوە، لەو کەمەشیان کەسانێکی دەگمەن گوێتلێدەگرن، لەو دەگمەنەش ئەوانەی ئامادەی وەڵامدانەوە دەبن بە پەنجەی دەست دەژمێررێن، خەمی ئەمانیشت لەبەرە، کە لە رێگا لانەدەن و نەکەون، یان نەترسن و نەکەونە بەر هێزی راکێشانی حەزو هەواوهەوەس!! جا بزانە چ کۆڵێکی قورسمان هەڵگرتووە..)

2948 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2021-02-04
زۆرترین خوێندراو
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.