بیروڕا

کاتێک حیزبی ئیسلامی ناتوانێت سەکردایەتی خۆی نوێ بکاتەوە

شاژنی هەنگ تەمەنی حەوت ساڵە و لە سەرەتای پێنج ساڵییەوە چالاکی هێلکە دانانی کەم دەبێت و پیری لێ دەردەکەوێت. ئەگەر هەنگەکە شاژنێکی نوێ دروست نەکەنەوە ئەوا دەمرن و لەناودەچن.
سەبارەت بە سەرکردایەتی حیزبە ئیسلامییەکان، عمر عبيد حسنة، بیرمەندی ئیسلامیی قەتەری دەڵێ: زەقترین قەیران لەبەردەم حیزبە ئیسلامییەکانی ئەمڕۆدا ئەوەیە کە ناتوانن سەکردایەتییەکی نوێ و سەردەمییانەی هوشیار وەکو پێویست دروست بکەن. سەکردایەتییەک کە بتوانێت واقیع بخوێنێتەوە و هەڵوێستی ڕاستی لەسەر هەڵبچنێت. محمد عەمارەی بیرمەندی ئیسلامی میسری (لە ساڵی ٢٠٢٠دا وەفاتی کردوە) دەڵێ: کیشەی هەندێک لە حیزبە ئیسلامییەکان ئەوەیە کە ناتوانن کامڵبوون و هوشیاری سەرکردە لە کەسایەتییەکەی جیابکەنەوە. بە پێچەوانەوە ئەو حیزبانە جموجوڵ و کارەکانی خۆیان لەسەر کەسایەتی سەرکردە بنیات دەنێن، کە دەبێتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی تاکڕەوی و زاڵبوونی ڕاوبۆچوونی سەرکردە، بەجۆرێک ئەگەر ئەو سەرکردەیە پیر بوو یان بیرکردنەوە و ئیجتیهادی وەستا ئیتر حیزب سست دەبێت و دەبێت بە پیاوە نەخۆشەکە.
ئەمڕۆ لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا هوشیاری سیاسی و ڕۆشنبیری هەیە و میدیای ئازاد و ڕێکخراوە مەدەنییەکان تاڕادەیەک ڕۆڵیان هەیە. دەبێ سەرکردایەتی حیزبە ئیسلامییەکان لەو ئاستەی زانست و ڕؤشنبیریدا بن کە بتوانن مامەڵە لە گەڵ ئەو میدیا و ڕێکخراوانە بکەن.
لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵات و کۆمەڵگەی ئێمەشدا ئەگەرچی شورا یان ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەیە، بەڵام خودی سەرکردە پێشەوایە و هەمووان چاوەڕێی ڕاوبۆچوون و هەڵویستی ئەو دەکەن. سەرکردە دەبێ لە لایەنی زانستی شەرع و سیاسەت و ئابووری و سەربازیی و خوێندنەوەی واقیع ڕۆشنبیر بێت و سەردەمییانە بیربکاتەوە. دەبێ سەرکردە پێشەنگی حیزبەکەی بێت لە قبوڵکردنی ڕای بەرامبەر و ڕەخنە و ئامۆژگاری. نابێت بە پاساوی سەلامەتی ڕیزەکانی حیزب و پاراستنی نهێنییەکانی، خەڵکەکەی خۆی و ئەوانەش دەمکوت بکات کە لە دەرەوەی ئەون و ڕەخنە دەگرن.
ئەوانەی ڕەخنە لە حیزبی ئیسلامی و سەرکرداتییەکەی دەگرن مەرج نییە ناحەز و دوژمن بن. لەوانەیە ڕەخنە و ئامۆژگارییەکانیان ببنە بەرچاوڕوونییەک بۆ گۆڕانکاری و ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانەی کە ڕوویانداوە. هەر عومەر عەبید حسەنە دەڵێ: فەلسەفەی بیانوو هێنانەوە و داپۆشینی هەڵەکان خەڵکانێک دروست دەکات دەتوانین بڵێین (مینێکی تەوقیت کراون) لەناو جەستەی حیزبدا و، دیالۆگ و ئامۆژگاریکردن پەک دەخەن.
فرە ڕۆشنبیری و فرە ئیجتیهاد و بوونی ڕاوبۆچوونی جیاواز لەناو حیزبدا ڕەنگدانەوەی پتەوی ئەو حیزبەیە و بێباکییەتی لە رەخنەگرانی ناوخۆی حیزب و دەرەوەی حیزب. ئایدۆلۆژیای لێبوردن و دوورکەوتنەوە لە دەماگیری ئاماژەیەکی پۆزێتیڤە بۆ دواڕۆژی ئەو حیزب و سەرکردایەتییە و دروستکردنی برایەتی لە گەڵ حیزبە ئیسلامییەکانی تردا.
سەرکەوتنی پرۆژەی حیزبە ئیسلامییەکان، بە پرۆژەی هەڵبژاردن و دروستکردنی برایەتی و هاوپەیمانێتییەوە، بەندە بە فراوانی بیروهزر و زانستی شەرعی و سیاسی حیزبەوە بەگشتی و، سەکردایەتییەکەی بەتایبەتی. کاتێک سەرکردایەتی پیر دەبێت یان بیرکردنەوە و درککردن و خوێندنەوەی واقیعی دەوستێ ئیتر حیزب سست دەبێت. لەو حاڵەتەشدا تۆ ناتوانیت بڵێی میللەت بێ وەفایە و پشتی حیزبە ئیسلامییەکان ناگرێت.

نووسینی: م. خالید ره‌نجده‌ر

735 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2021-10-15
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.