بیروڕا

هەرێمی کوردستان لەسەر دوو رێیانی دوو کەرتبوون، یان هەڵوەشاندنەوەدایە

ئەندازیار رابەر مەعروف
رووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق و کوردستان؛ ئاماژەن بۆئەوەی، کە هەردوو حزبی دەستەڵاتداری هەرێمی کوردستان، ئیتر وەک ساڵانی پێشوو، ناتوانن لەسەر ئەو دزی و خراپەکارییەی، کە دەیان ساڵە پێکەوە ئەنجامیدەدەن بەردەوامبن، چونکە ئەو دوو کۆمپانیا تاڵانکارییە! هەریەکەیان کلکی هێزێک، یان چەندین هێزی دەرەکین و بەرژەوەندییەکانی ئەوان وا دەخوازێت؛ ئەرکی ئەمانیش گۆڕانکاریی بەسەردابێت.. بەڵگەنەویستە لەئێستادا پارتی وەک؛ پاشگری تورکیاو هاوپەیمانەکانی و یەکێتییش وەک؛ پاشگری ئێران و هاوپەیمانەکانی هەڵسوکەوتدەکەن، بەڵام ئەوەی زیاتر ئاماژەیە بۆ دوو کەرتبوونی هەرێمی کوردستان -کە لەدوای هەڵگیرساندنی جەنگی ناوخۆی نێوان ئەو دوو حزبەوە، هەمیشە دوو ئیدارە بووە- بەرژەوەندییەکانی هەریەکە لەدەوڵەتە کاریگەرەکانی دراوسێی هەرێم، گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، بەشێوەیەک:
· بەرژەوەندییەکانی ئێران وا دەخوازێت: یەکێتی لەژێر رکێفی پارتی بێتەدەرەوەو لەگەڵ حکومەتی عێراقدا رێبکەوێت.
· بەرژەوەندییەکانی تورکیا وا دەخوازێت: پارتی زیاتر لەئێران دووربکەوێتەوە، هەرچەندە لەمێژووی رابردوویدا لەسەردەمی موحەممەد رەزا شاو پاشان لەسەردەمی کۆماری نوێی شیعەگەریشدا، پارتی چەندین جار وەک داردەستی ئێران کاریکردووە.
· شێوەی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە: لەئێستادا پارتی دەیەوێت لەڕێگەی حکومەتەوە زیاتر فشار بخاتە سەر ناوچەی ژێر دەستەڵاتی یەکێتی، ئەمەیش پاڵ بەیەکێتییەوە دەنێت، کە زیاتر بەرەو حکومەتی عێراق بڕوات و تەسلیمی دەستەڵاتی ئەو بێت.
· ئەو بڕیارانەی لەلایەن دادگەی فیدراڵیی عێراقەوە دژ بەهەرێمی کوردستان دەرکراون: فشارێکی زۆر گەورەن و ئەگەری ئەوە هەیە: بەتەواوی دەستوپێی ئەم حکومەتە شکستخواردووە ببەستن، خۆ ئەگەر حکومەتی هەرێم بەتەواوی تەسلیمی حکومەتی عێراق نەبێت، ئەوا بەشەکەی لای یەکێتی؛ بەفەرمانی ئێران خۆی رادەستدەکات و لەپاداشتی ئەمەیشدا: دەستەڵاتێکی کارتۆنیی بەناوی هەرێمی سلێمانی، یان هەرێمی ئاریا بۆ یەکێتی پێکدەهێنن.
· سەرەنجام؛ دەبێت پارتیش بەناچاری، زیاتر خۆی رادەستی تورکیا بکات، بۆئەوەی هەوڵبدات: بۆ ماوەیەکی زیاتر لەناوچەی ژێر دەستەڵاتی خۆیدا بمێنێتەوە.
ئەم ئەگەرانەیش بەدوور مەبینن؛ چونکە هەر ئەوەندەتان زانی، یەکێتی بۆ رادەستکردنی نەوت و غازی ژێر دەستەڵاتی خۆی، لەگەڵ حکومەتی عێراقدا رێکەوت، هەروەک چۆن لەدوای ریفراندۆمە فشەکەوە، بۆ رادەستکردنی (٥١٪)ی خاکی باشووری کوردستان، لەگەڵیدا رێکەوت.


883 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2022-03-16
زۆرترین خوێندراو
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.