هەواڵ

دكتۆر یوسف القرضاوی كۆچی دوایی كرد

دكتۆر یوسف القرضاوی له‌ته‌مه‌نی 96 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، خوای گه‌وره‌ لێی خۆشبێت و به‌به‌هه‌شتی شاد بكات

 دكتۆر یوسف قەرزاوی :
یوسف قەرزاوی لە ساڵی 1926 لە گوندی سەفەت توراب لە ناوچەی مەحەلەت كوبرای سەر بە پارێزگای غەربییە لە میسر لەدایكبووە. گوندەكەی بەوە ناسراوە دوایین هاوەڵی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەربێت) بەناوی عەبدوڵڵا بن حارس ئەلزوبەیدی لە میسر لەوێ نێژراوە.
یوسف قەرزاوی لە تەمەنی 9 ساڵیدا قورئانی پیرۆزی بە تەجویدەوە لەبەركردووە و یەكێك بووە لەقوتابیەكانی پێشەوا حەسەن باننای دامەزرێنەری ئیخوان موسلیمین.
پەیوەندیی بە پەیمانگەكانی ئەزهەر دەكات و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی تەواو دەكات ، وێڕای رووبەڕووبوونەوەی گوشاری بەردەوام و دەستگیركردنی، بەڵام دووەمی میسر بوو لە دوا قۆناخی ناوەندیدا.
دواتر دەستی بەخوێندن كرد لە كۆلێژی بنەماكانی ئایین لە زانكۆی ئەزهەر، لە ساڵی 1952-1953 بەرزترین كۆنمرەی میسری لەنێو 180 خوێندكار بەدەستهێنا.
ساڵی 1954 مۆڵەتی نێودەوڵەتیی پێدرا بۆ وانەبێژی.
ساڵی 1958 بڕوانامەی دیپلۆم لە پەیمانگای توێژینەوەی عەرەبیی بۆ زمان و ئەدەب.
ساڵی 1960 بڕوانامەی ماجستێر لە تێزی لێكۆڵینەوە لە زانستەكانی قورئان و سوننە لە كۆلێژی بنەماكانی ئاین .
ساڵی 1973 دكتۆرا بە پلەی نایاب و پێدانی پلەی شكۆمەندی یەكەم لە هەمان كۆلێژ لە تێزی زەكات و كاریگەرییەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتییەكان بەدەستهێنا.
د. یوسف قەرزاوی ماوەیەک لە زانكۆ و مزگەوت وتارخوێن و وانەبێژی دەكرد ، دواتر كرایە سەرپەرشتیاری پەیمانگەی ئەئیممە-ی سەر بە وەزارەتی ئەوقافی میسرو پلەكەی بەرزكرایەوە بۆ سەرپەرشتیاری راگەیاندن و چاپەمەنییەكان و كارە هونەرییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی بانگخوازی و ئیرشاد لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیریی ئەزهەر.
ساڵی 1961 گواسترایەوە قەتەر. كرایە راگری پەیمانگەی ناوەندیی ئایین. پەیمانگەكەی لەسەر بنەمای زۆر بەهێز بونیاتنا و بایەخێكی زۆری بە زانستی فەرموودە لەم پەیمانگەیەدا.
ساڵی 1973 دوو كۆلێژی پەروەردەی جیاواز بۆ كوڕان و كچان لە قەتەر دامەزراند. لەوێ بەشی توێژینەوەی ئیسلامی دامەزراند و خۆیشی سەرپەرشتیی دەكرد.
ساڵی 1977 كۆلێژی شەریعەت و توێژینەوەی ئیسلامیی لە زانكۆی قەتەر دامەزراند و تا ساڵی 1990 خۆی راگرییەتی بۆ كۆلێژەكە كرد. لەپاڵ ئەم كارەیدا، پۆستی بەڕێوەبەری ناوەندی لێكۆڵینەوەی سوننە و ژیاننامەی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەربێت) کە سەر بە زانكۆی قەتەرە بەڕێوەبرد.
دکتۆر یوسف قەرزاوی لە سەرەتای ئەزموونی کارکردنی وەکوو وانەبێژی زمانی عەرەبی کاری کردووە، پاشان وەکوو چاودێری پەیمانگای پێشنوێژ و وتاربیژانی میسڕ کاری کردووە، دواتر بووە بە سەرپەرشت و چاودێری چاپکراوە ئیسلامییە ڕۆشنبیرییەکانی ئەزهەر لە میسڕ، هەروەها لە وڵاتی قەتەڕ لە ساڵی 1961 پەیمانگایەکی ئایینی تایبەتی دامەزراندووە و خۆیشی بووە بە بەڕێوبەر و لێپرسراوی ئەو پەیمانگایە، لە ساڵی 1973 پەرەی بە کۆلێج و بەشەکانی پەیمانگاکەی قەتەڕ دا و بەشی کچانیشی کردەوە و بووە بەشێکی سەرەکی لە زانکۆی قەتەڕ، هەروەها لە ساڵی 1977کۆلێجی شەریعە و توێژینەوەی ئیسلامی لە زانکۆی قەتەڕ دامەزراند تاکوو ساڵی 1990بەڕێوبەڕی بەشەکانی بوو، بەهۆی پێگەی زانستی و تواناکانی ڕابەرایەتی زۆرێک لە نێردراو و کۆمەڵە و کۆبوونەوە ئایینی و زانستییەکانی وڵاتی قەتەڕ و میسڕ بووە لە وڵاتانی ئەفریقا نموونەی وڵاتی جەزائیر.
لە ساڵی 2004 دوای دروستبوونی یەکێتی زانایانی ئیسلامی جیهانی وەکوو سەرۆکی یەکێتییەکە هەڵبژێردرا كەخۆی دامەزرێنەری بوو هەروەها بووەتە ئەندام و لێپرسراوی زۆرێک لە ڕێکخراوە زانستی و خێرخوازی و بانگخوازییە عەرەبی و جیهانییەکان نموونەی "کۆمەڵەی زانایانی ئیسلامی مەککە"، "ڕێکخراوی بانگخوازیی ئیسلامی لە خەڕتووم" و "ناوەندیی توێژینەوەی ئیسلامی لە ئۆکسفۆرد".
قەرزاوی یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی نێو مێژووی كۆمەڵەی ئیخوان موسلمین و ڕۆڵی بەرچاوی لە نێو ئەو جووڵانەوەیەدا بینیوە، کاریگەر بووە بە ئیمامی غەزالی و حەسەن بەننا، هەمیشە کەسێکی نێوەندگێر و میانڕە و نوێخواز بووە، هەروەها لە بۆچوون و بڕیارەکانیدا ڕەچاوی بەرەوپێشچوون و گۆڕانکارییەکانی سەردەم کردووە و لەگەڵ بنەماکای ئیسلام گونجاندویەتی و نوێکاری لە زۆر بواردا کردووە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ بنەماکانی ئایینی ئیسلامدا بگونجێت.
هەر لەبەر ئەم هۆکارانە زۆرێک لە بڕیار و فەتوا فیقهی و ئایینییەکانی مشتومڕی زۆری لەسەر کراوە، زۆر لایەن دژایەتیان کردووە.
هەر لە قۆناغی ئامادەییەوە بووەتە ئەندامی ئیخوان موسلیمین لە میسڕ، بەوهۆیەوە لە سەرەتاکانی ساڵی ١٩٤٩ چەندان جار ڕاپێچی زیندان کراوە، لە ساڵی 1954 بەر لێشاوی گرتنی ئەندامەکانی ئیخوان کەوت و لەلایەن حکوومەتەکەی جەمال عەبدوولناسڕەوە دەستگیر کراوە.
هەر لە سەرەتای شەستەکانەوە زۆرێک لە کتێب و بیروبۆچوون و بەرهەمەکانی بوونەتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بۆ جیهانی ئیسلامی و توێژەران و زانستخوازانی ئیسلامی، بەشداربووە و ڕۆڵی گرنگی بینیوە لە بنیاتنان و دامەزراندنی زۆرێک لە دامەزراوە ئیسلامی و زانستی و خێرخوازیی ئابوورییەکانی جیهان.
بەهۆی پاڵپشتی کردنی جووڵانەوەکانی فەڵەستین و هەڵوێستەکانی دژی ئیسڕائیل، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەڕەنسا بۆ چەندان ساڵ ڕێگریان لێ کردووە کە سەردانی وڵاتەکەیان بکات، هەروەها لە وڵاتی میسڕ بۆ ماوی 31 ساڵ ڕێگریان لە وتاردانی کرد، هەریەک لە ئیماڕات و سعوودیە و میسڕ دژایەتییەکی زۆری بڕیارەکانیان کردووە.
لە ساڵی 2011 تەنها دوای چەند ڕۆژێک لە هەرەسهێنانی دەسەڵاتەکەی حوسنی موبارەک توانی وتاری هەینی لە "مەیدانی تەحریر"ـی قاهیرە بۆ خۆپیشاندەران بدات و هەمیشە لەگەڵ شۆڕشگێڕانی میسڕ بووە، بۆیە هەڵوێستی هەبوو بەرانبەر بەهاری عەرەبی و شۆڕشەکانی لیبیا، تونس، یەمەن و سووریا، هەروەها پاڵپشتی خۆپیشاندەران و شۆڕشگێرانی وڵاتانی عەرەبی کردووە و دژی ڕژێم و دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکانی وڵاتانی عەرەبی و هەڵوێستەکانیان بووە.
ئه‌مڕۆ (26/9/2022ز) له‌ته‌مه‌نی 96 ساڵیدا كۆچی دووایی كرد. 

541 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2022-09-26
زۆرترین خوێندراو
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.