هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، یان ئاردی ناو دڕک؟!
بەدەرهاویشتەی شکستی ئیسلامییەکانی کوردستان دادەنرێ؛
هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، یان ئاردی ناو دڕک؟!
ئەندازیار رابەر مەعروف
لەدوای رووخاندنی رژێمی بەعس و زاڵبوونی ئەمریکای داگیرکار لەعێراقدا، ئیسلامییەکانی کوردستان بیریان لەوە کردەوە، چۆن لەگەڵ ئەو واقیعە نوێیەدا هەڵسوکەوتبکەن و بەردەوامبن. چەندین ئەگەرو پێشنیاز تاوتوێکران، هەندێکیان کە پێشڕەوانی جیهادی بوون لەکوردستاندا، خۆیان یەکلاییکردەوە بۆ دژایەتیی داگیرکار، پاشان چوونە ناوچە سونییەکەی عێراق و بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەردەوامبوون لەجیهادکردن و دەیان زەبری جەرگبڕیان بەهێزەکانی داگیرکارو کلک و ئەڵقەلەگوێکانیان گەیاند، ئەوانەیش کە کۆچیانکردبوو بۆ وڵاتانی تر، بەهەمان شێوە زۆربەیان بەردەوامبوون لەسەر کارو چالاکیی خۆیان و پاشەکشەیان لەو بنەمایانە نەکرد، کە بۆ گۆڕانکاریی بڕوایان پێیهەبوو، بەڵام ئەوانەی وەک پارت و رێکخراو لەواقیعی کوردستاندا مانەوە، دەستیانکرد بەپێداچوونەوەی پەیڕەوو بەرنامەی ناوخۆییان -بەداخەوە زۆربەی گۆڕانکارییەکان بەمەبەستی خۆ شلکردنەوەو ناسکبوونەوەیان بوو- تا پارتە دەستەڵاتدارەکانی کوردستان و لەسەرووی ئەوانیشەوە هێزی داگیرکار رازیبکەن، بۆئەوەی رێیانپێبدەن لەکارو چالاکیی خۆیان بەردەوامبن، لەبەرئەوە بەشداریی پرۆسەی سیاسیی عێراق و کوردستانیان کردو لەهەموو هەڵبژاردنەکانی: ئەنجومەنی نیشتیمانیی عێراق، پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی پارێزگاکاندا بەشداربوون، سەرەڕای ئەوەی ناوبەناو لەحکومەتەکانی کوردستان و عێراقیشدا بەچەندین وەزیرو پلەکانی خوارووتر بەشدارییانکرد. پاشان بەتەواوی ئامانجەکەیان گۆڕی و -تەنانەت لەناو هەمان حزبیشدا، بۆ وەرگرتنی پۆست و بەدەستهێنانی پارەی زیاتر بۆ کەسانی باڵی خۆیان- دەستیانکرد بەململانێی یەکتری، نەک بەمەبەستی: کارکردن و بەرگریکردن لەئیسلام و بەرهەڵستیکردنی ئەو هێرشە ناڕەوایانەی، کە لەدەزگاکانی حزبە دەستەڵاتدارو بێدەستەڵاتە عەلمانییەکانەوە دەکرانە سەر ئیسلام و هەر رۆژەی بەناوێکەوە پەلاماری بەشێکی ئیسلامیان دەداو کێشەیەکی تریان بۆ بانگخوازو چالاکوانانی ئیسلامی دروستدەکرد.
• بانگەشەی جیاکردنەوەی دەعوەو سیاسەت:
بەشێک لەوانەی لەساڵانی پێشووتردا، هەر جارەو بەشێوەیەک، کە لەگەڵ واقیعەکەیاندا بگونجێت، خۆیان پێناسەدەکرد، کە لەساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، وەک؛ سەلەفیی جیهادی خۆیان دەناساندو لەڕادیۆی راپەڕینەوە، کە زمانحاڵی بزووتنەوەی راپەڕینی ئیسلامی بوو، سەدان جارو بەبێ مۆسیقا، چەندین سروودی جیهادی و حەماسیی هاوشێوەی ئەمەی خوارەوەیان لێدەدا، کە دەڵێت:
جۆشی سەندووە خەباتمان، شەپۆلی خوێنی دەوێ!
راپەڕینی سەرتاسەریی خاوەن بەڵێنی دەوێ!
ئەو شۆڕشەی خستۆتەگەڕ، سێکوچکەی ئاگردانێکە
خەباتی نوح، سەبری ئەیوب، خەوی بێنوێنی دەوێ
لەسەر مینبەری مزگەوتان، وێنەی بت هەڵواسراوە
سەدەی بیستیش ئیبراهیمێکی بتشکێنی دەوێ!
وێڵن لەدوای بەرنامەیەک مافی هەموو چەوساوەکان
مافی هەموو ونبووانی بێسەروشوێنی دەوێ …تاد.
پاشان وازیان لەم ناونیشانە هێنا، هەروەها لەدوای هاتنی ئەمریکای داگیرکاریش خۆیان وەک؛ کەسانی دیموکراسیخوازو عەلمانیی پلە یەک ناساند. ئەمانە وەک وتە کوردییەکە دەڵێت: "کەری ناو جۆگە بوون، لەهەردوولا دەیانخوارد".
دەمڕاستانی تاقمی بانگەشەکار بۆ جیاکردنەوەی دەعوەو سیاسەت –کە لەڕاستیدا دەمیان زۆر خوارە- بۆ یەکەمجار لەناو یەکگرتوودا، دەستیانکرد بەجموجوڵ و دروشمەکەیان بەرزکردەوە، دواتر لەچەندین: کۆڕ، سیمینارو مێزگرددا، هەروەها لەکۆنگرەکانی یەکگرتوویشدا ئەم دروشمەیان دووبارەدەکردەوە: "پێویستە دەعوەو سیاسەت لێکجیابکرێنەوەو وشەی ئیسلامی لەیەکگرتوو بکرێتەوە". چونکە ئەو وشەیەیان لێبووبوو بەکۆڵێکی قورس و نەیاندەزانی چۆن خۆیانی لێڕزگاربکەن، لەڕاستیدا دەستەڵاتدارەکانی یەکگرتوویش حەزیاندەکرد وشەی ئیسلامی لاببەن، بەڵام دەیانوت: لەبەرئەوەی لایەنی تر وشەی ئیسلامی بەکاردەهێنن، ئەمە گرفتمان بۆ درووستدەکات و زیانمان پێدەگەیەنێت، پاشان خەڵکی تەنها ئەوان وەک؛ ئیسلامی دەناسێت نەک ئێمە، کەواتە: باشتروایە ئەو وشەیە لانەبەین –یەکگرتوو؛ ئەم وشەیە بەکاردەهێنن بۆئەوەی موسوڵمانانی پێبخەڵەتێنن، نەک لەپێناوی بەدەستهێنانی رەزامەندیی خوادا بێت- بەڵگەنەویستە یەکگرتوو وەک کرمە لیقە وایە، ئەمەیش وایکرد، کە هیچ شتێکی ئەوتۆ بەرانبەر بەو تاقمە نەکەن و بەهەڵوێستێکی جیددی وڵامیاننەدەنەوە، بەڵکو؛ لێرەو لەوێ شێوەیەک لەمنجەمنج و بۆڵەبۆڵ وەک؛ بەرهەڵستیی ئەم تاقمە دەبیستراو هیچی تر. ئەمانە دوای ئەوەی، کە بۆ ماوەی ساڵانێکی دوورودرێژ ئیخوان بوون و بانگەشەیەکی تریان دەکرد، هەروەها بەحسابی درۆی خۆیان؛ بڕوایان: بەهێنانەوەی حوکمی ئیسلامی و چەسپاندنی شەریعەت، دامەزراندنی دەوڵەت و تەنانەت هێنانەوەی خیلافەتی ئیسلامییش هەبوو، کەچی ئەمڕۆ دەیانبینین تازە بەسەری سپییەوە -وەک؛ موحەممەد رەئوفی خوانەناس و هاوکارەکانی- کەوتوونەتە بڵاوکردنەوەی بیربۆچوونە ژەهراوییەکانیان لەدژی ئیسلام، ئەم کاکە حەمەیە وتەی وای هەیە، بەتەواوی بۆنی کوفری سوتاوی لێدێت -پێویستناکات لێرەدا ئاماژە بەوتەکانی بدەین، چونکە زۆر سواون و نرخیان نەماوە- ئەمە؛ بوو بەوەزیری بازرگانی لەحکومەتی هەرێمداو هیچ چاکسازییەکی پێنەکرا، تا ئێستا لەهیچ دەزگایەکی راگەیاندنی: بینراو، بیستراوو نوسراودا باسنەکراوە ئەم کەسە تەنها کارێکی هەبووبێت، کە شایستەی ئاماژەپێکردن بێت، لەسەردەمێکدا کە ئەم وەزیری بازرگانی بوو، هەرچی خۆراکی بەسەرچووبوو دەهێنرایە کوردستانەوە، جگە لەوەی بۆ خۆی: پارەو سامان، ئۆتۆمبێل، زەوی و دەستکەوتی تری بەدەستهێنا، کەچی دینەکەیشی بەتەواوی فرۆشت و وازیلێهێنا. لەکۆنگرەی پێشووترداو لەنێوان چوار پاڵێوراودا، خۆی بۆ ئەمینداری یەکگرتوو کاندیدکرد، ئەگەرچی لەخولی یەکەمدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام لەخولی دووەمدا لەبەرانبەر موحەممەد فەرەجدا شکستیهێنا، ئیتر زانی هیچی بۆ ناکرێ و لەوەی کە هەیەتی زیاتری دەستناکەوێت، بەپێچەوانەوە دەبێت هاوکاریی یەکگرتوویش بکات، پاشان لەگەڵ هاودیدەکانیدا هەوڵیاندا لەشوێنێکی تردا کوفرەکانیان بچەسپێنن، دیارە بەو شێوەیەی ئەوان دەیانویست، زەمینەی یەکگرتوو لەبارنەبوو. هەروەها بەشێوەیەکی لاوازترو بەتەریبی ئەمان، ئەم تاقمە لەناو کۆمەڵدا سەریانهەڵداو لەکاتی ئامادەکاریی بۆ کۆنگرەی پێشووتریان، بەدەنگێکی نزمترو شەرمنانەتر داوای جیاکردنەوەی دەعوەو سیاسەتیان دەکردو لەهەندێک کەناڵی راگەیاندندا ئاماژەیان بۆ ئەمە دەکرد، پاشان بۆ کۆنگرە بەشێوەیەکی تر، ئەمەیان پێشنیازکرد، کە بەناوی بەدامەزراوەییکردنی کۆمەڵی ئیسلامییەوە، دەیانویست بەجۆرێکی تر خۆیان نمایشبکەنەوە، بەڵام؛ دواتر بۆیان دەرکەوت کە لەوێدا ناتوانن داواکارییەکانیان بچەسپێنن، بۆیە لەدوای کۆنگرەدا خۆیان وەک کەسانی ناڕازی و بۆڵەبۆڵکەر دەناساند، لوتکەی ناڕەزایی و دەرکەوتنیان لەکاتی دیاریکردنی عەبدوستار مەجیددا بوو بۆ وەزیری کشتوکاڵ لەکابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمدا، بەشێک لەمانە بەئاراستەکردنیان لەلایەن ئارام قادرەوە، دەستیانکرد بەدەربڕینی ناڕەزایی و کۆکردنەوەی لایەنگرانیان بۆ دژایەتیکردنی هەڵبژاردنی ناوبراو، لەکاتێکدا لایەنگرانی ئارام قادر لەسەرەتای هەڵبژاردنەکانی ساڵی (٢٠٠٥ز)ی عێراق و کوردستانەوە، زۆرترین پۆستیان لەکوردستان و عێراقدا وەرگرتبوو، هەروەها رێژەیەکی زیاتریان لەبزووتنەوە دێرینەکانی ناو کۆمەڵ، لە: ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی پارێزگاکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیشدا، پێدرابوو -لەکاتێکی ترداو لەبوارێکی تەرخانکراودا، ئەم رێژەیە زیاتر رووندەکەینەوە (ان شاء الله)-. ئارام قادر لەهەڵبژاردنی خولی سێیەمدا، پاڵێوراوی کۆمەڵ بوو بۆ پەرلەمانی کوردستان، کە دواتر کرا بەسەرۆکی فراکسیۆنەکەیان، لەکاتێکدا کۆمەڵ لەسەردەمی ئەودا، تەنها (٤) پەرلەمانتاری هەبوو، چونکە دەنگەکانیان کەمیکرد، بەهۆکاری ئەوەی لەگەڵ: یەکگرتوو، حسدک و حزبی ئایندەی قادر عەزیزدا بەلیستێکی هاوبەشی داخراو بەشداریی هەڵبژاردنەکەیان کردبوو، لەکاتێکدا کاکە ئارام لەو پەرلەمانە کارتۆنییەدا، هیچ کارێکی ئەوتۆی ئەنجامنەدا، کە شیاوی باسکردن بێت، جگە لەوەرگرتنی: پارە، ئۆتۆمبێل، زەوی، ئیمتیازاتی تر، خانەنشینی، هەروەها ئەنجامدانی گەشت بۆ وڵاتانی تر لەسەر حسابی پارەی دزراوی خەڵکی کوردستان، ئەمیش وەک هاوڕێ سەرسپییەکەی، نەمانبینی تەنها هەڵوێستێکی هەبێت، کە جێگەی شانازی بێت، جگە لەوەی بەهۆی داواکاریی زۆری قوتابیانی کۆمەڵ، بەڵێنیدابوو، وەک پەرلەمانتار، کە پارێزبەندیی یاسایی هەبوو، بەشداریی لەخۆپیشاندانێکی شاری هەولێردا بکات، بەڵام بەهەموو جورئەت و توانای خۆیەوە، نەیوێرا چەند خولەکێک بەشداریی خۆپیشاندانەکە بکات و خۆی رابگرێت، چونکە لەلایەنی ئەندامانی پارتییەوە، ئۆتۆمبێلە نازدارەکەی بەرشەقدرا، ئەویش بەپەلە رایکردو قوتابی و خۆپیشاندەرانی بەجێهێشت و ئەو بەڵێنەیشی نەهێنایەدی، ئێستا زۆر سەیرە ئەمانە داوای چاکسازی و گۆڕانکاری دەکەن، لەکاتێکدا ئەمە سەنگ و جورئەتیان بێت. لەم ساڵانەی دواییشدا ئەم و موحەممەد رەئوف زیاتر لەیەکتری نزیکبوونەوە، چونکە کاتی خۆی لەئیخوانیشدا لەیەک باڵدا بوون، بەڵام موحەممەد رەئوف ئەو کاتەیش کە زانی -لەهێڵی دووەمی ئیخواندا، کە لەمێژووی (١٩٩٢/١١/٢٢ز)دا بەناوی بزووتنەوەی راپەڕینی ئیسلامی لەکوردستان/ عێراق خۆی راگەیاند- هیچی دەستناکەوێت، هاوڕێ دێرینەکانی بەجێهێشت، پاشان خۆی کرد بەناو هێڵی یەکەمی ئیخواندا -کە ئەمانیش لەمێژووی (١٩٩٤/٢/٦ز)دا بەناوی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانەوە خۆیان راگەیاند- دڵنیابوو لەوێ ئیمتیازاتی زیاتری دەستدەکەوێت، چونکە باری دارایی ئەمان زۆر باشتربوو، لەلایەن ئیخوانی نێودەوڵەتییەوە قبوڵکرابوون و هاوکاریدەکران. هەروەها موحەممەد رەئوف و ئارام قادر؛ لەدوای بوون بەوەزیرو پەرلەمانتار، دەوڵەمەندبوون و حەزیان لەکاری ئیسلامی نەماو بەدوای بیانوویەکدا دەگەڕان، بۆئەوەی خۆیانی لێدووربخەنەوە، ئەمانە لەحزبەکانیاندا پلەو پۆستی بەرزیان هەبوو، لەڕاستیدا ئەوەی هەیانبوو، لەقەبارەو سەنگی خۆیان زۆر زیاتریش بوو، چونکە ئاشکرایە شایستەی ئەوەیش نەبوون، پاشان خۆیان بەناو قومارخانەکەی بەرهەمدا کرد.
• دامەزراندنی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری:
ئەو کەوڵەی پێشتر لەبەریانکردبوو، لەگەڵ ئەو دەمامکە درۆیینەی لەسەریانکردبوو، لەم قۆناغەدا بەتەواوی فڕێیاندان، بەهۆکاری ئەوەی کە متمانەیان بەخۆیان نەبوو، بتوانن ببنە کەسی یەکەم -چونکە هەستیان بەبودەڵەیی خۆیان دەکرد- بەناچاری خۆیان دایە پاڵی بەرهەم ساڵح، کە ئێستا لەناو کورددا بە (د. بێحورمەت) ناسراوە، ئەمیش هەمان کێشەی ئەوانی هەبوو، چونکە یەکێتی بەتایبەتی ماڵی جەلال تاڵەبانی، لەخولی پێشوودا نەیانهێشت ببێت بەسەرۆک کۆماری عێراق و فوئاد مەعسومیان بۆ ئەو پۆستە دیاریکرد، ئەمیش بەناچاری خۆی لەیەکێتی تۆراندو بەدوای هەلێکدا دەگەڕا، کە خۆی بەشێوەیەکی تر نمایشبکاتەوە، ئەم قاپە سەرقاپەکانی خۆیی زۆر بەباشی دۆزییەوە، کە ئارام قادرو موحەممەد رەئوف بوون، هەرسێکیان هەمان دەردیان هەبوو، وەک پەندە عەرەبییەکە دەڵێت: (الطیور علی أشکالها تقع). کوردیش دەڵێت: "تەیری گول عاشق بەداری ژەقنەمووتە". لەپاش چەندین کۆبوونەوەی نهێنی پاشان ئاشکرا، کەلاوەیەکیان بەناوی: هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری دامەزراند، کە سەرەنجام بەرگەی ساڵێکی نەگرت و بوو بەئاردی ناو دڕک –لەکوردیدا ئەگەر شتێک زۆر پەرتەوازەبێت، پێیدەڵێن: ئاردی ناو دڕک- ئەم دوو کەسە سەرسپییە، کە بەحساب خۆیان زۆر بەعاقڵ و سیاسی و شارەزا دەزانن، کەچی بەرهەمە سەرلووس، بردنییە سەر ئاو، پاشان ئاوی نەدانێ و هێنانییەوە، دواتر ئامانجەکەی خۆیشی بەهۆی ئەمانەوە پێکاو ئەوەی ویستی، کە پۆستی کارتۆنیی سەرۆک کۆماری عێراق بوو، پێیگەیشت.
ئەگەر ئارام و کاکە حەمە، بەکۆمەڵێک موسوڵمانی جیددی و خواویست، ساڵانێکی دوورودرێژ نەیانتوانیبێت گۆڕانکاریبکەن، ئایا لەمەودوا بەکۆمەڵێک کەسانی: بەرژەوەندیخواز، بێمەبدەءو خوانەناسی وەها، کە هەریەکەیان بەچەند سەد دۆلارێک خۆی دەفرۆشێت، دەتوانن چ چاکسازی و گۆڕانکارییەک بکەن؟! نزیکەی (١٥) ساڵ لەمەوبەر، کەسێک کە ئێستا هاودیدی کاکە ئارامە، وتی: ئارام قادر لەجیاتیی ئەوەی بڵێت: (ئاخر)، دەڵێت: (ئاخوڕ!)، ئەوەی جێگەی سەرنجە؛ دوای ئەو ماوە زۆرە –تەنها خوا دەزانێت چەندێک لەپێشتریش، ئەمەی بەهەڵە بەکارهێناوە- کەچی لەکۆتا چاوپێکەوتنیدا، لەبەرنامەی رووداوو مێژووی کەناڵی (NRT)، کە تا ئێستا ئەڵقەی دووەمی(*) پێشکەشکراوەو کۆتایینەهاتووە، بینیم بەهەمان شێوەی پێشتر، ئاخوڕ لەسەر ئاخوڕی بۆ هاودیدەکانی هەڵدەبەست. دەپرسین: باشە کەسێک لەو ماوە زۆرەدا، نەیتوانیبێت تەنها وشەی (ئاخوڕ)ەکەی سەر زمانی راستبکاتەوە، ئایا دەبێت چاوەڕوانیی چ گۆڕانکاریی و چاکسازییەکی تری لێبکرێ؟!
دوای ئەوەی بەرهەم بەرژەوەندیی لەوەدا بینییەوە، کە خۆی بکاتەوە بەماڵە چەورەکەی یەکێتیدا، سەرەنجام پولێکی قەڵبی بەئەماندا نا، ئەوەیشی ئەمان هیوایەتیان بوو لەژێر سایەی ئەودا بەدەستیبهێنن، لەبندەستی دەرهێنان. لەهەڵبژاردنی ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، هاودیدە ناسکەکانی هاوپەیمانی بەهەموو توانای خۆیانەوەو بەهاوکاریی بەرهەمیش، توانییان تەنها (٢) کورسی بەدەستبهێنن، پاشان ویستیان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بەشدارییبکەن، بەڵام بەرهەم زۆریلێکردن و بەبێوەرگرتنی بۆچوونی هاودیدان، وەک؛ موحەممەد رەئوف دەڵێت: بڕیاریاندا لەو هەڵبژاردنەدا بەشدارینەکەن –ئەمەیش باشترین بەڵگەیە، کە هاوپەیمانییەکەیان زۆر دیموکراسی بووە!- بەمەیش زەبرێکی جەرگبڕیان بەرکەوت، چونکە ئەم نازدارانە تەنهاو تەنها هیوایەتیان هەڵبژاردن بوو، کاتێک کەسێکیان بۆ ناو حزبەکەیان بانگدەکرد، دەیانوت: دەتپاڵێوین بۆ ئەم هەڵبژاردنەی داهاتوومان، بەڵام بەرهەم ئەو خەونەی لەباربردن و بەهۆی بودەڵەیی ئارام و کاکە حەمەوە، نەیهێشت بەشدارییبکەن، هەروەها مەرجەکەی بافێڵی جەلال تاڵەبانیی بەسەردا سەپاندن: "کە پێویستە هاوپەیمانی بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکات، ئینجا یەکێتی بەرهەم دەپاڵێوێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق". سەرەنجام بەرهەم بەئاواتەکەی خۆی گەییشت، ئەمانی بەجێهێشت و خۆیی گەیاندە کۆشکی کۆماریی عێراق، هەروەها ئەو دوو پەرلەمانتارەیش، کە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانی بوون، هەڵگیران و ناوبراو لەگەڵ خۆیدا بردنی، بارەگاکانی هاوپەیمانی لێسەندنەوەو دەستیگرت بەسەر کەلوپەلەکانی ناویاندا، تەلەفزیۆنەکەیانی داخست، پێگەی ئەلیکترۆنیی سەرەکییشیان کە (خەندان) بوو، بەهەمان شێوە دەستیبەسەرداگرت و کردییەوە بەبڵندگۆی خۆی.
• هاوپەیمانیی نیشتیمانی:
کاتێک بەرهەم هاودیدە کۆنە ئیسلامییەکانی بەتەنها بەجێهێشت، پاشان داوایلێکردن هاوپەیمانییەکە هەڵبووەشێننەوە، دیارە ئەوانیش رازینەبوون، دواتر داوایلێکردن ناوەکەی بگۆڕن، ئەوانیش لەدوای ئەوەی چلەیان چوو –وەک وتەبێژە نوێیەکەیان؛ بەناوی عوسمان گوڵپی وتی- دەستیانکردەوە بەکۆبوونەوەو بڕیاریاندا ناوەکەی بگۆڕن، تەنانەت لەترسی یەکێتی، نەیانوێرا لەسلێمانی کۆببنەوە، دواتر بەناچاری چوونە ژێر باڵی پارتییەوەو لەهەولێر کۆبوونەوە گشتییەکەیان –وەک خۆیان وا ناویدەبەن- ئەنجامداو ناوەکەیان گۆڕی بۆ هاوپەیمانیی نیشتیمانی: (التحالف الوطني أو الوثني). ئاشکرایە وشەی نیشتیمان زیاتر لەدوای هاتنی ئیستیعمارەوە بۆ جیهانی ئیسلامی، سەریهەڵداوەو لەجێگەی وشەی دارولئیسلام بەکاردەهێنرێ، چونکە ئەمانیش بەکاریگەریی ئەمریکای داگیرکارو لەترسی ئەوان لەئیسلام دوورکەوتوونەتەوە، کەواتە: ناوەکەیان پڕ بەپێستی خۆیانەو کەوڵێکی نوێی باشیان لەبەرکردووە، وەک؛ زیندەوەری حەربا، ئەم جارەیش توانییان لەگەڵ کەشوهەوای واقیعە نوێیەکەیاندا، بەباشی رەنگی خۆیان بگۆڕن. پێش گۆڕانکاریی لەناوەکەیدا هاوپەیمانی دوو لەت بووبوو، بەڵام لەدوای کۆبوونەوە گشتییەکەیان بەتەواوی پارچەپارچەبوون، بەشێک لەهەڤاڵەکانی بەرهەم، کە پێشتر هاودیدی ئەمانە بوون و پاشان چوونەوە سەر رێچکە کۆنەکەیان، بەیاننامەیەکیان دەرکردو رایانگەیاند: "ئەو کۆبوونەوەیە شەرعییەتی نییەو کەمینەیەک مافی ئەوەیان نییە گۆڕانکاریی لەناوو سەرۆکی هاوپەیمانیدا بکەن، چونکە هاوپەیمانی هەڵوەشێنراوەتەوە". ئاشکرایە هاوپەیمانی پێکهاتبوو لەکۆنە: یەکێتی، نەهزە، یەکگرتوو هەندێک کەسانی تر، لەدەستەی دامەزرێنەراندا کۆنە ئیسلامییەکان بەتەنها (٣) کەس لەکۆی (١٤) کەس بەشداربوون، کە نزیکەی لە (٢١%)یان پێکدەهێنا، لەئەنجومەنی بەڕێوەبردنیشدا بەتەنها (٢) کەس لەکۆی (١٥) کەس بەشداربوون، کە نزیکەی لە (١٣%)یان پێکدەهێنا. هەروەها عەلی کەریم موحەممەد -کە پێشتر یەکێک بوو لەئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن- لەو کاتەدا وتی: "لەئێستادا، هاوپەیمانی بووە بەچوار پارچەوە". کەواتە: دەستەواژەی ئاردی ناو دڕک، بەتەواوی شایستەیانەو هیچ لایەنێکی تر لەم رووەوە ناتوانێت ململانێیان لەگەڵدا بکات.. لەسەرجەمی پارت و رێکخراوەکانی کوردستان ئەوەی ئاگاداربم، تەنها م. سەلاحی ئەمینداری یەکگرتوو، بەهۆی ئەم گۆڕانکارییەی دواییانەوەو بۆ نیفاقی سیاسی، پیرۆزبایی -دوورکەوتنەوە لەئیسلامی- لێکردن. ئاشکرایە ئەمە ئەو پەڕی دووڕووییە، چونکە لەو کاتەوەی ئەم ئارام و کاکە حەمەیە لەهێڵی دووی ئیخوان و پاشان لەنەهزەدا بوون، بەهیچ شێوەیەک م. سەلاح چارەی نەدەویستن، پاشان کە لەم دواییەدا کاکە حەمە جارێکی تر خۆی لەیەکگرتوو تۆراندەوە، بەتەواوی یەکگرتوو لێیتوڕەبوون و بەبێنرخ و بێسەنگ باسیاندەکرد، تەنانەت لەکەناڵی رووداودا، حاجی کاروان وتی: "موحەممەد رەئوف؛ خێزانەکەی خۆیشی پشتگیرییناکات". واتە: هیچ قورساییەکی نییەو زۆر سووکیشە.
• قۆناغی سفوربوونەوەیان:
کەواتە: لەکۆتاییدا کاکە ئارام بەئاواتەکەی خۆی گەیشت و بوو بەپادشای عەرشی کەلاوەی لاوازترین و بێنرخترین پارت، بەناوی هاوپەیمانیی نیشتیمانی. دەیانەوێت وا خۆیان دەربخەن کە شتێکی نوێیان داهێناوەو پێشتر هیچ کەس و لایەنێکی تر عەقڵی بەوە نەشکاوە: بەناو موسوڵمان، خاچپەرست، یەزیدی، کاکەیی، زەردەشتی،…تاد. کۆبکاتەوەو بڵێت: جیاوازیی لەنێوان: مزگەوت، کڵێسا، لالش و پەرستگەکانی تردا نییە. ئەمانە زۆر جاهیلن و جەهلی مورەکەبیشیان هەیە، ئایا نازانن زۆر دەمێکە پارتی ئەو هەنگاوەی ناوەو یەکەمین لایەنی سیاسییە لەکوردستاندا، کە توانیویەتی زۆرترین: کافر، مورتەد، بەناو موسوڵمانی گێل، خاچپەرست، یەزیدی، کاکەیی، زەردەشتی …تاد. لەناو حزبە خێڵەکییەکەی بارزانیدا کۆبکاتەوە؟! نەک هاوپەیمانییە شەقوشڕەکەی ئارام و کاکە حەمە، کە سەریان لەبەر خۆردا سپیکردووە نەک لەئیسلامدا. ئەمانە ئەگەر تۆزێک عەقڵیان هەبووایە، ئەو پارەیەی لەکاتی پەرلەمانتاری و وەزیرییاندا دەستیانکەوتبوو، بەحەیای خۆیانەوە دادەنیشتن و دەیانخوارد، جارێکی تر: سفورنەدەبوونەوە، خۆیان زیاتر سوک و ریسوا نەدەکردەوە، نەدەبوون بەجێگەی گاڵتەجاڕی و نەفرەتی موسوڵمانان. گومانی تێدانییە ئەمانە زۆر شکستخواردوو سەرلێشێواون، چونکە لەکۆتایی تەمەنیاندا بوون بەپیری ئاخرشەڕو وازیان لەئیسلام هێناوەو هەڵگەڕاونەتەوە (خوا پەنامانبدات).
مرۆڤ سەنتەری، یان مرۆڤی سەرسەری؛
وازهێنان لەئایدۆلۆژیاو پەیڕەویکردنی کتێبی گێلەپیاوی عەزیز نەسین:
کاتێک بەرهەم پێشڕەویان بوو، کاکە حەمە –کە دەڵێن: ئێستا وازی لەنوێژکردنیش هێناوە- لەلێدوانێکیدا وتی: "وازمان لەئایدۆلۆژیا هێناوەو لای ئێمە تەنها مرۆڤ سەنتەرە نەک شتێکی تر". ئەمەیش وتەی (جۆن دێوی)یە، کە کەسێکی وەک کاکە حەمەی عاقڵ و لەدونیا تێگەیشتووە! بەڵگەنەویستە ئەمەیش کوفرێکی روونە، کە مرۆڤ بەچەق دابنرێ، نەک شەریعەتی خوای باڵادەست. ئەو مرۆڤەی ئەمانە دەیانەوێت، بەبێ پابەندبوونی بەشەریعەتی خوای بێهاوتاوە بیکەنە سەنتەر، بێگومان کەسێکی سەرسەریی لێدەردەچێت و هەرجارەو شوێنی کەس و لایەنێک دەکەوێت، کە بەرژەوەندیی لەگەڵیدا دەگونجێت، وەک؛ بەرهەم و هەڤاڵە یەکێتییەکانی، ئارام و کاکە حەمەو هاودیدەکانیان. پێشتر کاکە حەمە لەهەولێر؛ بێزاریی خۆیی لەدەنگی بانگی مزگەوتەکەی نزیکیان، لەلای مەلای هەمان مزگەوت دەربڕیبوو! مەلاکەیش پێیوتبوو: سەیرە! جا ئەگەر تۆ وا بڵێیت، دەبێت کەسانی تر چی بڵێن و هەڵوێستیان چۆن بێت.
ئەم جووتەو هاودیدە ناسک و نازدارەکانیان، دەڵێن: "ئێمە وازمان لەئایدۆلۆژیا هێناوەو هاوپەیمانییەکەمان خاوەنی هیچ ئایدۆلۆژیایەک نییە". باشترین پێشنیاز کە ئاراستەیان بکرێ ئەوەیە: کتێبی (گێلەپیاو)ی عەزیز نەسینی نوسەری تورک، بکەن بەپەیڕەوی ناوخۆیی خۆیان، چونکە مێژووی ژیانیانی بەڕوونی تێدا دەخوێننەوەو زۆر بەسوودە بۆیان، ئاشکرایە عەبدوڵڵای حەسەن زادە، لەفارسییەوە بەکوردییەکی رەوان ئەم کتێبەی وەریگێڕاوەو ئەمانیش دەتوانن زۆر بەباشی لێیتێبگەن، چونکە دیارە لەو پەیامە بەرزو پیرۆزەی خوای بێهاوتا تێنەگەیشتن و شایستەی ئەوە نەبوون لێیتێبگەن، بۆیە سەرەنجام وایان بەسەرهات.
......................................................
- (*) لەمێژووی ئامادەکردنی ئەم بابەتەدا، تەنها دوو ئەڵقەی دیدارەکە لەگەڵ ئارام قادردا بڵاوکرابوویەوە.
- تێبینی: ئەم بابەتە لەگۆڤاری دیدڕوونی، ژمارە (٢)ی رەبیعی یەکەم و دووەمی ساڵی (١٤٤٠)ی کۆچیدا بڵاوکراوەتەوە، ئەمەی خوارەوەیش بەستەری بابەتەکەیە لەگۆڤاری ناوبراودا:
https://dorbeen.co/librarydetail.aspx?TypeID=11
|