بیروڕا

مامۆستا کرێکار؛ هێمای عەقیدەی پۆڵایین، زانستی زێڕین و گیانفیدایی بۆ ئایین

ئا: پێگەی دووربین

وا پێنج دانە ساڵی ڕەبەقە چاومان لەشاشەی مۆبایل و لاپتۆپەکانمانە، بۆ یوتیوب، فەیسبوک و تێلیگرام دەڕوانین و چاوەڕوانین سیمایەکی نورانی و ڕیشێکی سپیبوو لەڕێی: زانست، عەقیدەو جیهاددا، بەبزەیەکی ئاوێتەی میهرەبانی و دڵسۆزییەوە دەرکەوێتەوە، لەپاش سەناو ستایشی خوای گەورەو سڵاوات ناردن بۆ گیانی پاکی پێغەمبەری ئازیزمان (صَلَّى اللهُ عَلَيهِ وَسَلَّم)، بەمێژووی کۆچیی مانگی و زایینیمان بۆ بخوێنێتەوەو دەرسێکی نوێمان پێبڵێتەوە.. چاوەڕوانی پیاوێکین کە بەوتەی زێڕین، گوفتاری شیرین، پێنووسی ڕەنگین و لەهەمووی گرنگتر کرداری سادقانە، خواویستانەو سەنگینی، زۆرتر عەقیدەو بیری خاوێنی موسوڵمانانەمان فێربکات، لە‌ژێر ڕووناکیی قورئان و سوننەتدا ڕێگەمان بۆ ڕوونبکاتەوەو لەلاڕێکان دوورمانبخاتەوە، فەتوا داوا بکەین و فەتوامان بۆ بدات، ئایەتە پاکە بێگەردەکانمان بۆ تەفسیربکات، کەڵەپیاوانی ئوممەتمان پێبناسێنێت، باسی ئیبنوتەیمییەو سەییدو شێرانی تری ڕێبازی خواناسیمان بۆ بکات، لەمەترسییەکانی کوفرو زوڵم و خوانەناسی بمانترسێنێت، فێرمانبکات چۆن دەروونمان لەنەخۆشییەکان، بژاربکەین و چۆن هەموو ساتەکانمان لە یادی خوای گەورەدا بین.. چاوەڕوانی زانایەکی ستەملێکراوی ئوممەتەکەمانین کە لەسایەی مەنهەجی پاک و پوخت، خوێندنەوەو مودارەسەکردن، زیندان و غوربەتکێشان، پشوودرێژی و کۆڵنەدان، گیان و سامان فیداکردندا بۆ ڕێبازی قورئان، فێرمانبکات چۆن دۆست و دوژمنی خۆمان بناسین، چۆن لێکیان جوێکەینەوە؟ پێمانبڵێت و تێمانگەیەنێت و بۆمان بسەلمێنێت، کە چۆن دیدی نادینی و بیری تاغوتی، دەمانبات بەرەو تیاچوون و قوڕبەسەری و نابووتی. 
چاوەڕوانی موجاهیدێکی ئوممەتین، تا بیر لەژیانی دەکەینەوە، سەرنج لەگوفتارو نووسینەکانی دەدەین و کردارەکانی هەڵدەسەنگێنین، چاکترو پوخت و پتەوتر، بەچیرۆکە سەرسوڕهێنەرەکانی گەورەپیاوان لەمێژووی ئیسلامدا باوەڕدەکەین و دەڵێین: بڕوانە، ئەوە نموونەیەکی زیندووی ئەو چیرۆکە ڕاستەقینانەیە! ئێمە چاوەڕوانی کەسێکین کە بۆ خزمەتکردن بەعەقیدەو ئایین و ئوممەتە ڕەشوڕووتەکەی، وازی لەهەموو دەستکەوتێکی دنیایی هێناوە، مامۆستایەتیی زانکۆی کردە فیدای دڵخۆشکردنی منداڵێکی ڕەشوڕووتی هەڵەبجەیی، سامان و دارایی خۆی لەڕێی خوادا بەخشی، سەری بۆ کەس جگە لە خوای گەورە دانەنەواندو ڕۆژێک لەڕۆژان لە بیروبۆچوونە ڕاست و ڕەواکانی نەهاتەخوارەوەو بۆ هیچ تاغوت و تاغوتییەک، تەنازولی نەکرد.. ئەو پیاوەی ئێمە بۆی دڵتەنگ و چاوەڕوانین، نەک تەنها بە وشەو پێنووس، بەڵکو بە کردارو ڕەفتار، دەرسی جیهادی فێرکردووین و بیری موجاهیدانەی لەدەروون و مێشکماندا پەروەراندووە، خەیاڵی خۆشویستنی تاغوتی لەدڵماندا تاراندووە! چاوەڕوانی گەورە پیاوێکین کە باپیر، خاڵ، مام، دڵسۆزی ڕەشوڕووتان و هەتیوان و یارمەتیدەری کەسوکاری زوڵملێکراوان و شەهیدان و بێوەژنان بوو.. کێ وەکو گەورە موجاهیدی ئێمە خەمی هەتیوان دەخوات؟ کێ وەکو ئەو بەکڕینی سەرپۆشێک و باڵاپۆشێک، بەهەدییەدانی مۆبایلێک و لاپتۆپێک، بەناردنی بڕە‌ پارەیەک با کەمیشبێت، یان هەر نەبێت بەقسەیەکی خۆش، دڵی منداڵە بێنازەکان شاددەکات؟ ئێمە باسی "شێخی زیندان" دەکەین؛ ئەو کەسەی کە یوسف ‌ئاسا، زیندان، غوربەت، ڕەنج و مەینەتییەکانی پەسەندکرد بەسەر ئەوەدا، کە داواکاریی ئافرەتە‌ چەقۆبەدەستەکانی ڕۆژگار –واتە: تاغوتان کە وەک ژنانی دەوری سەیدونا یوسفن- وەڵامبداتەوە کە داوای لێدەکەن هەر نەبێت تەنازولێکی بچوک بکات و ئاوڕێکیان لێبداتەوەو لەتەکیاندا بسازێت و ڕێبکەوێت! ئەی ئەوە نییە چەندین جار سەران و نوێنەرانی هێزی تاغوتی، داوای لێدەکەن مەرجەکانیان وەرگرێت و ئازادانە بژی، بەڵام ئەو مەردانە، ئازایانە، موجاهیدانەو سەرڕاستانە، فەریادی: {رَبِّ السِّجْنُ أَحَبُّ إِلَيَّ مِمَّا يَدْعُونَنِي إِلَيْهِ} هەڵدەدات و هاواردەکات کە ژیانی زیندان و قبوڵکردنی تینوفشارو ستەمی تاغوتان، هەزاران جار پاکترو پیرۆزترە لەفرۆشتنی ديدو دين، خاک، نیشتیمان و تەنازولکردن بۆ خوێنڕێژان و تاغوتان! ئێمە هەروا بەهەوانتەو بەگاڵتەجاڕی بەباڵای کەسدا ناخوێنین، کەس لەئاستی خۆی بەرزترناکەینەوەو سەری بەگەورە دانانیش هەر بۆ پەروەردگاری تاک و تەنهاو پاک دادەنەوێنین؛ بەڵام هەر خوای گەورە خۆی فێری کردووین و فەرمانیپێداوین کە شایەتی ڕاست و ڕەوا بدەین، بۆیە ناترسین و ئەم شایەتییانەی بۆ دەدەین.. بەڵێ ئێمه باسی شەرعناسێکی موجاهیدی بیریاری چاونەترس دەکەین، کە ناوی "کرێکار"ە.


316 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2024-07-15
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.