لاوازی و کێشەکانی ئوممەت و چارەسەرێکی دوو دێڕی.
بەهێزترین سەرچاوە کە لە سیاسەتی شەرعیدا نووسرابێ کتێبەکەی ماوردیە [الأحكام السلطانية]، ڕەحمەتی خوای گەورەی لێبێ، کە یەکێکە لەزانا موعتەبەرو گەورەکانی مەزهەبی شافعی، لە ساڵی 364ی هـ لەدایەکبووەولە 450 وەفاتی کردووە، خاوەنی چەندین بەرهەمی زێڕینە، جا لەسەرەتای ئەم کتێبەدا بە یەک عیبارەتی دوو دێڕی دەستدەخاتە سەربرینی ئوممەتی ئیسلام و خاڵی لاوازی ئەم ئوممەتە دیاریدەکاتو پاشان لێزانانەو بوێرانە ساڕێژی ئەم برین و ئەم دەردە کوشندەیە دەکات و بنبڕیدەکات، ئەمەش دەقی وتەکەیەتی، دەفەرمێ:
[ الٳمامة موضوعة لخلافة النبوة في حراسة الدين وسياسة الدنيا، وعقدها لمن يقوم بها في الأمة واجب بالإجماع] 1.
واتە: ئیمامەت لە جێنشینی نبووەت دانراوە[ یانی چونکە پێغەمبەری نازدار کۆتا پێغەبمبەرە و پێغەمبەری تری بەدوادا نایات، ئەم پێغەمبەرە کەسی یەکەمی وڵاتەو سیاسەتی ئەو ئوممەتە ڕادەپڕێنێ بە شەریعەتی ئیسلام، لەدوای نەمانی ئەم پێغەمبەرەش، ئیمام جێگەی ئەو دەگرێتەوەو سیاسەت و وڵات بەڕێوە دەبات]،ئەم بەڕێوەبردن و تەدبیری کاروبارەش بە کۆبوونەوەی ئومەت لەژێر فەرمانی یەک سەرکردەو یەک ئاڵاو یەک پەیداغدا
یەکەم: بۆ پاراستینی دینەکەیە...
دووەم: بۆ سیاسەتکردنی دونیایە بەو دینە[یانی بەحوکمکردن بە قورئان]، کەوابوو هەڵبژاردنی ئیمام و کەسی یەکەمی موسڵمانان بۆ سەرپەرشتی کردنی کاروباری موسڵمانان و پابەندکردنی خەڵکی بە شەریعەتەوە کارێکی واجبەو کۆڕا[ئیجماع]ی ئوممەتی لەسەرە.
هەڵبەت ئەم ئیجماعە زۆر پتەو و دامەزراوەو ئیمامی نەوەویش لەسەر ئەم پرسەو هاووێنەکانی بەهامان شێوە ئیجماع لە قاضي عیاض نەقڵدەکات.
ئیمامی نەوەی دەفەرمێ: لابد للأمة من إمام يقيم الدين وينصر السنة وينتصف للمظلومين ويستوفي الحقوق ويضعها مواضعها.2
هەرلەبەر گرنگی ئەم پرسەیە کە ئیمامی ابن حزم "رحمە الله" دەفەرمێ:
اتفق جميع أهل السنة وجميع المرجئة وجميع الشيعة وجميع الخوارج علی وجوب الإمامة وأن الأمة واجب عليها الانقياد لإمام عادل يُقيم فيهم أحكام الله ويسوسهم بأحكام الشريعة التي أتی بها رسول الله صلی الله عليه وسلم حاشا النجدات من الخوارج فإنهم قالوا لا يلزم الناس فرض الإمامة وإنما عليهم أن يشاطوا الحق بينهم.3
هەروەها ابن حەجەری هەیثەمی دەربارەی زەرورەتی دانانی ئیمامی موسڵمانان دەفەرمێ: اعلم أيضاً أن الصحابة رضوان الله عليهم أجمعوا على نصب الإمام بعد انقراض زمن النبوة، وقالوا: إنه واجب، بل جعلوه أهم الواجبات حيث اشتغلوا به عن دفن رسول الله صلى الله عليه وسلم.
ئیتر لێرەوە دەزانین کە [سیاسەت و شەریعەت] دوانەیەکی لێکدانەبڕاون و شەرع بۆ ئەوە هاتووە کە سیاسەت بکات، جا من پێم سەیرە هەندێ بەناو بانگخوازو دیندار حەساسێتیان بەرامبەر بە وشەی سیاسەت هەیەو نکۆڵی لێدەکەن لە کاتێکدا کە پێغەمبەری نازدار دەفەرمێ:
[كانت بنو إسرائيل تسوسهم الأنبياء]4
یان ابن خلدون چەند جوان هەمان وتەی ماوەردی ئەڵێتەوەو درک بەم مەفهومە گرنگە دەکات، کە بوونی خەلافەت و هێنانەکایەی سیاسەتی شەرعیە، دەفەرمێ: (...... فهي في الحقيقة خلافة عن صاحب الشرع في حراسة الدين وسياسة الدنيا به).5
مەعلومیشە کە ئیجماع سێیەم سەرچاوەی [تشریع]ە لە پاش قورئان و سوننەت، زانیانیش تێکڕا فەرموویانە ئیجماع هەردەم موستەنەدێکی لە ئایەت یان لە حەدیسەوە هەیەو بەو ئاسانیە دانامەزرێ.
سبحان اللە دەبینین ئەم پرسە لەلای زانایانی پێشین چەند ڕوونبووەو چەندە زوو لەژێر ڕۆشنای قورئان و فەرموودە شرینەکاندا چارەسەری حەکیمانەو بەڵگەی یەکلاییان خستۆتە ڕوو، هەربۆیە لەسەر پرسێکی وا هەستیارو گرنگ کە یەکانگیرو وابەستەیە بە هێزو توانای ئوممەت و بزوێنەری گیانی بەرخودان و عیززەت و هۆی مانەوەی دینەکەیە، چەندە بە پەرۆشن و چۆن هەرهەموو بە تێکڕا کۆدەنگدەبن❗
جا خۆ پێش ئەمانیش هاوەڵان بەبێ جیاوازی و بەیەک دەنگ هەرهەموو کاتێ کە پێغەمبەری نازدار وەفات دەکات، وێڕای بوونی ئەو هەموو ناسۆرو غەمەی کە هەیانبوو، کە خەڵکی هەموو پەڕاگەندەو پەرتەوازەبووبوون،و هەندێ وایان دەزانی دین کۆتای هاتووە،و هەندێ وایان دەزانی کە پێغەمبەر نەمردووە❗ تەنانەت عومەری فاروق بە شمشێرەکەیەوە هاتە دەرەوەو پڕ قوڕگی هاواری دەکرد ئەوەی بڵێ محمد مردووە ئەوە سەری لە لاشەی جیادەکەمەوە......
کەچی لەولاشەوە وەکو ابن حەجەری هەیثەمی ئاماژەی پێکرد، هەرهەموو درک بەو بۆشایی و فەراغە دەکەن کە دووچاری ئوممەت هاتووە، کە ئەویش نەمانی ئیمام و کەسی یەکەمی وڵاتە، بۆیە پێش ناشتنی پێغەمبەری نازدار لە "سەقیفەی بەنی ساعیدە" کۆچەر و پشتیوانان هاودەنگدەبن لە هەڵبژارادنی خەلیفەیەک و بەیعەتپێدان پێی، چونکە درکیان بە ئەنجام و مەئالی ئەو بۆشایە دەکرد کە چ فەوزایەکی لێ چاوەڕوان دەکرێ❗
داواکارین لە اللە سبحانە وتعالی کە هەرگیز نەماداتە دەست نەفسی خۆمان و شەیتان، کە ڕاست بەچەوت بزانین و چەوتیش بەڕاست...
داواکارین کە خودا هەمان بەسیرەتی هاوەڵان و ئەو زانا ڕەببانیانەمان پێببخشێ بۆ هەنگاونان و نەسرەوتن لەسەر ڕێگای حەق، نەک وەک هەندێ بەناو داعی و مەلای دینفرۆشی ئێستا کە ئەوەندەی تر بابەتەکان دەشێوێنن لەم سەردەمی فیتنەیەداو چەمکە سابیتەکانی ئەم دینە دەخەنە ژێر پرسیارەوەو گومان لەدڵی خەڵکیدا دروستدەکەن دەربارەی کوفری عەلمانیەت و ڕەوایی دەدەن کە کەسێکی عەلمانی ببێتە ئیمامی موسڵمانان و بچێتە جێگەی عومەری کوڕی عبدالعزیز و ئێستاش وا گوماندروستدەکەن لەسەر جیهادی ئەهلی غەززە بەرامبەر جولەکە❗
بەردەوام وتومە لە هەموو سەردەمێک عولەمائی قورئان هەیەو
عولەمێی سوڵتانیش هەیە❗
اللهم سلم ديننا وإيماننا وعقيدتنا من الفتن ومن شر النفس وكيد الشيطان...
نوسينی: ڕاستگۆ ئەمین
ـــــــــــــــــــــــــ
1الأحكام السلطانية، ص: 15
2 روضة الطالبين وعمدة المفتين، 10/ 42 .
3الفصل في الملل والأهواء والنحل، 4/ 72 .
4 صحيح البخاري
5 تأريخ ابن خلدون، 1 / 239
|