سیاسه‌تی به ئۆردوگا كردن له سیستمی نوێی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا
كاوه هاوراز
داخۆ له‌م سیاسه‌ته نادروسته‌ی توندوتیژیی لایه‌نه باڵاده‌سته‌كاندا سنووری توندوتیژیو زهبروزهنگو پاكتاوی ره‌گه‌زیی نه‌یاران تا كوێ بڕده‌كات، یان چوارچێوه‌ی سنووره‌كه‌ی له‌كوێدا راده‌گیرێت؟ به‌ڕاستی ده‌توانم بڵێم هیچ سنوورێكی دیاریكراویی نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تی گه‌ر رۆژانه سه‌یری ره‌وتی رووداوه‌كانی سوریا‌و وڵاته پڕكێشه‌كانی تری ده‌وروبه‌رمان بكه‌ین.
له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و هه‌موو كاره‌ساته جهرگبڕو بێ پاسهوانهدا ده‌بێت پرسیاری ئه‌وش بكه‌ین داخۆ سیاسه‌ت چییه؟ پێناسه‌ی سیاسه‌ت چییه؟ ئایا زانستی پاساو هێنانه‌وه بۆ كاره‌سات؟ یان زانستی تێپه‌ڕاندنی به‌ڵێنی گه‌وره‌ی پڕ له درۆ‌و ده‌له‌سه‌و چه‌واشه‌كردنی خه‌ڵكی به‌شمه‌ینه‌ت؟
ئه‌ی داخۆ سیاسییه‌كان یان یاسهتمهداران كێبن كه له پشت هه‌ڵسووڕاندنی ئه‌و كاروباره سیاسییه نایابانهوهن؟ تۆ بڵێی ئه‌و كه‌سانه بن كه به‌ئاوی ئازایه‌تییه‌وه خۆیان له‌خراپترین جۆری ترسنۆكی گێل ده‌كه‌ن؟ هه‌ر ئه‌وانیشن كه به‌ناوی ئازایهتیو چهلهنگییهوه ترس‌و بیم له هۆشی منداڵان‌و له دڵانی دایكانیاندا ده‌چێنن؟! ئه‌وه‌تا سه‌ره‌تا له‌ناو كووچه‌و كۆڵان‌و شار‌و شارۆچكهكانیانهوه به ده‌نگی چه‌كه قورسهكانیانو به هه‌ڵكوتانه سه‌ر ماڵان‌و ره‌شبگیریی ناڕه‌وا مناڵ‌و ژن‌و چین‌و توێژهكانیتری كۆمه‌ڵ دهتۆقێننو ناچاریان ده‌كه‌ن له‌و ناوچانه‌یان ههڵبێنو رووبكه‌نه ناوچه سنوورییه‌كان.
هه‌نوكه ئه‌و ئۆردوگایانه‌ی كه له‌سه‌ر قوڕ و لیته‌ی ناوچه سنوورییه‌كانی ئهردهنو توركیا بۆ ئاواره‌كانی سووریا دروستكراوه‌و رۆژانه‌ش ده‌یان سه‌وداو ئاڵوێریی بازرگانی سیاسی یان له‌سه‌رده‌كرێت گه‌ر یه‌كێك به‌وردی له حاڵ‌و بارودۆخی ئاواره‌كان بكۆڵێتهوهوپاشان سه‌ره‌تا گوێ بگرێت له ووته‌و لێدوانه‌كانی جه‌نابی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (بان كیمۆن) له پێش وته‌ی هه‌ر سیاسه‌تمه‌دارێكی یاریزانی سهرساحهكهوه كه ناوبه‌ناو به ئاسانی هه‌ست به‌راده‌ی ناتهواویو لێكنه‌چوونی وته‌و لێدوانه‌كانی ده‌كه‌یت چونكه له‌لایه‌كه‌وه باسی گه‌یاندنی كۆمه‌ك له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه به(ئاواره‌كان) دهكاتو لهلایهكیتریشهوه ئاگای له‌و پیره‌ژنه نییه كه تا ئێستاش پزیشكێكی ده‌ست نه‌كه‌وتووه بۆچاره‌سه‌ری ده‌ردو زامه‌كانی خۆی‌و كه‌سوكاری خانه‌واده‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییه قوڕو لیتاویهی كه گوایه بۆیان كراوه به ئۆردوگا، یاخود هه‌ر جه‌نابی سكرتێری گشتی ناتوانێت چه‌ند یارییه‌كی منداڵان دابینكات بۆ ئه‌و منداڵه رۆح سووكانه‌ی كه كه‌ره‌سه‌و كه‌لوپه‌له‌كانی یاریكردنیان له (ئیرلیب)و (حیمص) بۆ سووتێنراوه، وادیاره گه‌وره‌ترین كاربه‌ده‌ستی باڵای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش هێنده كاتی زێڕینی بهدهستهوهنهمابێت بۆ دابه‌شكردنی یارییه‌كانی منداڵان له‌و ئۆردوگاو دهوارانهدا، به‌ڵام هه‌ر چۆنێك بێت نه‌ختێك له خوارده‌مه‌نی له‌لایه‌ن چه‌ند ده‌زگایه‌كی خێرخوازی دهستكورتهوه به‌سه‌ر هه‌ندێك له‌و ئاوارانه‌دا دابه‌شده‌كرێت (هه‌موو ئه‌مانه‌ش به گوێره‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه له‌سه‌ره‌تای ئه‌م وتاره‌وه پێناسه‌ی ده‌كه‌ین). جیهان نزیكه‌ی دوو ساڵه له دۆخی سوریا‌و نههامهتیو قهتڵو عامه به‌رده‌وامه‌كانی سه‌ریسوڕماوه.. جیهان ئه‌مڕۆ سوریاش له‌ریزی ناوچه كاره‌ساتباره‌كان رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا پۆلێنكردووه، به‌ڵام كردووشیانهته ساحه‌یه‌كی به‌رفراوانی ململانێی گه‌مه ترسناكه تازه‌كانی نێوان زلهێزه‌كان نوێ.
سوریاش هه‌رچه‌نده به‌شێكه له وڵاتانی عهرهبیو له‌وڵاتانی ئیسلامی‌و له وڵاتانی رێكخراوی بێلایهنیو پاشان ئهندامێكیشه له‌رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، به‌ڵام هه‌ر به‌شێكیشه له‌و رۆژهه‌ڵاته ناوه‌ڕاسته‌ی كه به‌شێكی خاك‌و ناوچه سنوورییه‌كان نێوان وڵاتانی نێو ئه‌م هه‌ڵكه‌وته جوگرافیاییهشی كراوه به‌خاكی پهنابهرانو به ده‌روازه‌ی هاوار و گریانی منداڵان و لێقه‌وماوان..
ئه‌م ناوچه گرنگ‌و پڕ لهكێشهیهی دنیا كه زۆرترین رووبه‌ری بازنه‌كانی ململانێی نێوان لایه‌نه ههرێمیو دهرهكیو نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌رده‌كه‌وێت كراوه به مه‌زادخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سه‌رتاسه‌ری بۆ ساغكردنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌له سیاسیه ئێكسپایه‌ره‌كانی دوێنێی نزیك له ساڵانی هه‌شتاكان‌و نهوهدهكانیشن.
ئێستاش خۆ شه‌ڕی هه‌شتاكان‌و نه‌وه‌ده‌كانه كه له‌سه‌ر ساحه‌ی وڵاتێكی سه‌ر سوریا ته‌واوده‌كرێت، سوریا تاسه‌ره‌تای هه‌شتاكان ئه‌ندامێك بوو له ته‌كه‌تولێكی عه‌ره‌بی به‌رهه‌ڵستكاری رۆژئاوا به ناوی (حبهه الصحور والتصدی) كه هه‌ریه‌كه له (لیبیا‌و جهزائیرو یه‌مه‌نی باشوور‌و رێكخراوی رزگاریخوازی فهلهستینو سوریاش)ی تیادا ئه‌ندام بوو گه‌ر سه‌رنج بده‌یت هیچ كام له‌وڵاتانه جگه له‌حكومه‌تی ئێستای سوریا نه‌بێت، نه‌ك له‌و به‌ره‌ی (صمود و تصدی)یه‌دا نه‌ماون، به‌ڵكو له چوارچێوه‌ی گه‌مه‌و سینارۆیه سیاسییه‌كانی چه‌رخی سه‌رابدا كران به قه‌قنه‌س.
ئێستاش هه‌ر ئه‌م ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوهڕاستهیه كه له‌سه‌ر نان‌و ئاو ده‌زگاكانی به‌ناو (خێرخوازی)و له‌به‌رده‌رگای ناوبژیوانه‌كانی مه‌زادخانه‌ی سیاسه‌ت ده‌ژی.. ئه‌م ناوبژیوانانه هه‌ندێكجار له‌دوای ئۆتۆمبێله گه‌وره‌و بارهه‌ڵگره‌كانی هه‌ندێك له رێكخراوه به‌ناو ناحكومیو (NGO)كانه‌وه ده‌ڕۆن كه گوایه بڕێكی زۆر له قوماش‌و چادری ئۆردوگاو ستوونی داری چادرهكانو پێداویستیتری پزیشكی‌و مرۆییان پێیه‌و ده‌یانگه‌یه‌ننه ئاواره‌كانی سه‌رسنوری توركیا‌و ئه‌رده‌ن، به‌ڵام كاروانی پیشاندراوی سه‌ر شاشه‌ی كه‌ناڵه فهزائیهكانیشیان وه‌كو ئه‌و لێدوانه درهوشاوهكانیان وه‌ها ده‌ڕازێننه‌وه گوایه ئیدی ئاواره‌و لێقه‌وماوه‌كان له‌وپه‌ڕی خۆشگوزه‌رانیدا ده‌ژینن ئه‌مه جگه له‌وه‌ی بشهرمانه له دیدار‌و مێزگردو ریپۆرتاژه ئیعلامیهكانیشیاندا جه‌خت له‌سه‌ر چاكردنی بارودۆخی ئاوارهكانو ته‌نانه‌ت كۆتایهێنان به‌حاڵه‌تی ئاوارهبوونیشیاندا ده‌كه‌نه‌وه، پاشان باسی ستراتیژی گۆڕانكارییه هه‌رێم ناوچه‌ییه‌كان ده‌كه‌ن كه گوایه به‌زووترین كات رژێمه دڕنده‌كان دهڕووخێنو هه‌رچه‌ند رۆژێكی كه‌مه بارودۆخی ئاواره‌و لێقه‌وماوانیش كۆتایدێت، وا بزانم له یه‌كه‌م مانگی قه‌یرانه‌كانی ناوخۆی سوریاوه له‌سه‌ر ئه‌م گه‌مه‌و یارییه ستراتیژییانه‌یان به‌رده‌وامن.
به‌ڵام هه‌ر هه‌موو ستراتیژ‌و وته‌و لێدوانه ناڕێك‌و دژ بهیهكهكانیشیان له‌ناو ئه‌و سیاسه‌ته گڵاوه‌دا جێكردۆتهوه كه هیچ ته‌فسیرو شیكارێكی واقیعی هه‌ڵناگرێت ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت كه له‌سه‌ر خاكی بهپیتو پڕ داهاتو به‌رفراوانی وڵاتانی ناوچه‌ی به‌ناوبانگی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ئازار‌و مهینهتیو مردن‌و چه‌شتنی خۆراكیش دابه‌شده‌كه‌ن تا ئه‌و رۆژه‌ی ژیانی به‌شه‌ری له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره بزێوه‌ی به‌ناو گۆی زه‌وی ده‌پێچرێته‌وه، تۆ بڵێی ئه‌و ناوچه‌ی تازه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته (الشرق الاوسگ الجدید) كه (جۆرج بۆش)ی باوك‌و پاشان (بۆش)ی كوڕ باسیان لێوه‌ده‌كرد ئا ئه‌مجۆره رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته تازه‌یه بووبێت كه یه‌كپارچه ناوه سنووریه‌كانی وڵاتانی نێوان (ئهردهنو سوریا‌و عێراق‌و ئێران‌و توركیا‌و میسر‌و ئیسرائیل‌و ته‌نانه‌ت سوودان‌و سۆماڵ ئه‌ریتریاش) بكرێت به خاك‌و لانه‌ی نائارامی په‌نابه‌ران له‌سه‌ر زهویو زاری قوڕو لیته..
ئه‌مه هه‌مووی له‌لایه‌ك، له لایه‌كی تره‌وه هه‌ریه‌كه له رۆژنامه‌نووسه ئه‌ڵقه له‌گوێكانی ده‌زگا به‌ناوبانگه‌كانی وه‌ك (CNN)و (BBC)و (DW)و (RT)و (France)و (Foxnews)و ئه‌وانیتر به‌شدارن له‌گه‌مه سیاسیهكانو سیاسه‌توانانی ئیمپریالیستو پیلانگێڕی وڵاته‌كانیاندا، ئه‌م رۆژنامه‌نووسه خۆرئاواییانه‌ش كه چاك ده‌زانن وه‌ك سیاسهتمهدارانو یاریزانانی سه‌ر ساحه‌كه بدوێن، وشه‌و زاراوه‌ی وه‌ها نهرمونیانو (له‌ناوه‌رۆكدا ژه‌هراوی) له فه‌رهه‌نگی بابوباپیره خاچپهرستهكانیانهوه دهروێنینو به‌كاردێنن كه به‌پله‌ی (180) قه‌ناعه‌تی چاودێران‌و رای گشتی ناوچه كارهساتبارهكانیش ده‌گۆڕن، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكجار وته‌و زاراوه‌ی لێكدراوو داتاشراوی (له‌ناخدا ده‌رده‌دارو پهتابهخش) بڵاوده‌كه‌نه‌وه كه لهئهنجامو ئاكامهكانیدا هیچ واتا‌و قیهمو به‌هایه‌كی مرۆڤدۆستانه‌ی له لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌و كه‌ناڵه ئاسمانیهكانیشیاندا نهبهخشیوهو نه‌داوه به‌ده‌سته‌وه.
چونكه چه‌ندان ساڵه هاوزه‌مان له‌گه‌ڵ وته‌و لێدوانی دووفاقی رۆژنامهنووسانو ناوبژیوانان‌و دانوستانكارانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیشدا، رۆژانه چه‌ندان پۆلی ئاواره له ئۆردوگاكاندا زیاددهكاتو له ترس‌و سه‌رماو دڵه‌راوكێدا راده‌چڵه‌كێن وه‌ك چۆن له‌ئاكامی نه‌زانراوی ئه‌و تێوه‌گلانه‌ی نێو شۆڕشی گومان لێكراویاندا دهلهرزنو دوودڵ‌و نیگه‌رانیشن، ئه‌مه‌یه سیاسه‌تی مرۆڤدۆستانه‌ی بیریارانی سیاسه‌تمه‌دار كه به‌ڕێسای تیمساح فرمێسكه‌كانیان بۆ شۆڕشگێڕان‌و كه‌سوكاره ئاواره‌كانیان هه‌ڵده‌ڕێژن، له‌سه‌ر ساحه‌ی ئه‌و وڵاته ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ش كه له‌خاكی بابوباپیرانی (من‌و سلونی)یه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی به‌نی ئیسرائیله بۆخاكی (سمن) و (عسل)ه‌كه‌ی نه‌وه‌ی نوێ درێژبووه‌ته‌وه.
(دیاره وشه‌ی – من و سلونی) مه‌به‌ست له‌و گه‌زۆ پاكه ئاسامانییهو ئه‌و گۆشتی باڵندانهشه كه خودا بۆ به‌نی ئیسرائیلی گه‌له‌كه‌ی (مووسا)ی پێغهمبهریانی ناردبوو (سڵاوی خوای لێبێت) مه‌به‌ست له (سمن و عسل)یش ئه‌و رۆنه خۆماڵیه‌ی ئهمڕۆیانو ئه‌و هه‌نگوینه جوانه‌ی وڵاتی شامه كه ئه‌مڕۆ لێیانكراوه به زه‌هری مار له سایه‌ی ستراتیژیه‌تی رۆژهه‌ڵاتی نوێی ناوه‌ڕاسته‌كه‌ی جۆرج بۆش فریادره‌سی گه‌لاندا كه یه‌كپارچه عێراقی كرده ئۆردوگایه‌كی گه‌وره بۆ گه‌له‌كه‌ی به‌پێی بڕیاری 986ی تایبه‌ت به‌و (نه‌وت به‌رامبه‌ر خۆراك)هی كه تا ئه‌مڕۆش عێراقیه‌كان مانگانه یان سێ مانگ جارێك به ناته‌واوی وه‌ری دهگرنو بازرگانی پێوه‌ده‌كرێت.
سیاسه‌تمه‌دارانی عه‌ره‌بیش به‌شێوازه ته‌قلیدیه‌كه‌ی جارانی خۆیان كۆده‌بنه‌وه‌و لهرهوشهكه ده‌كۆڵنه‌وه، ئیدی هه‌ر كێشه‌یه‌كی عه‌ره‌بیش خرایه نێو ئۆردوگاكانهوه ئه‌وا هه‌رگیز لێی دهرناهێنرێتهوهو لێشی ده‌رناچن، دیارترین نموونه‌شم ئۆردوگای گه‌لی فه‌له‌ستینه كه زیاتر له په‌نجا ساڵه به‌رده‌وامه یان ئۆردوگای سه‌رتاپای خاكی عێراق كهلهژێر ره‌حمه‌تی بڕیاره‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا ماوه‌ته‌وه.
بۆیه ده‌شێت بڵێین به گوێره‌ی به‌نده‌كانی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئه‌مڕۆی رۆژئاوا پێده‌چێت ئۆردوگاكان له‌داهاتوودا بكرێت به چه‌ند قه‌زاو ناحیه‌یه‌كی تازه‌ی بێخزمهتگوزاریو پێداویستییه مرۆییه‌كان، پاشان ئه‌لته‌رناتیڤی نیشتمانێكی نه‌وه‌ی نوێی ئاواره‌كان بن كه خوویان به‌و ژیانه‌وه پێگیرابێت.. گرنگ ئه‌وه‌یه كه‌ره‌سه‌یه‌كی خاوی به‌رده‌وام هه‌بێت بۆ دروستكردنی بڕیار‌و وته‌و لێدوانی به‌ناو ستراتیژیی سه‌رانی ناوچه‌كه، وه‌ك ئه‌و وشه گه‌وره گه‌ورانه‌ی كه له ستراتیژ‌و تاكێك‌و جهنگو بهرگریو مه‌سه‌له چاره‌نوسسازه فرۆشراوهكانیاندا بهكاریدێنن.
به‌ڵام ئاخۆ (جه‌نگ)یش وه‌ك سیاسه‌ته‌كه بۆ كێ‌و له پێناو كێداو به چ هۆكارێك ههڵدهگیرسێنرێتو په‌ره‌ی پێده‌درێت..
بۆچی سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ی سوریا ههڵدێنو ئێوه‌ی سیاسهتوانو لێپرسراوانیش جگه له دیدار‌و شیكارو لێكدانه‌وه‌ی دهنگوباسی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هیچ شتێكی تریان له‌م سیستمی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی تازهیهتاندا پێشكه‌ش ناكه‌ن.. ئه‌ی بۆچی به‌ڕێزان ناوی تیرۆریست‌و كرێ گرته‌و تێكدهران له‌و ئاواره داماوانه ده‌نێن.. تۆ بڵێی هه‌ر ده‌بێت به‌وه‌وه رابهێنرێین كه ئۆردوگاكانی ئاواره‌كانمان له‌م سه‌ره‌مه به‌ناو دیموكراسیه‌دا به به‌شێك له مێژوو جوگرافیا‌و له ئه‌خلاقی سیاسه‌تی پیادهكراوی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا دابنێیت‌و له‌قه‌ڵه‌می ده‌ین.. دواجار ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه له‌سه‌ره‌تای وتارهكهمانهوه باسمان لێوه‌كرد ئه‌بێت چۆن سیاسهتو ستراتیژێك بێت كه هه‌رگیز به‌زه‌یی نه‌یه‌ته‌وه به ژماره‌ی كوژراوانو به بڕو قه‌باره‌ی خۆڵهمێشو چڕه دوكه‌ڵی به‌رده‌م ئۆردوگاكانو به قژی ژاكاوی منداڵان‌و به‌و خاكه به پیتهشدا كه به‌رده‌وام كه‌ره‌سه بهنرخهكانو كانزاو نهوتو كاڵاكانیتری لێده‌دزرێت؟!
داخۆ چۆن سیاسه‌تێك بێت كه ئاواره‌كانی سوریا‌و فهلهستینو عێراق‌و ئهفغانستانو ئێران‌و پاكستان به چه‌ند تیرۆرستێك وه‌سف بكات؟! دیاره هه‌ر له فه‌رهه‌نگی سیاسی خۆیاندا ئه‌م وشانه (ئیعراب)و شیدهكهنهوهو رۆڵ‌و كاری فهرمانو بكهرو زاراوهكانیتریان دابهشدهكهنهوه.