دۆسیەی مامۆستا کرێکار

دۆسییەی مامۆستا کرێکار لەبەرداشی یارو نەیاردا

ن: گەرمیان کوردستانی

پێشکەشە بەموسوڵمانانی جیهان و بەتایبەتی موسوڵمانانی کورد، بەو برا کوردانەیشم، کە ئەهلی ئیسلام نین و بەویژدانەوە بڕیاردەدەن و ڕێگەنادەن ئەقڵیان لەلایەن دژەکانی ئیسلامەوە کۆنترۆڵبکرێ و بەکاربهێنرێ.

بەناوی خوای بەبەزەیی بەخشندە
بەناوی ئەو خودایەی کە ئێمەی لەنەبوونەوە هێنایە بوون و شانازیی ئەوەی پێداین، کە لەسوچێکەوە بەقەد توانای بێتوانایی خۆمان، خزمەتێک بەئایینەکەی بکەین. سوپاس بۆ ئەو خودایەی کە شەرەفی داکۆکیکردنی لەپیاوێک پێدام، کە تەمەنی خۆی بەداکۆکیکردن لەئایینی پیرۆزی ئیسلام بەخشیوە.
هەرچەندە لەڕوانگەی بەندەوە مامۆستا نەجمەدین پێویستی بەبەرگری نییە، بەتایبەت بەرگرییەک کە کەسێکی لاوازو نەشارەزای وەک بەندە بیکات، بەڵام وەک ئەرکێک کە لەسەر شانی هەر برایەکە بۆ برا موسوڵمانەکەی، ئەم بەرگرینامەیەم بەپێویستزانی و بەئەرکێکی ئەخلاقیی، ئایینیی و واجبی سەرشانی خۆمم زانی، کە هیچ نەبێت لەڕێگەی ئەم کۆنووسەوە مشتێک لەچاکەی مامۆستا نەجمەدین بدەمەوە، ئەوەیش لەپای ئەو هەمووە ئامۆژگاری و زانیارییە جۆراوجۆرانەی، کە بەسەدان دەرسی جیاجیا بۆمانی تۆمارکردووەو بەجێیهێشتووە.
با زۆر درێژدادڕیی نەکەم و بچمە سەر ئەسڵی باسەکە: مرۆڤ ئازادە لەوەی کێی خۆشدەوێت و شوێنی کێ دەکەوێت، لەکوردستاندا دەیان حیزب و ڕێکخراوی جیاواز هەن، کە هەریەکەیان بەهەزاران شوێنکەوتوویان هەیە، ئازادیشن و کەسیش ڕێی لەو ئازادییە تاکە کەسییەیان نەگرتووە، لەبەرئەوە لەو ڕوانگەیەوە بەمافی خۆمی دەزانم، وەک تاکێکی کورد سەرسامیم بەکەسایەتیی (مامۆستا نەجمەدین) دەرببڕم و بەشانازییەوە لەپای خزمەتە جیاجیاکانی ئەم بەرگرینامەیەی بۆ بنووسم و بەهیوام بتوانم سوودێک بەدۆسییەکەی لەناوخۆی کوردستان و دەرەوەدا بگەیەنم، بیشتوانم بەو شێوەیەی کە هەیە بەبێ دێواندن! ئەو پیاوە بناسێنم و باسێک لەو زوڵمە زۆرە بکەم، کە لەلایەن دادگاکانی ئەوروپاوە بەرانبەری کراوەو دەکرێ.
ژیاننامە: نەجمەدین فەرەج ئەحمەد؛ ناسراو بەمامۆستا کرێکار، لەساڵی (١٩٥٦)دا لەشاری سلێمانی لەدایکبووە، بڕوانامەی ماستەری لەزانستی فەرموودەدا هەیە، زمانەکانی: کوردی، عەرەبی، فارسی، نەرویجی و ئینگلیزی دەزانێت، زیاتر لە (١٠٠) پەرتووک و هەزار وانەی جیاوازی هەیە، کە گرنگترین وانەکانی بریتین لە: ئیسلام و کوردایەتیی، کە پێکدێت لە (۳۰) ئەڵقەی جیاواز. شارەزاییەکی باشی لەمێژووی کوردو گەلانی دیکەی جیهاندا هەیە، شارەزاییەکی تەواوی لەبەستنەوەی مێژوو بەئەمڕۆوە هەیە، هونەری قەناعەتپێکردنی لەئاستێکی باڵادایە، دژەکانی بەکەسێکی توندڕەوو زۆر جار بەتیرۆریست دەیناسێنن، بەڵام لایەنگرانی زۆر بەتوندی دژی ئەم ناساندنەن و خودی خۆیشی پێیوایە: ئەو تۆمەتانەی لەدژیەتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خۆی تەسلیم بەئەجێندای هیچ لایەنێکی دەرەکی، بەتایبەت ئەمریکا نەکردووە، خۆی دەڵێت: "ئەگەر تاوانبارم بۆچی دوای (٦٧) جار، دادگاییکردنم نەیانتوانیوە بچوکترین تاوانم لەسەر ساغبکەنەوە". وەک خۆی دەڵێت: "دادوەرەکان دۆسییەکان بەلاڕێدا دەبەن و حاڵەت، زەمان و مەکان لەدژم تێکەڵدەکەن". ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی مامۆستا نەجمەدین فەرەج، بەچەندین هەڵبەزودابەزی جێی سەرنجدا تێپەڕیوە، لەساڵی (۱۹۷۰)دا دەچێتە شاخ و دەبێتە پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێک دەبێت لەپێشمەرگە ئازاو بەجۆشوخرۆشەکانی شۆڕشی ئەیلول، بەجۆرێک لە تەمەنی (۱۷) ساڵیدا فڕۆکەیەکی عێراقیی دەخاتە خوارەوەو لەپارچەیەکی فڕۆکەکەیش، شەکرشکێنێک بۆ دایکی درووستدەکات و بەدیاریی بۆی دەنێرێتەوە بۆ سلێمانی، لەدوای شکستی شۆڕشی ئەیلول، دەگەڕێتەوە سلێمانی، دواتر لەفەرمانگەیەکی حکومی لەشاری هەولێر دادەمەزرێت و بۆ ماوەی (٣) ساڵ دەمێنێتەوە، هاوشانی کاری فەرمانبەرییەکەی لەخوێندنگەی شەوان درێژە بەخوێندن دەدات، دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی، دەچێتە بەشی عەرەبیی کۆلێژی زمانی زانکۆی سلێمانی و یەکێک دەبێت لەخوێندکارە لێهاتووەکانی ئەو زانکۆیەو بەپلەی دووەم خوێندن تەواودەکات. ساڵی (۱۹٨۳) بەهاوڕێیەتیی مامۆستا عەلی باپیر، ڕوو لەوڵاتی ئێران دەکات، لەوێ مامۆستا سەلاحەدین موحەممەد بەهائەدینی ئەمینداری ئێستای یەکگرتوو دەبینێت. دوای (٣) مانگ لەتەک مامۆستا سەلاحەدیندا، هەوڵی درووستکردنی ڕێکخستنێکی سیاسی و سەربازیی ئیخوانی دەدەن، بەڵام لەم کارەدا سەرکەوتوونابن. پاشان دەبێتە پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی کەمپی ئاوارەکانی عێراق لەکەرەج، مامۆستا نەجمەدین، بەپیاوێکی قسەلەڕوو بوێر بەناوبانگە، ئەو هەمیشە باجی هەڵوێستە بوێرییەکانی خۆی داوەو وەک بیرمەندێکیش شانازیی بەهەڵوێستەکانییەوە دەکات، بەجۆرێک لەوتارێکیدا دەڵیت: "ئەگەر بێتو ئیمام خومەینی بێتە ئەم مزگەوتەو بیەوێت پێشنوێژییبکات، نابێت لەدوایەوە نوێژبکرێ و ئەو نوێژە درووست نییەو بەتاڵە!". کردنی قسەیەکی لەو جۆرە، لەو سەردەمەدا، بێشک باجی خۆی هەبووە، ئەو ڕستەیە دەبێتە هۆی مەترسیی لەسەر ژیانی و بەناچاریی کەمپەکە بەجێدەهێڵێت و بەناسنامەیەکی خوازراوەوە دەگەڕێتەوە شاری سلێمانی. پاشان هەر لەشاری سلێمانی هاوسەرگیرییدەکات. پاشان خۆی و هاوسەرەکەی بەنهێنی دەچنەوە ئێران و لەوێوە بۆ بلوجستان و لەوێیشەوە بۆ ناو خاکی پاکستان، لەپاکستان بۆ یەکەمین جار دەستگیردەکرێ و دەخرێتە زیندانەوە، ئەوەیش بەو هۆکارەی گوایە خەڵکی فەڵەستینە، دوای بەڕێکردنی (۱۰۰) ڕۆژ لەزیندانی پاکستانییەکاندا، ئازاددەکرێ و لەگەڵ هاوسەرەکەی دەچێتە شاری کەراچیی پاکستان. هەر لەو شارەدا ئاشنایەتی لەتەک چەندین کەسایەتیدا پەیدادەکات، ساڵی (۱۹٨٨) لەپاش کارەساتی هەڵەبجە لەسەر دەستی ڕژێمی بەعسی فاشیست، مامۆستا کرێکار هەستدەکات خەباتکردن لەناو ئیخوان موسلیمیندا هیچ سوودێکی پێناگەیەنێت، پێیوایە هەڵوێستی ئیخوان موسلیمین بەرانبەر ئەو کارەساتەی بەسەر هەڵەبجەدا هاتووە، هیچ نییەو هەڵوێستیان لەبارەیەوە ڕوون نییە، لەبەرئەوە بڕیاردەدات زانکۆو شاری کەراچی بەجێبهێڵێت. پاشان ڕوو لەشاری پیشاوەر دەکات بەمەبەستی نیشتەجێکردنی خێزانەکەی و گەڕانەوەی خۆی بۆ کوردستان، لەگەڵ گەڕانەوەیدا مامۆستا کرێکار ئاشنایەتی لەتەک بزووتنەوەی ئیسلامیی لەکوردستان/ عێراق پەیدادەکات و دەبێتە یەکێک لەسەرکردە دیارەکانی ناو ئەو بزووتنەوەیەو ساڵی (۱۹٨۹) لەکۆنگرەی یەکەمی بزووتنەوەی ئیسلامیدا دەبێتە ئەندامی شوراو لەکۆنگرەی دووەمیشدا بەهەمان پلە دەردەچێتەوە.
ساڵی (١٩٩١) لەتەک خێزانەکەیدا لەشاری پیشاوەری پاکستانەوە ڕوو لەوڵاتی نەرویج دەکەن و لەوێ مافی پەناهەندەی سیاسی بەدەستدەهێنن. لەپاش ناکۆکییەکانی نێوان ئیسلامییەکان، دەبێتە ئەمیری ڕەوتێکی نوێ بەناوی پشتیوانانی ئیسلام لەکوردستان (ئەنسارولئیسلام)، کە لەساڵی (٢٠٠٣) دوای پرۆسەی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، دەکەونە بەر هێرشی فڕۆکەکانی ئەمریکاو لەناوچەکانی هەورامان دووردەخرێنەوە، ساڵی (۲۰۰۲) لەکاتی سەردانێکیدا لەهۆڵەنداوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەوێ دەستبەسەردەکرێ و ڕەوانەی هۆڵەندا دەکرێتەوەو لەوێیش (٤) مانگ دەستبەسەرکراو پاشان ڕەوانەی نەرویج کرایەوە. لەوێیش مافی پەنابەریی لێسەنرایەوەو بێبەشکرا لەهەموو مافێکی ئینسانی. لەساڵی (۲۰۱۳)دا بەتۆمەتی هەڕەشەکردن لە وەزیرێکی پێشووی نەرویج زیندانیکرا. ئەگەرچی زۆرینەی خەڵک لەناوو گوفتارەکانی تۆقیون و بەکەسێکی توندی لەقەڵەمدەدەن، بەڵام دوو دیوانی شیعریی چاپکراوی هەیە بەناونیشانی (ژانی بوون و ژانی مان). لەپاش ئەوەی لەوڵاتی نەرویج بەتۆمەتی دامەزراندنی ڕەوتی شاهیدانی خواویستی (رەوتی شاخ)و هەوڵدان بۆ کاری تیرۆریستیی دەستگیرکرابوو، لەمێژووی (٢٦/٣/٢٠٢٠)دا بەفڕۆکەیەکی دانیمارکی دوور لەهەموو یاسا مرۆییەکان بەرەو ئیتاڵیا دەیفڕێنن و دادگای ئیتاڵیایش سزای (١٢) ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندووە. لەئێستایشدا تەمەنی (٦٧) ساڵەو (٦٧) جاریش دادگاییکراوە. خاوەنی هاوسەرێکە بەناوی (ڕووخۆش ئەحمەد)، خاوەنی (٤) منداڵیشەو (٦) براو (٤) خوشکیشی هەیە.
سەفەر لەهۆڵەنداوە بۆ ئێران، ڕادەستکردنەوەی لەئێرانەوە بۆ هۆڵەندا: وەک خۆی دەڵێت: یەکەمین گەلەکۆمەکێی نێودەوڵەتی بۆ سەر کەسایەتیی، لەدوای ڕەتکردنەوەی کاری هاوبەشەوە دێت لەگەڵ وڵاتی ئێراندا، کە ئەوکات ئێران داوای کاری هاوبەشی لێکردبوو دژ بەڕژێمی بەعس، لێرەدا دەقی قسەکانی خۆی دادەنێمەوە کە تیایدا باسی چۆنێتیی گەلەکۆمەکێی سەری دەکات بۆ شوێنکەوتووەکانی و هەمیش بۆ دژەکانیشی.
مامۆستا دەڵێت: "لەهۆڵەندا بووم، ڤیزەم وەرگرتبوو بەمەبەستی سەفەرکردن بۆ ئێران، بەحکومی زانینی زمانی فارسی و بەو حکومەشی کە لەزەمانی شادا (۱٦) شاری ئێران گەڕابووم، شارەزاییەکی باشم هەبوو، وە هیچ کێشەیەکم لەوڵاتی ئێراندا بۆ دروستنەدەبوو. لەوێ چاوم بەهاوڕێیەکی دێرینم کەوت، وتی: دەبێت بچینەوە ماڵی خۆمان. پاشان چومە ماڵی ئەوان کە لەجنوبی تاران بوو. دوای نانخواردن لەپڕێکدا کۆمەڵێک سەرباز بەبێپرس، بەشێوەیەکی ناشیرین خۆیانکرد بە ژووردا، بەپێڵاوەکانیانەوە هاتنە ناوەوەی ماڵەکە، منیش بەفارسی پێموتن: ئەوە چییە، چیبووە؟ بۆچی بەپێڵاوەوە دێنە ژوورەوە؟ وتیان: دەڵێن کە ئەم ماڵە عەرەبێکی لێیە، وتم: جارێ عەرەببوون تاوان نییە تا بەم جۆرە خۆتانی بۆ مشەوەشبکەن، عەرەبیشی لێنییە و منی لێم، کە کوردم، ئەوەش جلەکانی بەرم کە کوردییە. پاشان گەڕانەوە دواوەو یەکێکیان پێڵاوەکانی داکەندو عوزری هێنایەوەو وتی: دەڵێن: ئەم ماڵە عەرەبێکی تیایە، دووبارە وتم: نەخێر، عەرەبی لێنییەو منی لێم و کوردیشم. وتی: باشە جەنابت دەبێت بێیت لەگەڵمان بۆ بنکە، وتم: باشە با خۆم بگۆڕم، لەوێدا خۆم گۆڕی و هەندێک جلوبەرگم پێچایەوەو لەگەڵیان ڕۆیشتم. تەماشادەکەم (٧-٨) سەیارە دەبن، لەسەیارەکەدا لێیانپرسیم جەنابت کێی؟ چکارەیت؟ وتم من کوردم و ناوم مەلا کرێکارە، لەقیادەی بزوتنەوەی ئیسلامی بووم و ئێستایش ئەمیری ئەنسارولئیسلامم، لەنەرویج دەژیم و ئەوەیش پاسپۆرت و شتەکانی دیکەم. وتیان: ئەمرمان پێیە جەنابت دەستبەسەربکەین. وتم: باشە، ئەمرەکە لەچی شوێنێکەوە دەرچووە؟ لەوێدا بەدوای یەکدا ناوی چەند بەرپرسێکیانم وت و پرسیم کامەیان ئەمریانکردووە دەستبەسەربکرێم؟ لەوێدا یەکێکیان بەتەلەفۆن وتی: ئەم پیاوە (مەلا کرێکار)، هەموو گەورەکانی ئێمە دەناسێت. دوای تەلەفۆنەکەی تۆزێک بەئەدەبتر بوون لەگەڵم، پاشان بەرەو جادەی ئینقیلاب بردمیان، بە هۆی ئەوەی پێشتر زۆر گەڕابووم بەناو تاراندا، زۆربەی شوێنەکانم دەزانی. دواتر گەیشتینە جێیەک و لەوێدا دایانبەزاندم، لەبیناکە نوسرابوو (پەیگیری)، واتە متابەعە، یان چاودێری. بردمیانە ژوورەوە و پێیانوتم: تۆ بۆ ماوەیەک دەبێت لێرەبیت و بۆت نییە بچیتە دەرەوە، پاشان جلوبەرگەکانیان بردم، وتم: لانیکەم با قورئانەکەم دەربهێنم تیایدا، وتیان: نا، خۆمان قورئانێکت بۆ دەهێنین. پرسیارم لەیەکێکیان کردو وتم: پێمخۆشە بزانم بۆچی دەستبەسەرم؟ وتی: ئێمە نازانین لەسەر چییە، بەڵام بەو زووانە بەرپرسێکمان دێت و ئەو کات دەزانیت. کاتژمێر (١٢)ی شەوبوو بەرپرسێکیان هات و وتی: جەنابت کە هاتیت دەبوو هەماهەنگیت لەگەڵ نوێنەرانی ئێران لەهۆڵەندا بکردایە. وتم: هەماهەنگی یانی چی؟ من هاتووم بۆ سەفارەتتان، پێشتر داوای ڤیزەکەم کردووە، قانونی خۆیشتان دەڵێت: ئەگەر کەسێک چوار جار ڤیزەی تارانی وەرگرت و ڕۆشت و گەڕایەوە بەبێ کێشە، بۆ جاری پێنجەم مەلەفەکەی پێویست نییە. وتم: سەیری فۆرمەکەیش بکەن کە وەرمگرتووە، تیایدا نوسیومە کە سەردانی چی شوێنێکیش دەکەم و لەئوتێل ئەتڵەس لەخیابانی تاڵقانی دەمێنمەوە. هاوڕێکەم هات و وتی: دەبێت بۆ نانخواردن بچینەوە ماڵی خۆمان. ئیدی ئەوە کەی کێشەیە تا لەسەری دەستگیربکرێم؟ دواتر ئێوە باش من دەناسن و دەزانن کێم. وتی: نا، دەبووایە هەماهەنگی بکەیت. هەماهەنگیش بەواتای ئەوەی سەردانی موخابەراتم بکردایە، لەکاتێکدا هیچ شتێک من و ئەوان پێکەوە نابەستێتەوە. بەرپرسەکە ڕۆیشت، بۆ بەیانییەکەی دوای نانخواردن وتیان: دەتوانی لەو ژوورەدا خۆت بشۆیت. وتم: نا، سوپاستاندەکەم لەبری ئەوە ڕۆژنامەی ئەمڕۆم بۆ بهێنن. چونکە نزیکی (١١)ی سێپتەمبەر بوو، منیش لەبەرئەوە هاتبووم بۆ ئێران، چونکە نەمدەویست لەو یادەدا لەئەوروپا بم، چونکە جارێک لەئەڵمانیا بووم بەڕیش و کڵاوێکی کوردییەوە چوومە ناو مەسعەدێک، کابرایەک لەناو مەسعەدەکەدا بوو، کە منی دی لەترسا دەرپەڕییە دەرێ. پاش (٩) ڕۆژ مانەوە لەبەشی چاودێریی ئیتڵاعات، پاش چەندین دیدارو پرسیاری جۆراوجۆرو دەیان بگرەوبەردەی جیاواز، شەوێک پێیانوتم: ئەمشەو ئاغای ئەمیری دێت. ئاغای ئەمیری سێهەم پیاوی وەزارەتی ئیتڵاعات بوو. پێشتر بەوەفد ئاغای ئەمیریم دیبوو، بەڵام هەتاوەکو نەمبینی، بەبیرم نەهاتەوە. بەمەبەستی دیداری ئاغای ئەمیری بردمیان بۆ شیمالی تاران، لەوێ بردمیانە خانوویەکی تازە دروستکراوەوەو چاوەڕێی ئاغای ئەمیری بووین. کات تێدەپەڕی و هەر نەدەهات، دوای مانەوەمان بۆ چەند سەعاتێک، ئاخری ئاغای ئەمیری کاتژمێر (٢)ی شەو هات. دوای سڵاوکردن وتی: ئێمە جەنابت دەناسین و زۆر پێمانسەیربوو کە بوویت بەئەمیری ئەنسارولئیسلام، تۆ پیاوێکی ڕۆشنبیرو شاعیرو مامۆستای جامیعە بوویت، زۆر سەیرە بوویت بەئەمیری ئەم گروپە، ئەم گروپە قوتناچن -گوێناگرن، دەستەمۆنابن- وتم: ئاخر مەسئولییەتی ئەخلاقی سەرشانمە کە جێیاننەهێڵم، ئەوان ئەهلی ئیسلامن و بەتەنیا جێمبهێشتنایە تەفروتونادەکران. وتی: باشە دەکرێت پێکەوە کاربکەین؟ وتم: کاری چی؟ وتی: جەنابت دژی سەدام حسێنیت و ئێمەیش دژی سەدامین. جەنابت بەحکومی ئەوەی سونیت، خەتێکی سونیی عەرەب دەناسیت لەبەغداد، دەیشتوانیت پەیوەندییان لەگەڵ دروستبکەیت، وتی: ئەگەر بتوانین ئیشێک لەبەغداد بکەین دژی سەدام حسێن، شتێکی باشە! وتم: ئیشەکە وەکو چی؟ وتی تەقینەوە. وتم: باشە، بەڵام بەمەرجێک تەنیا ئەو شوێنانە بێت، کە تایبەتن بەسوپاو موخابەراتەوە. بەڵام بۆ بڕیاردان دەبێت بگەڕێمەوەو لەگەڵ شورادا ڕاوێژبکەم، چونکە قەراری من بەتەنیا قەراری ئەنسار نییە، (١٤) ئەندامی شورامان هەیە، دەچم و ڕاوێژیان لەگەڵ دەکەم و دواتر بەوەفدێکی ڕەسمی دێینەوە، یان ڕێدەکەوین، یان نا. وتی: نا، نابێت، دەبێت خۆت بەتەنیا بڕیاربدەیت، مەکتەبێکی عیلاقاتیشت لەسەر سنوورو لەتارانیش بۆ دەکەینەوە. وتم: نا، من بەتەنیا بڕیارنادەم و دەبێت ڕاوێژبکەم. زۆری هەوڵدا، بەڵام وتم: ئەستەمە بەتەنیا بڕیاربدەم و کاری سەربەخۆ ناکەم، دەبێت لەگەڵ شورا ڕاوێژبکەم. ڕێگەمبدەن دەچمەوە بەوەفدی ڕەسمی دێینەوە بۆ ئەوەی بڕیاربدەین کارەکە دەکەین، یان نا. وتی: ئاخر دەگەینە بنبەست! وتم: قەراری کۆتاییمە، بەبێ شورا بڕیارنادەم. ئاغای ئەمیری، دەتوت پێشتر مرۆڤی وای نەدیوە، کە ئینکارییبکات، ئەوان فێرن هەرچی بڵێن بۆیان جێبەجێبکرێ لەلایەن هەندێک لایەنی ترەوە! بەهەرحاڵ ئەو بەقسەکانم زۆر توڕەبوو. بەپەلە ماڵئاوایی لێکردم و ڕۆیشت. لەو ساتەی کە ڕۆیشت ئیتر ڕەفتاریان زۆر خراپبوو لەگەڵم، بەجۆرێک کە ڕێگەیان نەدەدا سەریشم بشۆم. منیش چڵکن، چەند ڕۆژبوو یەک جار خۆمم شۆردبوو، جلوبەرگەکانیشم زۆر کۆنەبوون. پێیانوتم: دەتنێرینەوە بۆ هۆڵەندا، وتم: باشە لانیکەم ڕێگەم بدەن خۆم بشۆم و جلەکانم بگۆڕم، ئاوا ناکرێ بەم قژو جلوبەرگەوە بچمەوە مەتار، خۆ مرۆڤی تەئریخی کۆن نیم، ئەمە کەی جوامێرییە! بەم جۆرە لەگەڵم بجوڵێنەوە، وەکو تەسلیمم دەکەنەوە، لانیکەم با بەشێوەیەکی جوان تەسلیمم بکەنەوە. وتیان: باشە پەیوەندیدەکەین بەهاوڕێکەتەوە، با جلوبەرگەکانت بۆ بهێنێتەوە، سەعات (٤)ی بەیانی بوو تەلەفۆنیان بۆ هاوڕێکەم کرد، لەترساندا وەخت بوو بتۆقێت، پێیانوت: دەتوانیت جانتاکەی (مەلا کرێکار) بهێنێت بۆ فڵان فلکە؟ وتی: بەڵێ. لەپاشان لەوێ دەرچووین بەمەبەستی وەرگرتنی جلەکانم و ماڵئاواییکردن لەهاوڕێکەم. بەو شەوە فلکەکەیان لێتێکچووبوو، سەعات (٤)ی شەوە، بەمەرجێک دەبوو سەعات (٦) لەمەتار بین. هیچ مەجالێک بۆ خۆگۆڕین نەمابوو، وتم: ڕێگەمبدەن لەسەر ئاوێکی ناو مەتاردا ئاوێک بەخۆمدا بکەم و جلەکانم بگۆڕم، بەسائیلی دەست شۆردنەکە تۆزێک سەرو ڕیشم تەڕکردو بەو جلانەی لەبەرمدابوون خۆم وشککردەوەو پاشان دەستەیەک جلی نوێم لەبەرکرد، پاشان بردمییانە گەراجی مەتار، ماوەیەک لەناو سەیارەکەدا لەگەڵ پۆلیسێک ماینەوەو پۆلیسەکانی دیکە دابەزین. لەو ماوەیەی کە لەسەیارەکەدا بووم، تەلەفۆنیان بۆ سەفارەتی نەرویجی کردبوو، پێیانوتبوون: کابرایەکمان گرتووە سەر بەقاعیدەیەو پاسپۆرتی نەرویجیی پێیە! بەڵام لەبەرئەوەی کە بلیتی هۆڵەندای پێیە، ئەینێرینەوە بۆ ئەوێ، من ئاگام لەو کەینوبەینە نەبوو، کە بەتەلەفۆن کراوە، دواتر هەموویم بیستەوە. چارەکێکی مابوو تەیارەکە بفڕێت، بەپەلەپەل فڕاندمیان و وتیان: خێراکە تەیارەکە دەفڕێت. لەناو تەیارەکەدا پشویەکمدا، سەرنشینەکان بەجۆرێک سەیریاندەکردم وایان دەزانی کە منیش دانیشتویەکی ئێرانم. لەپاش ئەوەی گەیشتمەوە هۆڵەندا، لەمەتار دابەزیم، سەیری جەوازەکەیان کردو وتیان: ببورە جەوازەکەت تەزویرە! منیش وتم: ئەوە ژمارەی پۆلیسی نەرویجە، پەیوەندییان پێوەبکەن، جەوازی من تەزویر نییەو هیچ کێشەیەکی نییە، وتیان: باشە جەنابت بچۆرە ئەو ژوورەوە، ئێستا پەیوەندییان پێوەدەکەین. هەر لەگەڵ گەیشتمە ژوورەکە، موخابەراتی هۆڵەندی هاتن. وێنەیەکیان پێبوو، وتیان: ئەم وێنەیە دەناسیت؟ دەزانیت کێیە؟ وتم: بەڵێ، وتیان: لەکوێ دیوتە؟ وتم: لەیەکێک لەمزگەوتەکانی ئێرە محازەرەم شەرحدەکرد، دوای موحازەرەکە هات و خۆی ناساندو قسەمانکرد. وتیان: ئەی ئێستا لەکوێیە؟ وتم: نە پەیوەندییم لەگەڵی هەیە، نە دەیشزانم لەکوێیە. ئیتر زانییان کە هیچیان پێناڵێم، ڕۆیشتن. پاشان سێ پۆلیسی نەرویجی هاتن، وتیان: کێشەیەک هەبوو لەسەر جەوازەکە تەواو چارەسەرکرا. تومەز ئێرانییەکان ئەو کێشەیەیشیان دروستکردبوو، پاشان وتیان: کە ئاگاداری هاتنەوەت بووین و پەیوەندیمان پێوەکراوە. دواتر وتیان: تەواو کێشەیەک نییەو دەتوانیت بێیتەوە نەرویج، ئەگەر دەتەوێت لەگەڵ ئێمە وەرەوەو ئەگەریش دەتەوێت خۆت سبەینێ وەرەوە، وتم: سوپاس خۆم سبەینێ دێمەوە. لەناو مەتاردا مابوومەوەو ماندوو شەکەت، کاتژمێر (١٢)ی شەوە، پۆلیسێک هات و وتی تۆ دەستبەسەریت، وتم: دەزانم. وتی: نا نازانیت، تۆ زینداندەکرێیت. وتم: بۆچی؟ وتی: بەتۆمەتی فرۆشتنی هیرۆیین لەئوردن، وتم: من (نەجمەدین فەرەج)؟ وتی: بەڵێ، تۆ (نەجمەدین فەرەج)، ناسراو بەمەلا کرێکار. وتم: من لەژیانمدا نەڕۆیشتوومەتە ئوردن ئەم قسانە یانی چی؟ بۆ چەند چرکەیەک کەوتمە خەیاڵەوەو بەخۆمم وت: تۆ بڵێی من شێتبووبم، تۆ بڵێی ئەم پۆلیسە درۆبکات؟ نا ئەمانە درۆناکەن و مرۆڤگەلێکی باشن! هێندە بەڕاستگۆیی تاکی ئەوروپیم ناسیبوو، قەت عەقڵم بۆ ئەوە نەدەچوو درۆبکەن! تا دوایی کەوتمە دادگاکانیان و زانیم چەندە شارەزان لەدروستکردنی درۆو سیناریۆدا، هەڵبەت ڕێزم بۆ زۆرینەی ئەوروپییەکان هەیە. دواتر وتیان: تەواو تۆ گیراویت دەتبەین بۆ زیندان، وەختێکم زانی هێزێکی زۆریان هێناو دەستیان لەسەر سنگم گیرکردو هێلەکێکیان بەپێچەوانەی خەڵکەوە لەبەرکردم و عەینەکێکی پلاستیکیشیان لەچاوکردم و سواری سەیارەیەکیان کردم، کە دواوەی هێندە تەسک بوو سەرمم بۆ بەرز نەدەکرایەوە. مەسافەیەکی زۆر ڕۆیشتین چاویلکەکەیان لابرد لەچاومدا، لەدڵی خۆمدا وتم: ڕەنگە ئەمەیش فڕاندنێک بێت وەک ئەوەی ئۆجەلان، یان ئەوەیە دەیانەوێت بمکوژن و لەجێیەکدا فڕێمبدەن و کەسیش پێمنەزانێت. دوای ماوەیەک لەڕۆیشتن گەیشتینە سجنێک، کە دەتوت: فیلمە، (٧) دەرگای هەبوو کە بەکۆدی جیاواز جیاواز دەکرانەوە، پاشان بردمیانە ژێرزەمینێک و لەژوورێکی نیمچە بازنەییدا کە شێوەی حەوزی هەبوو دایاننام. ژوورەکەیش سندوقی بوو. وتم: باشە بمەوێت بچمە دەرەوەی ئەم ژوورە چی بکەم؟ وتیان: هەرچی هەبوو، بەئێمە بڵێ. وتم: باشە تینومە کوپێک ئاوم بدەنێ، کوپێک ئاویان هێنا، وتیان: ئەگەر تا (٥) خولەک ئاوەکە نەخۆیتەوە، کوپەکە دەتوێتەوە، یانی شتێکی زۆر سەیربوو لەو ئەوروپایەی، کە مافی مرۆڤی تێدا دەپارێزرێ، زیندانی لەم جۆرە هەبێت! (٤) مانگ لەوێ لەزینداندا بووم، دواتر زانییان کە بێتاوانم، ناردمیانەوە بۆ نەرویج. لەوساوە تا ئێستا بەدەیان تۆمەتی بێبنەما، دەدرێمە دادگا و دێم و دەچم، سوپاس بۆ خودا هیچ باکیشم پێی نییەو دڵنیام ویستی خودای لەسەرنەبێت ئەم شتانە ڕوونادەن. دەزانم لەبەرئەوە وام بەرانبەردەکەن بۆئەوەی تەنازولبکەم بۆیان، بەڵام من ئەگەر بمویستایە تەنازول لەبیروباوەڕم بکەم، ئێستا ژیانم وا نەدەبوو، بەڵام قەت ئەوە نابینن تەنازولبکەم. لەم چەند ساڵەی پێشوودا دوو جار (ئەحمەدی نەژاد) بەوەفدی ڕەسمی جوابی نارد بۆم و وتی: ئێمە هەڵەبووین و هەڵەمان بەرانبەر تۆ کرد! وەرە با پەڕەی سپی هەڵبدەینەوەو بەوەفدی ڕەسمی بتگەڕێنینەوە بۆ تاران و لەوێیشەوە بەڕەسمی بتگەڕێنینەوە بۆ کوردستان. هەر دوو جارەکە داواکەیانم ڕەتکردەوەو دڵنیاییمدا کە تەنازول نە بۆ ئەوان و نە بۆ ئەمریکایش ناکەم. پێیشموتن: هەر ئێوەبوون لەو کاتەی ئەمریکا ساروخەکانی لێداین، نەتانهێشت بریندارەکانمان بهێنرێنە ئەو دیو، هەتا بریندارەکان ڕەقبوونەوە لەسەرمادا. پێویستە خەڵک ئەم تەئریخە بزانێت و ئەوەیش بزانێت کە ئێمە دڵسۆزیانین، ئەو زوڵمەی لەئێمە کرا وێنەی نەبوو. ئافرەتمان هەبوو شوویدەکرد، لەدوای مارەبڕین کۆمەڵێک پیاوی حیزبی دەچوونە لای کەسوکاری کوڕەکەو دەیانوت: نابێت ئەو کچە بخوازن، چونکە خزمی مەلا کرێکارە! لەبەرئەوە دوای مارەبڕین کچەی داماو تەڵاقدەدرایەوە. ئەمە جگە لەزیندانی و شەهیدەکانمان، جگە لەدژایەتیکردنمان لەلایەن کۆمەڵی ئیسلامییەوە، جگە لەجاسوسیکردنی مەدخەلییەکان لەدژمان. لەو قسانەی کە کردوومن یەکبەیەک بەرپرسیارم و تا زیندووم، ئامادەم بۆ وەڵامدانەوەی هەر قسەیەک، کە بڵێن وانییە".
ئەمە دەقی قسەکانی (مامۆستا نەجمەدین فەرەج) بوو سەبارەت بەچۆنێتیی ڕادەستکردنەوەی لەئێرانەوە بەهۆڵەنداو لەهۆڵەنداوە بەنەرویج. لێرەدا پارچە شیعرێکی (مامۆستا نەجمەدین) هەیە بەناوی (ساڵەهای ساڵە لەم دیو بۆ ئەو دیو)، دادەنێم بۆ خوێنەر، کە تیایدا باس لەو زوڵمە دەکات کە بەرانبەر خۆی و میللەتی کورد دەکرێ.

تاکو کەی ژانی گەلی چەوساوەم
کۆڵی ئاوارەو کۆچی نەبڕاوەم
ساڵەهای ساڵە لەم دیو بۆ ئەو دیو
سەر لێشێواوی ناو ئەم گێژاوەم
کۆڵی ناچاریی ناسۆرو ژانم
نایەوە سەرشان بۆ کوێ نازانم؟
ساڵەهای ساڵە لەم دیو بۆ ئەو دیو
هاوار وڵاتان منیش ئینسانم
لەشاری خۆمدا بێ جێگەو بێ ڕێم
ڕوو لەکوێ کەم من، هاواربکەم کێم
ساڵەهای ساڵە لەم دیو بۆ ئەو دیو
بەرەو ڕووی پشکۆ لەئاگر هەڵدێم
نابینم گەلێک وەکو کورد وابێ
جارێ بەزمانی خۆی ڕێنەدرابێ
لەوڵاتی خۆیاو بۆ کارەساتی
شیوەن دەگێڕێ و پێیدەڵێن: نابێ.

لەقەفەزی نائومێدییەوە بۆ ئومێدبەخشین: ئینسانی موسوڵمان بەچەندین سیفەتی جوان بەناوبانگە، لەناویاندا: دەستپاک، داوێنپاک، ڕاستگۆیی و بەسۆزیی و تاد. بەسۆزیی و بەزەییهاتنەوە سیفەتێکە لەسیفەتە باڵاکانی مرۆڤی موسوڵمان، ئەوەیش ئەمری خودای لەسەرەو ئەرکی سەرشانی موسوڵمانە کە بەسۆزو میهرەبان بێت، هەروەک چۆن پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)، وای فێرکردووین کە بەسۆزو میهرەبان بین بەرانبەر ئەوانەیشی کە لەساتەکانی کۆتایی شەڕکردنیاندا بەرانبەر سوپای ئیسلام وتویانە: (لا الە الا اللە).
دەگێڕنەوە ئەوکاتەی کە باپیرە گەورەمان (سەلاحەدینی ئەیوبی)، لەدژی خاچپەرستەکان لەشەڕدا دەبێت، لەو دەمەدا (شێر دڵ)ی سەرکردەی لەشکری خاچییەکان توشی نەخۆشییەکی کوشندە دەبێت، (سەلاحەدینی ئەیوبی)ش، پزیشکە تایبەتەکەی خۆی دەنێرێت بۆ ئەوەی چارەسەریبکات، ئەم جۆرە ڕەفتارە لەجەنگداو بەرانبەر گەورەترین دوژمن، دەچێتە خانەیەکی بەرزی ئەخلاقی و دیبلۆماسییەوە. لەپاش تێپەڕینی (٨۰۰) ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا، ئێستا یەکێک لەنەوەکانی (سەلاحەدینی ئەیوبی)، بەبێ ئەوەی تاوانێکی کردبێت و بەبێ بوونی بەڵگەیەک لەسەر تاوانباربوونی، لەزیندانەکانی خاچییەکاندا زیندانییکراوەو حکومدراوە بە (۱۲) ساڵ مانەوە! بەبێ ئەوەی گوێی لێبگرن و بزانن ڕەئی مامۆستا چییە! بە بڕیارێکی زۆرەملێی دادگا، سزاکەیان لەسەر کرد بەماڵ. وەک پارێزەرەکەی کۆتا دادگاییکردنی دەگێڕێتەوە بۆمان و دەڵێت: "مامۆستام بەسکایپ بینی و تەندروستی باشبوو. بەهۆی گەرمای هاوینەوە کەمێک ڕەنگی ڕەشهەڵگەڕابوو، دوای ئەوەی ماوەی خۆیان پێنەدا، تا قسە لەسەر کەیسەکەی بکات، ئەویش کورسییەکەی پێچەوانەکردەوەو پشتیکردە دادوەرەکان و وەڵامینەدانەوە. هەروەها نەیانهێشت ئێمەیش قسەی لەگەڵ بکەین و بەئاماژە ماڵئاواییمان لێکرد، لەسەر کەیسی فڕاندنی مامۆستا بۆ ئیتالیا بەفڕۆکەیەکی دانیمارکی، برینیار میلینگ؛ پارێزەرە نەرویجییەکەی مامۆستا داوای لەحکومەتی نەرویج کردووە کە ڕێگەی بدەن سەیری ئەو بەڵگەنامانە بکات کە پەیوەندییان بەو فڕۆکەیەوە هەیە. ئایا کێ بەکرێیگرتووەو چەندی تێچووە؟ بەڵام دەسەڵاتدارانی نەرویج داواکەیان ڕەتکردۆتەوە.
ئەو سەرەڕای ئەوەی لەقەفەزی نائومێدیدایە، بەڵام لەدەرکەوتنەکانیدا ئومێددەبەخشێتەوە بەدڵسۆزانی ئیسلام و شوێنکەوتوەکانی خۆی. هەروەک براکەی مامۆستا؛ بەڕێز خالید ڕەنجدەر بۆمان دەگێڕێتەوەو دەڵێت: ڕۆژی (۱۰/ ٨/۲۰۲۰) مامۆستا لەڕێگەی سکایپەوە قسەی لەگەڵ کردین، تەندروستیی باشەو زۆر ورەی بەرزە، هەر بۆ گاڵتەکردن وتی: "لەدەست ئەو هەرچی و پەرچییانەی نەرویجیش ڕزگارمبوو، ئەم دینە هەر سەردەکەوێت پشتیوان بەخوای گەورە".
* تێبینیی: مەبەستی لەهەرچیوپەرچیی، دانیشتوانی ئاسایی نەرویج نییە، بەڵکو مەبەستی ئەو تەبەقە سیاسییە خراپەکارەیە، ئەوەتا خودی مامۆستا لەکتێبەکەی خۆیدا بەناوی (مەلا کرێکار لەوتەی خۆیەوە)، کە بەزمانی نەرویجی نوسیویەتی دەڵێت: "من نەمویستوە ماڵ و داراییتان بدزم. هیوادارم هەتاهەتایە خیانەتتان لێنەکەم. بەهیچ شێوەیەکی نادادپەروەرانە ئێوەم بەکارنەهێناوە. هیچ کاتێک ئەو پەیمانەی لەنێوان من و ئێوەدا هەبووە نەمشکاندوە. وەکو گەل و سیستەمی پاشایەتی و ڕۆشنبیری و کولتور ڕێزێکی زۆرتان لێدەگرم. جێگەی ڕێزە کە من وەک موسوڵمانێک بەئەمان لەم وڵاتەدا دەژیم. هیوادارم ئەوانەتان کە ناکۆکییان لەتەک مندا هەیە، لەیەکتر نزیکببینەوە. ئەگەر کەسێک لەدەرەوە هات و لەناوماندا خۆی تەقاندەوە، ئەمە تاوانە. ئێمە نابێت بەهۆکاری تر ژیانی خۆمان بسوتێنین. خوانەخواستە ئەگەر کەسێک لەبازاڕێکی قەرەباڵغی شاری ئۆسلۆدا تەقینەوە بکات، کێ دەکوژرێ؟ ئەگەر هەیە (برینیار میلینگ)ی پارێزەرەکەی من بێت، یان کچەکەم بێت. من بڕوام بەو شێوە شەڕانە نییە. ئەگەر من قەناعەتم بەو کارانە هەبووایە یەکەم لایەنێک کە بەرانبەری ئەنجاممدەدا یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بوو. ئەوەیشم نەکردووە".
بەداخەوە لەدوای (۱۷) ساڵ لەکێشمەکێشمی دادگاکانی نەرویج، لەپاش ئەوەی هیچ بەڵگەیەک نەبوو لەسەر ئەوەی کە تاوانباربێت، لەسیناریۆیەکی قێزەوندا مامۆستایان بەئیتالیا فرۆشت!
هێندەی دیقەتمدابێت و گوێبیستی وتارو دەرسەکانی بووبم، بەشێوەیەکی ورد لەجوڵەکانیم ڕوانیوەو بەباشی دیقەتی دەموچاویم داوە، ئەو سەرەڕای ئەوەی کە دڵنیایە گۆڕانکاری و پێشەوەچوونی کورد لەڕادەبەدەر قورسە، بەڵام هەرگیز ئەوەم لێنەدیوە کە بێئومێدانە بدوێت و ورەی خەڵک بڕوخێنێت، ئەو لە جەنەڕاڵێک دەچێت کە سوپایەکی ملیۆن سەربازی ڕاهێنراوی لەبەردەستدابێت، ڕەنگە بۆ بەهێزیی ئیمانەکەی، یان زۆریی دڵسۆزییەکەی بگەڕێتەوە بۆ خاک و خەڵکی کوردستان. زۆرجار لەگەڵ هاوڕێکانمدا ئەم باسەم وروژاندووە، چۆن دەبێت کەسێک سەرەڕای ئەو ژیانە سەختەی کە وەک تاک بەڕێیدەکات و ئەو دۆخە سەختەی کە پێیدا تێپەڕیوە، هێشتایش ئاڵای سپی و تەسلیمبوونی هەڵنەکردووەو بڕوای بەسازشکردن نییە لەسەر بیروباوەڕی؟ نە خۆم و نە هاوڕێکانیشم هێشتا نەمانتوانیوە وەڵامێکی برواپێهێن بۆ خۆمان بدۆزینەوە. هەڵبەت دۆزینەوەی وەها وەڵامێک قورسە بۆ مرۆڤێک کە سەد لەیەکی ئەو ئاستەنگییانەی نەدیبێت و نەبڕیبێت، بەتەبیعەتی حاڵ خۆشیم لەوەسف و ستایشێک نییە کە لەکەسێکدا نەبێت، لەو بڕوایەدام حەقی خۆیم بەباسکردنی ئومێدی ئەو، لەم ڕۆژگارەدا کە بێئومێدی وەک باران دەبارێت نەداوە. هەرچەندە ئەو لەناخدا ئازادە، بەڵام بەهیوام ڕۆژێک ئازادبکرێ و شێوازی حکومڕانی بەبیرو بۆچوونەکانی ببینین و لەکاری باشی دەستخۆشییبکەین و لەخراپەیشی هەڵوێست وەربگرین و ڕەخنەبارانی بکەین.
لەهەڵوێستی نیشتیمانی و دژایەتیی کوردەوە، تا گومانی تیرۆریستبوون: لەڕۆژی (۲٥/۲/۲۰۰۹)دا سیمینارێک لەپاڵتاک بۆ مامۆستا سازکرا، کە تیایدا ژمارەیەک هاوڵاتی پرسیاری جۆراوجۆریان لەمامۆستا دەکرد. پرسیارەکان جۆراوجۆربوون، هەر لە پرسیارکردن لەسەر هەڵوێستی نیشتیمانی و ڕەئی مامۆستا بەرانبەر پەکەکە وەک هێزێکی کوردستانی، هەر لەگومانی تیرۆریستبوون و تەقاندنەوەوە، هەر لەگومانی کوشتنی بەبێتاوان و تاد. لێرەدا بەشێک لەپرسیارو وەڵامەکان بۆ خوێنەران دادەنێمەوە کە دەشێت بۆ هەندێکمان نوێبن.
پرسیار: بۆچی هەڵوێستتان بەرانبەر دەستگیرکردنی ئۆجەلان نەبووەو باستاننەکرد، بۆچی بەدوژمنیان دەزانیت و دەڵێن دژی پەکەکەی وەک هێزێکی کوردستانی؟
وەڵام: "برای بەڕێزم، کاتێک ئێمە هەڵوێستمان هەبوو لەسەر پەکەکە، پەرلەمانی کوردستان بەڕووڕەشی لەپەکەکەی دا، مامۆستا (مەلا عوسمان)ی ئێمە سەربەرزانە ڕەحمەتی خوای لێبێت، بانگیکردین گوتی: هەموو پێشمەرگەو دۆستانی خۆتان بانگبکەن و پێیانبڵێن: کە پێشوازییەکی باشیان لێبکەن، چونکە ئەوانیش خەڵکی ڕەشوڕووتن و دڵسۆزیی وایلێکردوون بچنە ئەو شاخوداخەو بەرگریی لەکورد بکەن، ئێمەیش چووین نان و کەلوپەلمان بۆ بردن و خزمەتمانکردن، دواییش کە یەکێتی لێیدان بەشێک لەگەریلاکان هاتن و وتیان: ئەگەر وەک زیندانییش بێت وەرمانگرن، بۆئەوەی نەکەوینە دەستی ئەوان، دەنا دەمانکوژن، بۆ خۆیشم بەدواداچوونم کرد بۆ یەک دوانێکیان (مەبەست لەوانەی پەکەکەیە)، کە یەکێکیان خریجی بەشی ئابووری بوو، (۱٦) ساڵ بوو، بەشداریی پەکەکەی کردبوو. بۆ مەسەلەی ئۆجەلانیش، وەختێک کە ئەو گەلەکۆمەکێ نێو دەوڵەتییەی لەسەرکراو دەستگیرکرا، هەڵوێستمان هەبوو بەیاننامەمان دەرکرد، چونکە هەڵوێستی ئێمە لەگەڵ ئەوان هەڵوێستێکی ئینسانی و کوردانەیە. هەر بۆ زانیاریی بەڕێزت، ئێمە دژی ئەو جۆرە تیرۆرو دەستگیرکردنەین بەرانبەر هەر مرۆڤێک بکرێ. ئەگەر دەبڵ مۆراڵیی ئەمریکایش نەبێت، بۆچی دژی ئۆجەلانن، کە کوردێکی چەپە، وە پاڵپشتیی هێزەکانی ئێرەن، کە کوردن و چەپین!"
لێرەدا پێمباشە شیکارییەک بۆ وتەکانی مامۆستاو هەڵوێستیان بکەم لەسەر پرسی کورد.
دیارە بەڕێزیان لەسەر دینی ئیسلام باجێکی زۆریان داوە، بەڵام گەر کورد نەبووایە ڕەنگە بەو جۆرە نەبوایەو ئاوا لەدادگاکانی ئەوروپادا غەدری لێنەکرایە. تێگەیشتنی ئەو بۆ پرسی کورد، تێگەیشتنێکی زۆر جوان و بەجێیە، ئەو پێیوایە: دەبێت کوردیش وەک هەر گەلێکی دیکە ئازادبێت و دەوڵەتێکی سەربەخۆی خۆیی هەبێت و بتوانێت بەئازادیی بژی، جێهێشتنی ئیخوان موسلیمین لەسەر ئەوەی کە هەڵوێستیان نەبوو بەرانبەر کیمیاییبارانکردنی هەڵەبجەو پرسی کورد، بەڵگەیە بۆئەوەی کە ئەم لەپاڵ ئایینەکەیدا دۆزی گەلەکەیشی بەلاوە گرنگەو نایەوێت گەلەکەی زوڵمی لێبکرێ و ئامادەیشە بەرپەرچی هەر هێزێک بداتەوە کە دەستدرێژیبکاتە سەر کوردستان. تێگەیشتنی ئەم بۆ پرسی کورد، لەچوارچێوەیەکی گەورەدایە، چونکە پێیوایە کوردستان چوار بەش نییەو یەک بەشە، پێیوایە دەبێت کوردانی هەموو جیهان یەکبگرن و خاڵی هاوبەشیان بدۆزنەوەو ڕێبکەون لەسەر ئەوەی ئەو سنوورەی کە بەسەرماندا سەپێنراوە لایببەین، جا باجەکەیشی هەرچی بێت پێکەوە دەیدەین، ئەم تێگەیشتنە ڕەنگە بۆ ئێمە قورسبێت، چونکە وا ڕاهێنراوین و تێگەیەنراوین کە تەنیا خەبات بۆ پارچەیەکی دیاریکراو بکەین و براکانمان لەڕۆژئاواو باکورو ڕۆژهەڵات، هەرچییان بەسەربێت و دێت، ئێمە لێی بێدەنگبین. پێویستە خوێنەر بۆچوونەکانی ئەم و دژەکانی بخاتە تای تەرازویەک و بزانێت و بڕیاربدات بۆچوونی کام لایەن دروستەو دەلیلی کام لایان بەهێزترە. ئەوەی لێی تێگەیشتوم ئەوەیە کە ئەم شانازیی بەزانایانی وەک (سەید قوتب) و هاوشێوەکانییەوە دەکات، بەڵام ئامادەنییە کورد بکات بەقوربانیی ئەو گروپانەی، کە بەناوی ئیسلامەوە دژی کوردن و دەیانەوێت ئەم گەلە لەناوببەن. ئەم شانازیی بەئیسلامەوە دەکات و دەڵێت: لەئیسلامدا هیچ ڕەنگ و هیچ هۆزێک عەبدی هیچ ڕەنگ و هۆزێکی تر نین و لەسەرووی یەکترییەوە نین، مەگەر لەتەقوادا. ڕەنگە لێرەدا نەمتوانیبێت بەباشی بیروباوەڕی ئەو ڕوونبکەمەوە لەسەر کوردو پرسی کورد، بەڵام دەزانم کە ئەو دەیەویت گەلەکەی سەربەست و ئازاد بێت و لەژێر چەپۆکی هیچ گەلێکدا نەژی و زوڵمیان لێنەکرێ، دەی خۆ ئەگەر مرۆڤ کەموکووڕیی نەبووایە، ژیان بەم جۆرە نەدەبوو، لەبەرئەوە لەکەموکووڕیی ناساندنەکەی بەندەیش ببورن، گەورەیی خۆتانە.
پرسیار: لەئەڵمانیا کۆبوونەوەت بەخەڵکی کردووەو هانتداون بۆ تیرۆر؟
وەڵام: "وەڵا برای بەڕێزم، ئەو قسانە بەنیسبەت منەوە هەروا دەزانم گوێم لێینەبووە، ئەگەر بەڵگەیەکت هەیە فەرموو بیهێنە، بزانم کەی و لەکوێ ئەو کارەم کردووە، دەی کە بەڵگەیشت نییە، باشترە ئەو باسە دابخەیت، چونکە جگە لەقسەی پڕوپوچ هیچی تر نین. یانی تۆ پێتوایە ئەڵمانیا بەڵگەی هەبێت و بزانێت من کارێکی وام کردووە، لێمدەگەڕێت بەئاسانی بۆی دەربچم!".
پرسیار: جەنابت پەرلەمانی کوردستان وەکو دوژمن تەماشادەکەیت؟
وەڵام: "نەخێر، من پێمخۆشە کە کورد پەرلەمانی هەیەو پەرلەمان شتێکی باشە، بەڵام نەک دیموکراسییەتێکی پلاستیکیمان نیشانبدەن و بیانەوێت بەناوی دیموکراسییەوە وەک بەعسییەکان بڕیار دەربکەن و بمانخەڵەتێنن، من سەیری بڕیارەکان دەکەم، ئەگەر زانیم بڕیاری باشی لێدەدرێ، ئەوا کارێکی باشە، ئەگەر زانیشم بەناوی تیرۆرو شتی بێماناوە هاوشێوەی بەعس (۱٤۷) فەقەرەی لەقەتڵدا دژ بەئیسلام دەرکرد، ئەوا پاڵپشتی نابم و پێم جێیەکی باش نییە".
پرسیار: لەسەر تیرۆرکردنی قاسملۆو شەرەف کەندی دڵگرانبوون؟
وەڵام: "پێشتر وەڵاممداوەتەوە کە ئێمە دژی تیرۆرین و پێمانوایە ئەوەی تیرۆردەکات کەسێکی جەبانە، ئێمە دڵگرانبووین و دڵمان ژاندەکات بۆ هەر کەسێکی خاوەن فیکر کە تیرۆردەکرێ، لەکاتێکدا من بڕوام بەخۆم هەبێت، چی پێویستم بەوەیە بەرانبەرەکەم بکوژم و لەناویببەم، لەبری ئەوە دەبێت گفتوگۆبکرێ و لێکتێگەیشتن دروستبکرێ. هەر بۆ زانیاریی بەڕێزیشتان، ئێمە بەیاننامەی ناڕەزایەتییمان دژی تیرۆرکردنەکە بڵاوکردەوەو ئێرانیش زۆر بەتوندی دژمان وەستایەوە لەسەر ئەو هەڵوێستەمان، ئەوە مێژوو ونکراوەو شێوێنراوە، دەنا کێ هەبوو وەک ئێمە هەڵوێستی ڕوون و خێراو بوێرانەی هەبێت".
پرسیار: دەڵێن بەڕێزت شیوعی بوویت، ئایا ڕاستە؟
وەڵام: "نەخێر، بەهیچ شێوەیەک ڕاست نییەو ئەوە درۆیەکە بەناوی منەوە کراوە، من بەحکومی ئەوەی لەفیکرەکان شارەزام و زانیاریم لەسەریان هەیە، ڕەنگە بەهۆی ئەوەوە وایان زانیبێت من چەپیبم، دەنا بەهیچ جۆرێک بۆ چرکەیەکیش مارکسی نەبووم و شانازیی بەئیسلامەکەیشمەوە دەکەم".
هاوڵاتی: تۆ تیرۆریستیت، جارێک گوێم لێبوو کە لەفڵان و فڵان جێگەدا خەڵکت بەبێتاوان کوشتووە!
مامۆستا: "ئاخر برای بەڕێزم بەچی بەڵگەیەک؟ کەی؟ لەکوێ؟ یانی پێمسەیرە ئەوەندە خۆشباوەڕن بەهەموو ئاوازێک سەمادەکەن. هەر لەسەر ئەو دەڵێن و وتی وتییە، جارێکیان لەتەک چەند هاوڕێیەکمدا لەناو پاپۆڕدا لەڕێگەی ئەڵمانیاو دانیمارکدا بووم، شەرواڵێکی کوردیم لەپێدابوو، ئەو کاتەیش شەڕێکی نێوان ئیسلامییەکان و بەرانبەرەکانیان هەبوو، منیش چونکە شەرواڵم لەپێدابوو، لەپڕ یەکێک هاتە لامەوەو وتی: جەنابت کوردیت؟ وتم: بەڵێ. وتی: خەڵکی کوێیت؟ وتم: خەڵکی سلێمانیم. وتی: ئاگات لێیە ئەو ئیسلامییە خوێڕی و... چییان کردووە؟ وتم بۆچی چییان کردووە؟ وتی: ئاگات لێیە دەربەندیخان و کەلاریان پڕکردووە لەپاسدارو چەکداری ئەفغانی؟ منیش وتم: برا بەڕێزەکەم، ڕەنگە ئەوە دیعایەی بەرانبەرەکەیان بێت بۆئەوەی ناشیرینیان بکات. وتی: نا، بەشەرەفم کرێکارێکیان هەیە -مەبەستی مامۆستا کرێکار بوو- هەموو شارەکەی تێکداوە. وتم: نا، ڕەنگە هەڵەبێت هەواڵەکە. وتی: نا، دەزانین کە ڕاستییە. بەهەرحاڵ زۆری وت و هەرچی وتم: وانییە، وتی: نا وایە! لەبەرئەوە ناچاربووم کە پێیبڵێم: کاکە گیان ئەو کرێکارەی تۆ وەک دڕندە باسیدەکەیت و دەڵێیت وا خەڵک دەکوژێت و وا دەکات و وا دەکات، ئەوەتا لەبەردەستتاو منم! وتی: چۆن تۆیت؟ وتم: وەڵا برا منم، بشچمەوە سلێمانی دەیکەم بەباسێک و لەوتارێکدا بۆ خەڵکی دەیگێڕمەوە".
چەندین پەندی گەورە لەم بەسەهاتەدا هەبوو، وەی بەحاڵی ئەوانەی بوختاندەکەن و بێئاگان لەحاڵی قیامەتیان، بەلای منەوە ئەوە سەیرە کە زۆرینەی دژەکانی مامۆستا دەڵێن توندڕەوەو وای کردووەو وای کردووە... بەڵام زۆرینەیشیان بێئاگا کەوتوونەتە داوی پیلانی دژەکانییەوەو بێئاگایانە بوون بەدژی بیرمەندێک، کە ئەگەر بێتو کورد نەبووایە، دەمێک بوو پەیکەری لەزێڕ بۆ دروستکرابوو. هیواخوازم ڕۆژێک ئەو پەندە پێچەوانە بکەینەوە کە دەڵێت: "کورد میلەتێکی زیندووکوژی مردووپەرستن".
پرسیار: ڕاستە پارەت لەئێران وەرگرتووە؟
وەڵام: "بەخوای ئەرزو ئاسمانەکان، قەسەم درۆیەو تەحەدای یەک بەیەکی هەموو بەرپرسانی ئێران دەکەم، کە ڕۆژێک یەک تمەنیشم لێوەرگرتبن، نەک هەر خۆم دۆستەکانیشم بەهیچ شێوەیەک ئەو کارەیان نەکردووەو ملمان لەموو باریکترە بۆ ڕەددی ئەو جۆرە درۆیانەیش، هەر بۆ زانیاریی بەڕێزیشتان، یەک فلسیشم لەم وڵاتی نەرویجە وەرنەگرتووەو شانازیی بەوەوە دەکەم کە خێزانەکەم کاردەکەن و بەپارەی ئەوان دەژیم، نەک لەسەر سۆشیال".
پرسیار: ئایا ڕۆژێک بێیتەوە کوردستان و ببیتە خاوەن دەسەڵات چی دەکەیت؟
وەڵام: "ئەو ئەزموونەی کە هەمەو لەئەوروپایش بەدەستمهێناوە، بەتایبەت لەسەر پرسی سەروەریی یاسا، ئازادی، دادپەروەری و چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ و هەتا دوایی، بەراوردێکی باش و گونجاندنێکی بۆ دەکەین لەگەڵ دینەکەمانداو دەیکەین بەدەستورێک، وە پێویستە هەموو ماڵێکیش ئەو دەستورەی تێدابێت و هەموو تاکێک بیخوێنێتەوەو موناقەشەی بکرێ، تا هەموومان ڕێدەکەوین لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی".
ئەمانەو چەندین پرسیاری دیکە لەبەڕێزیان کراوە، دیارە زۆرینەی پرسیارەکان کە ئاڕاستەی کراون، لەبنەچەدا ئاڕاستەکراوبوون، وەڵامەکانی مامۆستایش بەو بوێری و خێراییە بۆ پرسیارەکان، نیشانەی پاکی و بێمنەتییەتی بەرانبەر بەو تۆمەتانەی کە بۆی دروستکراوەو دەکرێ.
هەوڵەکان لەتۆمەتبارکردنەوە بۆ تیرۆرکردن: وەک لەسەرەوەی باسەکەمان ئاماژەمانپێدا، کە تۆمەتێکی ئێجگار زۆر بۆ مامۆستا دروستکراوەو وەک خۆیشی ئاماژەی پێدەدات، کە هیچ بەڵگەیەک لەسەر سەلماندنی ئەو تۆمەتانە نییە کە ئاڕاستەی دەکرێن، وە پێیوایە ئەو شەپۆلە تۆمەتەی کە ئاڕاستەی دەکرێ، بەبێ هۆ نییەو هۆکاری سەرەکیشی ئەوەیە کە ئامادەنییە سازش لەسەر بیروباوەڕەکانی بکات. کوشتن و تۆمەتبارکردن لەمێژووی مرۆڤایەتیدا بەهۆکاری هەبوونی بیروڕای جیاواز زۆرن، بەبۆچوونی بەندە؛ کوشتن و ترساندن بەهۆکاری هەبوونی ڕای جیاواز ئەو پەڕی نامەردی و بێغیرەتییە. کاتێک کوشتن ئازایەتییە کە بەرانبەرەکەت هاتبێتە بەرانبەرت و بیەوێت بتکوژێت، شەڕی فیکر بەفیکر، شەڕێکی دێرینەو ئەگەر بەشێوەیەکی ئەخلاقی بێت، شتێکی زۆر باشە بۆ زیندووهێشتنەوەی کۆمەڵگە، بەڵام کوشتنی مرۆڤێک، یان تۆمەتبارکردنی بەهۆکاری جیاوازیی فیکری، هیچ جوامێرییەکی تیدانییە. بێشک مامۆستا کرێکاریش، بیرمەندێکی ئیسلامییە کە بڕوای بەگفتوگۆو لێکتێگەیشتن هەیە، بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و دۆزینەوەی ڕاستی و ژیانکردن بەئازادی. دیارە بلیمەتی و شارەزایی بەڕێزیان بووە بەهۆکارێک، کەم کەس بتوانن بووەستن و موناقەشەی لەتەکدا بکەن، لەموقابیلی ئەوەیشدا کەوتووەتە بەر هێرشێکی زۆری ئەوانەی کە دژی فیکری ئەون و نایشتوانن ڕەدی لۆژیکی بدەنەوە. وەک دەڵێن شارەزایی ئەم بەتەنیا لەبارەی ئیسلامەوە نییە، بەڵکو لەفیکرەکانی دیکەو مێژووی سەرهەڵدانی فیکری نوێ و ئایینەکانی دیکەیشدا شارەزاییەکی زۆر باشی هەیە. وەک خۆی دەڵێت: :لەسەر بیروڕای جیاواز چەندین تۆمەتی بێبنەمایان بۆ هەڵبەستووم، بەڵام هەموو دادگاییەکان نەیانتوانی تەنانەت یەک تۆمەتیش بسەلمێنن، دادگاکان سەرەڕای تێکەڵکردنی: زەمان، مەکان، حاڵەت، هێشتایش نەیانتوانی دۆسییەکەم بەسەردا ساغبکەنەوە، لەبەرئەوە بێزاربوون لەتۆمەتبارکردن و پەنایان بۆ تیرۆرکردنم هێنا".
پێمباشە هەوڵی تیرۆرکردنەکەیشی لەزمانی خۆیەوە بۆ خوێنەران بنوسمەوە، تا بزانن دیموکراسییخوازان چۆن دژی تەنیا پیاوێک وەستاونەتەوە کە بەس خۆی و قەڵەمەکەیەتی، نەک زیاتر.
مامۆستا دەڵێت: "لەشەوی (٢٥/١/٢٠١٠)دا ویستیان بێنە ماڵەکەم و تیرۆرمبکەن، بەحکومی ئەوەی ماڵەکەی ئێمە دیارەو خەڵکیش دەیزانی کەوتووەتە کوێ، بەرپرسانی ئەمریکایش لەمیدیاوە ناونیشانەکەیان بڵاوکردبووەوەو زیاتر خەڵک دەیزانی، بەکۆی گشتی نەرویجییەکان زۆربەیان دەیانزانی ماڵەکەم لەکوێیە. پەنجەرەی یەکێک لەژوورەکانمان دەکەوتە سەر ڕێڕەوێک کە هەم وەک بەلەکۆن وابوو، هەمیش دەچوەوە سەر دوو شوقەی دراوسێمان، ڕێڕەوەکەیش کراوەبوو بەجۆرێک هەرکەسێک بەمەسعەدەکە هاتوچۆیبکردایە دەیتوانی بەو ماڵانەدا بگاتە ئەو پەنجەرەی ئێمەو بێتە ناو ماڵەکەمان، ئەو پەنجەرەیەی ئێمەیش زۆرجار کراوەبوو، بەو هۆیەوە زۆرجار هەندێک لەبرایان دەهاتن و لەوێدا دەخەوتن، نەبادا شتێک ڕووبدات. نزیکەی کاتژمێر (٢)ی شەو بوو، منیش نەخەوتبووم و لەژوورەکەی خۆم خەریکی نوسین بووم، بۆئەوەی دەنگیش نەڕوات دەرگاکەم داخستبوو، لەناوکاو هاوارێک هات و بوو بەدەنگەدەنگێکی زۆر، منیش بەپەلە ڕۆیشتم بەرەو لای کاک زانا هەمەوەندی، کە ئەو شەوە لەوێدا حەرەسبوو، بینیم برینداربووەو فیشەکێک بەباڵییەوەیە، تومەز پێیزانیوەو مەجالی نەداوە بێتە ژوورەوە، بکوژەکەیش تەقەی لێکردبوو. سوپاس بۆ خودا کە سەلامەت مایەوەو برینێکی قورس نەبوو، بەخێرایی پەیوەندیمان بەپۆلیسەوە کردو پۆلیس لەدوای (۱۰) دەقیقە چواردەوری ماڵەکەیان گرتین و هاتنە ژوورەوە، کاک زانایان بەئیسحافێک برد بۆ نەخۆشخانە، سوپاس بۆ خودا برینەکەیشی سوک بوو. لەدوای ئەوە پۆلیس بۆ ماوەی (١٠) ڕۆژ بردینیان بۆ شوێنێکی ترو زۆر بەباشی خزمەتیان کردین، وتیشیان ئێمە ماڵەکەت بۆ دەگوێزینەوە بۆ جێیەکی تر، چونکە باش نییە ئیتر لەو ماڵەدا بژیت، بەڵام سوپاسمکردن و وتم: هەر لەماڵی خۆم دەمێنمەوەو نایگوێزمەوە. لەڕاستییدا ئەوان لەسودی من ویستیان ماڵەکە بگوێزمەوە، چونکە کۆمەڵێک نەرویجی ڕەسمی ماڵەکەمانیان بڵاوکردبوەوەو نوسیبوویان: هەرکەس دەیەوێت (مەلا کرێکار) بکوژێت، ئەوە ماڵەکەیەتی و ئەوەیش ڕێگەکانی، هەتا نوسیبوویان ئەوەی دەستی پێیگەیشت، لەتەک خێزانەکەیدا بەڕیخۆڵە ڕایانبکێشنە سەر جادەکان".
کۆتایی: ڕەنگە هەندێک باس هەبووبێت کە باسمنەکردبێت، چونکە پێشتر وەڵامی ئەو پرسانە دراوەتەوە، بەتایبەتی پرسی (خێڵی حەمە)، کە بەپێی بەڵگەکان هیچ تاوانێک لە ئەستۆی مامۆستا کرێکاردا نییە، شاهید هەیە کە (ی. ن. ک)، خۆیان تەرمەکانیان شێواندووە. بۆ زانیاریی خوێنەریش بەڵگەکان لەیوتیوب هەن، لەبەرئەوە بەپێویستم نەزانی باسێکی بێبنەما دووبارەبکەمەوە. وەک دەوترێ: میدیا دەسەڵاتی چوارەمه، بیەوێت باشترین کەست بۆ دەکات بەخراپترین کەس، خراپترین کەسیشت بۆ ئەفیلێنێت! بەداخەوە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی میدیاوە بەتەرخانکردنی پارەیەکی زۆرو خەیاڵی، زۆریان هەوڵداوە مامۆستا بەشێوەیەکی خراپ بەنەوەی نوێ بناسێنن، ئەوەیش بەهۆی ترسوبیمیانە لەئیسلام و لەکەسایەتیی مامۆستا، بەڵام وەک کورد دەڵێت: بەری خۆر بەبێژنگ ناگیرێ، ڕۆژی خۆی دێت حەق بەسەر نەحەقدا سەربکەوێت. دەزگاکانی حکومەتی هەرێم تاکە پەیجێک بەمامۆستا ڕەوانابینن و خۆیشیان خاوەنی دەیان کەناڵ و سەدان پەیج و سایتی جۆراو جۆرن! خۆزگە دەخوازم ئەم بابەتە پڕ لەکەموکووڕییە سودێکی هەبێت بۆ جیلی نوێ، وە دوای خوێندنەوەی پیاچونەوەیەک بەخوێندنەوەکانیان سەبارەت بەم بیرمەندە گەورەیەی ئیسلام و گەلی کورد بکەنەوە، هیواخوازم بابەتەکە بەدەستی مامۆستای بەڕێز بگات و تۆزێک سوکنایی بۆ دڵیان بهێنێت، بۆئەوەی بزانێت کە ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر لەدڵی ئێمەدا خۆشەویستتر دەبێت و خودایش ئەوی لەبیرنەکردوەو (ان شاء الله) ڕۆژێک دێت بەدیداری یەکمان شادبکات، ئەوەیش بزانێت وەک چۆن پێغەمبەرمان (صلی الله علیه وسلم) لەخودا پاڕایەوە کە لەپشتی تاغوتان نەوەیەکی باش و بەسودو موسوڵمان بهێنێتە بوون، ئێستایش هەر لەناو زاڵمەکانی کوردستاندا دەیان و سەدان خەڵکی باش و موسوڵمان هاتووەتنە بوون. مامۆستای بەڕێز؛ ئەوی ڕۆژێک کە کۆتا جار هەواڵمان پێگەیشت کە دیسانەوە دیموکراتیخوازانی ئەوروپا بەنایاسایی بەرەو ئیتاڵیایان فڕاندویت، ئەم چەند دێرە شیعرەم بۆت نوسی و بەهیوام لێم قبوڵبفەرمویت.
مامۆستاگیان ماوەیەکە تۆ بە جەستە لێمان ونی
ستەمکاران جەستەکەیان زیندان کردوویت
ئەمما هێشتا تۆ ڕۆحی هەزارانی وەک منی
مامۆستا گیان خەمبار مەبە مێژوو وایەو هەر وایش دەبێت
پیاوی گەورە یان لەگۆڕەو یان لەزینداندا دیلەبێت
مامۆستا گیان ئاسودەبە تۆ دەریایەکی بێ بنی
چاوەڕێی دیدارت دەکەین
گەرچی تەنیا بەدیداری جەستەکەت، لەئێمە ونی
مامۆستا گیان ڕۆحمان وەل ڕۆحی پاکتایەو
دڵمان وەل دڵی ئاسودەت
چونکە دڵنیاین بەویستی خوا، ڕۆژی خۆی دێت
سەری دوژمنی ئەبەدیت لەژێر پێت بێت.
واخر دعوانا ان الحمد للە رب العالمین.
1270 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2023-03-26
زۆرترین خوێندراو
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.