دۆسیەی مامۆستا کرێکار

پوخته‌ی دۆسییه‌ی مامۆستا كرێكار

- مامۆستا کرێکار؛ ئەو زانایەی‌ هەوڵەکانی: کوشتن، فڕاندن، زیندانیکردن، نەیانتوانی بیوەستێنن
- (64) تۆمەتی بێبنەما بۆ پیاوێکی تەمەن (64) ساڵی، زیاتر لە (40) جار  دادگاییکراوه!‌
- پیاوێک (10) دەزگای هەواڵگری لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کردووە، کەچی نەیانتوانیوە هیچ تۆمەتێکی بەسەردا ساغبکەنەوە

ئا: پێگەی دووربین

ئەگەر باسی شەرع و دین بکەیت، دەڵێن: ئەمەیش ڕای مامۆستا کرێکارە.
باسی سیاسەت بکەیت، دەڵێن: ئەمە بۆچوونی مامۆستا کرێکارە.
باسی هۆنراوە بکەیت، دەڵێن: ئەمە هۆنراوەی کرێکارە.
باسی مێژوویش بکەیت، لێرەیشدا دەڵێن: ئەمە باسی مێژووە لەلایەن مامۆستا کرێکارەوە.
پیاوێک مەلایەو شەرعزانە، لەهەمان کاتدا سیاسییەو شاعیرێکی زۆر بەتوانایە. سروودبێژو قورئانخوێنە، قسەی بۆ منداڵ، پیر، ژنان و لاوان هەیە، بەڵام سەد حەیف لەم جیهانەدا خاوەنی بستێک خاک نییە.
مامۆستا كرێكار: ناوی تەواوی نەجمەدین فەرەج ئەحمەدەو لەڕاگەیاندنە جیهانییەکاندا بەمەلا کرێکار ناسێنراوە، پێشگری مەلا بەواتای هەڵگری زانست، پەروەردەو رۆشنبیریی ئیسلامی دێت، کە ئەمەیش بەشێوەی گشتی لەناو کۆمەڵگەی ئیسلامیدا، مایەی گەورەیی و رێزو پلە بەرزییە. 
وەكو شاعيريش هەڵگری نازناوی کرێکارە، کە لەئێستادا زیاتر وەك مامۆستا کرێکار ناسراوەو لەلایەن دۆستان و خۆشەویستانییەوه بانگدەکرێ‌. هەروەها لەلایەن هاوڕێ و دۆستانییەوە لەوڵاتی پاکستان، نازناوی ئەبو سەیدقوتب (فاتح کرێکار)ی پێبەخشراوە. مامۆستا کرێکار لەساڵی‌ (1956) لەخێزانێکی هەژار لە‌شاری سلێمانی لەدایكبووەو ئاستەکانی خوێندنی بڕیوە هەتا بڕوانامەی ماستەری لەزانستی فەرموودەدا بەدەستهێناوە، پاشان لەزانکۆی ئەبوبەکر، کە لقێک بووە لەزانکۆی مەدینەی منەوەرە، لەپاکستان وانەبێژبووە، هەروەها هەتا ساڵی (1988) لەکاری رێکخراوەیی ئیخوانولموسلیمین بەردەوامبووە، بەڵام لەو ساڵەدا کارەساتی کیماییبارانکردنی هەڵەبجە، بەتەواوی گۆڕانکارییهێناوە بەسەر ژیانیداو وازی لەهەموو کارەکانی هێناوە، لەکاتێكدا خوێندکاری دکتۆرا بووەو خەریکی نووسینی نامەی دکتۆراکەی بووە، هەر لەو ساڵەدا گەڕاوەتەوەو دەستیکردووە بەکاری فریاگوزاریی لێقەوماوان لەخێوەتگەکانی ئێران کە (175000) پەنابەربوون و لەتورکیا زیاتر لە(100000) پەنابەر هەبوون!
چۆنێتیی چوونی مامۆستا کرێکار بۆ نەرویج و سەرەتای سەرهەڵدانی ئەو کێشانەی لەو وڵاتەدا رووبەڕوویبوونەتەوە 
مامۆستا كرێكار لەساڵی‌ (١٩٨٨)دا وەك كوردێكی چەوساوەو هەڵاتووی بێپەنا، چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەزگای وەرگرتنی پەنابەریی نەتەوە یەكگرتووەكاندا لەئیسلام ئابادی پاكستان كردبوو، وەكو كوردەكانی دیكە مەلەفی پێناسەی بۆ رێكخراو نەتەوە یەكگرتووەكان مەلەفەكەی نارد‌ بۆ چەند وڵاتێك، كە پەنابەرێتیی هەندێك كورد قبوڵبكەن، یەکێک لەوانەیش‌ نەرویج بوو، كە مەلەفی مامۆستا كرێكاری دیراسەكرد، مافی پەنابەرێتی پێدا.‌ لەبەرئەوە‌ لەمێژووی‌ (30/11/1991)دا رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان خۆی و خێزانەکەی گەیاندە نەرویج و لەو كاتەوە لەوێ جێگیربوون. پاشان رێكخراوی (INDICT)ی‌ بەریتانی‌ کە سەر بەموخابەراتی (سی ئای ئەی)ی ئەمریكایەو كەسێك بەناوی (چارڵس فۆرس) سەرپەرشتیدەکردو ئەڵقەی پەیوەندیشیان بەهەندێک لەكوردەكانەوە هەبوو، بەتایبەت لەگەڵ عەبدوللەتیف رەشیدی ئاوەڵزاوای تاڵەبانیدا، كه ئەو كاتە بەرپرسی مەكتەبی رێكخراوەكانی یەكێتی بوو لەبەریتانیا، ئەمانە لەمانگی (10/2001)دا چوونە نەرویج و راپۆرتێكیان دەربارەی مامۆستا كرێكارو چالاكییەكانی دابوو‌ بەموخابەراتی نەرویجی! کاتێک مامۆستا کرێکار لە (6/9/2002)دا لەئەوروپاوە لەڕێگەی وڵاتی هۆڵەنداوە گەڕایەوە بۆ ئێران، بەمەبەستی بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی پشتیوانانی ئیسلام و گەڕانەوەی بۆ بیارە، کەچی لەو کاتەدا ئێرانییەکان دەستگیریانکردو فڕاندیان، پاش دەستبەسەرکردنی بۆ ماوەی (9) رۆژ، داواکارییان ئەوەبوو کە کاریان لەگەڵدا بکات، بەڵام مامۆستا داواکارییەکەیانی رەتکردەوە، لەبەرئەوە رادەستی وڵاتی هۆڵەندایان کردەوەو لەوێیش بۆ ماوەی نزیکەی (4) مانگ زیندانیکرا، پاشان رادەستی نەرویج کرایەوە، لەدواییدا حكومەتی نەرویجی مامۆستا كرێكاری بەوە تۆمەتباردەكرد، كە دژواریی لەسەر باری ئاسایشی نەرویج درووستدەکات، ئەگەرچی تا ئێستا بەشێوەی راستەوخۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی: ئێران، هۆڵەندا، ئەمریكا، نەرویج، ئیتاڵیا و ئەڵمانیا  لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا كردووه، بەناڕاستەوخۆیش دەزگا هەواڵگرییەکانی: ئیسپانیا، سوید، سویسراو فینلەندا لەڕێی دەزگای هەواڵگری و دادگاكانی نەوریجەوه لێکۆڵینەوەیان دەربارەی كردووه، بەڵام نەیانتوانیوه هیچ تاوانێکی لەسەر بسەلمێنن، تەنها ئەوەنەبێت كە هەر دەیڵێن و دەیڵێنەوە:‌ مامۆستا كرێكار فیكری سەلەفیی جیهادی هەیه! ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت، کە دژایەتیكردنی مامۆستا كرێكار لەبەرئەوەنییە کە تاوانباره،‌ بەڵكو لەبەرئەوەیە كە موسوڵمانێكی راست و سەرڕاستە.. بەپێی بڕيارێك کە وەزارەتی شارەوانی و هەرێمەکان- فەرمانگەی کاروباری بیانییەکان لە (19/2/2003)دا دەریکرد، بەبیانووی ئەوەی گوایە مامۆستا مەترسیدەبێت لەسەر ئاسایشی نەرویج!، مافەکانی: پەنابەرێتی، پاسپۆرت، مانەوەی هەمیشەیی و کارکردنی لەمامۆستا کرێکار سەندەوە. 
لەڕاستیدا تەنها ئەوەی کە میدیا جیهانییەکان ئاشکرایانکردووە، لەلایەن موخابەراتی ئەمریکییەوە (3) جار هەوڵی فڕاندنی مامۆستا کرێکار دراوە، بەڵام (الحمد للە) هەر سێ جارەکە فەشەلیانهێناوە. هەروەها لەنیوەشەوی (25/1/2010)دا لەناو ماڵەکەی خۆیدا لەئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، لەلایەن باندێکی یەکێتییەوە هەوڵی تیرۆرکردنی درا، بەڵام (الحمد للە) سەرکەوتوونەبوون. دواتر زانیاری گەیشت بەمامۆستا، کە کەسانێکی تر رەوانەکراون و هەوڵی دووەم دەدەن بۆ تیرۆرکردنی، بەڵام پاش ئەوەی لەڕێگەی پارێزەرەکەیەوە پۆلیس ئاگادارکرایەوە، ئەوانەیش بەپەلە نەرویجیان بەجێهێشت و گەڕانەوە بۆ کوردستان. موخابەراتی نەرویجی بەتۆمەتی ئیرهاب و هاندان بۆ کاری توندوتیژی، زیاتر لە (40) جار جەنابی مامۆستای بردۆتە بەردەم دادگا، بەڵام لەهیچياندا سەرکەوتوونەبووەو بەڵگەی نەبووە کە مامۆستا تاوانباربکات و زیندانیبکات، تا سەرەنجام چەند تۆمەتێکی بۆ رێکخرا، بەهۆکاری ئەوەی هەڕەشەی لەسێ کوردی مورتەد کردبوو، کە سوکایەتییان بەپیرۆزییەکانی ئیسلام کردبوو، پاشان لە (27/3/2012)دا دەستبەسەرکراو دواتر بەبڕياری دادگا  بە (2) ساڵ و (10) مانگ لەزیندانی کۆنگسڤينگەر زیندانیکرا. لەسایەی ئەو بەناو مافی مرۆڤ و ئازادی و دیموکراسییەی کە لاف و گەزافی پێوەلێدەدەن، لەزیندانیشدا مامەڵەیەکی باشیان لەگەڵدا نەکردو زۆربەی مافەکانیان لێزەوتکرد، وەك مافەکانی: خوێندن، چۆنێتیی سەردانیکردنی، ناردنی نامەو شتومەك بەدەستی، تەنانەت لەکاتژمێر (7)ی بەرەبەیانی (20/3/2013)دا موخابەرات لەزینداندا هەڵیانکوتایە سەر ژوورەکەی و هەموو دەستنووس و کتێبەکانیان پێچایەوەو لەگەڵ خۆیان بردیان و تا ئێستایش بۆیان نەگێڕاوەتەوە! لەدوای ماوەی زیندانیکردنی لە (25/1/2015)دا ئازادکراو گەڕایەوە بۆ نێو ماڵی خۆی لەشاری ئۆسلۆ، بەڵام لەدوای ئازادبوونی لەزیندان، کاتێک مامۆستا کرێکار‌ دیدارێکی‌ لەگەڵ ‌کەناڵی (ئێن ئاڕ کۆ)ی نەرویجیدا ئەنجامدا، بەهۆکاری ‌تۆمەتبارکردنی بەهەڕەشەو هاندان بۆ توندوتیژی، جارێکی تر لەمێژووی (25/2/2015)دا دەستگیریانکردەوە، چونکە وتەکانییان وا لێکدابوویەوە کە هەڕەشەن، یان هاندانن بۆ کوشتنی یەکێک لەمولحیدەکان، پاشان لەدوای زیاتر لە (8) مانگ دەستبەسەرکردنی لە (30/10/2015) دادگا ساڵ و نیوێك حوکمی بەسەردا سەپاند، بەڵام پارێزەرەکەی حوکمەکەی بەستەم زانی و داوای تێهەڵچونەوەی کرد، لەپاش (4) ڕۆژ لەدانیشتنی دادگای تێهەڵچوونەوەی ئۆسلۆ، دادوەر بێتاوانیی مامۆستا کرێکاری سەلماندو بەرائەتیدەرکرد، پاشان لە (17/3/2016)دا ئازادکرا.
تۆمەتی تیرۆر!
مامۆستا كرێكار بەقورئانەكەی دەستی، دیموكراسی، ئازادی و مافی مرۆڤی ئەوروپای شەرمەزاركرد
نەرویج لەساڵی (2004ز)دا‌ ناوی مامۆستای لەلیستی تیرۆردا دەركرد! بەڵام لەساڵی (2019)دا بەتۆمەتی تیرۆر بەبێ ئامادەبوونی خۆی لەدادگاو بەبێ بوونی پارێزەرێكی راستەقینه،‌ لەلایەن ئیتاڵیاوە حوكمی (12) ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا! سەرەڕای ئەو هەموو ئازارو نەهامەتییەی لەڕابردوودا دووچاریببوو، هەر لەكاتی هێنانەدەرەوەی لەماڵەكەیدا، هەتا راپێچكردنی بۆ ناو سەیارەی پۆلیس، جگە لەسەربەرزی و كۆڵنەدان، هیچی دیكە لەڕووی گەشیدا بەدینەدەكرا، مامۆستا کرێکار لەساتی ماڵئاوایی لەخانەوادەکەیدا، بەخەندەی لێوانییەوه پێیاندەڵێت: ئازابن! ئینجا بەكوڕەكەی دەڵێت: قورئانەكەم بۆ بهێنه، چونكه قورئان نزیكترین هاوڕێی ژیانێتی و دەیەوێت لەزیندانیشدا، درێژه بەم هاوڕێیەتییەی بدات!
هەروەک لەهۆنراوەیەکیدا دەفەرموێت:
"هێنانەوەی بوونی ئیسلام
ئارامگریی گشت پێغەمبەرانی دەوێ
خۆڕاگرتن لەزیندانا
ژینی نێو قورئانی دەوێ"
پاشان لەشەوی دووشەممە، (15/7/2019)دا پۆلیسی نەرویج هە‌ڵیانكوتایە سەر ماڵی مامۆستا كرێكارو دەستگیریانكرد، ئەمەیش پاش ئەوە هات، کە لەدانیشتنی رەسمیی دادگای شاری بۆڵزانۆی ئیتاڵیادا -بەبێ ئامادەبوونی خۆی- سزای (12) ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا، دوای دوو رۆژو لەئێوارەی چوارشەممە (17/7/2019)دا پۆلیسی بەریتانیا زانا هەمەوەندیی زاوای مامۆستا کرێکاریشی دەستگیركرد.

سەرەتای كێشە دروستکراوەكەو پێگەی ئیتاڵیا لەم دۆسییەیەدا:
لەمێژووی (12/11/2015ز)دا درووستکردنی کێشەیەکی نوێتر بۆ مامۆستا کرێکار راگەیەنرا، کە وەزیری دادو دەزگای هەواڵگریی نەرویجی، بەهاوکاریی دەزگای هەواڵگریی ئیتاڵی و هەندێک لەدەستەڵاتدارانی تری ئەو وڵاتە، دۆسییەیەکیان بۆ مامۆستا کرێکارو پێنج کەسی تر سازکردبوو، کە پێکهاتبوو لە (26000) لاپەڕە بەزمانی ئیتاڵی! وادیارە ئیتاڵیا ئەم دۆسییە نوێیەی لەسەر داواکاریی نەرویج دروستکردووە. پۆلیسی نەرویج لەژووری چاوپێکەوتنی زیندانی کۆنگسڤینگەر، لەکاتی بەسەربردنی سزای (2) ساڵ و (10) مانگەکەدا، هەندێک جار مایکرۆفۆنی شاراوەیان بۆ تۆمارکردنی قسەکانی مامۆستا کرێکار دانابوو، ئەو زانیارییانەی لەوێدا هاتوون، پۆلیسی ئیتاڵیا بۆ ئەم دۆسییەیە بەکاریهێناوە. لێکۆڵینەوەی پۆلیس و دادگای ئیتاڵیا هەوڵی ئەوەیان داوە "رەوتی شاخ" ببەستنەوە بەئەنسارولئیسلامەوە، دادگای ئیتاڵیایش خۆی ئاماژەی بەوە کردووە، کە رەوتی شاخ بنکەو نووسینگەی لەهیچ وڵاتێکدا نییەو تەنها پاڵتۆکی بەکارهێناوە. لەبڕیارەکەی دادگای ئیتاڵیادا هەوڵدراوە تۆمەتی پلاندانان بۆ کاری تیرۆریستی بدرێتە پاڵ رەوتی شاخ، هەروەها‌ بڕیارەکەی دادگا ئاماژەی بەوە کردووە، کە رەوتی شاخ پلانیان هەبووە بۆئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕوخێنن و خۆیان دەوڵەتێکی ئیسلامی لەشوێنی ئەو دابمەزرێنن و خەلیفەیەک هەڵبژێرن.
پاشان دادگای ئیتاڵیا لەدانیشتنی مێژووی (15/7/2019)دا دۆسییەی (10) کەسی سەیرکردو سزای بۆ دەرکردن و داوایشی لەوڵاتەکانیان کرد، کە دەستبەسەریانبکەن، تا ئەو کاتەی ئیتاڵیا داوایاندەکات و رادەستدەکرێن.
ناوی کەساییەتییەکان‌ و ماوەی حوکمدرانیان بەزیندانیکردن بەم شێوەیەی خوارەوەن:
مامۆستا کرێکار؛ (12) ساڵ زیندانیکردن.
ئاوات کەرکوکی؛ (9) ساڵ زیندانیکردن -پێشتر لەسەر کێشەیەکی تر زیندانیکراوە-.
ماکوان کەریم؛ (9) ساڵ زیندانیکردن -لەئیتاڵیا زیندانیکراوه-.
کامیل جەلال؛ (7) ساڵ و (6) مانگ زیندانیکردن -لەئێستادا ئازاد‌کراوه-. 
زانا هەمەوەندی؛ (7 ) ساڵ و (6) مانگ زیندانیکردن - لەئیتاڵیا زیندانیکراوه-.
حەمەد بەکر رەحمان؛ (7) ساڵ و (6) مانگ زیندانیکردن -دادگا ئاماژەیپێکردووە لەکوێ دەژی-.
نەورۆز عەبدوڕەحمان؛ -پێشتر سزادراوەو لەئیتاڵیا زیندانیکراوه-.
عەبدوڵڵا ساڵح عەلی -پێشتر سزادراوەو لەئیتاڵیا زیندانیکراوە-.
حەسەن ساماڵ جەلال -پێشتر سزادراوەو لەئیتاڵیا زیندانیکراوە-.
هۆتزا ئیڵدین؛ کۆسۆڤۆییە -پێشتر سزادراوەو لەئیتاڵیا زیندانیکراوە-. 

دەنگۆی ئەوە هەیە، کە نەرویج و لایەنێکی سیاسی لەهەرێمی کوردستان، بەرتیلیاندابێت بەئیتاڵیا بۆئەوەی ئەو کەیسە بۆ مامۆستا دروستبکات و ئەوانی تریشی تێبئاڵێنێت، تاکو کەیسەکەی مامۆستا قورستربکەن.
سەرەنجام لەدوای دواخستنی دادگاییەکە بۆ ماوەی (6) جار، دادگای شاری بۆڵزانۆی ئیتاڵیا، حوکمی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردن، بەو گومانەی گوایە: لەنەرویج و بەریتانیا تاوانێك ئەنجامدراوە، کە بریتییە لەدامەزراندنی "رەوتی شاخ" یان "دیدی نوێ"! پاشان ئەم رەوتی شاخ، یان دیدی نوێیەیان كردووە بەڕێكخراوێكی تیرۆریستی، كەچی ناتوانن لەدادگا ئەوە بسەلمێنن كە رەوتی شاخ رێكخراوە، چ جای ئەوەی رێكخراوێكی تیرۆریستی بێت! سەرەنجام تۆمەتەکانیان بەم شێوەیەی خوارەوە ریزکرد، کە ئەمانەن:
1-  کۆمەڵێکی تیرۆریستییان لەئەوروپا دامەزراندووە.
2-  بەنیازن کەسانی دیپلۆماتیکی ئەوروپایی بفڕێنن.
3-  خەڵکیان بۆ سوریا، بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشقی سەربازیی، ناردووە.
4-  پەیوەندییان بەرێکخراوەکانی دەوڵەتی ئیسلامی و ئەلقاعیدەوە هەیە.
5-  دەخوازن حکومەتی عەلەمانیی کوردستان بڕوخێنن و خیلافەتی ئیسلامی لەجێی دابمەزرێنن.
هەروەک پێشتر ئاماژەمانپێکرد: پاش مانەوەی مامۆستا کرێکار لەزینداندا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە (17/7/2019)دا بڕیاری دادگا وابوو، کە ئەگەر بێتو لەماوەی چوار هەفتەدا مامۆستا کرێکار نەبرێتە ئیتاڵیا، دەبێت ئازادبکرێ. بیانووی دەستگیرکردنەکەیش ئەوەبوو :ئەگەر دەستبەسەرنەكرێ، ئەوا مامۆستا كرێكار هەوڵی دەربازبوون دەدات، هەرچەندە پارێزەرەكەی مامۆستا كرێكار داوای تێهەڵچوونەوەی بۆ بڕیارەكە كردبوو، بەهۆکاری ئەوەی مامۆستا كرێكار هیچ پاسپۆرت و بەڵگەنامەیەكی رەسمیی نییەو ناتوانێت بۆ هیچ شوێنێك سەفەربكات، هەروەها سیمای مامۆستا ناسراوەو لەهەر شوێنێك ببینرێ دەناسرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی لەوڵاتی ئوردنیش بەتۆمەتی ≪فرۆشتنی هیرۆین!!≫ بەماوەی (15) ساڵ حوکمدراوەو لەنەتەوە یەكگرتووەكانیش ناوی لەلیستی تیرۆردایە، كەچی دادوەر داواكەی رەتكردەوە.

داواكاریی ئیتاڵیا بەمەبەستی رادەستكردنی مامۆستا كرێكار:
لەمێژووی (1/8/2019)دا دەوڵەتی ئیتاڵیا بەڕەسمی داوای رادەستكردنی مامۆستا كرێكاری ئاراستەی وەزارەتی دادی نەرویج کرد، لەمیانەی ئاراستەکردنی داواكارییەکەدا، داواكاری گشتیی نەرویج دەیویست لەماوەی تەنها (1) رۆژدا، دادگا هەڵسەنگاندن بۆ ناردنی مامۆستا كرێكار بۆ ئیتاڵیا بكات، ئەمەیش لەلایەن (برینیار مێلینگ)ی پارێزەرە نەرویجییەكەی مامۆستا كرێكارەوە بەوە لێكدرایەوە، كە نەرویج دەیەوێت بەخێرایی و بەبێ هەڵاوێردنی دۆسییەو هەڵسەنگاندنی تۆمەتەكان، بەئاسانی بڕیاری رادەستكردنی مامۆستا كرێكار دەربكات و رەوانەی ئیتاڵیای بكات، پاشان دوای دوو جار درێژكردنەوەی ماوەی دەستبەسەركرانی لەزینداندا،
لە (9/10/2019ز)دا دیسانەوە دادوەر ماوەی دەستبەسەركرانی مامۆستا كرێكاری بۆ (8) هەفتەی تر درێژكردەوە.

چۆنێتیی سەردانیكردنی مامۆستا كرێكار، لەو کاتەی لەزیندانێکی نەرویجدا دەستبەسەرکرابوو:
لەو ماوەیەدا خانەوادەی مامۆستا كرێكار؛ لەكاتی سەردانیاندا بۆ زیندان تەنانەت رێگەیانپێنەدراوە بەزمانی كوردییش قسە لەگەڵ مامۆستادا بكەن، لەکاتی دیداری نێوان مامۆستا كرێكارو خانەوادەکەیدا، پۆلیسێك چاودێریان بووەو تەواوی گفتوگۆكانی نێوانیانی تۆماركردووە، ئەمە جگە لەوەی هەر جارێك کەسێکی بنەماڵەکەی داوای سەردانی مامۆستایان بکردایە، پۆلیسی نەرویجی دوای ماوەی (21) رۆژ، ئینجا داواکارییەكەیانی پەسەنددەكرد!

هەوڵدان بۆ بەتیرۆریستكردنی بێتاوانێك پارەی دەوێت!
رۆژنامەی ئۆنلاینی (ABC) بڵاویكردەوە، كە لەساڵی‌ (2002ز)ییەوە تا ئێستا، دۆسییەی كرێكار (12) ملیۆن كرۆنی تێچووه،‌ کە دەکاتە‌ (1,322,395.42$) ملیۆنێك و سێسەدو بیستودوو ‌هە‌زارو سێسەدو نەوەدو پێنج دۆلارو چلودوو سەنت!
پارێزەكەی مامۆستا كرێكار -وەك توانجدانێك لەو بابەتە" دەڵێت: هەوڵدان بۆ بەتیرۆریستكردنی بێتاوانێك پارەی دەوێت!
لەساڵی (2003)دا دادگا بڕیاری دوورخستنەوەی مامۆستا كرێكاری پەسەندكرد، لەساڵی (2012)دا مامۆستا كرێكار بەهۆکاری بەرگریکردن لەقورئانی پیرۆزو بەبیانووی تەهدیدكردنی (ئێرنا‌ سۆلبێرگ)ەوە زیندانیكرا، دوای دەرچوونی لەزیندان و لەساڵی‌ (2015)دا حكومەتی نەرویجی هەوڵی نەفیكردنی مامۆستا كرێكاری دا، بۆ لادێیەكی دووری نەرویج، كه ‌ناوی (شیركستێرۆرا) بوو، کاتێک ئەو پلانەیشیان سەرینەگرت، دۆسییەی ئیتاڵیایان بۆ سازكرد! لەبەرئەوەی سكرتێری دەوڵەت (ڤیدەر كارڵسێن)‌ سەر بەحیزبی راستڕەوەکان ‌(FRP) بوو، کاتێک ئیمەیڵێکی‌ ئاشكرابوو، کە بۆ ئیتاڵیای ناردبوو‌، ئەوه دەردەخات كە لەساڵی (2011)ەوە پەیوەندیی ‌ بەدرووستكردنی ئەم دۆسییەیەوە هە‌بووه، کە بۆ مامۆستا كرێكار سازکراوە.
لەنامەكەدا دەڵێت: "ئیتر دەبێت بەبۆنەی دەركردنی كرێكارەوه،‌ ئاهە‌نگبگێڕین و شەراب بخۆینەوه".
هە‌روەها سەرۆكی ئەو حیزبە دانی بەوەدا ناوە، كە ئامادەیە هەموو مافێكی مرۆڤ پێشێلبكات بۆ دەركردنی كرێكار!
ئەمانە وایانكردووه،‌ كە مێلینگی پارێزەری مامۆستا كرێكار بڵێت: ئەمە بەتەواوی دۆسییەیەكی سیاسیی رێكخراوی پێشوەختە‌ بۆ مامۆستاكرێكار".
لەلایەكی ترەوە ئیتاڵیا وتویەتی:‌ هیچ زەمانەتێك نییه،‌ كە لەمیانی رادەستكردنی مامۆستا كرێكار لە لایەن نەرویجەوە بە ئیتاڵیا، ئیتاڵیا رەوانەی عێراقی نەكاتەوە، كە لەعێراقیش لەسێداردانی مامۆستا كرێكار مەترسییەكه، جگە لەوەیش لەئوردنیش سزای (15) ساڵ زیندانی لەسەرە بەتۆمەتی فرۆشتنی هیرۆین!!.

رەوتی شاخ لەدادگای نەرویجدا:
لارش گویلە؛ شارەزایەکی نەرویجییە لەکاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بزاڤە ئیسلامییەکانی ئەو ناوچەیەدا.
لەوەڵامدانەوەی پرسیاری پارێزەرەکەی مامۆستا کرێکاردا، کە چۆن پێناسەی رەوتی شاخ دەکات؟
بەم جۆرە بۆ دادگای روونکردەوە: "رەوتی شاخ کارێکی سیاسییەو تایبەتە بەهەرێمی کوردستانی عێراقەوە، لەهەمان کاتدا، وەک کارێکی سەربازییش هەژماردەکرێ، وەک لەناوەکەیەوە دیارە. هەروەها دەڵێت: "کرێکار لەو پەیڕەو‌ی ناوخۆییەی کە دایناوەو پۆلیس لەکاتی پشکنینی ماڵەکەیدا دەستی بەسەرداگرتووە، باس لەدابەشکردنی عێراق بۆ (٣) ویلایەت دەکات: ولایەتێک بۆ کورد، ویلایەتێکیش بۆ عەرەبی سوننە، سێیەمیش بۆ عەرەبی شیعە. ئەوەیش مانای وایە، کە بوونی شیعە لای کرێکار قبوڵکراوە، ئەگەرچی ئەو باس لەسەلەفییەت و جیهاد دەکات".
مێلینگ؛ پارێزەرەکەی مامۆستا کرێکار لێیپرسی: تۆ پێتوایە کە ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە لەلای بن لادنیش هەبووبێت؟ لارش وتی: نەخێر. مێلینگ وتی: ئەی لای ئەبوبەکری بەغدادی شتی وەها قبوڵە؟ لارش وتی: نەخێر.
پاشان لارش وتی: رەوتی شاخ لەلیستی تیرۆری ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتووەکاندا نییە".
وتیشی: من وای دەبینم کە رەوتی شاخ کوردستانییەو تەنانەت هیچ پەیوەندییەکی بەقەیرانەکانی ئەمڕۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نییە، واتە: رەوتی شاخ پەیوەندیی بەداعشەوە نییە".

دادگای ئیتاڵیا رەوتی شاخ بەدەوڵەتی ئیسلامییەوە گرێدەدات، بۆئەوەی وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی هەژماریبکات و بیکاتە تۆمەتێک لەسەر مامۆستا کرێکار
چۆنێتیی بردنی دۆسییەی مامۆستا كرێكار بۆ ئیتاڵیا:
سیاسەتمەدارانی (FRP) کە لەو کاتەدا حكومەتدا دەسەڵاتداربوون، ئەوە ئاشكرابوو، ‌کە پەیوەندییان بەئیتاڵیاوە كردبوو، جگە لەئیتاڵیا لەگەڵ چەندین دەوڵەتی تری ئەوروپی قسەیانكردبوو،‌ بەڵام نەیانتوانیبوو قەناعەتیانپێبكەن و مامۆستا کرێکاریان تەسلیمبکەن، بەڵام توانیویانە پارەیەكی زۆر بخەنە بەردەستی ئیتاڵیا بۆئەوەی ئەوان دۆسییەی مامۆستا وەربگرن.
مێلینگیش دەڵێت: "نەرویج فشارێکی زۆریان لەئیتاڵیا كردووه بۆئەوەی ئەم دۆسییە‌ وەربگرێت و هاوكاریشیاندەكات".
مێلینگ دەپرسێت: "ئەگەر ئێوه ئەم دۆسییەیەتان ئەوەنده بەلاوه گرنگه، بۆچی خۆتان لێرە لێكۆڵینەوەی لەسەر ناكەن و بۆچی بردووتانە بۆ ئیتاڵیا؟ یان لەبەرئەوەیە كە ئێوە لەساڵی (2012ز)ییە‌وە لەدادگا دۆڕاندتان، كاتێك دۆسییەتان بەناوی رەوتی شاخەوە بۆ مامۆستا كرێكار درووستكرد...".

پیلانەکە دژی مامۆستا کرێکار ئاشکرادەبێت
لەپایزی ساڵی (2002ز)دا دوای ئەوەی ئێران مامۆستا کرێکاری بۆ ماوەی (9) رۆژ دەستبەسەرکرد، پاشان ناردییەوە بۆ هۆڵەندا، بەگەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی (سغیپوڵ) لەئەمستەر‌دام، یەکسەر ئوردن داوایکرد: کە رادەستی ئەو وڵاتەی بکەنەوە، چونکە وەک دەستەڵاتدارانی ئوردن وتیان: مامۆستا کرێکار لەپشتی کوشتنی دیپلۆماتکارێکی ئەمریکاوە بووە لەئوردن. دواتر کە سەرکەتوونەبوون، لەداوایەکی تردا وتیان: ماددەی هۆشبەری لەئێرانەوە هێناوە بۆ هەرێمی کوردستان و لەوێیشەوە بۆ ئوردن".
ئوردن تاکە وڵاتی عەرەبی بوو کە رێکەوتننامەی لەگەڵ هۆڵەندا هەبوو بۆ رادەستکردنەوەی تاوانباران. نەرویج و ئەمریکا هەوڵیاندا هۆڵەندا بۆ تێپەڕاندنی پیلانەکەیان بەکاربهێنن، بەڵام دەستەڵاتدارانی هۆڵەندا ژیربوون و نەکەوتنە ناو ئەو گەمە قێزەونەوەو مامۆستایان رەوانەی نەرویج کردەوە.
ئێستایش ئیتاڵیا تاکە وڵاتی ئەوروپییە، کە رێکەوتننامەی لەگەڵ عێراقدا هەیە بۆ رادەستکردنەوەی تاوانباران، هەر بۆیە تۆمەتی تیرۆر خراوەتە پاڵ مامۆستا کرێکار.
لەمێژووی (25/3/2020ز)دا جارێکی تر دانیشتنی دادگای بەرایی ئۆسلۆ دەستیپێكردەوە لەبارەی نوێکردنەوەی دەستبەسەرکردنی مامۆستا كرێكارەوە، یان ناردنەوەی بۆ ماڵەوە، پاشان دادگا بڕیاریدا مامۆستا كرێكار هەتا (10/4/2020ز) دەستبەسەركردنەكەی درێژبکرێتەوە!
بڕیاری نوێكردنەوەی دەستبەسەری بۆ مامۆستا كرێكار؛ لەكاتێكدابوو كە مەترسیی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا، سەرانسەری وڵاتی گرتبووەوەو لەنەرویجیش كۆمەڵێك زیندانی ئازادكران، بەڵام مامۆستا كرێكار كە لەو کاتەدا تەمەنی (64) ساڵ بوو، بڕیاری ئازدبوون، لەوڵاتی بەناو مافی مرۆڤدا نەیگرتەوە!. پێشتر پارێزەرەكەی مامۆستا كرێكار وتبووی:‌ ناردنی مامۆستا كرێكار لەئێستادا مەحاڵه،‌ چونكە ئیتاڵیا هە‌موو سنوورەكانی داخستووە!

بڕیاری بەپەلە بۆ فڕاندنی مامۆستا کرێکار
لە مێژووی (26/3/2020ز)دا وەزیری دادی نەرویج ڕایگەیاند: مامۆستا کرێکاریان ڕەوانەی ئیتاڵیا کردووەو ئێستا لەئیتاڵیایە. ڕۆژنامەکانی نەرویج نوسیبوویان: نەیانهێشتووە خواحافیزی لەخێزانەکەیشی بکات.
پارێزەرەكەی مامۆستا كرێكار وتی: "دەزگای هەوڵگریی نەرویج، لەتاریكیی شەودا مامۆستایان فڕاندووە بۆ ئیتاڵیا!"
پارێزەرەکەی مامۆستا وتی: شەرمە بۆ هەمووتان
مێلینگ؛ پارێزەرەکەی مامۆستا کرێکار، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە (26/3/2020ز)دا وتی: "ئەمڕۆ ڕۆژێکی پڕ شەرمەزارییە بۆ هەمووتان، بۆ موخابەراتی نەرویج، بۆ دادگا، بۆ دادوەری گشتی، بۆ هەموو ئەوانەی کە دەیانتوانی ناردنی پیاوێکی بێتاوان بۆ ئیتاڵیا بووەستێنن و نەیانوەستاند":
پارتی (FRP) لەخۆشیی ناردنی مامۆستا کرێکار بۆ ئیتاڵیا ئاهەنگی کێک خواردنی سازکردبوو،
میدیاكانی حیزبی (FRP) وتيان: "كرێكارمان لەكۆڵی نەرویج كردەوەو جارێكی تر ناگەڕێتەوە".
رۆژنامەیەكی ئیتاڵی ئەوەی بڵاوكردۆتەوە: "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ -(26/3/2020ز)- مامۆستا كرێكار لەفڕۆكەخانەی (فیمیتیشینیۆ)وە گوێزراوەتەوە بۆ زیندانی (رێبیبیا)". ئەمەیش یەكێكە لەگەورەترین زیندانەكانی رۆماو زۆترین كێشەی هەیە، ماوەیەك بەر لەئێستا زیندانییەكانی، بەهۆكاری خراپیی مامەڵەکردن لەدژیان و رێگەنەدان بەسەردانیکردنی كەسوكاریان؛ مانگرتنیان ئەنجامداو لایەكی زیندانەكەیان سوتاند، بەم هۆیەوە (11) كەس لەناو زیندانەكەدا مردن، لەهەمان كاتدا (30) زیندانیکراوی تریش هەڵهاتن، لەبەرئەوە پاسەوانەكانی زیندانەکە، زۆر بەتوندوتیژی مامەڵەی سەختتر لەگەڵ زیندانییەكاندا دەكەن.

لەکۆتایی مانگی شوباتەوە پیلانیان داڕشتبوو
دەستەڵاتدارانی نەرویج لەکۆتایی مانگی شوباتەوە ئامادەکارییانکردبوو بۆ ناردنی مامۆستا کرێکار بۆ ئیتاڵیا. لەهەنگاوی یەکەمدا مامۆستا کرێکاریان بەبیانووی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بردبوو بۆ زیندانی (کۆنگسڤینگەر)، کە پێشتر (2) ساڵ و (10) مانگ تێیدا زیندانیبووە. هاوکات فڕۆکەیەکیان لەدانیمارک بەکرێگرتبوو، لەدادگایش لەسیناریۆیەکدا راگرتنەکەیان بۆ (16) رۆژ درێژکردەوە.

دادگاییکردنی مامۆستا کرێکار لەئیتاڵیا:
پاش ناردنی مامۆستا کرێکار بۆ ئیتاڵیا، له ‌(30/6/2020)دا مامۆستایان لەزیندانی (رێبیبیا)ی رۆماوە گواستەوە بۆ دوورگەی سیسلیە (صقلیة) لەباشووری ئیتاڵیا، کە ناوچەیەکی خاوەن ئۆتۆنۆمییەو دەکەوێتە دەریای سپیی ناوەڕاستەوە. هەروەها بڕیاردرا لە (3/7/2020)دا دادگاییکردنی مامۆستا کرێکار دەستپێبکاتەوە، بەڵام بەهۆکاری ئامادەنەبوونی هەندێک لەو برایانەی -پێشتر لەگەڵ مامۆستا کرێکاردا، لەدادگای بۆڵزانۆی ئیتاڵیا سزادرابوون- دادگای تێهەڵچوونەوە لەئیتاڵیا، دانیشتنەکەی دواخست بۆ (10/7/2020ز). ڤیتیریۆ پلاتۆ؛ پارێزەرە ئیتاڵییەکەی مامۆستا کرێکار، دەڵێت: "هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر تێوەگلانی مامۆستا کرێکار، بەهیچ تۆڕێکی تیرۆریستییەوە".

دادگای تێهەڵچوونەوه؛‌ بڕیاری حوكمدرانی مامۆستا كرێكارو برایانی تری،‌ بەبێ گۆڕانکاری هێشتە‌وە!
هەروەک بڕیاربوو رۆژی هەینی (10‌/7/2020) دادگای تێهەڵچوونەوه لەوڵاتی ئیتاڵیا،‌ جارێکی تر پێداچوونەوە بەحوکمدرانی مامۆستا کرێکارو ئەو برایانەی تردا بکاتەوە، کە نزیکەی ساڵێک لەوەوپێش لە (15/7/2019)دا لەلایەن دادگای شاری بۆڵزانۆی ئیتاڵیاوە بەبێ ئامادەبوونی خۆیان بەزیندانیکردن حوکمدرابوون، ئاشکرایە مامۆستا کرێکار بە (12) ساڵ و ئەو (9) برایەی تریش هەریەکەیان لە (6-9) ساڵ حوکمدرابوون، ئەمەیش بەمەبەستی زیاتر گەورەکردن و مەترسیدارتر نیشاندانی قەزییەکە‌ی مامۆستا کرێکار بوو..
چۆنێتیی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنیان لەئیتاڵیا: بۆ یەکەم جار لەو وڵاتەدا مامۆستا كرێكارو چەندین برای تر، لەڕێی ڤیدیۆ لینكەوە بەشداریی دادگاییەكەیان کرد، لەسەرەتادا، دادوەرەکان پێیانڕاگەیاندن: کە دەبێت هەریەکەیان تەنها (5) خولەک قسەبکەن، بەڵام مامۆستا کرێکارو ئەو برایانەی تریش ئەوەیان رەتکردەوە. پاشان بەناچاری وتیان‌: هەریەکەتان با وتەکانی خۆی پێشکەشبکات. هەروەها لەسەرەتادا رێگەیاننەدا‌ بەمامۆستا كرێكار قسەبكات، چونكە مامۆستا داوایكردبوو‌: کە رێگەیپێبدەن بۆئەوەی (3) کاتژمێر لەسەر ئەم دۆسییەیە قسەبكات، بەڵام بەم داواکارییەی مامۆستا رازینەبوون، پاشان مامۆستا کرێکار بەهەر (7) دادوەرەكەی وت‌: "من دەمەوێت ئەوەتان بۆ روونبكەمەوه،‌ كە ئێوە فریودراون، ئەو وتانەی ئێوە حوكمتان لەسەریداوه،‌ لە‌وەرگێڕرانیاندا، گۆڕانکارییان تێداکراوە". كەچی لەمیانەی پێشکەشکردنی وتەکانیدا، چەندین جار دەنگی مامۆستا کرێکاریان پچڕاند‌، پاشان مامۆستا وتی: "ئێوە (12) ساڵ حوكمتان بەسەر مندا سەپاندووە، كەچی ئامادەنین (3) كاتژمێر گوێملێبگرن! بەڕاستی ئەم دادگاییکردنە وەكو دادگاییکردن لەوڵاتی میسر دەبینم و هیچ دادپەروەرییەكی تێدانییە". ئیتر مامۆستا پشتیكردە دادگاو هیچ قسەیەکی تری نەكرد!
هەروەها وەرگێڕێكیان بۆ كاك زانا هەمەوەندی و برایانی تر دانابوو، كە لێیان تێنەدە‌گەیشت‌ و بەهیچ شێوەیەک نەیدەتوانی وەرگێڕانیان بۆ بکات، کەچی دادگاکەیش ئامادەنەبوو بۆیان بگۆڕێت بەوەرگێڕێکی باشتر‌! کەواتە: نه ‌ئەوان لەزمانی وەرگێڕەکە تێدەگە‌یشتن و نە وەرگێڕەکەیش دەیتوانی قسەكانی ئەوان بەدادگا بگەیەنێت..
بەهەمان شێوەی مامۆستا كرێكار، رێگەیاننەدا‌ بەو برایانەی تریش بەتەواوی وتەکانیان ئاراستەی دادگا بکەن، لەباشترین حاڵەتدا رێگەیانپێدان هەریەکەیان تەنها نزیکەی کەمتر لە (15) خولەک قسەبکەن، پاشان کاک زانا هەمەوەندی بەدادوەرەکانی وت‌: "ئێوە لەم کاتەدا مامۆستا کرێکارتان هێناوە بۆ ئیتاڵیا، کە نەخۆشیی کۆرۆنا بڵاوبۆتەوە، بەڕاستی ئەمەیش وەک ئەوە وایه:‌ هەموومانتان کوشتبێت".
بەهیچ شێوەیەک وتەی دادوەرەکان بۆ مامۆستا کرێکارو برایانی تر تەرجومەنەدەکرا، ئەوان تەنها لەنێوان خۆیاندا قسەیاندەکردو هەموو کاتەکەیان، بەباسکردنی یاساکانی ئیتاڵیاو چوونەدەرەوەو هاتنەژوورەوەوە بەسەربرد!
دادوەرەکان وتیان‌: "لەدوای (5) خولەك لەکۆتاییهاتنی دادگاییەکه،‌ بڕیارەكە رادەگەیەنین". دیارە دواتر ئەمەیان بەهەڵە‌ زانی،‌ لەبەرئەوە ماوەکەیان كرد‌ بە (1) كاتژمێر، بۆئەوەی وا دەرنەکەوێت کە بڕیاری پێش وەختیان هەبووە، لەدوای کۆتاییهاتنی کاتی دیاریکراو، بڕیاریاندا بەهێشتنەوەی حکومدرانی مامۆستا کرێکارو هەریەکە لەبرایانی تر، وەک خۆی و بەبێ گۆڕانکاری.
لەڕاستیدا ئەوەی تێبینیدەکرا؛ شێوازی دادگاییکردنە بەتەواوی گاڵتەجاڕی بوو، تەنانەت لەخوار ئاستی دادگاییکردن لەهەرێمی ‌کوردستانیشدا دادەنرێ! 
لەکۆتاییدا ئەوەی شیاوی باسکردن بێت ئەوەیە کە مامۆستا کرێکار هەمیشە بەربەستبووە لەبەردەم ئەوانەی ویستویانەو هەوڵیانداوە بۆ شێواندن و گۆڕینی بنەما نەگۆڕەکانی ئیسلام، هەمیشە دژی ئەوانە وەستاوەتەوە، کە سوکایەتییان بەپیرۆزییەکانی ئیسلام کردووە، بەکورتی و بەکوردی: مامۆستا کرێــکار دەنگی دلێری خواویستی و شەرعێتیی هەڵوێستە. دیمەنی دەستگیركردنی مامۆستا كرێكار؛ دیمەنێكی ئاوێتەیه لەغوربەت و عیزەتی ئیسلام و موسوڵمانان. ئەمەیش وایکردووە کە ژمارەیەکی زۆری موسوڵمانان لەکوردستان و وڵاتانی تردا بەگوێرەی توانای خۆیان، بەرگری لەمامۆستا کرێکار بکەن، هەروەک ئەوەی ژمارەیەکی زۆری برایان و خوشکانی موسوڵمانمان لەمێژووی (8/7/2020)دا لەوڵاتی بەریتانیا بەشدارییانکرد لەخۆپیشاندان و رێپێوانێکدا بۆ پشتگیریکردنی بەڕێز مامۆستا کرێکار، هەروەها لێرەدا بەپێویستی دەزانین داواکاریی خۆمان لەموسوڵمانانی شوێنەکانی تری جیهان -هەروەکو پێشتر دووبارەبکەینەوە- کە بەهەمان شێوەی ئەو موسوڵمانە بەڕێزانە، پشتگیریی خۆیان بۆ ئازادکردنی مامۆستا کرێکار، لەدەستی دوژمنانی ئیسلام و موسوڵمانان، دەرببڕن.

4185 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2021-07-14
زۆرترین خوێندراو
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.