کۆمەڵکاری

سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵوێسته‌!

سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵوێسته‌!

ئاماده‌كردنی: عبدالرزاق ته‌وێڵه‌یی

زۆرن ئەوانەی دەژین ‌و دەمرن، بەڵام كەمیان ناویان لە لاپەڕەكانی مێژوودا تۆمار دەكرێت، ئەوانەی ناویان دەچێتە ناو مێژووەوە، ئەوانەن كەلە كۆمەڵگادا بە خراپ یا بەچاك، بە ئەرێ‌ یا بەنەرێ‌ ،گۆڕانكاری دەكەن.

ئەوانەی گۆڕانكاری سلبی دەكەن ‌و بۆ خۆیان ژیاون و هەر لەبیری خۆیاندا بوون و، كۆمەڵگا بەرەو هەڵدێرو هەڵوەشانەوەو ستەم ‌و ستەمكاری دەبەن و، كار لەسەر بەها نزمەكان‌و دژ بە بەها باڵاكان ‌و مافەكانی مرۆڤـ دەوەستێن، ئەوانە خۆیان دەكەنە نموونەی ئەنجامدەرانی بەها نزمەكان.

ئیتر كەسەكان دەچنە ڕیزشی دكتاتۆرو زاڵم‌و كەسە بێزراو و نەفرەت لێكراوەكانی مێژووەوە.كەوێنەیان نەمرودو فیرعەون‌و هیتلەرو مۆسۆلۆنی‌و ئەتاتورك‌و رەزا شاو صەدام ‌و هاوشێوەو شوێنكەوتەكانیانن . ئەمانە نموونەی بڤەو دووركەوتنەوەو نەفرەت لێكراوانی مێژوون ،مەگەر بۆ پەند و عیبرەت باسیان بكرێت.

ئەوانەش كە گۆڕانكاری ئیجابی دەكەن ‌و هەموو ژیانیان تەرخان كردووەلە پێناوی پرسە زیندوەكاندا،كۆمەڵگا بەرەو بەختەوەری‌و كامەرانی‌و ئاسوودەیی دەبەن‌و، كارلەسەر بەها باڵاكان دەكەن ‌و، دژ بە بەها نزمەكان دەوەستن‌و وتەو كرداریان، هەڵسوكەوت‌و مامەڵەیان، دەكرێتە نموونەی جوان ‌و، سەرمەشق‌و چاولێكەوتن ‌و، كاتێ‌ دەمرن گەرچی لەبەر چاو نامێنن بەڵام لە ناو دڵە بە ئینصافەكاندا هەر زیندون و نەمرن، مێژوو ناویان بە زێڕو زیو تۆمار دەكات ‌و، دەبنە نموونەی سەركردەی شیاو و شانازی بۆ كۆمەڵ ‌و نەتەوەو، هەندێ‌ جاریش دەبنە نموونەی مرۆڤایەتی. وێنەی ئەمانەش پێغەمبەرانن بەگشتی (سەلامی خوایان لەسەربێت) وە هاوڕێكانیانن ش، هەروەها گەلێك لە زاناو سەركردە دڵسۆزەكانن،لەناو كوردیشدا وەك: صەلاحەدینی ئەیوبی‌و، شێخی پیران ‌و، نورسی ‌و، قازی محەمەد و، موفتی زادە و، سوبحانی...هتد.

گومان له‌وه‌ دانییه‌ كه‌ هەڵوێستەكان ئاستی ژیری و زیرەكیی‌و تواناو لێهاتوویی‌و لێبڕانی كەسەكان دیاری دەكەن،بۆ سەرۆكایەتی كردن‌و بەڕێوەبردن .

هەڵوێستەكان رووداو دروست دەكەن، كاریگەری‌و گۆڕانكاری دەكەن، دڵەكان دەهەژێنن، عەقڵەكان دەگۆڕن، هەروەها هەڵوێستەكان دەبنە پێوەر بۆ دەستنیشان كردنی كەسایەتیەكان‌و، دەچنە ناو مێژووەوە و، تۆمار دەكرێن.

لە لێكۆڵینەوەكانیشدا جیاوازی هەیە لەسەر جۆری هەڵوێستەكان، كە ئایا چ جۆرە هەڵوێستێك لەپێشترەو كاریگەری زۆرترە، لە هەموویان گرنگتر هەڵوێستی رەوشتە كۆمەڵایەتیەكانە، هەروەك پێغەمبەرمان صلی الله علیه وسلم دەفەرموێت: ((أكملُ المؤمنين ايماناً أحسَنُهُم خُلُقاً)) واتە: باشترین‌و تەواوترین باوەڕدار لە ئیماندا، ئەوەیە كە رەوشتی جوان بێت. هەروەها چەندەها ئایەت‌و فەرموودەمان هەیە كە هانمان دەدات بۆ ئەنجامدانی سیلەی ڕەحم ‌و چاكەكردن لەگەڵ دایك‌و باوك‌و دراوسێ‌ و میوان‌و رێزگرتن لە مامۆستاو كەسانی خۆمان بە تەمەنترو بچوكترو پەككەوتەو هەژاران‌و بێ باوكان‌و لێقەوماوان ‌و... هتد.

لەگەڵ ئەمەشدا باشترین هەڵوێست كە گۆرانكاری بكات ئەوەیە بەكردەوە بێت نەك بەقسە، چونكە كردەوە شوێنەوار بەجێ‌ دەهێلێ‌. پێغەمبەرصلی الله علیه وسلم لەم بارەوە دەفەرموێ‌: ((كونوا دعاة الناس بغَير أَلسِنَتِكُم حتى يَرَوا منكم الوَرع َ والاجتهاد وَالتَّقوى فَلِذلِك الدّاعِية)). واتە : بانگی خەڵكی بكەن بەغەیری زمانتان بەمانای (بەكردەوەو هەڵوێستەكانتان) تاوەكو خەڵكی ،خۆپاراستن و تێكۆشان و لە خوا ترسان، ببینێ‌ لێتانەوە، ئەوەیە بانگخوازی.   

هەڵوێست: نسبی‌و نەوعیە، فرسەت‌و هەلە، بەپێ‌ی تواناو كاتە، وەدەبێت كاربێت نەك پەرچە كردار. كەواتە: دەكرێت بەم شێوە پێناسەی هەڵوێست بكەین:

بریتی یە: لە ئەنجامدانی كارێك یا وتەیەكی نەوعی‌و تایبەت، لەكات‌و شوێنی خۆیدا، رووداو و گۆڕانكاری دروست بكات‌و ببێتە پێوەر بۆ تواناو هەڵسەنگاندنی خاوەنەكەی لە رووی: ژیری‌و جەستەیی‌و كۆمەڵایەتی‌و رۆشنبیری‌و فكریەوە، پێوەریش دەبێت بەپێی یاساكانی ئیسلام بێت و لە خزمەت كۆمەڵگادا بن.

ڕێگاكانی دەركەوتنی سەركردە:

سەركردەكان بەسێ‌ رێگا دەردەكەون‌و دەناسرێن:

1ـ بە هەڵوێست (تێۆری هەڵوێستەكان) واتە: لە ناو كۆمەڵگادا هەڵوێستیان دەبێت‌و لە ئەنجامدا دەبنە یان دەكرێنە سەركردە.

2ـ یان لە دایك دەبن (تیۆری نیشانەو سیفاتەكان) واتە: هەر خۆیان كەلە دایك دەبن‌و هەڵگرو خاوەنی كۆمەڵێك سیفاتن‌و ئەو سیفاتانە لەگەڵیاندا گەورە دەبن‌و بەهۆی ئەو سیفاتانەوە دەبنە سەركردە.

3ـ هەندێكی تریش دەڵێن: لە دایك دەبن‌و هەڵوێستیشیان دەبێت (تیۆری سیفات ‌و هەڵوێستەكان) واتە: خۆیان هەڵگری چەند سیفاتێكن‌و، لەژیانیشیاندا هەڵوێستیان هەیە‌و دەناسرێن‌و دەبنە سەركردە.

بە هەرحاڵ ئەو كەسەی دەبێت بە سەركردە دەبێت خاوەنی كۆمەڵێك سیفات بێت، هەرچەندە ژینگەو بۆ ماوەو هۆكاری تریش هەیە، بەڵام تا هەڵوێستی نەبێت‌و بەو هەڵوێستەی كاریگەری نەبێت ناناسرێت‌و ناتوانێت ببێتە سەركردەو لێپرسراوێتی بكات[1].

 هیتلەر لە ئەڵمانیاو، مۆسۆلۆنی لە ئیتالیاو، رۆزەڵفۆرت لە ئەمریكاو، ناپلیۆن لە فەرەنساو، ماو لە چین‌و، غاندی لە هندستان‌و، ستالین لە روسیاو، ماندێلا لە باشوری ئەفەریقیاو، عومەر موختار لە لیبیاو، شێخ مەحمود لە كوردستان .. هتد ـ بە چاوپۆشی لە جۆری هەڵوێست‌و كەسایەتی هەندێكیان ـ ئەمانە لە ئەنجامی هەڵوێستەكانیانەوە بوونەتە سەركردەو ناویان لە مێژوودا تۆمار كراوە، بەڵێ‌ ژینگەو بۆ ماوەو هۆكاری تریش هەیە.

 



[1] لەوانەیە یەكێك بڵی خۆ هەندێ‌ جار كەسێك بە (بۆماوە) دەبێتە سەركردە، مناڵەو هیچ هەڵوێستێكی هێشتا نەبووە ... راستە ئەمە، بەڵام هۆكەی: أ/ كاریگەری هەڵوێستی بنەمكاڵەكەیەتی . ب/ زۆرجار ئەم جۆرە كەسانە ئەگەر گەورە بوون هەڵوێستیان نەبێت سەركردایەتی لەدەست دەدەن، واتە: ئەم جۆرە كەسانە ژینگەو دەستوری وڵاتەكەیان دەیان كەنە سەركردە

270 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
17/03/2018
           
© Copyright 2018 All Rights Reserved.