گرنگی دیراسه‌كردنی واقیع
نووسینی: مامۆستا كرێكار
به‌ڕاستی هۆش هاتنه‌وه به‌لای دیراسه كردن و خوێندنی واقیع ـ به هه‌موو لایه‌ن و ئاست و بازنه‌و ده‌زگاكانیه‌وه ـ بیرمهندییهكی به‌نرخه‌و پێچانه‌وه‌ی قۆناغی كۆمه‌ڵكاری دهروێشانهیهو پێهه‌ڵگرتنه به‌ره‌و قۆناغی كۆمه‌ڵكاری شیاو.
ده‌توانین گرنگی لێكۆڵینه‌وه‌و خوێندنی واقیعناسی به‌م ته‌وه‌رانه‌ی خواره‌وه بناسێنین:
خوێندن و ناسینی واقیع پێش ئه‌وه‌ی پێویستیه‌كی كۆمه‌ڵكاری ژیرانه بێت، ئه‌ركێكی شه‌رعییه:
ناسینی واقیع فه‌رزێكی خواییه، پێش ئه‌وه‌ی روكنێكی سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵكاری بێت چونكه:
أ ـ واقیعناسی پێشه‌كییه‌كه بۆ هێنانه‌دی ئه‌و ئه‌ركه خواوویستییهی خراوه‌ته سه‌رشانی ئه‌م ئوممه‌ته ئیسلامییه، خوای په‌روه‌ردگار ئه‌م ئوممه‌ته‌ی به كۆمه‌ڵێك به‌رپرسی گه‌وره ته‌كلیف كردووه ، به‌و سیفه‌ته‌ی كه رۆڵی پێشه‌وایه‌تی مرۆڤایه‌تی پێ به‌خشیووه، كۆمه‌ڵێك ئه‌ركی خستۆته سه‌رشانی ـ كه ده‌بێت زیاد له هه‌موو میلله‌ت و نه‌ته‌وه‌و ئوممه‌تێك ـ ئه‌م پێیان هه‌ستێت، چونكه خوای گه‌وره ئه‌می له نێو هه‌موواندا كردووه به شاهێد له‌سه‌ر خه‌ڵكی، ته‌كلیفی له‌م كردووه كه بانگه‌وازی خوایی هه‌ڵگرێت و به خه‌ڵكانی تری سه‌ر زه‌مینی راگه‌ێنێت، دیسان ئه‌م ده‌بێت ئه‌م دینه پیاده‌كات و شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی خوای خاوه‌نی پایه‌دار كات، ئه‌ركی ئه‌مه كه هه‌موو سه‌روه‌ری و ده‌سه‌ڵاتێكی حوكم و داوه‌ری مرۆڤایه‌تی بهێنێته‌وه بۆ لای شه‌ریعه‌ته‌كه‌ی خوای گه‌وره، تا له لایه‌كه‌وه ئه‌م مرۆڤایه‌تییه گومڕایه له غه‌یری خواپه‌رستی رزگار كات و له لایه‌كی تریشه‌وه دادی خواوویستی بۆ بچه‌سپێنێت، تا له یاسای دارستان و تاریكی نه‌فامی و ده‌ستدرێژی سته‌م رزگاری كات، تا خێر‌و بێری سه‌ر زه‌مین و ناو زه‌مینی به پێی ته‌رازووی دادپه‌روه‌ری ئیسلامیان به‌سه‌ردا دابه‌ش كات، تا ئه‌م مرۆڤایه‌تییه ئاڕاسته كات كه چۆن سوود له‌و خێر‌و خێراته‌ی سه‌ر زه‌مین و ناو زه‌مین وه‌رده‌گرێت بۆ ئاسووده‌یی و به‌خته‌وه‌ری، بۆ تێگه‌یاندن و پێگه‌یاندنی ئه‌م ئوممه‌ته‌ی كه ئه‌ركی پیاده‌كردن و راپه‌ڕاندنی ئه‌م دینه‌ی پێسپاردووه، ئاوا خوای گه‌وره ده‌یه‌وێت به‌رنامه‌ی ئاڕاسته‌وانی مرۆڤایه‌تی له‌گه‌ڵ رێسا گه‌ردوونیه‌كانی خوادا یه‌ك بگرنه‌وه، تا هه‌موو پێكه‌وه به گوێره‌ی فه‌رمایشتی خوا هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن و پێكه‌وه سازاوانه ئه‌م ژیانه له‌سه‌ر خێر‌و چاكه‌خوازی به‌رده‌وام كه‌ن..
به مانایه‌كی تر، ده‌بێت ئه‌م ئوممه‌ته ئیسلامییه به بزاڤێكی شیاو بكه‌وێته خۆ تا به گۆڕانكارییه‌كی ئیجابی ئه‌و فه‌رمانه‌ی خوای گه‌وره بهێنێته دی كه بریتییه له دامه‌زراندنه‌وه‌و راگرتنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ئیسلام و پراكتیزه‌كردنی ده‌قه پیرۆزه‌كان بۆ كار‌و ره‌فتارێكی واقیعی په‌سه‌ن و ره‌سه‌ن.. ئه‌مه‌ش ئاشكرایه كه ئه‌وه ده‌خوازێت ئه‌م ئوممه‌ته واقیعه‌كه‌ی ده‌وروبه‌ری چاك بناسێت، ده‌بێت باش بزانێت هێزه كاریگه‌ره‌كان كامانه‌ن، ئه‌و رێسا خواییانه چین كه ئه‌م واقیعه به پێی قاڵبی نه‌گۆڕی ئه‌وان هاتۆته دی؟
له‌م روانگه‌وه‌یه كه دیراسه‌كردنی واقیع و په‌یبردن به رێساكانی گۆڕانكاری و شاره‌زابوون له هاوكێشه‌كانی بۆ ئه‌هلی ئیسلام شتێكی زۆر پێويستن و پێشهكیهكی زه‌روورین بۆ هێنانه‌دی ئه‌و پێویستیانه‌ی هه‌بوون و كاریگه‌ری ئه‌م ئوممه‌ته ئیحتیاجی پێن.. له‌سه‌ر ئه‌و رێسایه‌ی كه ده‌فه‌رموێ: (ما لا يَتِمُّ الواجِبُ الا بِهِ فهو واجِبٌ) ئه‌وی فه‌رزێكی پێ دێته دی فه‌رزه.
ب ـ واقیعناسی و دیراسه‌كردنی حاڵ و بارودۆخی ئوممه‌تی ئیسلامی ئه‌ركێكی شه‌رعییه‌و به حوكمی برایه‌تییه ئیسلامییه‌كه‌ی موسوڵمانان، فه‌رزه: موسوڵمانان به پێی ئه‌و عه‌قده خواییه كه ده‌فه‌رموێ: (إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ) الحجرات/10 واتە: ئیمانداران برای یه‌كن هه‌موویان هه‌ر وه‌كو كه پێغه‌مبه‌ری سه‌روه‌ر صلى الله عليه وسلم وه‌سفی كردوون یه‌ك جه‌سته‌ن: (مَثَلُ الْمُؤْمِنِينَ فِي تَوَادِّهِمْ وَتَرَاحُمِهِمْ وَتَعَاطُفِهِمْ مَثَلُ الْجَسَدِ إِذَا اشْتَكَى مِنْهُ عُضْوٌ تَدَاعَى لَهُ سَائِرُ الْجَسَدِ بِالسَّهَرِ وَالْحُمَّى) واته: نموونه‌ی موسوڵمانان له خۆشه‌ویستی و سۆزی برایه‌تی نێو خۆیاندا وه‌كو یه‌ك جه‌سته‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێكی ئه‌م جه‌سته‌یه ئازارێكی پێ گه‌یشت هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی تری ئه‌و جه‌سته‌یه تا دایان ده‌گرێت و شه‌ونخوونی ده‌كێشن. كه‌وابوو ئه‌ركی سه‌رشانی موسوڵمانانه كه هه‌واڵی یه‌كتری بپرسن، له بارودۆخی یه‌كتری ـ له سه‌رانسه‌رى سه‌ر زه‌میندا ـ ئاگادار بن، ئه‌م ئاگالێبوونهیه كه ده‌بێته سه‌ره‌تای لایه‌نگیری و به‌هاناچوون وسه‌رخستن، ده‌بێته هه‌نگاوی یه‌كه‌می جیهادی ماڵ و نه‌فس، یان هه‌نگاوی یه‌كه‌می هاوكاری و یارمه‌تیدان و به‌ده‌نگه‌وه چوونیان، ئه‌مانه‌ش هه‌مووی ئه‌ركه كۆمه‌ڵایه‌تییه ئیسلامیه‌كانی سه‌رشانی موسوڵمانانه له ناو خۆیاندا، به هانا هاتنی موسوڵمانان ـ به تایبه‌تی له كاتی ناڕه‌حه‌تی و به‌ڵادا ـ له‌سه‌ر هه‌موو موسوڵمانێك فه‌رزه..
چۆن ده‌توانین به هانای خوشك وبرا موسوڵمانه‌كانی سه‌رانسه‌ری سه‌ر زهمینمانهوه بێین، ئه‌گه‌ر حاڵ و بارودۆخییان نه‌زانین چۆنه؟! گه‌ر په‌ی به كێشه‌كانیان نه‌به‌ین چۆن دڵمان بۆیان ده‌سوتێ؟! گه‌ر هه‌ر دووره‌په‌رێز له‌و خه‌ڵكه‌مان بوه‌ستین و گوێ به كێشه‌ی كه‌سیان نه‌ده‌ین، چۆن له واقیعی موسوڵمانان شاره‌زا ده‌بین و ئه‌ركه كۆمه‌ڵایه‌تییه ئیسلامیه‌كه‌ی سه‌ر شانمان چۆن ئه‌دا ده‌كه‌ین ؟ كه‌وابوو شاره‌زا بوون له واقیعی ئوممه‌تی ئیسلامی پێداوویستییهكی دینییمانه، چونكه سه‌ره‌تایه‌كه بۆ سه‌لماندنی برایه‌تییه ئیمانیه‌كه‌ی نێوان موسوڵمانان.
ج ـ دیراسه كردنی واقیع و باش شاره‌زابوون لێی ئه‌ركێكی شه‌رعییه، تا رێبازی تاوانباران كه‌شف ببێت:
سروشتی تاقی كردنه‌وه‌ی ئیمانداران و هه‌ڵگرانی په‌یامی خواوویستی هه‌بوونی دوو به‌ره‌ی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی یه‌ك ده‌خوازێت، ده‌بێت له‌و به‌ره‌وه دوژمنانێك هه‌بن كه هه‌میشه خه‌ریكی پیلاندانن دژ به بانگه‌وازی خواوویستی و هه‌ڵگرانی په‌یامه‌كه‌ی، ئه‌وان نه‌خشه‌ی دژایه‌تی و به‌ره‌نگاری و ریشه‌كێش كردنی ئه‌م دینه داده‌ڕێژن و حه‌تمه‌ن ده‌بێت ئه‌هلی ئیسلامیش په‌ی به‌و به‌ره‌و پلانه‌كانی ببه‌ن، خوای گه‌وره بۆ هه‌تا هه‌تاییه كه ده‌فه‌رموێ:(وَإِذْ يَمْكُرُ بِكَ الَّذِينَ كَفَرُوا لِيُثْبِتُوكَ أَوْ يَقْتُلُوكَ أَوْ يُخْرِجُوكَ وَيَمْكُرُونَ وَيَمْكُرُ اللَّهُ وَاللَّهُ خَيْرُ الْمَاكِرِينَ) الانفال/30 واته: ئه‌ی محمد ئه‌و كاته‌ت بیر دێت كه كافره‌كان پیلانیان دژت ده‌گێڕا تا به‌ندت كه‌ن، یان بتكوژن، یان له شار ده‌رت كه‌ن، ئه‌وان پیلانی خۆیان هه‌ر ده‌گێڕن و خواش پیلانه‌كانیان به‌تاڵ ده‌كاته‌وه، دڵنیا بن كه خوای گه‌وره چاكترین پلانسازو تێكدهرهوهی پیلانی دوژمنانتانه. هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێ:(وَكَذَلِكَ جَعَلْنَا لِكُلِّ نَبِيٍّ عَدُوًّا شَيَاطِينَ الْإِنسِ وَالْجِنِّ يُوحِي بَعْضُهُمْ إِلَى بَعْضٍ زُخْرُفَ الْقَوْلِ غُرُورًا وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ مَا فَعَلُوهُ) الا‌نعام/112 واته: هه‌ر به‌و شێوه‌یه ململانێی ئیمانداران و خوانه‌ناسان هه‌ر به‌رده‌وامه جا بۆیه ئێمه‌ش دوژمنمان له شه‌یتانه‌كانی ئینس و جین بۆ هه‌موو پێغه‌مبه‌رێك (بۆ هه‌موو ئیماندارێكیش) دیاری كرد، كه به‌رده‌وام به گوێی یه‌كدا ده‌خوێنن وههڕاڵانه قسه‌ی زل زل و ماقووڵ بۆ یه‌كتر ده‌كه‌ن تا خۆیان و خه‌ڵكی پێ فریوو دهن، خۆ ئه‌گه‌ر په‌روه‌ردگارت بیوویستایه نه‌یانده‌توانی شتی وا بكه‌ن..
ئایاتی تری قورئانیش زۆرن كه پیلان و پلانی جوله‌كه‌و مه‌سیحی و دووڕووه‌كان دژی ئوممه‌تی موسوڵمان نیشان ده‌دات، دژواری نهخشهكانیانی ده‌رده‌خست، حه‌زه‌ری ده‌دایه موسوڵمانان كه نه‌ك هه‌ر ئاگادار بن، به‌ڵكو فڵان هه‌ڵوێست بگرنه به‌ر، یان فیسار كار بكه‌ن تا پیلانه‌كانیان لێ هه‌ڵوه‌شێننه‌وه، یان نه‌كه‌ن توخنی فڵان كه‌س یان فڵان بۆچوون و را، بكه‌ونه‌وه، نه‌كه‌ن هه‌ر له دڵ و دهروونیشتاندا وه‌لائیان بۆ ده‌ربڕن، خۆشتان نه‌وێن، دۆستایه‌تییان مه‌كه‌ن، جگه له ده‌یان هه‌ڵوێستی تری عه‌مه‌لی وه‌كو رماندنی مزگه‌وته‌كه‌ی دووڕووان كه قورئان ناوی لێنا مزگه‌وتی (ضرار).
ئه‌مڕۆ كه شێواز‌و جۆره‌كانی مه‌كرو فاك و فیكی دوژمنان زۆرتر بوون، له‌گه‌ڵ پێشچوونی زانیاری و گه‌یاندن و ته‌كنۆلۆژيای نوێ، فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازی دوژمنانیش له زیاد بووندا ده‌بێت، چۆنیه‌تی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئیسلام و به‌ربه‌ست كردنی بانگه‌وازه‌كه‌ی زیاتر په‌ره‌ی سه‌ندووه، به تایبه‌تی له ماوه‌ی دوایی شیرازه پسانی بلۆكی سۆشیالیستی، كه بلۆكی سه‌رمایه‌داريی، به تایبه‌تی ئه‌مریكا بووه دڕنده‌ی تاك قۆچ، ئیتر ئه‌وه‌بوو كه ئه‌و هه‌موو له‌شكركێشی و هه‌ڵمه‌ته زایۆنخاچییه دڕندانه‌ی لێوه ده‌رچوو، كه سه‌رله‌نوێ سێگۆشه شهڕخوازیهكهی قه‌دیم نوێ بۆوه: ئیستیعمار (به كلك و چاوو گوێكانیهوه) و رۆژهه‌ڵاتناسيی و ته‌بشیری مهسیحییهوانی.
كه‌شف كردن و ده‌رخستنی فاك و فیك و پلان و پیلانی ئه‌م دوژمنانه، ئه‌ركێكی سه‌ره‌كی موسوڵمانانه به گشتی و داعیه‌كان و به‌رپرسانی كاری ئیسلامییه به تایبه‌تی.
پێووویسته هه‌موو تاك و كۆی موسوڵمانان هه‌موو وورده‌كاری و شێوازێكی ئه‌م نهخشهكارییهی دوژمنان بناسن، تا بتوانن زوو زه‌فه‌ری پێ ببه‌ن و پێش راپه‌ڕاندنیان له‌باریان ببه‌ن و پووچه‌ڵیان كه‌نه‌وه، یان هه‌ر نه‌بێ نه‌بێ خۆیانی به شێوه‌یه‌كی شیاو‌و به‌رابه‌ر بۆ ئاماده بكه‌ن و به‌و چه‌كه رووبه‌ڕووی ببنه‌وه كه شیاوێتی، خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێ: (وَكَذَلِكَ نُفَصِّلُ الْآيَاتِ وَلِتَسْتَبِينَ سَبِيلُ الْمُجْرِمِينَ) الا‌نعام/55 واته: ئێمه ئاوا به دوور‌و درێژی به‌ڵگه‌و رێبازی خۆمان ده‌خه‌ینه روو تا رێبازی تاوانباران روون بێته‌وه.
واقیعناسی كۆمه‌ڵێك راپۆرتی سیاسی و توێژینه‌وه‌ی لێكۆڵینهوهكاری و سۆراخی وورده‌كاری ده‌رباره‌ی ئه‌م ململانێ و دهبهڕێك راچوونانه ده‌خاته به‌رده‌ست كه باس له بیر‌و دیدو به‌ره‌و توانا‌و شێواز‌و پلانی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌كان ده‌كات.
له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كه ده‌ڵێین خوێندنی زانستی واقیعناسی و دروست كردنی ئه‌و مه‌ڵبه‌ندو بنكه‌ی دیراسات و لێكۆڵینه‌وانه‌ی بایه‌خ به‌م بابه‌تانه ده‌ده‌ن، نه‌ك هه‌ر زه‌روورین، به‌ڵكو واجبێكی شه‌رعین و ئه‌م ئوممهتهمان ده‌بێت پێی هه‌ستێت.