بیروڕا

عادل عەبدولمەھدی؛ تەواوکاری پرۆژەکانی ئێرانە لەعێراقدا

و: شوان سلێمانیی
دۆست و لایەنگرانی ئەمریکا لەعێراق دڵگرانن بەوەی کە ئێران دەست بەسەر پۆستی سەرۆک وەزیراندا بگرێ، سەرەڕای ئەوەی لايه‌نگرانى ئێران، لەدوای دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەرکەوتنێکی سیاسیی گەورەيان بەدەستھێنا، دەزگاکانی راگەیاندنی بەناو عێراقیی سەر بەئێران _بەهۆی سەرکەوتنی ئەو گەنجە سوىنییەی کە پێشتر پارێزگاری ئەنبار بوو، بەناوی موحەممەد حەلبوسی_ ئاھەنگیانگێڕا، چونکە ئەو پۆستە یەکێکە لەسێ پۆستە گرنگەکانی وڵات، ھاوشانی پۆستی سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیرانە.
لەدەستپێکی قسەکانیاندا، سیاسییە عێراقییەکانی سەر بەئێران، دەربارەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەڵێن: کەسی ھەڵبژێرراو شیاوە بۆ ئەو شوێنە. ھەروەھا بەو نەخشەیەی دانراوە، کە بريتيیه ‌له‌دابه‌شكردنى ئەو پۆستانە بەسەر ھەرسێ لایەنی شیعەو کوردو سوننەدا، ئەم مەبەستە دێنێتەجێ و ئەمەیش یەکەم پۆستە بەسوننەکان دراوە!.
قەیس خەزعەلی؛ کە سەرکردەی (عصائب أھل الحق)ە، یەکێکە لەکەسە دیارەکانی ئێران لەعێراقدا، ھەر زوو پیرۆزبایی خۆی لەحەلبوسی کردو دەرچوونی ئەوی بەشتێکی شیاو دانا، هەروەها ئەم ئەنجامەیشی بەوە دانا، کە ھەرچەندە دەستتێوەردانی دەرەکی ھەبێت، بەڵام ھەر ئەو _حەلبوسی_ سەردەکەوێت، ئەم قسەیەیشی ئاماژەیەک بوو بۆ دەستتێوەردانی ئەمریکا لەعێراق. 
حەلبوسی لەدەنگدانی داخراوو لەپەرلەمانی عێراقدا توانی _بەسەر خالید ئەلعوبەیدیی وەزیری بەرگریی پێشوودا، کە رکابەری دیاری ئەو بوو_ سەرکەوتن بەدەستبھێنێت و ببێتە سەرۆکی پەرلەمان.
ھەوڵەکانی ئەمریکا سەرکەوتوونەبوو لەگۆڕینی حەلبوسی بەعوبەیدی، ھەرچەندە لایەنە سوننییەکان و کوردەکانیش ھەوڵیاندا، ئەمەیش ئاماژەیەکی زۆر ئاشکرایە، کە نفوزو ھێزی ئێرانییەکان لەئەمریکییەکان کاریگەرترە لەعێراقدا.
ئەگەر سەرنجبدەین لەسیاسەتی ئەو عێراقییانەی لایەنگری ئێرانن لەھەڵبژاردنی حەلبوسیدا بۆ سەرۆکی پەرلەمان، ئەوا بەدڵنیاییەوە کاریگەرییەکی زۆریشیان دەبێت لەھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیراندا، لەدوای ئەوەی کوتلەکانیان دەنگی زۆرینە بەدەستدێنن لەناو پەرلەماندا. 
دروشمی کوتلەی گەورەی پەرلەمانی، پشتگیریکردن بوو لەحەلبوسی لەبەرامبەر عوبەیدیدا، کە ئەم کوتلەیەیش لایەنگرانی موقتەدا سەدرو حەیدەر عەبادی و عەمار حەکیمن، لەکاتێکدا ئەم کەسانە بەوە نەسراون سەرکردایەتیی ئەو تەوژمە دەکەن کە دژ بەنفوزی ئێرانە لەعێراقدا، بەڵام لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوە ھەیە لەنێوان ھاوپەیمانیی ئەلفەتح کە سەرکردەکەی ھادی عامرییەو نزیکە لەئێران لەگەڵ موقتەدا سەدردا، کە ئەوانیش حەلبوسییان پێپەسەندبووە، کە بخرێتە ناو ئەو کێبڕکێیەوە وەک پاڵێوراوێکی ئێرانی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.
خوێندنەوەی زۆرینەی چاودێرانی سیاسی لەدیاریکردنی حەلبوسیدا بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، ئەوە دەگەیەنێت، ئەمە نامەیەکە لەئێرانییەکانەوە بۆ ئەمریکییەکان، کە چالاکیی تاران لەدۆسییەی سیاسیی عێراقدا بەھێزترە لەوان.
دیبلۆماسییەتی ئەمریکی لەم گۆڕانکارییەدا لێڵی و ئاڵۆزییەکی پێوەدیارە، ئەگەر وردببینەوە لەو بەیاننامەیەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغداد لەکاتی ھەڵبژاردنی حەلبوسیدا دەریکرد، باس لەگرنگیی ئەم ھەنگاوەو بەباش باسکردنی ھەڵبژاردنەکە کراوە، لەکاتێکدا "برێت مەکگۆرک" کە نوێنەری تایبەتیی ئەمریکایە بۆ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پشتگیری ئەم ھەنگاوەی نەکردووە، کە لەبەغداد لەگەڵ "قاسم سلێمانی" سەرکردەی سوپای قودسی ئێرانی کۆبووەوە.
سەرچاوە سیاسییەکان لەبەغدادەوە بەدڵنیاییەوە دەڵێن: بەوەرگرتنی پۆستی سەرۆکی وەزیران لەلایەن عادل عەبدولمەھدییەوە، ئێران پرۆژە تەواونەکراوەکانی لەعێراقدا تەواودەکات.
ھەواڵەکانی نەجەف ئەوە رادەگەیەنن: ھیچ بەرھەڵستییەک نییە دەربارەی دەستنیشانکردنی عەبدولمەھدی بۆ ئەو پۆستە، لەکاتێکدا مەرجەعییەتی سیستانی و موقتەدا سەدر لەوێ بوونیان ھەیە.
زەکی رەزا؛ کە چاودێرێکی سیاسیی عێراقییە دەڵێت: "بەشداریکردنی سیستانی لەسیاسەتی وڵاتدا شتێکی چاوەڕوانکراوە، بەکارھێنانی دین لەم کێشە سیاسییانەدا بەھەمان شێوە چاوەڕوانکراوە، لەکۆتاییدا سیستانی فریادڕەسی سیاسییەکانەو دەتوانێت جەماوەر بجوڵێنێت بۆ ئەو مەبەستەی دەیانەوێت".
 رەزا دەڵێت: "لەمەیش سەیرتر ئەوەیە، کە سیستانی بیروبۆچوون و ئامۆژگارییەکانی لەبواری نیشتیمانی و نەتەوەییدا لای خەڵکی جێگەی قبوڵە، ئەمەیش بەشێکە لەو سیاسەتەی پیادەیدەکەن". 
ھەروەھا ناوبراو دەڵێت: "ئێمە ئەمڕۆ خۆمان سەرقاڵکردووە بەدروستکردنی حکومەتی نوێوە، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە یەکلاکەرەوەی ھەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران مەرجەعیەتە، واتە: سیستانی، نەک کوتلەو رەوت یان حزبەکان بەشیعەو غەیری شیعەوە، ھەرکەس ناوی بۆ ئەو پۆستە تۆمارکردبێت، دەبێت مەرجەعیەت پەسەندیبکات ئەوسا دەتوانێت ببێتە سەرۆکی وەزیران، ئەمەیش چوارچێوەیەکە هیچکەس ناتوانێت لێیدەربچێت بەسیاسی و دینییەکانیشەوە".
لایەنگرانی ئەمریکا لەعێراق پێیانوایە: عەبدولمەھدی کەسێکی شیاوەو واشنتۆنیش رازیدەبێت بەوەرگرتنی پۆستی سەرۆکی وەزیران لەلایەن ناوبراوەوە. 
ھەروەھا دۆستانی ئەمریکا دەڵێن: ئێران پێشتر دوو جاریتر عەبدولمەھدیی کاندیدکردووە بۆ ئەو پۆستە، لەحکومەتەکانی ساڵانی (٢٠١٠ و ٢٠١٤)دا، بەھۆکاری ئەوەی کە عەبدولمەھدی لەلای ئەمریکاو ئەوروپا جێگەی متمانەیە.
پێدەچێت ھەر لەبەر ئەمانەبێت کە عەبدولمەھدی دیاریکراوە، ئەمەیش بریتییە لەسەرکەوتنی ئەمریکا بەسەر ئێراندا لەعێراق. 
چاودێرانی سیاسی دەڵێن: بەدڵنیاییەوە بارودۆخی دیاریکردنی سەرۆکی وەزیرانی نوێ، بەدورنییە لەدەستتێوەردانی ئەمریکا لەڕێکخستن و دیاریکردنی کەسەکاندا، مانای ئەوەنییە کە ئەمریکا ناتوانێت رێگە لەتەوژمی ئێرانی بگرێت لەدیاریکردنی وەرگری ئەو پۆستەدا، ھەرچەندە ئێران توانی حەلبوسی بکاتە سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام سەرۆکی وەزیران کە پۆستێکی گرنگە لەوڵاتدا، بەدڵنیاییەوە ئەمریکا ناھێڵێت ھەروا بەئاسانی بەسەریدا تێپەڕێت، چونکە ئەو پۆستە ھەموو دەزگاکانی سەربازی و ئابووریی وڵاتی لەژێردەستدایە.

2307 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-06-01
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.