كۆمه‌ڵه‌و كه‌سایه‌تییه‌كان

ئێران و ئیخوان؛ هەڵکشان و داکشانی پەیوەندییەکانی نێوانیان

ئێران و ئیخوان؛ هەڵکشان و داکشانی پەیوەندییەکانی نێوانیان 
و: موسڵیح کوردی

لەنوسراوێکی تامر بەداوی و ئوسامە سەییاددا، کە سەنتەری بیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کارنگی لەناوەندی ساڵی (٢٠١٩ز)دا، بڵاویکردۆتەوە هاتووە: ئەگەر چی ئێران و ئیخوانولموسلیمین دوو جەمسەری ناوچەی شیعەو سوننیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، بەڵام هەردوو لایان کۆمەڵه بەرژەوەندیێک لەهاوکاریی یەکتردا بەدیدەکەن. لای ئێران دەستپێگەیشتن بەئیخوان بەتایبەتی لقی میسرییەکەی سەرمایەگوزاریێکی کەم خەرج و باج لەگروپێکدایه، که ئەتوانێت کاریگەریی ئێران لەناوچەکەدا زیاتربکات. بۆ ئیخوانیش سوودبەخشه، که پەیوەندیی لەگەڵ ئێراندا هەبێت؛ هێزێکی ناوچەییە که ئیخوان بۆچوونێکی هاوبەشی دەربارەی رۆڵی ئیسلام لەسیاسەت و کۆمەڵگەدا لەگەڵی هەیه، ئەگەرچی بۆچوونەکه نایەکسانه. بۆیه ئیخوان دەتوانێت لەم هاوکارییەوه بۆ رێکخستنی پەیوەندی لەگەڵ ئەکتەرە‌ بایەخدارەکانی تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەڵکوەربگرێت. بەڵام لەکاتێکدا تاران ئامادەگیی ئەوەی هەیه ئەم پەیوەندییه بۆ گەیشتن بەئامانجەکانی خۆی توندوتۆڵتربکات، ئیخوان دوودڵه لەوەی که پەیوەندییەکانی لەپێکەوەبوونێکی دۆستانه ئە‌ولاتربچێت و پەرەبسێنێت. ئەمه بۆ یەکەمینە گرنگترەکانی ئەم گرووپه دەگەڕێتەوه، که بریتییه لەوەی ئیخوان پێیخۆشنییه لەجیهانی ئەهلی سوننەت دوورکەوێتەوه.
 لەدرێژەی ئەم نووسراوەدا هاتووه: لەکاتێکدا که هەردوولا هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لەساڵی (١٩٧٩ز)دا پەیوەندییه نافەرمییەکانی خۆیان دەستپێکرد، ئەم پەیوەندییانه هاوکات لەگەڵ هێزگرتنی ئیخوان لەمیسرو لەدوای شۆڕشی (٢٠١١ز) پێینایه قۆناغێکی نوێوه. کاتێک پاڵێوراوی ئیخوان لەساڵی (٢٠١٢ز)دا بووه سەرۆک ‌کۆماری میسر، پەیوەندیی فەرمی قاهیرەو تاران پەرەیسەند، بەڵام مورسی که ناچاربوو روانگەی هێزی سەربازی و هاوپەیمانه کۆنەکانی میسر رەچاو بکات، لە‌و تاقه ساڵەدا که دەسەڵاتی بوو، رێگەی بەپەیوەندیی دیپلۆماسی نەدا. دەو‌ڵەتی نوێ لەباتی ئەوه هەڵوێستێکی بەرەبەرەی گرتەبەر بۆ چاکسازیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران. سەرەڕای کودەتاکەی ساڵی (٢٠١٣) که ئیخوانی لەهێز لادا، ئێران بەردەوامه لەهەوڵدان بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ ئەم گروپەو بۆ پەرەدان بەکاریگەریی خۆی و گەیشتن بەئامانجەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وەکو هاوپەیمانێک چاویلێئەکات. بەڵام ئیخوان روانگەی پراگماتیزمی خۆی پاراستووەو تەنها پەیوەندیی نافەرمی لەگەڵ ئێران هەیه تا هەلی پەیوەندیی لەگەڵ ئەکتەرەکانی ناوچه لەدەستنەدا. هەرچەنده کەمهێزیی ئێستای ئیخوان و سیمای نەخوازراوی ئێران لای زۆرێک لەدەوڵەته عەرەبییه سوننییەکان ئەوه نیشاندەدات، که کۆمەڵه بەربەستێک لەڕێگەی پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان ئەم دوو لایەنەدا هەیه.
ساڵی (١٩٧٩ز) لقه جیاوازەکانی ئیخوان لەوڵاتانی عەرەبی کۆمەڵه نوێنەرێکیان بۆ پشتگیریکردن لەئایەتوڵڵا خومەینی؛ رێبەری راپەڕینی ئێران رەوانەی ئەو وڵاته کرد. بەرهەمه نووسراوەکانی کەسایەتیی ناسیاوی ئیخوان، واته: سەیید قوتب دەربارەی رۆڵی حکومەتی ئیسلام، لای ئێرانیش پەسەندبوو، بۆیه بەفارسی وەریاندەگێڕان. لەدوای راپەڕین پەیوەندییه نافەرمییەکان لەڕێگەی لقی نێودەوڵەتیی ئیخوانەوه لەگەڵ ئێران درێژەیپێدرا. ئێران هاوکاری لەگەڵ لقی لەندەنی ئەم رێکخراوه دەستپێکرد، تا پەره بەوتووێژی دوو لقی شیعەو سوننی ئیسلام بدات. ئەم پرۆسه دانیشتنی یەکگرتنی ئیسلامیش که ساڵی (٢٠٠٧) لەئێران دامەزرێنرا دەگرێتەبەر، که هاوکاریی ئیبراهیم مونیر؛ سکرتێری گشتیی لقی نێودەوڵەتی ئیخوانیشی لەگەڵ بوو. ئەم چالاکییانه زەمینەی پەیوەندیی ئێران و ئیخوانی میسریشی مسۆگەرکرد، که بەلقی سەرەکیی ئیخوان و پردی یەکگرتنەوەی هەموو لقەکانی ئەم گروپه لەتەواوی وڵاتەکاندا هەژماردەکرێ.
لەلایەنی ئایدۆلۆژییەوه، هەردوو لایەنی ئێران و ئیخوان هەوڵ بۆ دامەزراندنی حکومەتی ئیسلامی و یەکگرتنی موسوڵمانان دەدەن. ئامانجه ناوچەییەکانیش وەکو رزگارکردنی فەلەستین و دژایەتیی ئیسرائیل لای هەردوولایان یەکسانه. بەڵام هەندێک راجوێیی سە‌رەکیی ئایدۆلۆژیشیان هەیه. لای تاران که خوازیاره لەم گروپه بۆ پێشبردنی ئامانجی یەکگرتنی سیاسی لەجیهانی ئیسلامدا کەڵکوەربگرێ، تەوەرەکانی هاوبەش زیاترن لەجیاوازییەکان.
ئێران پێیوایه: ئیخوان پردێکه بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی ئەهلی سوننەت. ئەم گروپه لەڕێگەی پشتبەستن بەپەیوەندییه جۆراوجۆره دوورودرێژەکانی، دەتوانێت ببێته پشتگیرێکی بزوێنەرو هاندەر بۆ بنکەو بنچینەبوونی ئێران لەبەرەی خۆڕاگریی دژی ئەمریکاو هاوکات ناوەندێکیش بێت بۆ رێکەوتن لەگەڵ گروپه توندڕەوە سوننییەکانی دژی ئێران. زۆرێک لەکۆمەڵه سەلەفییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێرانی شیعه بەخەتەرێک دەزانن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
 بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەمریکا، هەر لەسەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوه ئاراستە‌ی سیاسەتی دەرەوی ئێرانی کردووه. ئێران بۆ وەدەستهێنانی هاوپەیمان لەجیهانی عەرەبەوه، رێبازێکی خوار بۆ سەرەوەی گرتووەتەبەر. بۆ وەدەستهێنانی هاوپەیمان لەجیهانی سوننەتەوه پێویسته ئێران جەختبکاته سەر ئەو روانگەیانەی سیاسەتی خۆی، که دەبێته هۆی یەکگرتن؛ وەکو دامەزراندنی بەرەی خۆڕاگری. میسریش که ژمارەی دانیشتووانی زۆرەو سنووری زۆریشی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، هەروەها لەبەرەی ئەمریکادایە، هەدەفێکی ستراتێجییه بۆ چالاکییەکانی ئێران. بۆ ئیخوانیش پەیوەندی لەگەڵ ئێران ئەچێته چوارچێوەی مەبەستی پەرەپێدان بەیەکگرتوویی ئیسلامی، هەروەها ئامێرێکه بۆ خاڵ بەدەستهێنان لەحکومەته عەرەبییەکان، وەکو عەرەبستانی سعودی و ئیمارات. لەگەڵ ئەمەدا چونکه ئێران لەجیهانی عەرەبیدا ناخۆشەویسته، ئیخوان خوازیاری کەمتری هەیه بۆ پەیوەندیی پوخت و پتەو لەگەڵ ئێران. ئەم گروپه تەنها لەکاتێکی وەکو سەرکەوتنی سیاسیی دوای بەهاری عەرەبی، بۆ پێشبردنی ئامانجەکان و دەستکەوتەکانی خۆی، پەیوەندیی لەگەڵ ئێران سازدەکات.
 هێزگرتنی ئیخوان لەمیسر دوای بەهاری عەرەبی، موژدە‌دەری وەرزێکی نوێی پەیوەندییەکانی ئێران و رەوتی ئیخوان بوو. ئێرانییەکان هیواداربوون ببێته هۆی دەستپێکی دووبارەی پەیوەندییه دیپۆلماسییەکانیان لەگەڵ ئێران. ئێران و میسر تەنها سەنتەری پاراستنی بەرژەوەندییان لەپایتەختی دوو وڵاتەکەدا هەیه، بەڵام چونکە ئیخوان پێویستیی بەپاراستنی پارسەنگی لەنێوان ئامانجه ناوچەییەکانی خۆی و رەچاوکردنی هەڵوێستەکانی هێزی سەربازی و هاوپەیمانەکانی وەک عەرەبستانی سعودی بوو، ئامانجەکەی ئێران نەهاتەدی.
 ئێران؛ بەهاری عەرەبی بەبێداریی ئیسلامی ناودەبات و پێیوایه شۆڕشی خەڵکی میسر هەموو خەسڵەتەکانی ئیسلامی بووه. ئەم هەڵوێسته دەبێته هۆی دروستبوونی خاڵی هاوبەش لەگەڵ ئەو گروپه ئیسلامییانەی، که بەم زووانه هاتوونەته مەیدانی سیاسەتەوه. لەساڵی (٢٠١١)دا نەبیل ئەلعەرەبی؛ وەزیری دەرەوەی میسر، رایگەیاندبوو: وڵاتەکەی ئامادەی زیندووکردنەوەی پەیوەندییه دیپلۆماسییەکانە لەگەڵ ئێراندا. ئەم قۆناغه لەدوای سەرکەوتنی حزبی سەر بەئیخوان لەپاڕلەمان و سەرۆک کۆماری مورسی لەساڵی (٢٠١٢)دا دەستیپێکرد. مورسی پێشنیازی دامەزراندنی گروپێکی بەبەشداریی: ئێران، میسر، عەرەبستان و تورکیای کرد بۆ تاوتوێکردنی قەزییەی سووریا. هەرچەند ئەم پێشنیازه هەرگیز جێبەجێنەکرا، بەڵام روونیکردەوه که ئیخوان، ئێران وەکو یەکێک لەئەکتەره بایەخدارەکانی ناوچه دەناسێت.  
ساڵی (٢٠١٢) مورسی بۆ رادەستکردنی سەرۆکایەتیی بزووتنەوەی «the Non-Aligned Movement» بۆ ئێران سەفەریکردو بووه یەکەمین سەرۆک کۆماری میسر لەسی ساڵی رابردوودا، که بۆ ئێران سەفەردەکات. هەروەها ئێران کۆمەڵه پێشنیازێکی تری ئاراستەکرد که بابەتی گەشتیاری و فرۆشتنی نەوتی تێدابوو بۆ یارمەتیدانی بازرگانیی میسر. دەوڵەتی مورسی لەجێگەی بەدەمەوەچوونی خێرای پێشنیازەکانی ئێران بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ریاز کەڵکی لێوەرگرتن. دوای هاتنەسەرکاری مورسی، سعودییەکان دەترسان یەکگرتوویی میسر و عەرەبستان بکاته قوربانیی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران. مورسی پێشنیازەکانی ئێرانی بەسعودییەکان راگەیاند، بەو هیوایەی ئەوان لەوەڵامدا پێشنیازی باشتر دەربخەن. کەواته: مورسی ئەوەی پیشانی ریاز دا، که هێشتا پەیوەندیی لەگەڵ عەرەبستان، لای ئەو لەپێشتره وەک لەگەڵ ئێران. بەڵام سعودییەکان بەمەبەستی تێکدانی پەیوەندیی ئێران و میسر بەتارانیان راگەیاند: مورسی پێشنیازه ئابوورییەکانی تارانی بەڕیاز سپاردووه! ئەگەرچی ئەم کرداره بووه هۆی ئەوه که دەوڵەتی مورسی لەحاڵەتێکی لێبوردنا بووەستێتەوه، بەڵام نەبووه هۆی تێکچوونی پەیوەندیی لەگەڵ ئێران. ئاساییکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان درێژەی هەبوو تا لەئەنجامدا ساڵی (٢٠١٣) یەکەمین فڕۆکەی بازرگانی لەمیسرەوه دوای (٣٤) ساڵ لەتاران نیشتەوه.
 مورسی بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئێران پێویستی بەڕەچاوکردنی هەڵوێستی هێزی سەربازی و بنکه ئەمنییەکانی وڵاتیش هەبوو، که لەمێژەوه خۆیان بەهاوپەیمانی ئەمریکاو وڵاتانی خەلیجی عەرەبی دەزانن. ئەوان ئەگەرچی ئێرانیان بەدوشمنی خۆیان نەدەزانی، بەڵام لەگەڵ تەواو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیش نەبوون. سەرۆکی مێزی ئێران لەناوەندی ئەمنیی میسر، پێشنیازی بەمورسی کرد زیاتر پەرەدان بەپەیوەندیی ئابووری لەگەڵ ئێراندا رەچاوبکات. جا نادیاره که ئایا ئەم پێشنیازه لەڕاستیدا بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ ئێراندا ئاراستەکرا، یان کارێک بوو بۆ دەرخستنی مەیلی ئیخوان بەرەو ئێران بۆ هەمووان.
هەر لەناو بزووتنەوەی ئیخوانیشدا بەهۆی پشتگیریی ئێران لەدەوڵەتی ئەسەد، هەندێک دژی پەرەدان بەپەیوەندی لەگەڵ ئێران بوون. هاوکات بزاوتی سەلەفیی میسرو قۆڵی سیاسیی ئەوان، واته: حزبی نوور، که لەهەڵبژاردنەکاندا هاوپەیمانی ئیخوان بوون، چاکسازیی پەیوەندییەکانی قاهیرەو تارانی بەپەسەندنەدەزانی. ئەم حزبه یارمەتیی سیاسی و مەعنەوی لەعەرەبستانەوه وەردەگرت. توێژەره ئێرانییەکان لەتاوتوێکردنی رابردوودا، پێیانوایه: مورسی بەهۆی نزیکیی لەهەڵوێستەکانی عەرەبستان و هێزی سەربازیی میسرەوه، بووه هۆی پەرەنەدان بەپەیوەندییەکانی نێوانیان. یەکێک لەدەستەڵاتدارانی ئێرانی بەگاڵتەوه ئەڵێت: "کاتێک پێمنایه کاخی سەرۆک کۆماری لەقاهیره، هەر ئەو هێزه ئەمنییانەم بینی، که لەکاتی موبارەکدا بینیبووم. ئەی باشه ئیتر چ گۆڕانکاریێک روویدابوو؟". مورسی ناتەوان بوو لەدروستکردنی گۆڕانکاریێکی ئەساسی لەسیاسەتی دەرەکیی میسرو بنیاتنانی بنەمایێکی نوێدا. کودەتای سەربازیی دژ بەدەوڵەتی مورسی و ئیخوان، بەرانبەربوو لەگەڵ هاتنەوەی هێزە سەربازییه کۆنەکان بۆ لوتکەی دەستەڵات. عەرەبستانی سعودییش که دەوڵەتەکەی مورسی نەیتوانیبوو متمانەی بەدەستبهێنێت، پشتگیریی کارەکەی هێزی سەربازیی میسری کردو پشتیوانیی خۆی بۆ دەربڕی. ئێرانیش که خەیاڵی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ میسری بەتێشکاو دەبینی، تەنها بەئیدانەکردنی کودەتاکه بەسەندەیکرد. بەپێچەوانی سەرنەکەوتن لەئامانجی پەیوەندیی دیپلۆماسی، ئێران خوازیاری پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ رێبەره دوورخراوەکانی ئیخوانه.
 هەروەکو سەردەمی پێش بەهاری عەرەبی لەساڵی (٢٠١١)دا ئێران لەهەوڵی ئەوەدایه لەڕێگەی دانیشتنی یەکگرتنی ئیسلامییەوه پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ گروپه ئیسلامییەکان بپارێزێت. بەڵام وەکو پێشتر بەهۆی رۆڵی ئێران لەسووریادا، رێبەرانی ئیخوان مەیلێکی وایان بەپتەوکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا نییه. ئەڵبەت بەهۆی تینوگوشاری سەر ئیسلامییانی ناوچه، ئەوان ئەم راستییه رەدناکەنەوه، که گۆڕانکاریی بارودۆخ دەتوانێت ببێته هۆی نزیکبوونەوی زۆرتری دوو لایەنەکه. زیندانیکرانی ژمارەیێکی زۆر لەڕێبەرانی ئیخوان لەدوای کودەتای سەربازی، بووە هۆی لێکەوتوویی ئەم رێکخراوه. دوای دەستبەسەرکردنی مورسی، دەستەڵاتدارانی ئێرانی لەناوەندی پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، روویانکرده پەیوەندیگرتن لەگەڵ موحەممە‌د عەلی بەشیر؛ یەکێک لەئەندامانی ناوەندی ئاراستەی ئیخوان. ئەم کەسه دوای کودەتاکه، توانی خۆی له دەستبەسەری دەربازبکات، بەڵام تا ئێستا دەرنەکەوتووه، ئایا لەڕاستیشدا دیدارێک روویداوه یان نا؟ لەم کاتەدا رەنگه ئەم حزبه بۆی دەرکەوتبێت، که تاران کاریگەریی پێویستی بۆ یارمەتیدانی ئەوان نییه، بۆیه پێویسته رووبکاته واشینگتۆن، برۆکسل یان وڵاتانی عەرەبیی ناوچه.
 ئەو کۆمەڵه ئەندامەی ئیخوان، که توانییان لەدەستبەسەربوون دەربازبن، لەساڵی (٢٠١٤)دا لەڕێگەی دامەزراندنی لیژنەی باڵای جێبەجێکارییەوە دەستیاندایه زیندووکردنەوەی رێکخراوەکەی خۆیان. ئەم رێکخراوه دوو لقی ناوخۆو دەرەکی هەیه بۆ چارەکردنی کاروباری ئەندامانی ناو میسرو دوورخراوه. لەناو خودی ئەم رێکخراوەیشدا شەڕەپاڵێک بۆ وەدەستهێنانی دەسەڵات روویدا؛ سەرێکی شەڕەپاڵەکه ئەندامانی کۆنی ئیخوان بوون، وەک ئیبراهیم مونیر، لەو سەریشەوه ئەندامانی گەنج و نوێ که خوازیاری رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژ دژی کودەتاچییەکان و دەستکەوتنی پشتگیریی تاران بوون. لەئەنجامدا ئەندامه کۆنەکان توانییان بەڕازیکردنی هەندێک لەئەندامان و دەرکردنی هەندێکی تر، پلەی جارانی خۆیان مسۆگەربکەنەوه.
 ئەم کەلێنه ناوخۆییەو هەبوونی کۆمەڵه لایەنێکی فراوان بەبێ بنەمایێکی سەرەکی و ئاراستەوان، ئە‌و دەرفەتەی داوەته ئێران که هەوڵوتێکۆشانی خۆی بۆ کارکردنه سەر ئەم رێکخراوه زۆر زیاتربکات. تاران لەڕێگەی پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی دوورخراوه، که زۆرینەیان لەئەستەنبوڵ کۆبوونەتەوە، بەپێشنیازی سەفەر بۆ تاران و بەخششی خوێندن لەهەوڵی راکێشانیاندایه. لەساڵی (٢٠١٦)ەوه دوو رێکخراوی ئایینی لەقوم و تاران ئەندامانی ئیخوانیان بۆ بەشداری لەکۆنفرانسەکانی خۆیان داوەتکردووه. رێکخراوێکی تاوتوێکردنەوەیش دەیویست بەمەبەستی تاوتوێکردنی بزاوته ئیسلامییەکان لەشاری ئەستەنبوڵ ناوەندێک بکاتەوه، بەڵام بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوه تووشی بەربەستی ماددی و ئابووری بوو. گەرمبوونی پەیوەندیی نێوان ئێران و تورکیا، که یەکێکه لەپشتگیرە سەرەکییەکانی ئیخوان، بووەته هۆی ئاسانکاریی پەیوەندیی ئێران لەگەڵ ئیسلامییانی دانیشتوو لەو وڵاتەدا. ئەڵبەت ئێران ئاگاداره نەوەک چالاکییەکانی ببێته هۆی ناڕەزامەندیی تورکیا، لەکەمکردنەوەی کارتێکردنی لەسەر ئەندامانی ئیخوان. 
له مانگی جوولای (٢٠١٧) ئێران و ئیخوان گرنگترین دانیشتنی هاوبەشی خۆیان لەدوای لادانی مورسی لەدەسەڵات بەڕێوەبرد. ئایەتوڵڵا موحسینی ئەراکی؛ یەکێک لەبەرپرسانی ئێران لەماوەی ئەو دانیشتنەدا لەگەڵ ئیبراهیم مونیر کۆبووەوه. ئەم کۆبوونەوه کاردانەوەی توندی لقی سووریای ئیخوانی بەدواوەبوو. بۆیه پێویسته بڵێین رۆڵی ئێران لەسووریا هێشتا بەربەستێکه بۆ پەرەدان بەپەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو لایەنه. بەپێچەوانەی دژایەتی لەگەڵ ئێران، لەلایەن بازنەکانی ئیسلامییانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام بۆ ئیخوان نزیکی لەئێرانەوه لەسەردەمی شڵەژاوی ناوچەیی و جیهانیدا، بەچەترێکی ئەمنی هەژماردەکرێ. ئەگەر کودەتای (٢٠١٦‌)ی تورکیاو گەمارۆی قەتەر لەلایەن سعودییەکانەوه سەرکەوتووبووایە، ئەوه ئیتر ئیخوان هیچ دەوڵەتێکی پشتیوانی لەدەوری خۆی نەدەبینی. کەواته: پەیوەندی لەگەڵ ئێران، بۆ ئەم بزاوتە رۆڵی بیمە‌ی هەیه، بەتایبەت لەدۆخێکدا که پێویستبێت ئەم گرووپه پەنابباته ئێران.
 لەکۆتاییدا پێویسته بڵێین: ئەگەرچی ئیخوان و ئێران خاڵی هاوبەشی زۆریان لەئایدۆلۆژی و روانگەی سیاسیدا هەیه، بەڵام چەندین بەربەست لەڕێگەی پەرەدان و پتەوکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەم دوو لایەنەدا بەرچاودەکەوێت. نەبوونی بەرنامەو پلانێکی روون لەئیخواندا بۆ زیندووکردنەوەی خۆی وەکو بزاوتێکی کاریگەری سیاسی، بووەته بەربەستی هەموو جۆره پەیمانێکی درێژخایەن بۆ نموونه لەگەڵ تاراندا. هاوکات ئیخوان ترسی ئەوەی لەدڵدایه ببێته کایەی دەستی لایەنه دەسەڵاتدارەکانی وەکو ئێران. لەلای ئێرانیشەوه دەستکورتییه ئابوورییەکان، لەئاکامی گەمارۆی ئەمریکا، هەروەها ناڕەزامەندیی لەڕۆڵی تاران لەقەیرانی سووریادا، کاریگەریێکی خراپی بووه لەسەر راکێشانی ئەندامانی دوورخراوەی ئیخوان لەلایەن ئێرانەوه. لەوە ئەچێت دیمەنی درێژخایەنی گۆشەگیریی ناوچەیی ببێته هۆی مەیلی زیاتری ئیخوان بۆ نزیکبوونەوەی لەتاران. ئەم بابەته هەروەکو جاران بەنده بەهەڵوێستی هەردوو لایەن دەربارەی یەکەمینه ستراتێجییەکان و گۆڕانکارییه جیۆپۆلۆتیکییەکانی ناوچه. لەئێستادا پەیوەندییەکانی ئەم دوو لایەنه دەبێت لەچوارچێوەی داخوازییه نایەکسانەکاندا بناسێنرێ. بەپێچەوانەی بێهیوایی لەسیاسەتەکەی مورسی دەربارەی ئێران، تاران بەو هیوایەیە که ئەم رێکخراوه رۆژێک لەدۆخێکدا بووەستێت، که یارمەتیدەری بەرژەوەندییەکانی ئێران بێت، بەهۆشیارییەوه هەوڵئەدات بۆ پەرەدان بەهاوکاریی لەگەڵ ئیخوان. لەهەمان کاتدا ئامانجی ئیخوان ئەوەیه هەموو هەڵبژاردەکانی خۆی بپارێزێت و لەگەڵ هەموو لایەنەکان که ئێرانیش دەگرێتەوە، هاوکاریبکات و چاوەڕوانی کاتێکی شیاو بێت بۆ وەدەستهێنانی دووبارەی دەستەڵات لەشانۆی سیاسەتی میسردا. 

________________________________

* وەرگێڕانی بۆ فارسی: نەعیم نووربەخش/ پێگەی هەواڵی ئینتیخاب.



3264 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2020-03-15
زۆرترین خوێندراو
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.