خۆپیشاندان بۆ پشتگیریکردنی مامۆستا کرێکار، ئاماژەیە بۆ رەوینەوەی ترس
موسڵیح کوردی
بەڕاستی کە چاو لەقۆناغەکانی ژیانی جەنابی مامۆستا کرێکار -خوای گەورە ئازادیبکات- ئەکەین، ئەبینین ئەم کەسایەتیە بەرزە، هەمیشە پیاوێکی کاریگەری سەردەمی خۆی بووەو هەموو کاتێک هەوڵیداوە ئەو رێگەیە هەڵبژێرێت، کە لەگەڵ واقیعەکەدا زیاتر ئەگونجێت. لەقۆناغێکدا دەبینین مامۆستا پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان بووەو دەست لەنێو دەستی ئەو هەموو خەڵکەدا دژی حکومەتی مەرکەزی و حیزبی بەعس وەستاوەتەوە. هەر لەم قۆناغەدا دلێری و بوێریی خۆی نوواندووەو فڕۆکەیەکی خستۆتە خوارەوە! تا ئەو رادەیەی، کە حیزبی بەعس ناوی جەنابی مامۆستای لەلیستی رەشی خۆیدا دانابوو لەڕیزی ئەو کەسانەدا، کە دەبێت دەستگیربکرێن و رادەستیبکرێن. ئەمە بەپێچەوانەی زۆرێک لەسەرۆک حیزبەکانی کوردستان بووە، کە دوایی دەرکەوت لەژێرەوە جاشی حیزبی بەعس بوون و خۆیان و گەلەکەیان فرۆشتووە!
قۆناغی دووەەم؛ قۆناغی خوێندن و وانەوتنەوەی مامۆستایە، کاتێک مامۆستا واز لەپارتی دەهێنێت و هەنگاوئەنێتە دونیای خوێندنەوە، بەکالۆریۆس لەزمانی عەرەبی و ماستەر لەفەرموودەوانیدا وەردەگرێت و لەدوو زانکۆی وڵاتی پاکستان، مامۆستای زانستە شەرعییەکان دەبێت، هاوکات کە کاری تەنزیمی بەپێویست ئەزانێت، ئەچێتە ریزی ئیخوانولموسلیمینەوەو چەندین ساڵ وەکو ئەندامێکی پایەبەرزی ئیخوان چالاکیدەکات.
سەرەتای قۆناغی سێیەمی ژیانی مامۆستا؛ سەردەمی کیمیاییبارانەکەی هەڵەبجەیەو لەو کاتەدا مامۆستا هەست بەوە دەکات، کە پێویستە بەرەی خوێندن و وانەوتنەوە بەجێبهێڵێت، لەبەرئەوە روو لەکوردستان ئەکاتەوەو ئەبێتە ئەندامی بزووتنەوەی ئیسلامی لەکوردستان/ عێراق، ئەمجارە چالاکییەکانی مامۆستا لەواقیعێکی تردا خۆی ئەنوێنێت و وەکو چەکدارێک لەجەماعەتێکی ئیسلامیدا دژی حیزبی بەعس دەوەستێتەوە، لەکاتێکدا کە خەڵکەکەیش روو لەمزگەوت ئەکەن، وەکو مامۆستاو خەتیب و فێرکاری دەرسە شەرعییەکان دەرئەکەوێت؛ بۆیە ئێستایش خوتبە زێڕینە بەنرخەکانی مزگەوتی جیهادی جەنابی مامۆستا، لەدڵ و مێشکی خەڵکیدا هەر ماوەتەوە. لەم قۆناغە بەدواوە مامۆستا وەکو کەسایەتییەکی سیاسی خۆی دەرئەخات و وردەوردە رەهەندەکانی کەسایەتیی مامۆستا تەکمیلەئەبێت، بۆیە ئەبینین مامۆستا هەر مەیدانێکی بەپێویست زانیوە، داخڵبووەو لەوێدا وەکو چالاکوانێکی بەتوانا دەرکەوتووە.
قۆناغێکی تری ژیانی مامۆستا؛ ئەو کاتەیە کە وەکو ئەمیری جەماعەتێکی ئیسلامیی سەربەخۆ خۆی ئەناسێنێت، پاشان رەوتێکی فیکری دائەمەزرێنێت و وەکو توێژەرێکی سیاسییش خەڵکی چاو لەبیروبۆچوونەکانی ئەکەن. هەموو ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی کە ناوو خۆشەویستیی مامۆستا تا رادەو بڕێکی ئێجگار زۆر لەدڵی خەڵکیدا جێگیرببێت، بۆیە ئێستایش خەڵکی کوردستان وەکو رێبەرێک چاویلێدەکەن و رێزیدەگرن.
بەڵام ئەم قۆناغانەی کە ئێمە باسمانکردن تەنها روویەکی قەزییەکەن، بۆیە کە لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر کەسایەتیی مامۆستا ئەکەین، ئەبینین کەسایەتیی جەنابیان چەندین رەهەندی تری هەیە، کە پێویستیی بەڕوونکردنەوەیە؛ ئەبینین مامۆستا لەساڵی (١٩٧٤ز)یەوە کە دەست لەئەندامێتیی پارتی هەڵئەگرێت، تا کارەساتەکەی هەڵەبجە لەگەڵ: زانست، خوێندن و وانەوتنەوە تێکەڵبووە. پاشان لەساڵی (١٩٨٥-٢٠٠١ز) وەكو ئەندامی حزبێکی ئیسلامی ئەبێت و لە (٢٠٠١-٢٠٠٢ز)دا ئەمجارە خۆی وەک ئەمیرێکی ئیسلامی دەردەخات. ئەبینین کەسایەتیی مامۆستا کرێکار لەهەر قۆناغێکدا لەچاوی خەڵکەوە کەسایەتییەکی جیاوازەو گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. لە (٢٠٠٢-٢٠١٠ز) ئیتر مامۆستا وەکو ئەمیری جەماعەتێکی سەلەفیی جیهادی دەناسرێ، هەرچەندە لەئەوروپایەو ئەندامی جەماعەتی ئەنسار نییە. پاشان کە مامۆستا لەساڵەکانی (٢٠١٠-٢٠١٥) لەزیندانایەو دێتە دەرەوە، ئیتر ئەمجارە موسوڵمانان وەکو رێبەرو مامۆستایەکی ئایینی عەمامە پاکی خۆیان چاویلێدەکەن.
لە (٢٠١٥) بەدواوە کەسایەتیی مامۆستا، ئیتر بەشێوازێک بۆ خەڵک دەردەکەوێت، کە ئێمە ئیمڕۆ دەستکەوت و بەرهەمەکەی لەلەندەن دەبینین، رەهەندێکی ئەم قۆناغەی کەسایەتیی مامۆستا رەهەندی دینییە، ئەگەرچی جەنابیان پێش ساڵی (٢٠١٥)یش هەر پرسیارو وەڵامی شەرعیی هەبووەو وانەی شەرعیی وتووەتەوە، بەڵام ئەمجارەیان رووی زانستی شەرعیی مامۆستا جوانترو روونتر لەجاران لەفەتواکانیدا دەردەکەوێت. ئەمجارەیان خەڵکی نەک تەنها وەکو ئەمیری جەماعەتێکی ئیسلامی، بەڵکو وەکو مامۆستایەکی خۆیان، کە هەستئەکەن باوک، مام و کەسێکی نزیکیانە چاویلێئەکەن. ئەمجارە بینییان کە مامۆستا کەسێکی خاوەن دەلیلەو بنەمای بۆچوون و فەتواکانیشی: قورئان، سوننەت و ئەقوالی عولەمایە. بینیان کە مامۆستا کەسێکی موعتەدیل و میانڕەوەو دوورە لەتوندڕەوی، هەروەکو کە دووریشە لەشلگیری! بینییان کە مامۆستا کەسێکی دڵسۆزەو خەمی گەل و ئوممەتەکەی دەخوات.
رەهەندێکی تری کەسایەتیی مامۆستا کە لەم قۆناغەدا بۆ خەڵکی دەرکەوت؛ رەهەندی سیاسییە. توێژینەوە سیاسییەکانی مامۆستاو پێشبینییە راست ودروستەکانی دەربارەی ئایندەی سیاسیی کوردستان، بەتایبەت لەدوای داگیرکردنی کەرکووک و لەدەستچوونی (٥١٪)ی خاکی کوردستان، ئەوەی بۆ خەڵک دەرخست، کە مامۆستا کرێکار کەسێکی سەرڕاستەو هەرگیز خیانەتی لێوە نەبینراوەو هاوکاتیش خاوەن بیروهۆشێکی بەرزی سیاسییە. بینییان کە توێژینەوەکانی مامۆستا جاری وا هەیە لەدوای (١٠) ساڵ دێنە دی. بۆیە لەنەتیجەدا جەماوەر وەکو کەسایەتییەکی سیاسیش مامۆستایان قبوڵکرد، وەک چۆن پێشتر هەروەکو کەسایەتییەکی بەرزی دینی وەریانگرتبوو. بۆیە ئیمڕۆ ئەبینین مامۆستا کرێکار نەک تەنها وەکو رێبەرێکی دینی، بەڵکو وەکو رێبەرێکی نیشتمانییش دەناسرێ.
بەڵام چی بووەتە هۆی ئەوەی، کە لەم ساڵانەی دواییداو لەگەڵ دەستبەسەرکردنەکانی مامۆستادا خەڵک کەمتر پشتگیریبکەن و بۆ دیفاعکردن لەجەنابی خۆیان دەرخەن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە روون و ئاشکرایە، ئەوە ئەو ترسەیە، کە ئەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی (٢٠٠٢-٢٠١٠) کە خەڵکی وەکو کەسێک کە ناوی چووبووە لیستی تیرۆرەوەو تینوفشاری جۆرج بۆش دژی جەنابیان زۆرببوو، حزب و کەسایەتییە عەلمانییەکانی کوردستانیش هەموو رۆژێک دژی مامۆستا دەیانخوێندو هەوڵی تێکدانی کەسایەتیی جەنابیان لەبەرچاوی خەڵکیدا دەدا. بەڵام دەرکەوتنی راست و دروستی کەسایەتیی مامۆستا لە (٢٠١٠) و بەتایبەتی لە (٢٠١٥) بەم لاوە، ئیتر بووە هۆی لابردنی ئەم ترسە، بووە هۆی شکاندنی بتی ترس و تۆقین لەجەنابی مامۆستا. ئەمڕۆ ئەبینین ئیتر ئەو بارودۆخەی -کە خەڵک لەپشتگیریکردنی مامۆستا بترسێت- نەماوە. بۆیە بەدڵنیاییەوە دەڵێین: ئەگەر ئەم ترسە نەبووایە جەماوەر زۆر زووترو زۆرتر پشتگیریی جەنابی مامۆستایان ئەکردو لەمەیدانەکەدا دەردەکەوتن.
بۆیە پێمانوایە ئەم خۆپیشاندانە وەکو هێماو نیشانێکی لێهات، کە بەڵێ ئیتر کۆتا قۆناغی رێبەرایەتیی مامۆستا کرێکار لای جەماوەر هاتووەتەدی. زۆر جێی دڵخۆشی و شوکرانەبژێرییە، (د. عەباس) رایگەیاندووە: بڕیارە لەهەموو وڵاتانی ئەوروپی بۆ پشتگیریکردنی جەنابی مامۆستا خۆپیشاندان سازبکرێ. بەدڵنیاییەوە ئیتر ئەم جارە لەگەڵ نەمانی ترسەکەدا، خەڵک زیاتر دەردەکەوێت و دەنگی راستەقینەی خۆی دەردەبڕێت و ئەیگەیەنێتە ئەو تاغوتانەی هەوڵی چەوساندنەوەی مامۆستا دەدەن. ئەمجارە ئیتر ترسەکە نەماوەو ئەمە خۆی گەورەترین دەستکەوتی ئەم خۆپیشاندانە سەرەتاییە بوو. ئێستا خەڵک زانیویانە کە ئەتوانن پشتگیریی مامۆستا بکەن و ناویشیان ناچێتە لیستی تیرۆرەوەو بەتوندڕەویش ناناسێنرێن! بۆیە ئەم حەرەکەتە کە لەئەوروپاوە دەستیپێکردووە، دوورنییە بەم زووانە لەکوردستانیش درێژەیپێبدرێ و خەڵکانێک چ وەکو مافێکی دینی و چ وەکو مافێکی دنیایی، چ بەناونیشانی کەسێکی ئیسلامی و چ بەناونیشانی کەسێکی نیشتمانی، بۆ پشتگیری لەمامۆستا خۆپیشاندان سازبکەن و دەنگیان بەدنیا رابگەیەنن. چونکە ئەوانیش ئیتر هەستیان بەوە کردووە، کەسێکی دڵسۆزیان ههیە، کە رۆژێک لەڕۆژان خیانەتی لێنەکردوون و لەداهاتوویشدا هەرگیز خیانەتیان لێناکات. دەزانن کەسێکی پاک و خاوێنەو ئەوە ئەوە، کە دەتوانێت گۆڕانکارییەکی ریشەیی لەساحەکەدا بەدیبهێنێت.
ئەم خۆپیشاندانە بچووکەی لەلەندەنی پایتەختی بەریتانیادا ئەنجامدرا، ئەو هیواو ئاواتەی لەدڵی ئێمەدا زیندووکردەوە، کە خەڵکانێکیش لەکوردستان جوامێرانە دژی چەوساندنەوەی کەسایەتییەکی بەرزو رۆڵەیەکی عەزیزی خۆیان هەڵسن و بەزمان، قەڵەم، رێپێوان و خۆپیشاندان پشتگیریی مامۆستا بکەن و لەوە نەترسن، کە وەکو تیرۆریست بناسێنرێن و حیسابیان بۆ بکرێ. ئەمە بەرهەمێکی هەرە گرنگی کەسایەتییەکەی مامۆستا لە (٢٠١٥ -٢٠١٩)یە، کە توانی لەناو خەڵکدا شوێن و پلەیەکی تایبەت بۆ خۆی بدۆزێتەوە؛ ئەمە خاڵێکی ئێجگار گرنگ و جیاوازە. بۆیە (ان شاء اللّە) بەرهەمی دڵخۆشکەری زیاتر، لەئایندەیەکی نزیکدا دەبینین.
|