بیروڕا

یەحیا سەنوار چوار سزای زیندانی هەتا هەتایی درابوو بەسەردا

یەحیا سەنوار چوار سزای زیندانی هەتا هەتایی درابوو بەسەردا

ئا:خالد ڕەنجدەر

لە ساڵی ٢٠١٨دا یەحیا سەنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە کەرتی غەززە لە چاوپێكەوتنێکدا لە گەڵ ڕۆژنامەنووسێکی ئیتالی دەڵێ: جەنگ لە بەرژەوەندی حەماس و ئیسرائیل نییە. بەڵام ئێستا ئیسرائیل بەو عەقڵەی دادەنێت کەنەخشەی هێرشی تۆفانی ئەقسای داناوە و، داوا دەکات کە خەڵکی غەززە بیکوژن بۆ ئەوەی ئەم جەنگە کۆتایی بێت.
ناوی یەحیا ئیبراهیم حەسەن السنوارە، و لە٢٩/تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٦٢ لە ئوردوگای خان یونس لە باشوری غەززە لەدایکبووە. لە ساڵی ٢٠١٧ەوە تاکو ئێستا سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماسە لە کەرتی غەززە. یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی دەزگای ئاسایشی سەر بەبزوونەوەی حەماس بۆ ڕاوەدونانی جاسوسەکانی سەر بەئیحتیلال لە کەرتی غەززە.
خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە شاری خان یونس تەواو کردوە و، دواییتر چووەتە زانکۆی ئیسلامی غەززە و، لەوێ بەکالریۆسی لە زمانی عەرەبیدا وەرگرتووە. دوای ئازادکردنی لە زیندانی ئیسرائیل و لە ساڵی ٢٠١١دا هاوسەرگری کردوە.
یەحیا سەنوار بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٨٢ لە لایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکراوە و بۆ ماوەی چوار مانگ وەک دەستگیرکراوێکی ئیداری لە زیندان بووە. لە ساڵی ١٩٨٥ بۆ جاری دووەم دەستگیرکراوەتەوە و ماوەی هەشت مانگ زیندان بووە. ئەمجارە تۆمەتەکەی بریتی بووە لە دامەزراندنی دەزگای تایبەتی ئاسایشی سەر بەبزووتنەوەی حەماس. لە ساڵی ١٩٩٨ دەستگیرکراوەتەوە. ئەمجارەیان چوار جار سزای زیندانی هەتا هەتایی دراوە بەسەردا. لە ساڵی ٢٠١١ و دوای گۆڕینەوەی بەندکراوەکان بەجەلعاد شالیط، سەربازی ئیسرائیل ئازاد کراوە.
ئیسرائیل دەڵێ: یەحیا سەنوار هەڵیخەڵەتاندوین و خۆی تەسلیم ناکات و، دەبێ لە غەززە بمرێت. ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ ناوی ناوە "پیاوە زیندوە مردوەکە" و، بۆ ماوەی دەیان ساڵ ئیسرائیلی هەڵخەڵەتاندوە. یەکێک لە لێکۆڵەرەوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل دەڵێ: یەحیا سەنوار هەموو ئەو کتێبانەی خوێندوەتەوە کە لەسەر ڕموزەکانی ئیسرائیل نووسراون. هێشتا پانزە ساڵی زیندانی تێنەپەڕاندبوو کە زمانی عیبری فێر بووە و، ئاسایی قسەی پێکردوە. لە کەناڵێکی تەلەفیۆزیۆنی ئیسرائیلەوە داوای لە ڕای گشتی ئیسرائیل کردوە کە پشتی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا بگرن.
هاوڕێکانی دەڵێن: یەحیا سەنوار توند و بەدەسەڵاتە و کارتێکردنی لەسەر گۆڕانکارییەکان هەیە. توانایەکی لەڕادەبەدەری ئارامگرتنی هەیە و، زیرەکە و، سەر لە گەمە سیاسییەکان دەردەکات. لە زیندانەکاندا نهێنی پارێز بووە و، زۆر قسەی نەکردوە.
بەدرێژایی ٤٠ ساڵ مامەڵە کردن لە گەڵیدا، ئیسرائیل بەتوندرەوی هەژمار نەکردوە، بەڵام دوای تۆفانی ئەقسا بەو عەقڵەی دادەنێن کە لە پشتی ئەو هێرشەوە بووە. مایکل مێلیستین، ئەفسەری دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل دەڵێ: ئێمە بەشێوازێکی عەقڵانی یەحیا سەنوارمان نەخوێندبوەوە.
ئیسرائیل ئاماژەکانی یەحیا سەنواری پشتگوێ خستووە. لە لێدوانێکدا یەحیا سەنوار دەڵێ: حەز دەکەم ئەو دیوارەی نێوان ئیسرائیل و غەززە ببڕم.
197 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2023-11-07
Dorbeen
        

Copyright. All Rights Reserved.

Dorbeen

ئێمە

ئێمه‌ی موسوڵمان كه‌ ئێستا ره‌وتێكی نوێی ئیسلامیی كوردستانیین؛ باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ ئیسلام دینی ئوممه‌تێكه‌، به‌بزاڤێكی شیاو جاهیلییه‌ت ده‌گۆڕێت، تا خواپه‌رستی و دادپه‌روه‌ردی له‌دارولئیسلامێكدا بچه‌سپێت.